د.عەبدوڵا مەلاوەیسی سەرۆكی هەڵبژێردراوی یەكێتیی زانایانی ئیسلامیی كوردستان بۆ گوڵان: ئەركی داهاتووی یەكێتیی زانایان رووبەڕووبوونەوەی هزری توندوتیژی و بەرزكردنەوەی هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی

د.عەبدوڵا مەلاوەیسی  سەرۆكی هەڵبژێردراوی یەكێتیی زانایانی ئیسلامیی كوردستان بۆ گوڵان:  ئەركی داهاتووی یەكێتیی زانایان رووبەڕووبوونەوەی هزری توندوتیژی و بەرزكردنەوەی هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی
لە رۆژی 24-28ی حوزەیرانی 2018، یەكێتیی زانایانی ئیسلامیی كوردستان لە هەولێری پایتەخت شەشەمین كۆنگرەی خۆی لە ژێر دروشمی (زانست، پیشەییبوون، نیشتماندۆستی) گرێدا، سیمای جوانی ئەم كۆنگرەیە ئەوە بوو كە تێكڕای مامۆستایانی ئایینی لە باشووری كوردستان بەشدارییان تێداكردبوو، بە كۆمەڵێك بڕیار و راسپاردەی گرنگیشەوە بە سەركەتوویی كۆنگرەكەیان كۆتایی پێهێنا. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم كۆنگرە سەركەوتووە، د.عەبدوڵا مەلاوەیسی سەرۆكی هەڵبژێراوی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بەمجۆرە بۆ گوڵان هاتەئاخاوتن.
یەكێتیی زانایانی ئیسلامیی كوردستان لە قۆناخێكی مێژوویی و هەستیاری شۆڕشی ئەیلولدا دروست بووە، ئەو كات سەركردایەتیی شۆڕش بیری لەوە كردبووەوە كە دەزگایەك، یان دامەزاروەیەكی ئایینی ئیسلامی بۆ سەرپەرشتی كاروباری ئایینی لە ناوچە ئازادكراوەكان پێویستە، هەر بۆیە لەسەر بیرۆكەی مەلا مستەفا بارزانی و بە جێبەجێكردنی لەلایەن ژمارەیەك مامۆستا و زانای ئایینی ئیسلامی توانرا چوارچێوەیەك بۆ یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلام دروست بكەن و توانییان لە 21ی ئەیلوولی ساڵی 1970 یەكەمین كۆنگرەی دامەزراندنی یەكێتی زانایان ببەستن.
لە ماوەی ئەم 48 ساڵەی تەمەنی یەكێتیی زانایانی ئیسلامیی كوردستاندا، ئەم یەكێتییە توانیویەتی لەسەر ئاستەكانی پیشەیی و ئایینی و نەتەوەیی و نیشتمانی رۆڵی شایستەی خۆی بگێڕێت و لە قۆناخە جیاجیاكانی خەباتی رزگاریخوازی كوردستانیشدا، مامۆستایانی ئایینی بەشێكی دانەبڕاو بوون لە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان و رۆڵی پێشەنگ و بەرچاویان هەبووە، هەر ئەمەش وایكردبوو كە مەلا مستەفا بازانی وەك رێبەری بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان رێزێكی گەورە لە زانایانی ئایینی ئیسلام بگرێت و بایەخیان پێبدات، ئەمڕۆش رێزدار سەرۆك مسعود بارزانی بە هەمان شێوەی مستەفا بارزانی رێز لە شكۆی مامۆستایانی ئایینی ئیسلام لە كوردستاندا دەگرێت.
یەكێتی زانایان لە ساڵی 2010 كۆنگرەی پێنجەمی خۆی گرێدا، لەماوەی هەشت ساڵی رابردوودا توانی رۆڵێكی كاریگەر لە بواری بڵاوكردنەوەی فیكری میانڕەوی ئایینی و تەبایی و خۆشەویستی بۆ خاك و نیشتمان بگێرێت و پاشانیش كە شەڕی سەپێندراوی داعش دژ بە كوردستان دەستی پێكرد، مامۆستایانی ئایینی پێشمەرگانە توانییان لە رووبەڕووبوونەوەی هزری توندڕۆیی رۆڵی خۆیان بگێڕن، بۆیە بە پێویست زانرا دوای ئەوەی شەڕی دژی داعش لە رووی سەربازییەوە كۆتایی هات، یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی لە كوردستان كۆنگرەی شەشەمی خۆی ببەستێت، بۆ ئەوەی خۆی نوێ بكاتەوە و ئامادەباشی بۆ ئەركەكانی داهاتووی بكات.
لەم چوارچێوەیەدا و لەژێر دروشمی (زانست، پیشەییبوون، نیشتماندۆستی) كۆنگرەی شەشەمی یەكێتیی زانایانی ئیسلامی كوردستان لە رۆژی 24ی حوزەیرانی رابردوو لە هەولێری پایتەخت گرێ دراو، سیمای جوانی ئەم كۆنگرەیەش ئەوە بوو كە تێكڕای مامۆستایانی كوردستانی باشوور بەشدارییان تێداكردبوو، تێكڕا بە دەستەجەمعی موناقەشە و گفتۆگۆیەكی تێروتەسەلیان لەسەر ئالیەتی بڵاوبوونەوەی هزری توندڕەوی كرد، ئەمەش لەبەر ئەوە بوو، ئەم كۆنگرەیە یەكەمین كۆنگرە بوو لە دوای تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش لە رووی سەربازییەوە. بۆیە زۆر پێویست بوو كە زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان لە بواری فیكرییەوە، بەرنامەیەكی چڕوپڕ بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی هزری توندوتیژی دابنێن، دیارە لە ماوەی چوار ساڵی شەڕی دژی داعش مامۆستایان هەر یەكەیان لە مینبەری مزگەوتەكەی خۆیەوە و لە ژێر سەرپەرشتی یەكێتی زانایان وەك پێشمەرگە لە بواری فیكری و رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی هزری توندڕەوی ئەركی سەرشانی خۆیان بەجێ گەیاندبوو، هەر بۆیە لە كۆنگرەشدا زۆر بایەخ بەم خاڵە دەدرا و جەختی لەسەر دەكرایەوە. باس لەوە دەكرا چۆن كوردستان بە درێژایی مێژوو مەڵبەندی بیری میانڕۆیی بووە و شەڕی دژی توندڕۆیی كردووە و، رێگەی بە هیچ كەس و لایەنێك نەداوە بیری توندڕۆیی بڵاوبكاتەوە، ئەوا ئەمڕۆش دەبێت ئەم سیما جوانەی كوردستان بەردەوام بێت و، دەبێت زانایانی ئایینی ئیسلامی بۆ قەڵاچۆكردن و رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی بیری توندڕۆیی، بە تەواوی پشتیوانیی تەواوی دەزگاكانی پۆلیس و ئاسایشی كوردستان بن، هەروەها دیسان جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە دەبێت مامۆستایانی ئایینی چۆن بە درێژایی مێژوو رۆڵی كاریگەریان لە دژایەتیكردنی توندڕۆیی هەبووە، دەبیت بۆ ئایندەش هەمان رۆڵیان هەبێت. هەر بۆیە لە كۆنگرە بایەخێكی زۆر درا بە چەكداركردنی مامۆستایانی ئایینی بە زانست و زانیاریی تازە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كە چەكی دەستی مامۆستا بۆ شەڕی فیكری لە دژی توندڕۆیی ئەو زانست و زانیارییەیە كە لەبەر دەستیەتی، ئەمە وێڕای ئەوەی جەختمان كردووە لەسەر باشتركردنی ژیان و گوزەرانی مامۆستایانی ئایینی.
هەر لەچوارچێوەی بەرنامەی كۆنگرەدا، جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە پێویستە یەكێتیی زانایانی ئیسلامی لە كوردستان پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵ دامودەزگا ئایینییەكانی جیهانی ئیسلامیدا هەبێت، ئەمەش بۆ ئەوەی هەماهەنگی لە نێوان هەردوولا هەبێت و سوود لە ئەزموونی یەكتری وەربگرن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ژینگەی كوردستان یەكێكە لە كۆمەڵگە هەرە پێشكەوتووەكانی جیهانی ئیسلامی لە بواری لێبوردەیی و پێكەوەژیانی نێوان نەتەوەو ئایینە جیاوازەكان، بۆیە زۆر گرنگە ئەم واقیعی لێبوردەیی و پێكەوەژیانە بگوازینەوە بۆ وڵاتانی دیكەی ئیسلامی بۆ ئەوەی بە چاوی خۆیان ئەم واقیعە ببینن كە كورد بایەخێكی تەواو بە پێكەوەژیان دەدات.
هەر لەم بوارەدا و سەبارەت بە هەماهەنگیی زیاتری نێوان مامۆستایانی ئایینی كوردستان و جیهانی ئیسلامی، جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە، دەبێت مامۆستایانی ئایینی كوردستان لە بوارەكانی زانستی نوێ و تەكنەلۆژیای نوێ، خویندنەوەی نوێ بۆ دەقەكان، لە كاروانی مامۆستایانی ئایینی جیهانی ئیسلامی دانەبڕێن، لەمەش زیاتر دەبێت هانی مامۆستایانی ئایینی كوردیش بدەین كە ئەوانیش خوێندنەوەی نوێی خۆیان بۆ پێشهاتەكان هەبێت، نەك دەقاودەق ئەو بۆچوونانە كۆپی بكەن كە لە جێهانی ئیسلامییەوە دێنە بەرهەم، بۆیە گرنگە ئەو خوێندنەوە نوێیانەی لە جیهانی ئیسلامییەوە دەكرێت، مامۆستایانی كوردستان شیكردنەوەی بۆ بكەن و بزانن ئایا ئەو خویندنەوە نوێیە لەگەڵ واقیعی كوردستان دەگونجێت، یان نە؟ یان ئایا لەگەڵ دابونەریتی كۆمەڵگەی كوردستان دەگونجێت، یان نا؟ خۆ ناكرێت خوێندنەوەیەك لە وڵاتێكی عەرەبی، یان هەر وڵاتێكی دیكەی ئیسلامی كرابێت، ئێمە بێین 100% كۆپی بكەین و بەسەر كۆمەڵگەی خۆماندا فەرزی بكەین. یەكێتیی زانایانی ئیسلامیی كوردستان هەرگیز لەگەڵ ئەو كۆپیكردنە نەبووە، بۆیە دەبێت هەوڵبدەین ئەو خەسەڵەت و تایبەتمەندییانەی كوردستان بپارێزین، بۆیە ئەندامانی كۆنگرە زۆر جەختیان لەسەر ئەوە دەكردەوە كە بایەخ بە زاست و تەكنەلۆژیا و خوێندنەوەی نوێ بدرێت، بۆ ئەوەی مامۆستایانی ئایینی كوردیش بەجێنەمێنن.
خاڵێكی زۆر گرنگ كە لە كۆنگرە زۆر جەختی لەسەر دەكرایەوە، نیشتماندۆستی بوو، هۆكاری جەختكردنەوە لەسەر ئەم خاڵە ئەوە بوو، كە هەر چەند مانگێك پێش ئێستا كاتێك كوردستان بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی دا و بە بەڵی دەنگی بۆ سەربەخۆیی كوردستان دا، بینیمان چۆن دوژمنانی كورد، رق و بوغز و كینەی خۆیان بەسەر كوردستاندا هەڵڕشت و هێرشیان كردە سەر كوردستان، بۆ ئەمەش كۆنگرە بە بایەخەوە جەختی لەسەر نیشتماندۆستی و بەرزكردنەوەی هەست و ئینتمای نەتەوەیی و نیشتمانی كردەوە، بەتایبەتیش بایەخدان بە هەستی نەتەوەیی لە مزگەوت و زانكۆ و پەیمانگا و لای هەر تاكێكی كوردستان، هەروەها كۆنگرە جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە گرنگە پێداچوونەوە بە خوێندن بەگشتی و خوێندی ئیسلامی بەتایبەتی بكرێتەوە و هەوڵبدرێت ئەو پڕۆگرامەی بۆ دژایەتیكردنی هزری توندڕۆیی دادەڕێژدرێت، هەستی نەتەوەییش بەرز بكاتەوە، بۆیە داوامان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد، دەرفەتی زیاتر بۆ مامۆستایانی ئاینی بڕەخسێنێت بۆ ئەوەی لە زانكۆ و پەیمانگاكانیش پەیامەكەی خۆیان بگەیەنن، راستە زانكۆ و پەیمانگا شوێنێكە بۆ بەرهەمهێنانی مەعریفە و پێگەیاندنی لاوەكانی ئێمە لەو بوارەی كە توانای قوتابی مەبەستیەتی، بەڵام لە هەمانكاتدا لە بواری فیكریش، ئەوا مامۆستایانی ئایینی دەتوانن رۆڵی خۆیان ببینین لە بواری بەرزكردنەوەی هەستی نەتەوەیی.
لە دوماهیدا ئەوەی جێگەی دڵخۆشی بوو، ئەوە بوو ئەندامی كۆنگرەی شەشەم زۆر بە حەماس و هەماهەنگی و تەباییەوە، توانییان ئەم بۆچوونانە ئاڵۆگۆڕ بكەن و پلانی داهاتووی یەكێتیی زانایانی ئیسلامی كوردستانی لێ ئامادە بكەن، كە ئێمە پێمانوایە قۆناخی داهاتوومان زۆر هەستیارە، وێڕای ئەوەی دەبێت ئەركە پیشەییەكانی خۆمان جێبەجێ بكەین، لە هەمانكاتدا دەبێت لە رێگرتن لە هزری توندڕۆیی و بەرزكردنەوەی هەستی نەتەوەیی و نیشتمانیش رۆڵێكی كاریگەرمان هەبێت.
Top