مایكڵ بارنێت پڕۆفیسۆری كاروباری نێودەوڵەتیی بۆ گوڵان: سیاسەتەكانی ترەمپ شیرازەی بونیادە جیهانییە بازرگانییەكانی شڵەژاندووە

مایكڵ بارنێت  پڕۆفیسۆری كاروباری نێودەوڵەتیی بۆ گوڵان: سیاسەتەكانی ترەمپ شیرازەی بونیادە جیهانییە بازرگانییەكانی شڵەژاندووە
مایكڵ بارنێت پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی و كاروبارە نێودەوڵەتییەكانە لە زانكۆی جۆرج واشنتۆن. لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە چەند پرسێكی گرنگ دەدات، وەك رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و حوكمڕانیی جیهانی، پێشتریش وەك پسپۆڕێكی كاروباری نێودەوڵەتی وانەبێژ بووە لە زانكۆی مینێسۆتا و زانكۆی ویسكۆنسۆن و زانكۆی هێبرو لە قودس. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسیارێكی ئاراستە كرد لەبارەی رەوشی جیهان لە ئێستادا و كاریگەریییەكانی سیاسەتی ئیدارەی ئەمریكا لەسەر دۆخی جیهان و شرۆڤەكردنی ئەم سیاسەتەو چەند پرسێكی دیكە، ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
* سەرەتا با پرسیاری ئەوە بكەین ئایا ئێوە چۆن لە دۆخی جیهان دەڕوانن، بەتایبەتی لە دوای گرتنەدەستی دەسەڵاتی سەرۆكایەتیی ئەمریكا لەلایەن ترەمپەوە؟
- لە راستیدا ئەگەر ئێمە لە نەخشەی جیهان بڕوانین و ئەو پرس و تەحەددییانە لەبەرچاو بگرین كە لەئارادان، ئەوا دەتوانین بڵێین: ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ كارێكی كردووە كە لە ئێستادا پشێوی دروست ببێت لەم جیهانەدا.
* باشە ئەگەر ئێمە سیاسەتەكانی ئیدارەی ترەمپ بە سیاسەتەكانی ئیدارەی پێش خۆی بەراورد بكەین، ئایا دەكرێت جیاوازییەكان لە چیدا چڕ بكەینەوە؟
- بە تێڕوانینی من لە هەندێ رووەوە گۆڕانكاریی گەورە هاتۆتەئاراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا من پێموایە ئەو سیاسەتانەی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لە هەر سێ وڵاتی سووریا و عێراق و ئەفغانستان درێژەی پێدان و بەردەوام بوو لە پیادەكردنیان، ئەوا تا راددەیەكی زۆر دەتوانین بڵێین پەیڕەوكردنی سیاسەتەكانی ئیدارەی باراك ئۆبامان، هەروەها بە شێوەیەكی گشتی درێژەی داوە بە شەڕی دژ بە تیرۆر، واتە لە زۆر رووەوە هەر درێژەپێدانی شەڕەكەی پێشووە و لەم رووەوە گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی نابینم.
* ئەی سەبارەت بە سیاسەتەكانی لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؟
- من دەتوانم بڵێم كە سیاسەتەكانی لە ئاست ئەم ناوچەیەدا لە چەند روویەكەوە گۆڕانكاریی بنەڕەتی روویداوە، چونكە چیتر وەك ناوبژیوانێكی بێلایەن لە ئەمریكا ناڕوانرێت لە پەیوەندی بە ناكۆكیی نێوان فەلەستین و ئیسڕائیلەوە، هەروەها لە ئێستادا هیچ پلانێكی ئاشتی لەئارادا نییە. لەلایەكی دیكەوە بینیمان كە ئەمریكا لە پرسی ناكۆكیی نێوان قەتەر و سعودیە، پشتیوانی سعودیەی كرد. گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی و بەرچاوی دیكە بریتی بوو لە كشانەوەی لە رێككەوتنی ئەتۆمی لە ئێران.
* ئەی چۆن لە هەوڵەكانی دەڕوانی لە ئاست قەیرانی كۆریای باكووردا، كە هەروەك بینیمان كۆبوونەوەی لوتكەی نێوان هەردوو سەرۆكی وڵات روویدا؟
- ئەوەی لە شێوازی مامەڵەی ئەمریكا لەگەڵ كۆریای باكووردا بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە ترەمپ پتر گرنگی و بایەخ بە رێكخستن و سازكردنی رێوڕەسمی گەورە دەدات، نەك تەركیزكردن لەسەر كار و كۆششی سەخت بۆ چارەسەركردنی تەنگژەكە.
* بابەتێكی دیكە كە زۆر مشتومڕی لەبارەوە دەكرێت، بریتییە لە سیاسەتەكانی ئیدارەی ترەمپ لە ئاست پرسی كۆچبەراندا، تێڕوانین و شیكردنەوەی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- ئەوە ئاشكرایە ئیدارەی ترەمپ سیاسەتێكی توندتری پیادە كردووە لە ئاست كۆچبەراندا.
* ئەی لەبارەی مامەڵەكردنی ئیدارەی ترەمپ لەگەڵ پرسە بازرگانییەكاندا دەڵێی چی؟
- لە راستیدا ئیدارەی ترەمپ بە تەواوەتی شیرازی ئەو بونیادە بازرگانییەی شڵەژاندووە كە لە ئارادایە.
* مەسەلەیەكی دیكە بریتییە لە هەڵوێست و هەوڵەكانی ئیدارەی ئێستای ئەمریكا لە ئاست پرسەكانی پەیوەست بە مافەكانی مرۆڤ و دیموكراسییەوە، ئێوە ئەمە چۆن تاوتوێ دەكەن؟
- ئێمە دەزانین ئەو كەسانەی كە چاودێریی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ئەمریكا دەكەن، ئەو راستییەیان لەبەرچاوە كە ئەم ئیدارەیە بە تەواوەتی پرسی مافەكانی مرۆڤی فەرامۆش كردووە.
* ئەی دەربارەی پەیوەندییەكانی ئەمریكا بە رووسیاوە، كە ئێمە دەزانین رەخنەیەكی زۆر لە ناوخۆی ئەمریكا رووبەڕووی دۆناڵد ترەمپ بۆتەوە لەم بارەیەوە؟
- من دەڵێم ئەم شێوازی مامەڵەكردنەی ئیدارەی ئەمریكا لەگەڵ رووسیا قابیلی تێگەیشن نییە، بە چەشنێك بە هیچ شێوەیەكی وێنای ئەوە نەدەكرا كە ئیدارەی ئۆباما ئەم كارە لەگەڵ رووسیادا بكات و تەنانەت وێنای ئەوە ناكرێت جگە لە ترەمپ هیچ كەسایەتییەكی دیكەی پارتی كۆمارییەكان بەم شێوازە مامەڵە لەگەڵ رووسیادا بكات.
* باشە كەواتە دەتوانین بڵێین پاڵنەری سەرەكی ترەمپ بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی میراتی ئیدارەی پێش خۆی، واتە ئیدارەی باراك ئۆباما؟
- لە راستیدا دەتوانین بەم شێوەیە گوزارشتی لێبكەین، زۆرێك لەو كەسانەی كە پشتیوانیی ترەمپیان نەدەكرد، خۆشحاڵ بوون بە شێوازی كاركردنی ئیدارەی ئۆباما، لەلایەكی دیكەوە دەتوانین بڵێین هەر كارێك كە ئۆباما ئەنجامی داوە ترەمپ دەیەوێت هەڵیبوەشێنێتەوە، زەقترین نموونە لەم روەوە هەڵوێستی ترەمپ بوولە ئاست رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێراندا، مەبەستم ئەوەیە پاڵنەری سەرەكیی كشانەوەی ترەمپ لەم رێككەوتنە ئەوە بوو كە رێككەوتنێك بوو ئۆباما گفتوگۆی لەبارەوە كردبوو، چونكە بەپێی زۆربەی چاودێرانی ئێران پابەند بوو بە رێككەوتنەكەوە و پێشێلی نەكردبوو. لەگەڵ ئەوەشدا زۆرێك لەو چاودێران ناتوانن پاڵنەرەكانی بڕیارەكانی دۆناڵد ترەمپ شرۆڤە بكەن، واتە لەم رووەوە تەم و مژێكی تەواو هەیە، ئەویش لەبەر ئەوەی ترەمپ كەسایەتییەكی ناجێگیر و پشێوی هەیە.
* مەسەلەیەكی دیكە پەیوەستە بە بەكارهێنانی سزا و فشارە ئابوورییەكانەوە لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە بۆ هێنانەدی ئامانجەكانی سیاسەتی دەرەوە، دید و تێڕوانینی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- لە راستیدا سزا ئابوورییەكان بە دەگمەن سەركەوتن بە دەست دەهێنن، بە چەشنێك دەتوانم بڵێم تەنیا ئەو كاتە سەركەوتوو دەبن كە سزای هەمەلایەنە بن، بۆ نموونە ئەگەر ئێمە لەو سزایانە بڕوانین كە سەپێندرابوون بەسەر كوبادا، ئەوا راستە زیانیان بەو وڵاتە گەیاند، بەڵام كوبا توانی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دیكەدا بكات- جگە لە ئەمریكا-.
* با پرسیارێكی دیاریكراوتر بكەین لەم رووەوە، ئایا پێتوایە ئەو سزایانەی بەم دواییە ئەمریكا سەپاندنی بەسەر ئێراندا چ كاریگەرییەكیان دەبێت؟
- ئەو سزایانە بەسەر ئێراندا سەپێندراون تەنیا ئێرانیان نەكردۆتە ئامانج، بەڵكو سزاكە ئەو كەس و لایەنانەش دەگرێتەوە كە كار لەگەڵ ئێراندا دەكەن. بەڵام پێموایە تا ئەو كاتەی ئێران بتوانێت كە رێككەوتن لەگەڵ لایەنەكانی دیكەدا بكات كە من پێشبینی ئەوەش دەكەم ئەم كارە بكات، ئەوا من دڵنیا نیم ئەم سزایانە لە مەودای دووردا كاریگەرییەكی گەورەیان لێبكەوێتەوە - هەرچەندە لە ئێستادا كاریگەرییەكی زۆری هەبووە لە سەر بەهای دراوی ئێران-. هەرچۆنێك بێت، من پێموایە سزای ئابووری ئەو كاتە كاریگەری دەبێت كە هەمەلایەنە بێت.
* كەواتە پێتوانییە بەهۆی ئەم سزایانەوە ئێران ناچار بێت سازش بكات، یان بە سیاسەتەكانی خۆیدا بچێتەوە؟
- من نازانم، بەڵام هەرچۆنێك بێت گومانم هەیە لەوەی ببێتە هۆی ئەوەی زیاتر –ڕەفتارەكانی ئێران- سنووردار بكرێت. بەڵام ئەگەر ئێمە لە مەسەلەكە بڕوانین، ئەوا دەبینین مەسەلەكە بەلای كەسانی سەختگیری وەك وەزیری دەرەوەی ئەمریكا-مایك پۆمپیۆ- تەنیا پرسی پڕۆگرامە ئەتۆمییەكە نییە، بەڵكو رەفتار و كردارەكانی ئێرانە لە ناوچەكەدا بە شێوەیەكی گشتی. بەڵام كێ دەزانێت ئایا ئەم سزایانە دەبنەهۆی ئەوەی ئێران رەفتارەكانی لە ناوچەكەدا بگۆڕێت، دەبێت چاوەڕێ بكرێت و ببینرێت.
* بەڵام ئێمە دەزانین ئیدارەی ترەمپ تەنیا لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێران نەكشاوەتەوە، بەڵكو لە چەندین رێككەوتنی دیكە كشاوەتەوە، وەك رێككەوتنی پاریسی تایبەت بە ژینگە، ئێوە لەم بارەوە چی دەڵێن؟
- یەكێك لەو مەسەلانەی لەم رووەوە بەدی دەكەین، بریتییە لە دووركەوتنەوە لە رێككەوتنە چەند قۆڵییەكان و كاركردن بە ئاراستەی ئەنجامدانی رێككەوتنی دوو قۆڵی، رێككەوتنی شەراكەتی ئابووری و ستراتیژی نێوان هەردووبەری ئەتڵەسی لەم رووەوە نموونەیەكی باشە، كە پێموایە هێشتا ئەم رێككەوتنە لەئارادایە، چونكە لە نێوان 19 وڵاتدا هێشتا 18 وڵات ئەندامن تێیدا. هەروەها دەمەوێت لەم رووەوە چەند شتێك بڵێم: من پێموایە ئیدارەی ترەمپ هەوڵی پێداچوونەوە و دووبارە گفتوگۆكردنەوە دەدات لەبارەی چەند رێككەوتنێكەوە بە چەشنێك كە دەرئەنجامێكی باشتری بۆ ئەمریكا لێبكەوێتەوە، هەرچەندە لای من روون نییە كە ئەو دەرئەنجامە چۆن دەبێت، بەڵام ئاشكرایە ئەگەر ئەمە رووبدات، ئەوا ترەمپ جاڕی سەركەوتن دەدات. خاڵێكی دیكە ئەوەیە كە لەمەودا ئەمریكا دوچاری دژواری دەبێتەوە لە ئەنجامدانی رێككەوتن، بۆچی؟ لەبەر ئەوەی رێككەوتنەكان پابەندبوونن، واتە ئەگەر تۆ ببینیت لە كاتی گۆڕانی سەرۆكی ئەمریكادا، ئەوا سەرۆكی نوێ پابەند نابێت بە رێككەوتنەكانەوە، ئەوا زۆر زەحمەتە تۆ لە داهاتوودا رێككەوتنی لەگەڵدا بكەیت.
* كەواتە پێتوایە میسداقیەتی ئەمریكا لە مەحەكدایە لە پەیوەندی بە ئەنجامدانی رێككەوتن و پەیماننامەی نوێ لەگەڵ وڵاتانی دیكەدا؟
- بەڵێ، ئەمە راستە كە میسداقیەتی ئەمریكا گورزێكی زۆر سەختی بەركەوتووە. هەروەها بەهۆی ئەو ناجێگیری و نادڵنیاییەی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكادا هەیە، ئەوا وڵاتانی دیكە هەوڵی پێكهێنانی هاوپەیمانی جۆراوجۆر دەدەن. كەواتە لەم رووەوە پێداچوونەوەیەكی بنەڕەتی هەیە بە پرسی ئەوەی دەبێت متمانە بە كێ بكرێت و بازرگانی و مامەڵە لەگەڵ كێ بكرێت و پەیماننامەی سەربازی لەگەڵ كێدا بكرێت. كەواتە من پێموایە تاوەكو ئەمریكا بەم چەشنە رەفتار بكات، ئەوا وڵاتانی دیكە بە دوای بەدیلدا دەگەڕێن و هەوڵی پێكهێنانی هاوپەیمانێتی جۆراوجۆر دەدەن، بۆ نموونە ئەمە حاڵەتێكی روونە لە ئەوروپادا، كە راستە وڵاتانی ئەوروپا هێشتا مامەڵە لەگەڵ ئەمریكا دەكەن- لەبەر ئەوەی بەهێزترین وڵاتی جیهانە- بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر و زیاتر دوودڵ دەبن لەم رووەوە.
* بەڵام ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ئەوەیە كە ئیدارەی ترەمپ لەگەڵ هاوپەیمانەكانیشیدا پەنا بۆ سەپاندنی سزای ئابووری دەبات، بە چەشنی ئەوەی ئەم دواییە لەگەڵ توركیادا بینیمان، پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی ئەمریكا و توركیا پەنایان نەبردە بەر ئەنجامدانی گفتوگۆی راستەوخۆ بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكانیان لەكاتێكدا كە دوو وڵاتی هاوپەیمانن و ئەندامی ناتۆن؟
- ئەمە پرسیارێكی باشە. من پێموایە بەشێكی هۆكارەكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ترەمپ هەستی كرد ئەردۆغان لە بارێكی لاوازدایە، دواتر كەسایەتیی ترەمپ بە چەشنێكە كە حەز بە گەورەكردنی مەسەلەكان دەكات، مەبەستم ئەوەیە لێرەدا مەسەلەكە پەیوەست نییە بەوەی ئایا ئەم سزایانە چەند كاریگەرن و ئایا دەبنەهۆی ئازادكردنی قەشەكە یان نا، بەڵكو پتر پەیوەست بوو بە تۆكمەكردنی هێزی ئەمریكا.
* كەواتە دەتوانین بڵێین دۆناڵد ترەمپ لەبری ئەنجامدانی كردەوەی سەربازی و پەنابردنەبەر هەڵگیرساندنی شەڕ، دیپلۆماسیەتی بازرگانی بەكار دەهێنێت، وەك شێوازێكی بۆ ئیدارەدانی پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ وڵاتانی دیكەدا؟
- من پێموایە پرسی بازرگانی و دیپلۆماسی لێك جیا ناكرێنەوە و هاوشانی یەكتر دەڕۆن، واتە ناكرێت رێكاری توندی بازرگانی بگریتەبەرو لە هەمان كاتدا دیپلۆماسیەتی ناچاركردنی كەم بكەیتەوە، ئەمە لە حاڵەتی كۆریای باكوور و ئێراندا بەدی دەكەین، واتە پێموایە مەبەستەكە لە سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر ئێراندا بۆ ئەوەیە هەڵوێستەكانی ئەو وڵاتە نەرم بكات، هەرچەندە پێموایە بژارەی سەربازییش لە لیستەكەدا نەسڕاوەتەوە. هەرچۆنێك بێت لە رابردوودا سزاكان وەك بەدیلی شەڕ بەكاردەهێنران، بەڵام پێموانییە چیتر ئەمە حاڵەتەكە بێت.
* بەڵام هەرچۆنێك بێت ترەمپ دەیەوێت خۆی بە دوور بگرێت لە تێوەگلانێكی سەربازیی بەرفراوان لەگەڵ وڵاتانی دیكەدا؟
ئەوە راستە كە لە سەروەختی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا ترەمپ رایگەیاند دەیەوێت لە سووریا بكشێتەوە، لە ئەفغانستان پاشەكشە بكات و بوونی خۆی لە باكووری ئەفریقیا كەم بكاتەوە، بەڵام دەبینین سیاسەتەكان بە پێچەوانەوەیە، واتە ئەگەرچی ئەو خوازیارە – بۆ نموونە- لە سووریا بكشێتەوە، بەڵام فەرماندەكان پێی رادەگەیەنن كە ئەمریكا ناتوانێت بكشێتەوە، چونكە ئەگەر ئەمریكا بكشێتەوە، ئەوا هیچ دەستڕۆیشتوویی و كاریگەرییەكی لەو وڵاتەدا نامێنێت.
Top