هێمن هەورامی سەرۆكی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان: رێژەی دەنگ و كورسییەكانی ئەمجارەی پارتی لە هەڵبژاردنەكانی مانگی ئایاری رابردوو زیاتر دەبێت
September 23, 2018
دیمانەی تایبەت
رێژەی بەرزی بەشداریی دەنگدەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، سەركەوتنێكی گەورەی بۆ پارتی تۆمار كرد، كە لەسەر ئاستی عێراق حزبی یەكەم بوو، بە چەندین هۆكاریش چاوەڕوان دەكرێت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا سەركەوتنی گەورەتر تۆمار بكات، بەتایبەتی كە سەرۆك بارزانی لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا راستەوخۆ بەشدارییان كرد. ئەمەو پرسی پێشبینییەكانی ئەنجامی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هەروەها ریفراندۆم و كاریگەرییەكانی لە سەر كارنامەی درەوشاوەی پارتی و چۆنیەتی كۆتاییهێنان بە فەوزای سیاسی و ناوچەگەری، هەروەها شەن و كەوی داگیركردنی كەركووك و ناوچە كوردستانییە دابڕێندراوەكانی دەرەوەی هەرێم و چەندین پرسی هەنووكەیی و هەستیاری دیكە، ناوەرۆكی ئەم دیمانەیەی گۆڤاری گوڵان لەگەڵ هێمن هەورامی سەرۆكی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان پێكدەهێنن.* سەرۆك بارزانی لە دەستپێكی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن و لە پەیامێكی كورتدا گوتی: «دڵنیام پشتیوان بە خوا پارتی سەردەكەوێت، بەڵام سەركەوتنی ئەمجارە دەبێت سەركەوتنێكی گەورە بێت.» ئایا مەبەست لە سەركەوتنی گەورە چییە؟
- بۆ پارتی كۆمەڵیك پێوەر هەیە بۆ سەركەوتنی هەڵبژاردن، پێوەری یەكەم، سەركەوتنی خودی پرۆسەكەیە، ئەمەش سەركەوتنی كوردستانەو پارتی لەوەدا خۆی بە سەركەوتوو دەزانێت. هەروەها سەلماندنەوەی ئەوەیە كە رەوڕەوەی دیموكراسی، وێڕای كەموكوڕییەكانی، لە بەرەوپێشچوونە، نەك پاشەكشە. بوونی ململانێیەكی سەخت و مەدەنی لە نێوان هەموو قەوارەكان و ئەو هەموو كاندیدەی لایەنەكان، نیشانەی پێگەیشتوویی سیاسی و رێچكەیەكی دروستی گیانی دیموكراسییە لە كوردستان. ئەوەش دەرفەت رەخساندنەوەیە بۆ دەنگدەر و جەماوەری كوردستان، هەتا بە شێوەیەكی ئاشتییانە و مەدەنییانە مافی سیاسی و ئازادیی خۆیان ئەزموون بكەن و لیست و كاندیدی جێی رەزامەندیی خۆیان هەڵبژێرن، ئەوەش سەركەوتنە. واتە پارتی لە ئاستی نیشتمانی و لە ئاستی بەرژەوەندیی گشتی سەركەوتنی پرۆسەكە بە سەركەوتنی خۆی دەزانێت. لەسەر ئاستی دەنگی پارتی و پێگەی پارتی، ئومێدێكی زۆرمان هەیە و كارێكی ورد كراوە، بۆ ئەوەی پارتی رێژەی دەنگ و كورسی لە چاو هەڵبژاردنی ٢٠١٣ و تەنانەت رێژەی دەنگەكانی لە چاو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە مانگی ٥ی ٢٠١٨، زیاتر بكات. متمانەمان بە دەنگدەر و جەماوەری خۆمان هەیە، پشتئەستوورین بە دەستكەوتەكانی رابردوومان، بە متمانەی گەل، بە بوونی سەرۆك بارزانی و هەڵوێستە نیشتمانی و نەتەوەییەكان، بۆیە بەڵێ پارتی بەرەو سەركەوتنی گەورە دەڕوات، پشت بە خوای گەورە و بە پشتیوانیی جەماوەرە هەمیشە بەوەفاو دڵسۆزەكەی پارتی.
* رێژەی بەرزی بەشداریی دەنگدەرانی پارتی لە هەڵبژاردنی ئایاری رابردووی پەرلەمانی عێراق، گەشبینییەكی گەورەی بۆ پارتی دروستكردووە، بۆ ئەوەی لەم هەڵبژاردنەش سەركەوتنێكی گەورە بەدەست بهێنێت، ئایا تاچەند مەزندەی ئەوە دەكەیت كە ئاستی بەشداریی ئەمجارە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق زیاتر بێت؟ ئایا ئەم رێژەی بەرزی بەشداریی دەنگدەری پارتی چ كاریگەرییەكی لەسەر هەڵبژاردنەكە دەبێت؟
- كۆمەڵێك پێدراو هەیە كە ئەمجارە بەروارد بە هەڵبژاردنی مانگی 5ی ئەمساڵ رێژەی بەشداری زیاتر بێت. پێش هەموو شتێك، كێشەی بایۆمەتریی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق و نەبوونی حەماس بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی عێراق لای دەنگدەران و بەشدارینەكردنی جەنابی سەرۆك لە هەڵمەتی بانگەشەدا هۆكاربوون، بۆ كەمیی رێژەی دەنگدەر بەگشتی، هەرچەندە دەنگدەرانی پارتی بە رێژەیەكی فراوان بەشدارییان كرد، بۆ سەلماندنی ئەوەی كە پارتی نەشكاوەو ماوە. بەڵام ئەمجارە، مۆتیڤەكانی رێژەی زۆری بەشداریی دەنگدەر بەگشتی و دەنگدەری پارتی بەتایبەتی زۆر زیاترە. لەپێش هەموویانەوە، بردنەوەی گەورەی پارتی لە مانگی پێنج و پەرتەوازەیی و بێ ئومێدی لای لایەنەكانی دیكە و بەتایبەتی بەشداریی كارای جەنابی سەرۆك لە هەڵمەتەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن و حەماسی لە رادەبەدەری جەماوەری پارتی بە راستی بۆ ئێمەش لە كاتی بانگەشە جێگەی ئومێدێكی گەورەیە، بۆیە پێمانوایە رێژەی بەشداریی دەنگدەرانمان زۆر زیاتر دەبێت و دەنگ و كورسیی پارتی زۆر دەچێتە سەرەوە، بێگومان بەرزبوونەوەی رێژەی دەنگ و زۆربوونی ژمارەی كورسییەكانی پارتی، دەبێتە هەوێنی پەرلەمانێكی بەهێز و ئارام كە پرۆسەی كارەكانی خۆی لە یاسادانان و چاودێری و پرسی بودجە باشتر بەڕێوە ببات و پشتیوان و چاودێرێكی بەهێزی كابینەی نۆیەمی حكومەت بێت.
* لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراقدا، پارتی لە سلێمانی غەدرێكی زۆری لێكرا، ئایا لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا چۆن سەیری دەنگەكانی پارتی لە سلێمانی دەكەن؟ ئایا ئەمجارە پارتی بەپێی قەوارەی خۆی دەنگەكانی لە سلێمانی بەدەست دەهێنێتەوە، یان هەمان سیناریۆی پەرلەمانی عێراق لە دژی پارتی لە سلێمانی دووبارە دەكرێتەوە؟
- بەڵێ، پارتی لە هەڵبژاردنی مانگی ٥ی ٢٠١٨ دەنگی زۆری لێ دزرا، بە نموونە، لە بەراوردی ئەو دەنگانەی بە ئەلیكتڕۆنی بۆ پارتی دانرابوون، لەگەڵ ئەو سامپلەی سندوقەكان كە بە دەست ژمێردرانەوە، دەركەوت نزیكی ٣٦ هەزار دەنگی پارتی دزراوە. بۆ ئەمجارەش ناڵێین برادەرن تەزویر ناكەن، بەڵام هەوڵ دەدەین لە رێگای نوێنەری كیاناتی سیاسی و بە پرۆسەیەكی چاودێریی ورد، بەرگری لە دەنگەكانمان بكەین، بۆ ئەوەی نەدزرێن. ئەگەر لەمەدا سەركەوتوو بین، دڵنیام رێژەی دەنگەكانی ئێمە لە چاو مانگی ٥ی ئەمساڵ لە سلێمانی زۆر زیاتر دەبێت.
* ئایا پارتی كە هیوا بۆ سەركەوتنی گەورە دەخوازێت و لای زۆر كەس ئەم سەركەوتنە گەورەیە مانای (50%+1)ی هەیە، ئەم سەركەوتنە بۆ ئەوەیە پارتی بە تەنیا حوكمڕانیی كوردستان بكات، یان پارتی ئامانجی دیكەی هەیە؟
- دروشمی پارتی بنیادنانی كوردستانێكی بەهێزە، ئەمە بە تەنیا بە ئێمە ناكرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە بە شەریكی نیوە رێگاش ناكریت. پارتی لەگەل حكومەتی بنكەفراوان نییە. پێمان باشە هاوپەیمانیی لە نێوان چەند هێزێكی براوە هەبێت بۆ پێكهێنانی كابینە، ئەو هاوپەیمانییە لە پەرلەمانیش دروست ببێت، لایەنەكانی دیكە دەتوانن ببنە ئۆپۆزسیۆن، تا بە هەموومانەوە پرۆسەی سیاسی زیاتر پێش بخەین و كوردستان بپارێزین.
* ساڵی پار هەر لەم مانگەدا یەكێك بوویت لەو سەركردانەی كە بەشدارییەكی كاراتان لە هەڵمەتەكانی ریفراندۆمی 25ی ئەیلوولدا هەبوو، ئەمساڵیش سەرۆكی لیستی پارتیت بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان، ئایا تاچەند بە ئەنجامی ریفراندۆمەكە دڵخۆش بوویت؟ ئایا پێتوایە ئەمساڵیش خەڵكی كوردستان لە روانگەی رێبەرایەتیكردنی پارتی بۆ پرۆسەی ریفراندۆم، دەنگ بە پارتی دەدەنەوە؟
- ئەسلەن گەورەترین شانازیی ژیانم ئەوە بوو كە ئەو دەرفەتەم بۆ رەخسا هەتا بەرگریكارێكی سەرسەختی پرۆسەی ریفراندۆم بم و تا ماوم بە هەمان نەفەس بەرگری لێدەكەم و شانازیی پێوە دەكەم. وەك جەنابی سەرۆك فەرمووی، گرنگ ئەوە بوو ئیرادەی گەلی كوردستان نەشكا. بۆ یەكەم جار لە مێژوودا، كوردستان لە دەرەوەی ئیرادەی ئەوانی دیكە، توانی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات. خودی پرۆسەكە سەركەوتوو بوو. رێژەی زۆری دەنگی بەڵێ سەركەوتوو بوو. لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان ریفراندۆم كرا، ئەوەش سەركەوتنی گەورە بوو. ئەوانەی دژی ریفراندۆم بوون، بەتایبەتی لە بەغدا، لە رووی سیاسی و سەربازییەوە لووتیان شكا. بۆ گەلی كوردستان و سەربەخۆخوازانی كوردستان ئیسپات بوو كە تەنیا حزب ستراتیژ و دۆزی هەبێت، كە ستراتیژ و دۆزی سەربەخۆیی كوردستانە، پارتییە. بۆیە دەشبینین بردنەوەی پارتی واتە بەردەوامیی سەركەوتنی ئیرادەی سەربەخۆخوازی لە كوردستان.
* ئایا ریفراندۆم كارەساتی بەسەر كوردستان هێنا، وەك ئەوەی نەیارانی ئاماژەی پێ دەكەن، یان رووداوێكی گەورەی مێژوویی بوو بۆ گەلی كوردستان و جارێكی دیكە ئەم دەرفەتە دروست نابێتەوە؟
- با چەمكی كارەسات لەم كۆنتێكستەدا پێناسە بكەین. ئەگەر مەبەستیان دۆخی ئابوورییە، پێش ریفراندۆم رەگی ئەو دۆخە هەبوو، بەوەی بودجە لە مانگی ٢ی ٢٠١٤ بڕدرا، شەری داعش، دابەزینی نرخی نەوت، هاتنی ئاوارە و پەنابەران. ئەگەر مەبەستیان ئەوەیە كەركووك و ناوچەكانی دیكە لە دەست كورد دەرهێنرا، مەعلوومە كە ئەوە بەرئەنجامی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر بوو، كە كەركووك و ئەو ناوچانە داگیركراونەوە، بەڵام خۆ لە داگیركاری بەعس بەهێزتر نابن، كە بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ داگیری كرد، بەڵام نەیتوانی ناسنامەی كوردستانییەتی بسڕێتەوە. بۆیە ریفراندۆم سەركەوتووترین و مێژووییتریین رووداوی كوردستان لە ١٠٠ ساڵی رابردوو بووە.
* لە بەرنامەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلوول، جەخت لەوە دەكەنەوە كە كوردستانێكی بەهێز و حوكمڕانییەكی باش ئامانجتانە و دەتانەوێت كۆتایی بە فەوزای سیاسی و ناوچەگەری بهێنن، ئەگەر ئەمە ورد بكەینەوە، ئایا سەرۆكی لیستی پارتی چی بە خوێنەرانی گوڵان دەڵێت؟
- بەشێكی زۆری ئەو فەوزایەی ئاماژەت پێكرد، بۆ نەبوونی دەستوور دەگەڕێتەوە. ئەگەر دەستوورمان هەبێت و یەكێتیی خاكی هەرێم بچەسپێندریت، ئەوا كەس ناتوانێ بیر لە دووئیدارەیی و بردنەوەی ناوچەیەك بۆ بەغدا و هاواری عەبادی عەبادی بكات. ئەگەر لە دەستووردا بچەسپێندریت كە دەبێت هەر چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردن بكرێت، ئیتر لە فەوزای دۆڕاوی سیاسی رزگارمان دەبێت و چیدی حزبێك بە بیانووی خراپیی دۆخی خۆی، داوای دواخستنی هەڵبژاردن ناكات.
* ساڵی پار دوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر، پارتی دیموكراتی كوردستان بە تەنیا شانی دایە بەر بەرگریكردن لە هەرێمی كوردستان و داستانەكانی پردێ و سحێلا و مەحمودیە و تەلسقۆف وایكرد كە كوردستان داگیر نەكرێتەوە، ئایا ئەگەر ئەم هیممەتەی پارتی و پێشمەرگەكان نەبوایە بە رێبەرایەتیی بارزانی، خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر كۆتایی بە كیانی سیاسیی هەرێمی كوردستان نەهێنابوو؟
- بە دڵنیاییەوە، ئەگەر پارتی و پێشمەرگەكانی و سەرۆك بارزانی نەبووایە، شتێك نەدەما بە ناوی قەوارەی هەرێمی كوردستان. لە رووی ئابووری ئابڵۆقەیان دانا، فڕۆكەخانەكانیان داخست، سنووریان داخست، ئابڵۆقەی دیپلۆماسییان دانا، بۆ تەواوكردنی پلانی لە ناوبردنی هەرێمیش پەلاماری سەربازییان دا لە پردێ و مەخموور و تەلسقۆف و مەحمودیە و سحێلا، بەڵام پردێ و سەحێلا وەك داستانی كۆڕێ بووە دەرەوازەی دروستبوونەوەی كوردستان و شكست پێهێنانی خەون و پلان و پیلانی داگیركەران.
* پارتی دیموكراتی كوردستان، تەنیا لایەنە كە بارودۆخی ئێستای كەركووك بە داگیركراو دەزانێت و بە ئاشكرا داوای ئەوە دەكات، كە نابێت ئەمری واقیعی داگیركاری قبووڵ بكرێت، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە یەكێتی نیشتمانی كەركووك بە داگیركراو نازانێت و داوای ئەوە دەكات بارودۆخی كەركووك بە مەدەنی بكرێتەوە، ئایا بۆچی پارتی كەركووك بە داگیركراو دەزانێت و لایەنەكانی دیكە بەگشتی و یەكێتی بەتایبەتی بە داگیركراوی نابینن؟
بە دڵنیاییەوە كەركووك داگیركراوە، هێزی دەرەوەی پۆلیس و ئاسایشی كەركووك بە غەدر هێنراونەتە كەركووك. ئەنجومەنی پارێزگا پەكی كەوتووە و بە غەدر پارێزگار لادراوە. سیما كوردستانییەكانی ناو كەركووك بە بەرنامە دەشێوێندرێت، بۆیە بەڵێ داگیركراوە. دەبێت ئاسایی بكرێتەوە و بە رێككەوتن كۆتایی بەو داگیركارییە بهێندرێت و ئەستەمە پارتی و سەرۆك بارزانی ئەو ئەمری واقیعە قبووڵ بكەن.