ئیكارت وۆرتز پسپۆڕی كاروباری نێودەوڵەتیی بۆ گوڵان: بەرپرسیارێتی سەرەكیی چارەسەركردنی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەوێتە ئەستۆی گەلانی ناوچەكە
August 9, 2018
دیمانەی تایبەت
ئیكارت وۆرتز توێژەرە لە سەنتەری بەرشەلۆنە بۆ كاروباری نێودەوڵەتیی، پێشتر بەڕێوەبەری دیراساتی ئابووری بووە لە سەنتەری توێژینەوەی كەنداو لە دوبەی. وانەبێژە لە سكووڵی پاریس بۆ كاروباری نێودەوڵەتی و وانەبێژی بابەتی ئابووری سیاسییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا. بۆ تاوتوێكردنی شكستی دەوڵەتانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەداكردنی ئەرك و بەرپرسیارێتییە سەرەكییەكانیان و ئەو دەرئەنجام و كاریگەرییانە لەم شكستە دەكەوێتەوە و بۆ تیشك خستنەسەر چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامدا و ئەویش بەم شێوەیەی خوارەوە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.* چۆن لە هەلومەرجی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوانیت، بەتایبەتی كە دەبینین پشێوی باڵی كێشاوە بەسەر چەندین دەوڵەتی ئەم ناوچەیەدا و چەند دەوڵەتێكیش بە دەست شەڕی ناوخۆیی و لەبەریەك هەڵوەشاندنەوە گرفتارن؟
- راستە ئەمە كێشە راستەقینەكەیە، چونكە پێشتر گفتوگۆ لەبارەی پرسی خۆسەپێنی و پرۆسەی بە دیموكراتیكردنەوە دەكرا، بەڵام ئێستا نابینین بەو شێوەیە ئەو پرسانە تاوتوێ بكرێن، مەبەستم ئەوەیە ئەو دەوڵەتانە نەیانتوانی ئەو ئەركانە ئەدا بكەن كە لێیان چاوەڕوان دەكرا.
* باشە هۆكارە بنەڕەتی و سەرەكییەكان چین كە ئەم دەوڵەتانە نەیانتوانی ئەو ئەركانە جێبەجێ بكەن كە لێیان چاوەڕوان دەكرا؟ بۆچی دۆخەكە بەم شێوەیەی ئێستای لێهات؟
- لە راستیدا ئەگەر ئێمە لە رووی ئابوورییەوە لەم پرسە بڕوانین و لەم گۆشەنیگایەوە شرۆڤەی بۆ بكەین، ئەوا دەتوانن بڵێین كە كاتێك باس لە داڕشتن و خستنەگەڕی سیاسەتی ئازادكردنی ئابووری - liberalization of economy - دەكرێت، ئەوا تەنانەت ئەم هەوڵە نەبووە هۆی ئەوەی گەشەكردنی ئابووری بە دوای خۆیدا بهێنێت و ئابوورییەكی بەهێزی لێبكەوێتەوە، بە چەشنێك كە هەموو لایەك لێی بەهرەمەند بێت، ئەمە سەرباری بوونی كێشەی گەندەڵی لەم وڵاتانەدا كە ئێمە دەزانین گەندەڵی كۆسپ و بەربەستی گەورە لەبەردەم گەشەكردنی ئابووریدا دروست دەكات.
* بەڵام ئێمە لە جیهانێكدا دەژین كە پێكەوە بەستراو و پێكەوە گرێدراوە بەو پێیە كاریگەرییەكانی قەیران و كێشەكانی هەر ناوچەیەك كاریگەری و دەرهاویشتەی دەبێت لەسەر ناوچەكانی دیكەی جیهان، ئێوە چۆن لە كاریگەریی پشێوییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بەشەكانی دیكەی جیهان دەڕوانن؟
- ئەوە راستە، چونكە دەبینین بارودۆخی شەڕ و پشێوی لەو وڵاتانەدا بوونەتە هۆی ئەوەی كەسانێك كۆچ بكەن، بەتایبەتی گەنجان بۆ ئەو وڵاتانەی كە پێیانوایە ئایندەیەكی باشتر بۆ خۆیان فەراهەم دەكەن و دەتوانن هەلی كار بەدەست بهێنن. پێموایە بۆ بەرگرتن بەم حاڵەتەش پێویستە پرۆسەی ئاشتەوایی و ئاوەدانی لەو وڵاتانەدا بەدی بێت.
* باشە رۆڵ و بەرپرسیارێتی هێزە جیهانییەكان، بەتایبەتی هێزە مەزنەكانی وەك ئەمریكا چییە و تا چەند ئەم هێزە دەرەكییانە دەتوانن هاوكار بن بۆ مامەڵەكردن و بەرەنگاربوونەوە و چارەسەركردنی قەیران و كێشەكانی وڵاتانی ئەم ناوچەیە؟
- لە راستیدا ئەوەی پەیوەست بێت بە رۆڵی ئەمریكاوە لەم ناوچەیە، ئەوا ئەو خوێندنەوەیە هەیە كە ئەمریكا دەیەوێت ئەوەندەی دەكرێت خۆی بە دوور بگرێت لە تێوەگلان لە كێشە و پشێوییەكانی ئەم ناوچەیە، كە ئەمەش بوار و دەرفەتی بۆ هەندێ هێزی دیكە دروست كردووە، بۆ ئەوە رۆڵ ببینن لە وڵاتانی ئەم ناوچەیەدا، بە چەشنی رۆڵی رووسیا لە سووریادا. بەڵام هەرچۆنێك بێت، من لەگەڵ ئەوەدا هاوڕا نیم كە چارەسەركردنی كێشەكانی ئەم ناوچەیە ئەرك و بەرپرسیارێتی هێزە دەرەكییەكان بێت و، پێم وانییە ئەم كێشانە بە دەستێوەردانی دەرەكی چارەسەر ببن، بە واتای ئەوەی دەبێت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆی كار لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی خۆی بكات، چونكە بەرپرسیارێتییە سەرەكییەكە لە ئەستۆی خۆیانە.
* بەڵام لە ئێستادا دەبینین ئەمریكا فشارێكی زۆری لەسەر وڵاتی ئێران دروست كردووە، پرسیارەكە ئەوەیە ئێوە چۆن لەم مەسەلەیە دەڕوانن و ئایا هۆكاری زیادبوونی ئەم فشارانەی ئەمریكا لەسەر ئێران چییە؟
- ئاشكرایە ئێران رۆڵی هەیە لە ناوچەكەدا، بەتایبەتی لە وڵاتی سووریادا، بە هەمان شێوە ئاشكرایە كە ئێران پشتیوانی حزبوڵا دەكات، بە چەشنێك كە ئیسڕائیل ئەمە بە مایەی هەڕەشە بۆ سەر خۆی دادەنێت.
* هەروەك دەزانین چەندین وڵاتی ئەم ناوچەیە بە دەست شەڕێكی ناوخۆیی سەختەوە دەناڵێنن، وەك سووریا و لیبیا و یەمەن، ئایا پێتوایە چارەنووسی ئەم وڵاتانە پارچە پارچە بوون و دابەش بوون بێت؟
- لە راستیدا ئەوەی بەدی دەكرێت دابەشبوونێكی ئەمری واقیعە، بۆ نموونە ئەوەی پەیوەندی بە سووریاوە هەبێت ئەوا هەلومەرجەكە بە چەشنێكە كە من پێموا نییە رژێمی ئەسەد بتوانێت بە تەواوەتی كۆنتڕۆڵی سەرجەم خاكی سووریا بەدەست بهێنێتەوە.