شێخ نیاز دێگەیی بەرپرسی لقی هەولێری یەكێتی زانایان بۆ گوڵان: هەر كاتێك بە هەڵەتێگەیشتن لە چەمكەكانی ئایین دروست بوو ئەوا توندڕەوی دروست دەبێت
August 31, 2018
دیمانەی تایبەت
پرسی رۆڵی زانایانی ئایینی لە برەودان بە گیانی پێكەوەژیان و بەرگرتن لە دیاردەی توندڕەوی و توندوتیژی بە ناوی ئایین و ئیسلامەوە و مەسەلەی بەهەڵە تێگەیشتن لە چەمك و بنەما ئایینییەكان و دەرهاویشتە و كاریگەری و ئاكامەكانی ئەم بەهەڵەتێگەیشتنە و چەند پرسێكی دیكە بوونە تەوەری دیدارێكی گوڵان لەگەڵ شێخ نیاز دێگەیی ئیمام و گوتاربێژی مزگەوتی شەهید سەباح و بەرپرسی لقی هەولێری یەكێتی زانایان، كە لێرەدا پوختەكەی بڵاو دەكەینەوە.بنەمای جیهاد و تێكۆشان ئەوەیە
كە رێگری لە كەسی دەستدرێژیكەر بكرێت
پرسی رۆڵی زانایانی ئایینی لە برەودان بە گیانی پێكەوەژیان و بەرگرتن لە دیاردەی توندڕەوی و توندوتیژی بە ناوی ئایین و ئیسلامەوە و مەسەلەی بەهەڵە تێگەیشتن لە چەمك و بنەما ئایینییەكان و دەرهاویشتە و كاریگەری و ئاكامەكانی ئەم بەهەڵەتێگەیشتنە و چەند پرسێكی دیكە بوونە تەوەری دیدارێكی گوڵان لەگەڵ شێخ نیاز دێگەیی ئیمام و گوتاربێژی مزگەوتی شەهید سەباح و بەرپرسی لقی هەولێری یەكێتی زانایان، كە لێرەدا پوختەكەی بڵاو دەكەینەوە.
* زۆرینەی خەڵكی كوردستان موسڵمانن و لە مێژووی نەتەوەی كورددا ئایین فاكتەرێك بووە بۆ خێر و پێكەوەژیان و لێبووردەیی؛ ئایا چی وایكردووە ئایینی ئیسلام لەناو نەتەوەی كورددا بەو شێوەیە بەرجەستە بێت، لەكاتێكدا لەناو نەتەوەكانی دیكەدا بەو شێوەیە رەنگی نەداوەتەوە؟
- ئەگەر ئێمە لە پرسی پابەندبوونی خەڵكی كوردستان بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام بڕوانین، ئەوا دەتوانین بڵێین جیاواز لە هەموو نەتەوەكانی دیكە، گەلی كورد بە شێوەیەكی گشتی پابەندبوونیان بە ئەندازەیەك بووە كە ویستوویانە بە شێوەیەكی حەرفی سەرجەم بڕگە و بنەما و ئامانجە ئایینییەكان لە ژیانی رۆژانەیان جێبەجێ بكەن، واتە هەموو تاكێك خۆی نوێنەرێكی جوان و راستەقینەی ئیسلامەتی بووە، ئەم پابەندبوونەش سەرچاوەكەی بۆ ئەو دڵسۆزییە دەگەڕێتەوە كە مامۆستا و پێشەنگ و سەركردەكانی ئەم نەتەوەیە هەیانبووە، واتە ئەوانەی بە درێژایی مێژوو سەرقافڵەی ئەم نەتەوەیە بوون، زۆر بە بایەخەوە لە بنەما ئایینییەكانیان روانیوە و خەڵكیان هانداوە بۆ خواپەرستی و ئیسلامپەروەری، چونكە زانیویانە پابەندبوون بەو بنەما ئایینییانەی ئیسلامەوە دەبێتە هۆی ئەوەی كۆمەڵگەیەكی پڕ خێر و بەرەكەت دروست بێت. هەروەها دەبێت ئاماژە بەوە بكەین كە میللەتی كورد ئایینی ئیسلامی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكار نەهێناوە، بەڵكو وەك ئەنجامدانی خواپەرستیی راستەقینە لە ئیسلامی روانیوە و پێوەی پابەند بووە، واتە تەنیا بۆ خواپەرستی و بۆ نزیكبوونەوە بووە لە خودا، واتە هیچ بەرژەوەندییەكی دنیاویستی نەخستۆتە پێش بەرژەوەندی ئیمانی خۆی. هەر لەبەر ئەوەشە تا ئێستا بە پەرۆشەوە پابەندە بە مزگەوت و قورئان و پێغەمبەر (د.خ) و زانایانی ئایینییەوە و دەبینین هیچ تەوژمێكی دیكە هێندەی ئیسلام لەسەر خەڵكی ئێمە كاریگەر نەبووە.
* لە كاتێكدا ئیسلام خێر و بەرەكەت بێت و زۆرینەی میللەتی كوردیش بەو شێوە راستەقینە و دڵسۆزییە موسڵمان بێت، ئەی چی وای كردووە لێرە تەوژمی توندڕەوی دروست بێت؟
- لە راستیدا ئەگەر ئێمە لە پرسی توندڕەوی بڕوانین كە لە رۆژگاری ئێستادا بۆتە عەیب و عارێكی گەورە لە جیهاندا، ئەوا دەبینین كە تایبەت نییە بە ئایینێكی دیاریكراو، بەڵكو لە ئایینەكانی دیكەش هەبووە و تا ئێستاش بوونی هەیە، بە ئایینی مەسیحی و یەهودیشەوە، كە ئەگەر لە مێژوو بڕوانین دەبینین چییان لەگەڵ یەكتردا كردووە، بە هەمان شێوە لە مێژووی وڵاتانی موسڵمانیش چەندین مەرگەسات بەدی دەكەین. بەڵام دەتوانین بڵێین هەر كاتێك بەهەڵەتێگەیشتن لە چەمكەكانی ئایین دروست بوو، ئەوا دەبێتەهۆی دروستبوونی توندڕەوی، بەڵام لە ئێستادا دەیانەوێت هەندێ لەو توندوتیژی و توندڕەوییەی دەكرێت بەسەر ئیسلامیدا ساغی بكەنەوە، ئەمە لە كاتێكدا لە شوێنەكانی دیكەش توندوتیژی هەیە، بۆ نموونە ئەوەتا لە وڵاتی میانمار موسڵمانەكانی ئەو وڵاتە دەچەوسێندرێنەوە و رووبەڕووی كوشتن و برسیكردن و سووتاندن دەبنەوە. لەبەر ئەوە دەمەوێت بڵێم پرسی توندڕەوی پرسێكی جیهانییە. بۆیە دەگەڕێمەوە و دەڵێم هەر كاتێك مرۆڤ بە هەڵە و بە سەقەتی لە چەمكە ئایینی و رۆحی و ئیمانییەكان تێگەیشتن، ئەوا كەسێكی تەندروستی لێدەرناچێت. بۆ نموونە لە ئێستادا زۆر باس لە دەستەواژەی جیهاد دەكرێت، ئەمە لە كاتێكدا جیهاد ئەوە نییە كە تۆ شەڕ بەرپا بكەیت و خەڵك بكوژیت، چونكە كە قورئانی پیرۆز جیهادی بۆ پێغەمبەر(د.خ) دانا، ئەوا دەبێت بزانین لە سەرەتادا پێغەمبەر 13 ساڵ لە مەككە بانگەوازی كرد و دواتریش دوو ساڵ لە مەدینە دەمێنێتەوە و ئینجا لە ساڵی دووەمی كۆچی رێگەی پێدەدرێت لە رێی ئایەتی (أُذِنَ لِلَّذِينَ يُقَاتَلُونَ بِأَنَّهُمْ ظُلِمُوا * وَإِنَّ اللَّهَ عَلَىٰ نَصْرِهِمْ لَقَدِيرٌ)، كە لێرەدا ئاماژە بەوە كراوە لەبەر ئەوەی ئێوە ستەمتان لێدەكرێت، ئەوا ئێوە بەرگری لە خۆتان بكەن و بەرەنگاریان ببنەوە، كەواتە بنەمای جیهاد و تێكۆشان ئەوەیە كە رێگری لە كەسی دەستدرێژیكەر بكرێت. مەبەستەكە ئەوەیە كە ئیسلام نایەوێت غەدر لە كەس بكات و خوای گەورە دەفەرموێت كەس ناچار مەكەن كە بێتە نێو ئیسلامەوە (لَا إِكرَاهَ فِي الدِّينِ * قَد تَّبَيَّنَ الرُّشْدُ مِنَ الْغَيِّ) هەروەها دەفەرموێت (قُلْ يَا أَيُّهَا الْكافِرُونَ (1) لَا أَعْبُدُ مَا تَعْبُدُونَ (2) وَلَا أَنتُمْ عَابِدُونَ مَا أَعْبُدُ (3) وَلَا أَنَا عَابِدٌ مَّا عَبَدتُّمْ (4) وَلَا أَنتُمْ عَابِدُونَ مَا أَعْبُدُ (5) لَكمْ دِينُكمْ وَلِيَ دِينِ). كەواتە ئامانج لە دانانی جیهاد ئەوەیە كە ئەگەر هاتوو كەسێكی غەیرە ئایینێكی دیكە هات و ستەمی لێكردیت، ئەوا بۆ ئەوەیە بەرەنگاری ببیتەوە و پیێ بڵێیت بۆ دەتەوێت خوانەپەرسترێت و مزگەوت نەمێنێت؟ جیهاد ئەوە نییە كە تۆ خەڵكی شارەكەی خۆت بە كافر بزانیت. بۆیە ئەركی زانا ئایینییەكان و ناوەندە فیكرییەكانە كە بە گوێرەی توانا هەڵبستین بە هۆشیاركردنەوەی ئەو خەڵكانە بۆ ئەوەی دەستهەڵگرن لە بیری توندڕەوی لە رەتكردنەوەی كەسانی بەرامبەر.
* زۆر باس لە پرسی سەلەفییەت دەكرێت، لە پەیوەندی بەم باسەوە، چ روونكردنەوەیەكتان هەیە؟
- ئێمە لە ئیسلامدا هەردوو دەستەواژەی (سلف و خلف)مان هەیە، سەلەفییش واتە پێشینەكان، واتە هاوەڵان و شوێنكەوتووانی پێغەمبەر (د.خ)، واتە كە ئێستا ئێمە خودا دەپەرستین و لە ئیسلامەتی تێدەگەین، دەگەڕێینەوە سەر ئەو سەلەفانە، واتە ئەوان پێشەنگی ئێمەن و هەر كەسێك ئەوان رەتبكاتەوە ئەوا ئەمە وەك رەتكردنەوەی پێغەمبەر وایە. بەڵام ئەوەی لە ئێستادا خۆی ناو ناوە سەلەف، ئەوا هیچ پەیوەندیی بە سەلەفەوە نییە و نوێنەرایەتی ئەهلی سەلەفییش ناكات، ئێمە ئەهلی سەلەفین كە پابەند دەبین بە فەرموودەكان و بە تێگەیشتنیان لە قورئان و سوننە. بۆیە من تەمەننام دەكرد ئەو ناوە بە كارنەهێنرایە، چونكە ئەوە گورز لە مێژووی ئیسلام دەدات. چونكە ئەوانەی توندڕەوی ئەنجام دەدەن بە ناوی سەلەفییەتەوە ئەوانە سەلەفی نین، ئەوانە پاشماوەی ئەو گرووپانەن كە كاتی خۆی بوونیان هەبووە، وەك خەواریج و موعتەزیلە كە ئازاری هاوەڵەكانیان دەدا و ئیمامی عەلی و موعاویە و هاوەڵی گەورەیان تەكفیر دەكرد. بەڵام من دڵنیام كە ئەم تەوژمە توندڕەوییە و تێنەگەیشتنی هەڵە لە ئایینی ئیسلام تەمەنی درێژ نابێت و وەك ئاگرێك وایە پوش و پەڵاش دەسووتێنێت و هەر زوو كپ دەبێتەوە.
* ئەی باشە چۆن لە پرسی حزبایەتی و بەكارهێنانی ئایین بۆ مەرامی حزبی دەڕوانیت؟
- من هۆكاری گشتیی توندڕەوی بۆ پرسی پیلانگێڕی لە دژی ئیسلام و بە هەڵەتێگەیشتن لە ئیسلام دەگەڕێنمەوە، بەڵام ئەگەر بێت و ئێمە بچینە نێو وردەكارییەكانی ئەم پرسەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە یەكێك لە هۆكارەكان پرسە سیاسییەكانە، یان بڵێین لایەنی سیاسییە و لە نێو ئەو لایەنانەشدا چەند گرووپێك، مەبەستم ئەوەیە رەنگە ئەو سیستمەی حزبێكی لەسەر بەڕێوەدەچێت-ئیسلامی بێت، یان حزبەكانی دیكە- هیچ كێشەی نەبێت، بەڵام لە نێو ئەو حزبەدا كەسانێك هەبن گۆشكرابن بە فیكری هاوردەی دەرەكی كە كاریگەری هەیە لەسەر بڵاوبوونەوەی توندوتیژی. بۆ نموونە هەندێ حزب لە توركیا هەن كە ئەگەرچی ئیسلامیش نین، بەڵام نەتەوەپەرستن و دەبینیت چەند توندڕەون بەرامبەر بە كورد و میللەتەكانی دیكە.
* ئایا ئێمە توانیومانە لە رێی مەنهەجی خوێندن و پەروەردەوە كارمان بۆ دروستكردنی تێگەیشتنی راستەقینە لە ئیسلام كردبێت؟
- لە راستیدا ئەوەی من سەرنجم داوە، بەتایبەتی لە وانەكانی تایبەت بە خوێندنی باڵا- ماستەر و دكتۆرا- وەك پێویست بایەخ بە بابەتە ئایینییەكان نادرێت، كە دەبوو بایەخی زیاتریان پێبدرایە بۆ ئەوەی خەڵكی باشتر لە ئایین تێبگەن، چونكە تێگەیشتنی راستەقینە لە ئایین مایەی بەختەوەری دەبێت بۆ مرۆڤەكان، بە پێچەوانەشەوە تێگەیشتنی هەڵە لە ئایین لادانی لێدەكەوێتەوە. بەگشتی پێموایە لە ناوەندەكانی پەروەردە و خوێندن بە بێ بایەخدان مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە كراوە.
* باشە بە شێوەیەكی گشتی چۆن لە رۆڵی زانایانی ئایینی دەڕوانیت لە پەیوەندی بە پرسی توندڕەوەییەوە؟
- من دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە رۆڵی زانایانی ئایینی لە ئێستا و لە رابردووشدا رۆڵێكی پرشنگدار و دیار بووە، ئەوە كاریگەری مزگەوت و مینبەرەكانە كە بوونەتە هۆی ئەوەی كەسانی توندڕەو لە نێو ئێمەدا بە پەنجەی دەست بژمێردرێن. بۆ نموونە لە كوردستان 6000 مزگەوت هەیە و نزیكەی 3000 مزگەوت وتاری لێدەدرێت، كە تێیدا ئەو رێنماییانە دەدرێن كە هەموویان لە پێناوی پاراستنی ئاسایش و ئەمانی ئەم وڵاتەدایە و لە پێناوی پاراستنی گیانی خۆڕاگری و بەرگریكردن لە كوردستان و برەودان بە نەرمونیانی لە میانەی مامەڵەكردن لەگەڵ یەكتردایە و بۆ ئەوەیە ئیسلامێكی میانڕەو پیادە بكرێت. هەرچەندە مایەی نیگەرانییە كە هەندێ هەوڵ دەبینین كە دەیانەوێت تەوژمی توندڕەوی لە كوردستان سەرهەڵبدات، بەڵام دڵنیاتان دەكەمەوە تاوەكو مەلاكان لە كوردستان مابن، ئەوا توندڕەوی لە كوردستان سەرهەڵنادات و خەڵكی شوێن توندڕەوی ناكەوێت، لەبەر ئەوە پێموایە ئەگەر حكومەت و بەتایبەتی وەزارەتی ئەوقاف و حزبەكان هاوكار و هەماهەنگ بن لەگەڵ مەلاكان ئەوا توندڕەوی لە كوردستاندا نامێنێت.
* كەواتە ئەو كاتەی مەلا مستەفا بارزانی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی دامەزراند هەنگاو و بڕیارێكی باش بوو هەم بۆ خزمەتكردن بە ئیسلام و هەم بۆ پشتیوانیكردن لە پرسە نەتەوەییەكە؟
- من دەڵێم تا ئێستا ئەو خێر و بێرەی یەكێتی زانایان بۆ میللەتی كوردی هەبووە، هەموو خێرەكەی بۆ خوالێخۆشبوو مەلا مستەفای بارزانی -یە، چونكە دامەزراندنی ئەم یەكێتیە زەروورەتێك بوو بۆ هەموو قۆناغەكان، واتە چ لە سەردەمی شاخ و شۆڕشدا و چ بەم دواییش كە پرسی توندڕەوی و تیرۆر هاتەئاراوە كە مەترسی لەسەر كوردستان دروست كرد، بە هەمان شێوە بۆ مەسەلەی پشتگیریكردن لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی و لە هەموو پرسە نیشتمانییەكان رۆڵی بەرچاویان هەبووە.