ئاراس حەسۆ میرخان ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان: پارتی هەمیشە هەوڵیداوە دەرفەت بۆ گەنجەكان بڕەخسێنێت بۆ ئەوەی بێنەپێشەوە و رۆڵی سەركردە بگێڕن

ئاراس حەسۆ میرخان  ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان:   پارتی هەمیشە هەوڵیداوە دەرفەت بۆ گەنجەكان بڕەخسێنێت بۆ ئەوەی بێنەپێشەوە و رۆڵی سەركردە بگێڕن
هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان نزیك دەبێتەوە و پارتی دیموكراتی كوردستانیش كۆمەڵێك گۆڕانكاری لە ئۆرگانەكانیدا دەستپێكردووە. چۆنیەتی خۆئامادەكردنی حزب و لایەنە سیاسییەكان بۆ ئەو هەڵبژاردنە و پرسی كابینەی نوێی دەوڵەت و پەرلەمانی عێراق و چارەنووسی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، هەروەها كێشەی مووچە و گوزەرانی هاووڵاتیان و چەندین پرسی گرنگی هەنوكەیی، ناوەڕۆكی ئەم دیدارەی گۆڤاری گوڵان لەگەڵ ئاراس حەسۆ میرخان ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان پێكدەهێنن.
خۆپیشاندانەكانی عێراق ئاشكرایكرد تا چەند كێشەو گرفتی گەورە هەیە و وڵاتەكە تا چ ئاستێك لە گەندەڵییەوە نقووم بووە


* لەدوای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراقەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان كۆمەڵێك گۆڕانكاری لە ئۆرگانەكانیدا دەستپێكردووە، ئەم گۆڕانكارییانە بۆچی؟
- یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی پارتی ئەو گۆڕانكارییانەیە كە ئەنجامی دەدات، ئەگەر لەیادتان بێت، ساڵی پار پارتی لە سنووری هەولێر و دهۆك كۆمەڵێك گۆڕانكاری لە ریزەكانی حزب و هەروەها ژمارەیەك گۆڕانكاریشی لە نیو دامودەزگاكاندا لەسەر ئاستی بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەرەكان ئەنجامدا، بەڵام گۆڕانكاری لە ئۆرگانەكانی حزب لە سلێمانی دواخران، بۆیە لە ئەمساڵدا و لەبەر ئەوەی كۆنگرەش دواكەوتووە، بڕیاردرا كە گۆڕانكارییەكان لە سەركردایەتی پارتی لە دەڤەری سلێمانی و هەڵەبجەش ئەنجام بدرێن، بۆیە گۆڕانكارییەكانی ئەمجارەی ئەو دەڤەرەش بەشێك بوون لەو گۆڕانكارییانەی كە پێشتر لە ناو پارتی ئەنجام دراون.
* ئەمجارە لە بەشی زۆری گۆڕانكارییەكان بایەخ بە كاراكتەری گەنج دراوە و گەنجەكان پێش خراون، ئایا مەبەست لەمە ئەوەیە پارتی خۆی نوێ دەكاتەوە؟
- پارتی هەمیشە هەوڵیداوە دەرفەت بۆ گەنجەكان بڕەخسێنێت بۆ ئەوەی بێنەپێشەوە و رۆڵی سەركردە بگێڕن، هەر ئەمەشە كە وایكردووە پارتی بەردەوام بێت و سەركەوتووش بێت، لە كۆبوونەوەكانی ئەم دواییەی سەركردایەتی پارتی، شەخسی سەرۆك بارزانی و سەركردایەتی پارتی جەختیان لەسەر ئەوە دەكردەوە كە دەبێت كۆمەڵێك گەنجی لێهاتوو بهێنرێنە پێشەوە و دەرفەتیان بۆ بڕەخسێندرێت، بێگومان ئەمە نەك هەر تەنیا لەناو ئۆرگانەكانی حزبدا، بەڵكو لەناو لەشكریشدا ئەم پرۆسەیە بەردەوامە و كۆمەڵێك گەنجی لێهاتوو لەسەر ئاستی بەرپرسی سوپا و بەرپرسی فەرماندەییەكان و فەرماندەی لیواكان خراونەتە پێشەوە، ئەگەر سەیری كاندیدەكانی پارتیش بكەن بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان، دیسان لەناو ئەوانیشدا دەرفەتێكی زۆر دراوە بەگەنجەكان، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەم پرۆسەیە هەموو ئەو بوارانە دەگرێتەوە كە پەیوەندی بە پارتییەوە هەیە، نەك تەنیا ئۆرگانەكانی حزب، ئەمەش لەبەر ئەوەیە بەڕێز سەرۆك بارزانی زۆر جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە دەبێت قۆناخی داهاتوو، قۆناخی دەرفەت رەخساندن بێت بۆ گەنجەكان.
* لەكاتێكدا لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان نزیك دەبینەوە، لەم هەنگاوانەی پارتی ئەوە دەخوێندرێتەوە، كە پارتی ئەمجارە بەنیازە بە ئاستێك ئەم هەڵبژاردنە بەرێتەوە كە بە تەنیا حوكمڕانی كوردستان بكات، ئایا ئەمە راستە؟
- بێگومان مەزندەی خۆمان ئەوەیە كە پارتی ئەمجارەش لە هەڵبژاردنەكانی كوردستاندا دەنگی یەكەم بێت و زۆرترین كورسییەكانی پەرلەمان بباتەوە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە پارتی بەنیازی ئەوەیە بەتەنیا حوكمڕانی كوردستان بكات، یان بە تەنیا حكومەتی داهاتوو پێكبهێنێت، ئێستا لەسەر مامەڵەكردن لەسەر دۆسێی بەغدا و بەشداریی لایەنی كوردستانی لە حكومەتی داهاتووی عێراقدا، لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان خەریكین هاوپەیمانییەكی تازە دروست دەكەین، ئەگەر ئەم هاوپەیمانییە پشت بەخوا بەسەركەوتوویی دروست بێت، ئەوا دەبێتە سەرەتایەك هەتا لەسەر ئاستی سیاسەتی ناوخۆیی كوردستانیش هەنگاوێك هەڵبگرین، بەڵام دەبێت راشكاو بین كە پرسی كوردستان لەگەڵ پرسی بەغدا دوو پرسی جیاوازن، ئێمە و یەكێتی كە دەچینە بەغدا پێكەوە داوای مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان دەكەین، بەڵام لە كوردستان هەموو لایەنە سیاسییەكان ململانێی حزبیی خۆیان لەسەر كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان دەكەن، بۆیە لەو میانەدا بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنە براوەكانی ناو هەڵبژاردنەكە دەكرێت.
* باست لە هەوڵدان بۆ دروستكردنی هاوپەیمانییەك لە نێوان پارتی و یەكێتی كرد، بۆ ئەوەی بەشداری لە حكومەتی داهاتووی عێراق بكەن، بەڵام بارودۆخی ئێستای عێراق بە ئاستێك ئاڵۆز بووە كە نازانرێت ئاراستەكەی بەرەو كوێ دەچێت، ئایا ئەمجارەش دەتانەوێت عێراق لەو كێشانەی تێكەوتووە رزگاری بكەن؟
- بە جیا لەو رێككەوتنەی پارتی و یەكێتی، دەخوازم هەڵوێستی سەرۆك بارزانی و پارتی لەسەر ئەو كێشانەی عێراق ئاماژە پێ بكەم، هەڵوێستی سەرۆك بارزانی و پارتی بەرامبەر ئەم قەیرانانەی عێراق ئەوەیە كە لایەنی كوردستانی بەشێك نییە لەو كێشەو قەیرانانەی لە ئێستا لە عێراق روودەدەن و لە ئایندەشدا نابینە بەشێك لەو كێشانە، ئەمەشیان بە تەواوی ئەو شاندو لایەنانە گوتووە كە سەردانیان كردوون، لە ناویاندا عێراقییەكانیش، سەبارەت بە خۆپیشاندانەكان، بێگومان پارتی خۆپیشاندان بە مافێكی ئاسایی خەڵك دەزانێت، بەڵام ناڕەزایی خەڵكەكە خۆی لە خۆیدا وەڵامێكە بۆ خەڵكانێك لە كوردستان كە دەهاتن بەراوردی كوردستانیان بە عێراق دەكرد و داوایان دەكرد كوردستان دەبێت لاسایی عێراق بكاتەوە، بەڵام ئەم خۆپیشاندانانەی عێراق ئەوەی ئاشكرا كرد كە وڵاتەكە تا چەند كێشە و گرفتی گەورەی هەیە و تا چ ئاستێك لە گەندەڵییەوە نقووم بووە، لەسەر ئەم بنەمایە بەڕێز بارزانی و سەركردایەتی بە نوێنەرانی دەوڵەتانی هاوپەیمان و ئەمریكییەكان و لایەنە عێراقییەكانیشیان گوتووە، كە ئێمە چیتر دەست لە مافەكانی خۆمان هەڵناگرین لە پێناوی چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق، جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە ئەولەوییەتی ئێمە دابینكردنی مافەكانی خەڵكی كوردستانە بەپێی دەستووری عێراق.
* ئەگەر وردتر لەسەر ئەم پرسە هەڵوەستە بكەین، ئایا لەو چوارچێوەیەدا پرسی كەركووك چی بەسەر دێت؟
- لەو وتووێژانەی بەم دواییە شاندی پارتی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان لە بەغدا كردوویەتی و لە سەردانی هەفتەی رابردووی رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بۆ بەغدا، دیسان جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە كە یەكێك لە خاڵە سەرەكییەكانی وتووێژەكانی داهاتوومان پرسی كەركووكە، هەتا لەسەر پرسی كەركووك نەگەینە رێككەوتنێكی هاوبەش بەپێی دەستووری عێراق كێشەكان چارەسەر نابن، ئەمەش واتە گەڕانەوەی پێشمەرگە و دابینكردنی ئاسایش و سەقامگیری بۆ خەڵكی كەركووك، ئەگەر ئەوە نەكرێت، ئەوا پارتی ئامادە نییە لەگەڵ هیچ لایەنێك رێككەوتن ئیمزا بكات بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق، سەبارەت بە شنگال و ناوچە كوردستانییە دابڕاوەكانی دیكەش بەهەمان شێوەی كەركووك ئەولەوییەتی بەرنامەی پارتین و دەبێت لەسەر ئەو پرسانە بگەینە رێككەوتن، ئەوجا رێككەوتن لەسەر بەشداری لە حكومەتی داهاتوو دەكەین.
* ئایا لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی لەسەر ئەم پرسە گەیشتوونەتە ئەو رێككەوتنەی كە ئەم ئەولەوییەتانە ئەولەوییەتی هاوبەشی هەردوولاتان بێت؟
- ئێمە پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەم ئەولەوییەتانەمان راگەیاندووە، دوای هەڵبژاردنەكانیش لەو كۆبوونەوانەی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەنجام دراون، راشكاوانە گوتوومانە، پارتی پێیوایە لەسەر پرانسیپێك دەبێت هاوپەیمانی بكرێت، ئەو پرانسیپەش كوردستانیبوونە، ئەمە واتە ئەو لایانەی لە هاوپەیمانییەكەدا كۆدەبنەوە، ئەوا دەبێت داكۆكی لە مافە دستوورییەكانی خەڵكی كوردستان ولە كیانی سیاسیی هەرێمی كوردستان بكات، ئەمەش راشكاوانە مانای ئەوەیە هەر لایەنێكی سیاسی بڕوای بە كوردستانیبوون نەبێت، نابێتە بەشێك لەو هاوپەیمانییەی كە پارتی تێدایە، ئەمەش ئاشكرایە، چونكە لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراقدا، هێزی كوردستانی هەبووە لەناو پەرلەمانی بەغدا ئەوەندەی دژایەتی كورد و مافەكانی خەڵكی كوردستانیان كردووە، بەهیچ شێوەیەك بەرگرییان لە مافە دەستوورییەكانی كوردستان و خەڵكەكەی نەكردووە، بۆیە دەبێت ئەو سەردەمە كۆتایی بێت و ئەوەی بڕوای بە مافەكانی خەڵكی كوردستان نەبێت، نابێتە هاوپەیمانی پارتی.
* پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی عێراق هەندێك لایەنی سیاسی كوردستانی گرەویان لەسەر مەرگی پارتی دەكرد، بەڵام وەك ئێستا دوای هەڵبژاردنەكان دەیبینین، هەموو رێگاكان هاتوونەتەوە لای بارزانی، ئەمە لەكاتیكدا بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێمیشدا نەماوە، ئایا ئەم وەرچەرخانە چۆن دەخوێنیتەوە؟
- ئەو كاتانەشی ئەو لایەنانەی كێشەیان لەسەر سەرۆكایەتی هەرێم دروست دەكرد، پێمان دەگوتن، براینە پۆستی سەرۆكی هەرێم لای بارزانی تەنیا بۆ ئەوەیە بە رێگەی ئەو پۆستە خزمەتی گەلەكەی بكات و داكۆكی لە مافەكانی بكات، ئەگەر نا بارزانی پێویستی بەوە نییە بە رێگەی پۆستی سەرۆكی هەرێم رۆڵێك بگێڕێت، سەرۆك بارزانی بە حوكمی مێژووی خەباتی خۆی رێز و پێگەی تایبەتی خۆی هەیە لەسەر ئاستی هەموو كوردستان و عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش، بەڵام بەداخەوە هەندێك لەو لایەنانەی كوردستان وایان بیردەكردەوە ئەگەر سەرۆك بارزانی لەو پۆستە نەما، ئەوا ئیتر رۆڵی تەواو دەبێت، بەڵام وەك ئێستا دەیبنین نەك هەر حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەر چوار پارچە وەك مەرجەع سەیری سەرۆك بارزانی دەكەن، بەڵكو لەسەر ئاستی عێراق و دەوڵەتانی دراوسێ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە هاتنە كوردستان یەكەم شوێن كە دەبێت سەردانی بكەن، بارەگای بارزانی و سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئەمەشمان بە تەواوی لایەنە سیاسییەكان گوتووە، ئێستا ئەوانیش گەیشتنە ئەو قەناعەتەی كە تەنیا ناوی مسعود بارزانی لە هەموو پۆست و پلەیەك گەورەترە. لایەنێكی دیكەی پرسیارەكەتان بەوەی بۆچی ئەو وەرچەرخانە روویدا؟ بێگومان ئەمەیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو باوەڕە گەورەیەی خەڵكی كوردستان كە بە پارتی هەیانە و متمانەی خۆیان بە پارتی داوە، لای خەڵكی كوردستان پرسێك هەیە لە هەموو شتێكی دیكە گەورەترە، كە ئەویش پرسی خاك و نیشتمانە، ناحەزانی پارتی لەسەر ئەو بنەمایە پڕوپاگەندەیان دەكرد كە خەڵكی كوردستان بە هۆی بڕینی بودجە و مووچەوە گوزەرانیان خراپە و ئەمانەش بە هۆكاری پارتی دەزانن، بەڵام خەڵكی كوردستان وێڕای هەموو ئەمانە زۆرترین دەنگی بە پارتی دا، چونكە دەیزانی پارتی داكوكی لە پرسی خاك و نیشتمان دەكات، هەر بۆیە سوپاس بۆ خوا لە هەڵبژاردنەكانی عێراقدا، پارتی نەك هەر لەسەر ئاستی كوردستان زۆرترین دەنگی بە دەست هێنا، بەڵكو لەسەر ئاستی حزبی سیاسیش لە عێراقدا زۆرترین دەنگی بەدەست هینا و ئومێد دەكەین لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا خەڵكی كوردستان بەهەمان ئاست و زیاتریش متمانەی خۆ بە پارتی بداتەوە.
* باست لە بێ مووچەی و خراپی گوزەرانی خەڵك كرد، بەڵام خۆشبەختانە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان رایگەیاندووە كە رۆژە سەختەكان تێپەڕ دەبن، ئایا ئەمە مانای ئەوە نییە مووچە و گوزەرانی خەڵكی كوردستان لەمەی ئێستاش بەرەو باشتر دەچێت؟
- ئاشكرایە لەماوەی 2014- كۆتایی 2017، ساڵانێكی پڕ قەیرانی دارایی و شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوتمان بینی و سوپاس بۆ خوا و بۆ خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان ئەو ساڵانەمان تێپەڕاند و، قوناخێك هاتۆتە پێشەوە كە گۆڕانكاری بۆ باشتركردنی مووچە و گوزەرانی خەڵك وەك قۆناخی یەكەم دەستی پێكراوە و لەم بوارەشدا گوزەرانی خەڵك لەچاو سێ ساڵی رابردوو گۆڕانكاری زۆر گەورەی بەسەردا هاتووە، بەڵام ئەم گۆڕانكارییە بەردەوامە و چاوەڕێ دەكرێت هەتا سەری ساڵی داهاتوو (2019) نەك هەر ئەوەی پێدەڵێن كێشەی مووچە، ئەو كێشەیە نامێنێت، بەڵكو لەماوەی ئەم چەند مانگەدا كۆمەڵێك لەو پڕۆژە گەورانەی كوردستان كە پشتر كاریان تێدا راگیرابوو، دووبارە دەست دەكرێتەوە بە كاركردن تیایاندا، بۆیە مەزندەكان بەو جۆرەن لە ساڵی 2019 ئەم قەیرانانە بە تەواوەتی كۆتاییان بێت و بار و گوزەرانی خەڵك وەك ساڵانی 2010-2012ی لێدێتەوە، كە ئەو كات هیچ قەیرانێكی دارایی بوونی نەبووە.
Top