جۆن مایكڵ كاری پسپۆڕی زانستی سیاسی بۆ گوڵان: جەمسەرگیری بۆتە خەسڵەتی سیاسەتی ناوخۆیی ئەمریكا

جۆن مایكڵ كاری پسپۆڕی زانستی سیاسی بۆ گوڵان:  جەمسەرگیری بۆتە خەسڵەتی سیاسەتی ناوخۆیی ئەمریكا
جۆن مایكڵ كاری، پڕۆفیسۆرە لە بەشی زانستی سیاسی لە كۆلێژی دارتسمۆس، وانەبێژی چەند بوارێكی گرنگە، وەك سیاسەتی جیهان، پرسەكانی پەیوەست بە هەڵبژاردن و كۆمەكی دەرەكی، لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بەوە دەدات كە هۆكارەكانی گەشەكردنی دیموكراسی چین و ئایا بۆچی هەندێ جار شكست دەهێنن. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا كە تەوەرەكانی پەیوەست بوون بە سیاسەتی دەرەكیی ئەمریكا و رۆڵ و پێگەی و بەرپرسیارێتی ئەمریكا لە سەر ئاستی جیهان و چەند پرس و بابەتێكی دیكە، ئەویش بەم شێوەیە بۆچوونەكانی خستەڕوو.
* ئەگەر لە سیاسەتی دەرەكیی ئیدارەی سەرۆك ترەمپ بڕوانیت، ئایا تا چەند سیاسەتێكی سەركەوتوو بووەو تا چەند گۆڕانكاری لە سیاسەتی ئیدارەی ئێستای ئەمریكا كراوە بە بەراورد بە سیاسەتی ئیدارەی پێشوو؟
- من پێموایە ئەو سیاسەتە دەرەكییەی سەرۆك ترەمپ گرتوویەتەبەر مایەی نیگەرانییە. بۆ نموونە ئەگەر ئێمە لەم سیاسەتە بڕوانین لە ئاست ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەوا سیاسەتێكی تەم و مژاوی بەدی دەكەین، بۆ نموونە ئێمە نازانین چ رێككەوتنێك كراوە لەبارەی ئەم ناوچەیەوە لەنێوان سەرۆك ترەمپ و سەرۆك ڤلادمیر پوتین – لە میانەی لوتكەی هلسنكیدا-، چونكە تا ئێستا وردەكارییەكانی گفتوگۆی نێوانیان بڵاو نەكراوەتەوە، كەواتە ئەمە وەك شتێكی نهێنی و تەم و مژاوی ماوەتەوە.
* باشە پێتوایە ئیدارەی ترەمپ سیاسەتێكی گۆشەگیرانە و تاكلایەنانە پیادە دەكات، یان ئەمە تەنیا رەنگدانەوەی ئەو دروشمەیە كە بەرزی كردۆتەوە كە ئەمریكا دەكاتە ئەولەوییەتی یەكەم؟
- لە راستیدا من نازانم ئە چ جۆرە سیاسەتێك پیادە دەكات، ئەوەی ئاشكرایە ئەوەیە كە ئەو كار بۆ ئەوە دەكات كە هاوكاریی رووسیا بەدەست بهێنێت، بەڵام ئەم هاوكارییە لە سەر چ بنەما و چ مەرجێك ئەوا من نازانم.
* بەڵام چۆن لە سرووشتی پەیوەندیی نێوان رووسیا و ئەمریكا دەڕوانیت؟ ئایا پێتوایە پەیوەنديی ركابەری و دوژمنكاری لە نێوانیاندا هەیە، یاخود دوو هێزن دەتوانن پێكەوە كار بكەن و كاری هاوبەش ئەنجام بدەن؟
- من پێموایە ئەم دوو وڵاتە (رووسیا و ئەمریكا) لە بنەڕەتدا دوو هێزی ركابەرن و لە ململانێدان و تەنانەت باوەڕم وایە ئاست و ئەندازەی ركابەریی نێوانیان زۆر لەوە زیاترە كە ترەمپ بتوانێت وەك ركابەری مامەڵەی لەگەڵدا نەكات.
* باشە پێتوایە دوای كۆبوونەوەی ترەمپ و پوتین لە لوتكەی هلسنكی هیچ ئومێد هاتبێتەئاراوە بۆ ئەوەی چارەسەرێكی سیاسی لە ئاسۆدا دەركەوتبێت بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆیی سووریا؟
- ئێمە نازانین، چونكە هیچ هەواڵ و زانیارییەك بڵاو نەكراوەتەوە لەبارەی ئەوەی كە گفتوگۆی لەسەر كراوە لە میانەی كۆبوونەوەی تایبەتیی نێوان سەرۆك ترەمپ و سەرۆك پوتیندا. هەرچۆنێك بێت ئاماژە بەوە دەكرێت كە لێدوانەكانی ترەمپ ناساز و ناكۆكن لەگەڵ لێدوانەكانی وەزیری دەرەوە و بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری و راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی، كەواتە لەم رووەوە تەم و مژی و ناڕوونی هەیە.
* ئەی چۆن لە كاردانەوە ناوخۆییەكانی ئەمریكا دەڕوانیت لە ئاست لێدوانەكانی ترەمپ لە لوتكەی هلسنكیدا؟
- بە چەشنی زۆرێك لە رووداوەكانی ئەم چەند ساڵەی دوایی ئەمریكادا ئەمە رووداوەش جەمسەرگیرییەكی حزبایەتی تەواوی دروست كرد، ئەوەتا دیموكراتەكان بە تێكڕا دەڵێن سەرۆك ترەمپ خیانەتی لە ئەمریكا كرد لە میانەی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ پوتین، لە كاتێكدا كۆمارییەكان بە زۆرینەی دەنگی پشتیوانی دۆناڵد ترەمپ دەكەن، راستە چەند سەركردەیەكی كەم لە كۆمارییەكان – لە كۆنگرێسدا- لێدوانی رەخنەگرانەی لە دژی ترەمپ دا، بەڵام نزیكەی هیچ یەكێك لەو كەسانەی خۆیان كاندید كردووە بۆ هەڵبژاردنەكانی پاییزی ئەمساڵ لێدوانی رەخنەگرانەیان نەدا لە دژی ترەمپ، چونكە ئەگەر تۆ خۆت بپاڵێویت بۆ هەڵبژاردنەكان، ئەوا دەبێت پارێزگاری لە دڵسۆزی و وەلائی خۆت بكەیت.
* كەواتە ئەم لوتكەیە هۆكارێكی دیكە بوو بۆ قووڵبونەوەی جەمسەرگیری لەنێو كۆمەڵگەی ئەمریكیدا؟
- بەڵێ، جەمسەرگیری بۆتە خەسڵەتی سیاسەت لە ئەمریكا لەم ساتەوەختەدا.
* باشە ئەم جەمسەرگیرییە چ دەرهاویشتەیەكی دەبێت لەسەر ئەدای ئیدارەكەی لەسەر ئاستی ناوخۆ؟
- ئەوەی دەتوانین لەسەر ئاستی ناوخۆی ئەمریكا ئاماژەی پێ بكەین، ئەوەیە كە ترەمپ بووە میراتگری ئابوورییەك كە لە گەشەكردندا بوو، ئێستاش بەردەوامە لە گەشەكردن و ئەویش دەتوانێت وەك دەستكەوتێك ئاماژەی پێبكات و لە ئێستاشدا دەتوانین بڵێین ئێمە قەیرانی ئابووریمان نییە، ئەمەش توانای ئەوەی پێدەدات كە بتوانێت لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا بڕیاری بەپەلە بدات، بەڵام ئەگەر دۆخی ئابووری خراپ بووایە نەیدەتوانی بەو شێوەیە رەفتار بكات.
* كەواتە دەتوانین بڵێین كە سیاسەتێكی سەركەوتووی پیادە كردووە لە پەیوەندی بە باشتركردنی دۆخی ئابووریی وڵاتەكەیەوە؟
- من گومانم هەیە لەوەی ترەمپ سیاسەتێكی ئابووریی جیاوازتری لە سیاسەتی ئابووریی ئیدارەی پێش خۆی پیادە كردبێت، دواتر ئابووریی ئەمریكا لە كەشتییەكی مەزن دەچێت و كاتێكی زۆری دەوێت بۆ ئەوەی رەوت و ئاراستەكەی بگۆڕیت و تا ئەو كاتەی دەتوانن ئاراستەكەشی بگۆڕن ئەوا رەنگە سەرۆكێكی دیكە لە دەسەڵاتدا بێت. بۆ نموونە ئیدارەی ئۆباما میراتگری ئابووریبیەكی كارەساتبار بوو، كە ماوەی دوو ساڵی پێچوو تاوەكو توانی ئاراستەكەی بگۆڕێت و لە كۆتایی ماوەی سەرۆكایەتییەكەشیدا ئابووریی وڵاتەكە بە ئەندازەیەكی گەورە راستەڕێ كرایەوە. كە سەرۆك دۆناڵد ترەمپیش بووە میراتگری ئەم دۆخە ئابوورییە، كەواتە ئەو ئابوورییەی كە ترەمپ خۆی پێ هەڵدەكێشێت چەند ساڵێكی پێچوو تاوەكو توانرا بنیاد بنرێتەوە.
* باشە پێتوایە زۆربەی زۆری بڕیارەكانی لە بواری سیاسەتی دەرەكیدا رەنگدانەوەی لەبەرچاوگرتنی ئیعتیباراتە ناوخۆییەكانن؟
- لە راستیدا و لە پەیوەندی بە سیاسەتی دەرەكییەوە سەرۆكی ئەمریكا تا راددەیەك بوارێكی بەرفراوانی هەیە بۆ ئەوەی بڕیاری تێدا بدات. لەبەرچی؟ لەبەر ئەوەی زۆربەی زۆری بڕیارەكانی پەیوەست بە سیاسەتی دەرەوە رەنگدانەوەی نابێت لەسەر ژیانی رۆژانەی نێو ئەمریكا و لەسەر سیاسەتی ناوخۆیی وڵاتەكە.
* باشە ئەی پێتوانییە زۆربەی بڕیارەكانی لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا و لە پەیوەندی بە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ئەوەیە كە بیسەلمێنێت ئەو دەتوانێت بەڵێنەكانی سەروەختی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن جێبەجێ بكات، وەك كشانەوە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێران و گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا بۆ قودس؟
- راستە بڕیاری گواستنەوەی باڵیوزخانەی ئەمریكا بۆ قودس یەكێك بوو لە بەڵێنەكانی سەروەختی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن، بەڵام زۆربەی بڕیارەكانی سیاسەتی دەرەوەی پەیوەستە بە پرسی كۆچبەرانەوە كە لە وڵاتانی ئەمریكای لاتینەوە روودەكەنە ئەمریكا، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە كە لە ماوەی 15 ساڵی رابردودا- واتە تەنانەت پێش ئەوەی ترەمپ ببێتە سەرۆكی ئەمریكا- كۆچكردن لە ئەمریكای لاتینەوە بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كەم بۆتەوە، چونكە لە راستیدا ئێستا هێندەی هاووڵاتی مەكسیكی ئەمریكا جێدەهێڵن، هێندەی ئەو ژمارەیە نایەنە نێو ئەمریكا. كەواتە تا راددەیەكی گەورە ئەو پرسانەی ترەمپ زەقیان دەكاتەوە ناڕاستن، بەڵام ئەو دێت و ئەو پرسانە دەورووژێنێت كە جێی بایەخ و گرنگپێدانی جەماوەرە سیاسییەكەن.
* ئێمە دەزانین ترەمپ دروشمی ئەوەی بەرز كردەوە كە دەبێت ئەولەوییەتی بایەخپێدان بۆ ئەمریكا بێت، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ترەمپ توانیویەتی سەركردایەتی و میسداقیەتی ئەمریكا لەسەر ئاستی جیهان بنیاد بنێتەوە؟
- نەخێر، من پێموایە ترەمپ سەركردایەتيی ئەمریكای بۆ جیهان تێكشكاندووە، چونكە ئەو پەیوەندییەكانی ئەمریكای لەگەڵ هاوپەیمانە دێرینەكانی وەك وڵاتانی ئەڵمانیا و كەنەدا و مەكسیك لاواز كردووە، كە ئێستا پەیوەندییەكی خراپمان لەگەڵ هەموو ئەم وڵاتانەدا هەیە بە بەراورد بە دوو ساڵ پێش ئێستا.
* باشە ئاكامە دوورمەوداكانی ئەم تێكچوون و خراپبوونی پەیوەندییانە لەگەڵ دۆست و هاوپەیمانە دێرینەكان چی دەبێت؟
ئێمە دەزانین كە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ چەندین لێدوانی داوە كە بوونەتە هۆی لاوازبوونی ئەم پەیوەندییانە كە ئەو لێدوانانەش مایەی شۆك بوون بۆ زۆرێك لە بەرپرسە ئەمریكییەكان و بەرپرسی وڵاتانی دیكەش. لەگەڵ ئەوەشدا ستافی پڕۆفیشناڵی نێو وەزارەتی دەرەوە و نێو وەزارەتی بەرگری و دامەزراوەی سوپا و دەزگای هەواڵگری هاوڕا نین لەگەڵ بیروبۆچوونەكانی سەرۆك ترەمپدا، كاتێك سەرۆك ترەمپ رایدەگەیەنێت كە ئەم هاوپەیمانە دێرینانە جێی متمانەپێكردن نین، تەنانەت پێموایە ئەوان بە هێمنی دژی سەرۆك ترەمپ كار دەكەن، هەوڵ دەدەن پارێزگاری لەو پەیوەندییانە بكرێت و درێژەیان پێ بدرێت بۆ ئەوەی زیانەكان سنووردار بكەن. كەواتە ئەو پرسیارەی لە سەروەختی دووبارە هەڵبژاردنەوەی سەرۆكایەتی لە ئەمریكادا رووبەڕووی هاوڵاتیانی ئەمریكا دەبێتەوە، ئەوەیە كە چەند گرنگە ئەوەی كە سەرۆك ترەمپ دەیڵێت، یان ئەوەی باقی حكومەت و ئیدارەكەی ئەنجامی دەدەن.
Top