ئایدن مەعروف سەرۆكی بەرەی توركمانی لە هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان: هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستان سوپرایزی تێدایەو جیاواز دەبێت لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو

ئایدن مەعروف  سەرۆكی بەرەی توركمانی لە هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:  هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستان سوپرایزی تێدایەو جیاواز دەبێت لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو
لایەنە توركمانەكان وەكو پێكهاتەیەكی سەرەكی و رەسەنی هەرێمی كوردستان بۆچوون و تێڕوانینی خۆیان لەمەڕ دۆخی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی كوردستان و دانوستانەكانی لایەنە سیاسییەكان لە بەغدا هەیە؛ سەبارەت بەم پرسەو چەند تەوەرەیەكی پەیوەندیداری دیكە؛ چەند پرسیارێكمان ئاراستەی ئایدن مەعروف سەرۆكی بەرەی توركمانی لە هەرێمی كوردستان كرد. لێرەدا پوختەی وەڵامەكانی بڵاودەكەینەوە.
* خەریكە قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستان بەرەو كۆتایی دەچێت و كوردستان بووژانەوەیەكی ئابووری بەخۆیەوە دەبینێت، ئایا تاچەند ئەم بووژانەوەیە بۆ ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان گرنگە؟
- ئەو قەیرانە داراییەی كە بەسەر خەڵكی كوردستان و حكومەتەكەیدا سەپێندرا، كۆمەڵێك ئامانجی لەپشتەوە بوو، كە گرنگترینیان دروستكردنی فشاری سیاسی بوو لە سەر خەڵكی كوردستان، هەروەها بڕینی بودجەی هەرێمیش هاوكات بوو لەگەڵ شەڕی داعش و هاتنی بە لێشاوی ئاوارە و پەناهەندەكان و دابەزینی نرخی نەوت لە ساڵانی 2013 و 2014. بێگومان قەیرانەكە كاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاشتەوایی و رەوشی كۆمەڵایەتی خەڵك دروست كرد. ئەمڕۆ قەیرانەكە بەرەو كۆتایی دەچێت و گلەیی و گازندەی خەڵكی رووی لە كەمی كردووە و رەوشی بازاڕ و بازرگانی جووڵەی تێكەوتووە، ئەمەش هەروا لەخۆڕا نەهاتووە، بەڵكو بۆ رۆڵی رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە، ئێمە وەكو پەرلەمانتار و هاووڵاتیان سەردانی بازاڕ دەكەین و راستەوخۆ لەناو خەڵكیداین، لە نزیكەوە هەست بەم گۆڕانكارییانە دەكەین كە كاریگەریی باشی لەسەر بازاڕو ژیانی خەڵكی دروست كردووە، ئەمەش هۆكارەكەی بۆ پشتیوانی حكومەتی هەرێم لە هاووڵاتیان دەگەڕێتەوە.
* لایەنە توركمانییەكان هەموو كات پەیوەندییەكی باشتان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هەبووە، ئەم پەیوەندییە باشەی نێوانتان بۆچی دەگەڕێتەوە؟ ئایا ئەم پەیوەندییانە رەگوڕیشەی پێشتری سەردەم شۆڕشی ئەیلوولیشی هەیە؟
- پەیوەندیی نێوان لایەنە توركمانییەكان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن دەگەڕێتەوە، كە هەر لە سەرەتای شۆڕشی رزگاریخوازیی گەلی كوردستان لە ساڵانی شەست و حەفتاكانی سەدەی رابردووەوە توركمانەكان و هەولێرییەكان رۆڵێكی بەرزیان لە شۆڕشی جەنابی بارزانیی نەمر هەبووە، هەروەها مەلا مستەفا بارزانی پارێزەر و داكۆكیكارێكی باشی توركمانەكان بوو، لاپەرەكانی مێژوو تۆماری كردووە بارزانیی نەمر لە یەكێك لە فەرمایش و قسەكانیدا گوتوویەتی ئێمە هەموو كات قەرزاری هەولێرییەكانین، دیارە لێرەدا مەبەست لە هەولێرییەكان واتا توركمانەكان بووە، توركمانەكانی هەولێر لە خەباتی سیاسی و شۆڕشدا زۆر هاوكار و پشتیوانی ئەو زاتە بوون و خۆشیان ویستووە، جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی هەر لەسەر رێبازەكەی باوكی ئەم پەیوەندییانەی بەرەو پێشەوە بردووە، ئەوەتا بە شاهیدی هەموو لایەن و پارتە توركمانییەكان سەرۆك بارزانی لە نووسینەوەی رەشنووسی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا لە ساڵی 2003 داكۆكیكارێكی زۆر گەورە بووە لەسەر مافی توركمانەكان و رۆڵێكی كارای هەبوو لەچەسپاندنی ئەو مافانە. هەروەها لە ماوەی تەمەنی پارتی دیموكراتی كوردستانیشدا كە 72 ساڵە چەندین كادر و كەسایەتی توركمان لە ریزەكانی ئەم حزبەدا خەباتیان كردوە.
* ئێوە وەك لایەنێكی توركمانی لە هەولێر رۆڵ و چالاكیی خۆتان هەیە، ئایا تاچەند لە كەشوهەوای دیموكراتییانەی هەولێردا توانیوتانە خزمەتی دۆزی نەتەوەكەتان بكەن؟
- پێكەوەژیانی هەولێر و هەولێرییەكان بۆ سەدان ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، كە بە درێژایی مێژووی ئەم شارە چەندین نەتەوەو ئایین و ئایینزا تێیدا ژیاون، هەر لە كورد و توركمان و كلد و ئاشووری و موسڵمان و مەسیحی و ئێزیدی و شەبەك و لەم دواییانەشدا عەرەب، هەموو ئەم پێكهاتانە بە ئاسوودەیی و ئاشتی پێكەوە ژیاون. پێكەوەژیان لە هەولێر نەك تەنیا بۆ ناسنامەی هەرێمی كوردستان گرنگە، بەڵكو بووەتە جێگای سەرنجی هەموو نەتەوە و وڵاتانی دنیاش. حكومەتی هەرێمی كوردستانیش توانیوێتی ئەم پێكەوەژیانە بپارێزێت و پشتیوانی لێ بكات، لەم روانگەیەوەیە ئێمە وەكو گەلی توركمان لە هەولێر زۆر ئاسوودەین بەم پێكەوەژیانەی شاری هەولێر و بەرگری زۆریشی لێدەكەین، چونكە پێكەوەژیان لە هەولێر مێژووییەكی دێرینی هەیە و پێكهاتەكانیشی پێكەوە هاوچارەنووسن.
* هەرێمی كوردستان بەرەو هەڵبژاردنێكی چارەنووسساز بۆ پەرلەمانی كوردستان هەنگاو هەڵدەگرێت، ئایا ئێوە وەك لایەنە توركمانییەكان چۆن خۆتان بۆ ئەم هەڵبژاردنە گرنگە ئامادە كردووە؟
- هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستان جیاواز دەبێت لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو. چونكە ئێمە لە دوای كۆتاییهاتنی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی و لە پاش ئەو ململانێ سیاسییەی نێوان لایەنە سیاسییەكان كە ململانێیەكی زۆر قووڵ بوو، ئێستاش گۆڕانكاری لەسەر ئەرزی واقیع روویداوە لە پەیوەندی بە پەیوەندییەكانی كوردستان و حكومەتی عێراقەوە. ئێمە هیوادارین ئەو هەڵبژاردنەی دەكرێت دوور بێت لە ساختەكاری و دەستتێوەردان و فشار و هەڵبژاردنێكی بێگەرد بێت و بە بەشداری هەموو لایەنەكان بێت. ئێمە پشتیوانی لەوە دەكەین كە لە 30ی ئەیلول هەڵبژاردن بكرێت و خۆشمان ئامادە كردووە و پێمانوایە دواخستنی هیچ مانایەكی نییە و دواخستنیشی بە ناعەدالەتی دەزانین لەبەرامبەر بنەما دیموكراتییەكان.
* پێشبینییەكانت بۆ دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان چین؟
- من ئەگەری ئەوە دادەنێم كە ئەم هەڵبژاردنە سوپرایز لەخۆبگرێت و ئەگەری ئەوە هەیە حزبی براوە كورسیی زیاتر بەدەست بهێنێت، بە چەشنێك كە بتوانێت بە تەنیا حكومەتەكە پێكبهێنێت، ئەمەش خۆی لە خۆیدا گۆڕانكارییەكی بەرچاو دەبێت. ئەگەر وردتر باسی بكەین، ئەوا ئێمە دەزانین دوای ئەوەی لە 12/5ی هەڵبژاردنەكانی عێراقدا پارتی دیموكراتی كوردستان براوەی یەكەم بوو كە بە تەنیا 25 كورسی بەدەستهێنا، هەربۆیە وا پێشبینی دەكەم لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی كوردستانیشدا پارتی براوەی یەكەم بێت. هەرچۆنێك بێت ئێمە رێز لە ئیرادەو بڕیاری دەنگدەر دەگرین، چونكە ئەنجامدانی هەڵبژاردن رێزگرتنە لە ئیرادەی خەڵك و جێبەجێكردنی بنەماكانی دیموكراسییە.
* ئێوە وەك لایەنی توركمانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كۆتاتان هەیە، ئەم كۆتایەی ئێوە لەلایەن هەندێك لایەنەوە پێشتر لە پەرلەمانی كوردستان داوا دەكرا كە نەمێنێت، ئایا بۆچی ئەو لایانەنانە دژی كۆتای ئێوە بوون؟ ئایا ئێوە خۆتان لەو كۆتایەو لە پشكتان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان رازین؟
- ئێمە نەك تەنیا هەر داوای هێشتنەوەی كۆتا دەكەین، بەڵكو داوامان كردووە كۆتا زیاتر بكرێت و لایەنەكانی شەبەك و ئێزیدی و . تادوایی لە كۆتاكاندا بەشدار بن، چونكە ئەمە مافی خۆیانە. دواتر ئێمە داوامان كردووە، هیچ لایەنێك دەستتێوەردان لە كاروباری ئەو پێكهاتانە نەكەن كە كۆتایان بۆ دانراوە، واتە ئەو پێكهاتانە خۆیان بە ئیرادەی خۆیان نوێنەر هەڵبژێرن بۆ پەرلەمانی كوردستان. زیادكردنی كۆتاش پێویستی بە هەمواركردنەوە و گۆڕانكاری هەیە لە یاسای هەڵبژاردندا كە لە ئێستادا ئەمە زەحمەتە و دەكرێت هەڵبگیرێت بۆ خولی پێنجەم. دواتر نابێت زیادكردنی كۆتایی نیگەرانی دروست بكات، چونكە هیچ كاتێك ئەمە نابێتە مەترسی لەسەر هەرێمی كوردستان و بگرە ئەزموونی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستاندا قووڵتر دەكاتەوە. هەر لەم رووەوە ئێمە پێمانوایە پێویستە پشكی توركمان لە نێو پۆستەكانی حكومەتیشدا زیاتر بكرێت، بۆ نموونە یەكێك لە جێگرەكانی سەرۆكی حكومەت بۆ توركمان بێت، بۆ ئەوەی توركمانەكانیش بە شێوەیەكی كارا بەشداربن لە پرۆسەی سیاسی و بڕیاری سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا.
* باسی ئەوەت كرد نابێت لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستاندا دەستتێوەردانی دەرەكی هەبێت؛ ئایا ئەمجۆرە دەستتێوەردانانە بوونیان هەیە؟
- هەڵبژاردنی كوردستان پرسێكی ناوخۆییە و دەبێت هەموو لایەنە كوردستانییەكان متمانەیان بەخۆیان هەبێت و هیچ مەترسییان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا نەبێت، ئەگەر ترس و كێشەیەكیش لەسەر ساختەكاری، یاخود خراپی تۆماری دەنگدەران بە بەڵگەوە هەیە، با بە راشكاوی رایگەیەنن و بڵێن: كێشە لەم شوێن و جومگانە هەیە و داواكارین هەڵبژاردن دوابكەوێت. بەڵام ئەگەر هیچ كێشەیەكی لەم جۆرە نەبێت، ئەوا دواخستنی هەڵبژاردنەكان كاریگەری خراپی لێدەكەوێتەوە.
* سەبارەت بەپرسی كەركووك؛ ئایا چۆن لە لێدوانەكانی بەرەی توركمانی لەسەر پرس و چارەنووسی ئەو شارە دەڕوانن، بەتایبەتی قسەكانی ئەم دواییەی ئەرشەد ساڵحی بەرپرسی یەكەمی بەرەی توركمانی؟
-هەموو لایەنێك و بەرپرسێك ئازادە قسە لەسەر پرسی كەركووك بكات و تێڕوانین و بۆچوونی جیاوازی هەبێت، ئەمە ئەرشەد ساڵحی وەكو بەرپرسی بەرەی توركمانی و ئێمەش وەكو بەرەی توركمانی دەگرێتەوە. ئێمە دەڵێین كەركووك ناوەند و شارێكی زۆر گرنگە، بۆیە دەبێت هەموو لایەنەكان بە گیانی لێپرسراوێتی و بە هەستیارییەوە مامەڵەی لەگەڵ بكەن، چونكە بوونی ئاشتی لەو شارەدا كاریگەری ئیجابی لەسەر سەرجەم شارەكانی عێراق دەبێت بە كوردستانیشەوە، پێچەوانەكەشی هەر راستە، لەم روانگەیەوە دەبێت هەموو لایەنەكان پێداگیری لەسەر پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێو شاری كەركووك بكەن. كەواتە پاراستنی پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكانی شارەكە گرنگە، چونكە ئاشتیی كەركووك بۆ هەمووانە و ئاشووب و ئاژاوەش لەو شارەدا مەترسی و شوێنەوارەكانی هەر بۆ هەمووان دەبێت.
* لەگەڵ كەمبوونەوەی شوێنەوارەكانی قەیرانی دارایی و باشبوونی دۆخەكە جموجوڵە بازرگانیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا رووی لەزیادبوون كردووە، ئایا ئەم جموجوڵانە پەیوەندییە سیاسی و دیبلۆماسیەكانیشی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا گرتۆتەوە؟
- پەیوەندییەكانی نێوان توركیاو هەرێمی كوردستان مێژوویەكی دوورودرێژیان هەیە، ئێمە دەزانین توركیا وڵاتێكی گرنگە لە ڕووی سیاسی و ئابووری و تەكنەلۆژییەوە. ئێستاش پەیوەندییەكانی نێوان توركیاو هەرێمی كوردستان لە ئاستێكی باشدان و لەئایندەشدا بەرەو بەرەوپێشچوون دەچن، ئەمەش لەبەرژەوەندی هەموولایەك و هەموو پێكهاتەكانی ناوچەكەیە، لە كۆتاییدا دەڵێم توركیا بۆ كوردستان گرنگەو كوردستانیش بۆ توركیا گرنگە.
Top