برانتلی وۆماك پسپۆری كاروباری نێودەوڵەتیی بۆ گوڵان: لە سیاقی شەڕی بازرگانیدا ئەمریكا و چین تێڕوانینێكی دوژمنكارانەتر لە بەرامبەر یەكتردا دەگرنەبەر

برانتلی وۆماك  پسپۆری كاروباری نێودەوڵەتیی بۆ گوڵان:  لە سیاقی شەڕی بازرگانیدا ئەمریكا و چین تێڕوانینێكی دوژمنكارانەتر لە بەرامبەر یەكتردا دەگرنەبەر
برانتلی وۆماك پڕۆفیسۆری كاروباری نێودەوڵەتیی لە زانكۆی ڤیرجینیا، زۆربەی كارەكانی پەیوەست بوون بە سیاسەتی نەتەوەیی و نێودەوڵەتی وڵاتی چینەوە. پڕۆفیسۆر وۆماك بڕوانامەی دكتۆرای لە زانكۆی شیكاگۆ بەدەست هێناوە. پێشتر توێژەر بووە لە زانكۆی میونیخ و وانەبێژو پڕۆفیسۆر زانستی سیاسی و ئابووری سیاسی بووە لە زانكۆی تێكساس و چەند زانكۆیەكی چین. لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە چەند پرسێكی گرنگی وەك پەیوەندیی نابەرامبەر و پەیوەندییەكانی نێوان دەسەڵاتی گشتی و دەسەڵاتی جەماوەری لە چین و سیاسەتی ناوخۆ و دەرەكیی وڵاتی ڤێتنام و پەیوەندییەكانی چین بە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیاوە دەدات. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێكرد كە پەیوەست بوون بە سیاسەتی دەرەكیی نوێی ئیدارەی ئەمریكا لە پەیوەندی بە بەكارهێنانی فشاری ئابوورییەوە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەكانی سیاسەتی دەرەوە و بۆ ناچاركردنی وڵاتان بە سازشكردن، بەتایبەتی ئەوەی پێی دەڵێن شەڕی بازرگانیی نێوان ئەمریكا و چین، ئەویش بەم شێوەیەی خوارەوە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
* هەروەك ئاشكرایە سیاسەتی دەرەكیی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ مشتومڕێكی زۆری لێكەوتۆتەوە، بەتایبەتی لە پەیوەندی بە پەنابردن بۆ گرتنەبەری رێكار و فشارە ئابوورییەكان بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە دیپلۆماسییەكان، ئەوەی پێی دەوترێت «دیپلۆماسیەتی بازرگانی»، دید و تێڕوانینی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- ئەگەر ئێمە لەو تاكتیكانە بڕوانین كە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ گرتوویەتەبەر لە پەیوەندی بە خوڵقاندنی كەشێكی پڕ لە نادڵنیاییەوە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكادا، ئەوا ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی لە مەودای كورتدا بەرهەمی هەبێت، كە ئەویش ناچاركردنی وڵاتانی دیكەیە بە سازشكردن، بەڵام ئەگەر لە مەودای دوور بڕوانین ئەوا ئەم شێوازی كاركردنە دوو لایەنی سلبی هەیە كە دەكرێت لێرەدا ئاماژەیان پێ بكەین. یەكەمیان ئەوەیە كە دەوڵەتانی دیكە- لە نێویاندا دەوڵەتە هاوپەیمانەكانیش- كار دەكەن بۆ گرتنەبەری چەند رێكارێك لە دژی ئەمریكا بۆ كەمكردنەوەی مەترسییەكان. راستە رەنگە لەم ساتەوەختەدا ئەمریكا دۆستەكانی لەدەست نەدات، بەڵام هەرچۆنێك بێت ئەو دۆستایەتییانە بەرەو داكشان دەچن. دووەم ئەوەیە كە كاتێك ئەمریكا پابەند نابێت بە جێبەجێكردنی نۆرمە نێودەوڵەتییەكانەوە، ئەوا ئەگەری ئەوە دروست دەبێت كە ئەمریكا دوچاری زنجیرەیەك لە قەیران و تەنگژەی چاوەڕواننەكراو ببێتەوە كە –كێشەكەش ئەوەیە- ئەمریكا لە بارێكدا نییە لێیان تێبگات، یان ئیدارەیان بدات. لەو كاتەدا دەوڵەت و لایەنەكانی دیكە بەپەلە بە هانای ئەمریكاوە نایەن بۆ ئەوەی هاوكاری بكەن.
* هەر لە پەیوەندی بەو تەحەددییانەی رووبەڕووی ئیدارەی ئەمریكا دەبنەوە، باس لە وڵاتی چین دەكرێت وەك هێزێك كە لە هەڵكشاندایە، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئێوە چۆن لە پەیوەندییەكانی ئەمریكا و چین دەڕوانن لەم رووەوە؟ ئایا هەڵكشانی هێزی چین بۆتە تەحەددی و كێشەیەكی راستەقینە كە ئەمریكا بەخۆیەوە سەرقاڵ بكات؟
- ئەوەی دەتوانین ئاماژەی پێ بكەین ئەوەیە كە پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و وڵاتی چین دوچاری تەنگژە و قەیرانێكی تایبەت نەبۆتەوە، جگە لەوەی كە ئێستا پێی دەوترێت شەڕی بازرگانی- لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا-، كە دەبینین لەم سیاقەدا هەردوو وڵات دیدگا و تێڕوانینێكی دوژمنكارانەتر لە بەرامبەر یەكتردا تەبەنی دەكەن، بەتایبەتی ئەمریكا. لەلایەكی دیكەوە ئەوە بەدی دەكرێت كە زۆرێك لە وڵاتان لە هەوڵی باشتركردن و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانیاندان لەگەڵ وڵاتی چیندا، لەبەر ئەوەی پێیانوایە چین زیاتر جێی متمانەپێكردنە، هەروەها لەبەر ئەوەی سیاسەتەكانی چین سەرنجڕاكێشترن وەك سیاسەتی پەیوەست بە دروستكردنی رێگای ئاوریشمی نوێ (هەروەها ناسراوە بە یەك پشتێنە و یەك رێگا).
* ئاماژەت بە شەڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵاتی چین و ئەمریكا كرد، دەمانەوێت زیاتر شرۆڤەی ئەم پرسە بكەیت، بەتایبەت لە پەیوەندی بە هۆكار و دەرئەنجامەكانی ئەم شەڕەوە؟
- ئەوەی گومان هەڵناگرێت ئەوەیە كە چەند جیاوازییەكی ئابووری لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەن، واتە بەرژەوەندیی جیاوازیان هەیە، بەو پێیە دروستبوونی بارگرژی لە نێوانیاندا شتێكی پێشبینیكراو و چاوەڕوانكراوە. هەرچۆنێك بێت، هەڵكشانی شەڕی بازرگانی بریتییە لە كەمكردنەوەی رێساكانی پەیوەست بە كارە بازرگانییەكان. بەڵام پێموایە هیچ لایەك ناتوانێت ئیعتیراف بە شكستی خۆی بكات، كەواتە ئەم رەوشە بەردەوام دەبێت، تاوەكو ئەو كاتەی دەگەنە چارەسەرێكی ئابڕووپارێز.
* لایەنێكی دیكەی پەیوەست بە پەیوەندییەكانی ئەمریكا و چینەوە ئەوەیە كە وڵاتی چین رایگەیاندووە پابەند نابێت بەو سزایانەی كە بڕیارە وڵاتی ئەمریكا بیسەپێنێت بە سەر كەرتی نەوتی ئێراندا، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا بوونی ئەم هەڵوێستە جیاوازانە بارگرژییەكانی نێوان ئەمریكا و چین بەرەو هەڵكشانی زیاتر نابات؟
- ئاشكرایە كە ئیدارەی ئەمریكا دەستی لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێران هەڵگرت و لێی كشایەوە. ئێمە دەزانین لە رووی مێژوییەوە چین رێز لەم چەشنە رێككەوتننانە دەگرێت. كەواتە ئەوەی گومانی تێدا نییە، ئەوەیە كە پابەندبوون بەم رێككەوتنەوە هاوكار نابێت بۆ پەیوەندییەكانی چین لەگەڵ ئەمریكادا، بەڵام بە دڵنیاییەوە هاوكاریی پەیوەندییەكانی دیكە دەكات، لە نێویاندا و لە هەموویان زەقتر پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتی ئێراندا.
* بەڵام سەرەڕای ئەو جیاوازی و بارگرژییانەی نێوان هەردوو هێزە جیهانییەكە (ئەمریكا و چین) ئایا بە تێڕوانینی ئێوە تا چ راددەیەك ئەمریكا پێویستی بە هاوكاری و هەماهەنگیی وڵاتی چین هەیە بۆ چارەسەركردنی هەندێ لە تەحەددییە جیهانییە سەختەكان، بۆ نموونە، قەیرانی كۆریای باكوور؟
- لە راستیدا دەستپێشخەرییەكانی هەردوو سەرۆكی وڵاتانی كۆریای باشوور و كۆریای باكوور (سەرۆك موون جای ئین و سەرۆك كیم جۆن ئۆن) لەبارەی یارییە ئۆڵۆمپییەكانەوە، بوونەهۆی ئەوەی لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا چەند كۆبوونەوەیەكی لوتكە رووبدەن و ئەنجام بدرێن. ئەوەی زیاتر جێی سەرنجدان و تێڕامانیش بوو بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی لوتكە بوو لە نێوان هەردوو سەرۆك كیم ئۆن جۆن و سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لە وڵاتی سەنگافورە، بەڵام رەنگە ئەوەی گرنگتر بێت، ئەو كۆبوونەوانەی دیكە بێت كە روویاندا، وەك كۆبوونەوەكانی نێوان سەرۆك موون جای ئێن و كیم جۆن ئۆن و كۆبوونەوەی نێوان سەرۆك كیم و سەرۆك شی جین پینگ، هەروەها كۆبوونەوەی چاوەڕوانكراوی نێوان سەرۆك كیم و سەرۆكی رووسیا، ڤلادمیر پوتین. كەواتە ئەگەر سەرۆك كیم بتوانێت درێژە بە رەوتی ئاشتیخوازانە بدات لەگەڵ سەرجەم دەوڵەتە دراوسێكانیدا، ئەوا ئەمە كەشێك دەخوڵقێنێت كە تێیدا دوژمنایەتیی ئەمریكا گرنگییەكی كەمتری دەبێت. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، ئەوەی دەبێت سەرۆك كیم لەبەرچاوی بێت، ئەو راستییەیە كە سەرجەم لایەنەكانی دیكە، تەنانەت كۆریای باشووریش، گرنگییەكی زیاتر بە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەمریكا دەدەن. كەواتە دەبێت خۆی بەدوور بگرێت لە دروستكردنی دۆخێك كە تێیدا – ئەو لایەنانە ناچاربن- هەڵبژاردن بكەن لە نێوان خۆی و سەرۆك ترەمپدا. هەروەها پێویستە ئەوەی لەبەرچاو بێت كە سەرجەم لایەنەكان پابەندن بەوەی چەكی ناوكی لە نیمچە دوورگەی كۆریا دابماڵدرێت.
Top