ستیڤن بلانك تایبەتمەندی كاروباری رووسیا بۆ گوڵان: پێموانییە ئەوەی لە هلسنكی روویدا خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا بكات
July 26, 2018
دیمانەی تایبەت
پڕۆفیسۆر ستیڤن بلانك شارەزایەكی نێودەوڵەتیی كاروباری رووسیا و یەكێتی سۆڤیەتی پێشووە لە ئەنجومەنی ئەمریكی بۆ سیاسەتی دەرەوە، لە نێوان ساڵانی 1989-2013 پڕۆفیسۆری دیراساتی ئاسایشی نەتەوەیی بووە لە ئامۆژگای دیراساتی ستراتیژی لە كۆلێژی سەربازی سەر بە سوپای ئەمریكا، پێشتریش وانەبێژ بووە لە چەند زانكۆیەك وەك كالیفۆڕنیا، تەكساس، سان ئەنتۆنیو. بۆ شرۆڤەكردنی روڵ و پێگەی رووسیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و وڵاتی سووریا بەتایبەتی، هەروەها پەیوەندیی رووسیا بە رۆژئاوا و ئەمریكا و چەند پرس و بابەتێكی دیاریكراو گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامدا و ئەویش بەم شێوەیە بۆچوون و تێڕوانینەكانی خۆی خستەڕوو.* مشتومڕێكی زۆر هەیە لەبارەی رۆڵی رووسیا لە جیهان و ركابەریی ئەم وڵاتە لەگەڵ رۆژئاوا و دەستێوەردانەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەتی لە وڵاتی سووریا كە بە ئەندازەیەكی گەورە هاوسەنگییەكی بۆ بەرژەوەندی حكومەتەی ئەسەد گۆڕی، تێڕوانینی ئێوە بۆ رۆڵی رووسیا چییە؟
- لە راستیدا رۆڵ و دەستێوەردانی رووسیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە سووریادا چڕبووەتەوە، كە ئێمە دەزانین لە رووی سەربازییەوە دەستێوەردانی لەو وڵاتەدا كردووە. هەموو ئەمانەش لە چوارچێوەی سیاسەتێكی ناوچەیی بەرفراواندا پیادە دەكات، واتە راستە دەستێوەردانەكەی رەهەندێكی سەربازی هەیە، بەڵام ئەوەی بەدی دەكەین ئەوەیە كە مەسەلەكە تەنیا بوونی هێزی شەڕكەر نییە لە سووریا، بەڵكو هەوڵی ئەوە دەدات بنكەی دەریایی و بنكەی ئاسمانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست بكات، بەڵام لە هەمان كاتدا رێككەوتنی وزەش ئەنجام دەدات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەوڵ و كۆششی دیپلۆماسیش دەخاتەگەڕ لەم ناوچەیەدا. كەواتە ئەوەی هەیە هەوڵێكی هەمە لایەنەی رووسیایە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پێگەیەی یەكێتی سۆڤیەتی هەیبوو لە ساڵانی شەستەكاندا لەم ناوچەیەدا.
* ئاماژەت بە هۆكارە بنەڕەتییەكانی ئەم رۆڵ و ئەم هەوڵ و كۆششە هەمە لایەنەی رووسیا لەم ناوچەیەدا كرد، بەوەی كە رووسیا دەیەوێت دووبارە پێگەی لەدەستچووی خۆی لەم ناوچەیەدا بەدەست بهێنێتەوە، بەڵام ئایا رووسیا پاڵنەر و هۆكاری دیكەی بۆ گرتنەبەری ئەم سیاسەتە هەبووە؟
- لە راستیدا لە پاڵ خواستی گەڕاندنەوەی پێگەی لەدەستچووی رابردووی لەم ناوچەیەدا، رووسیا هەوڵیدا كاردانەوەی هەبێت لەبەرامبەر دەستێوەردانەكانی ئەمریكا لەم ناوچەیەدا- بەتایبەتی دوای دەستێوەردانەكان لە وڵاتی لیبیادا- كە بوونە هۆی خوڵقاندنی ناسەقامگیری و ئەمەش زیانی بە بەرژەوەندییەكانی رووسیا گەیاند. هۆكارێكی دیكە ئەوەیە كە رووسیا وەك هاوپەیمانێك لە ئەسەدی دەڕوانی و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، دەیەوێت ئەسەد لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.
* ئەی پێتوایە تا چ راددەیەك رووسیا توانیویەتی ئامانجەكانی لەم هەوڵانەیدا بەدەست بهێنێت؟
- ئەوەی بەدی دەكەین ئەوەیە كە بەرەوپێشچوونی زۆری بەدەست هێناوە لەم رووەوە، بۆ نموونە لە رووی سەربازییەوە پێشڕەوی بەدەست هێناوە، واتە لە ئێستادا رەوشەكە بە چەشنێكە كە كەس باسی دوورخستنەوە و لادانی بەشار ئەسەد لە دەسەڵات ناكات، هەروەها لە رووی سیاسیشەوە توانیویەتی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران و توركیا و ئەسەد لەلایەك و سعودیە و گرووپە یاخیبووەكانی لەلایەكی دیكە بكات، لەبارەی گەیشتن بە چارەسەرێكی سیاسی بۆ رەوشی سووریا. هەروەها هەوڵیداوە لەگەڵ سەرجەم لایەنەكانی لیبیادا پەیوەندی دروست بكات بۆ ئەوەی لەم وڵاتەشدا رۆڵی هەبێت، هەروەها لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی وزەی ئەتۆمی بە میسر بفرۆشێت و بنكەی دەریایی لە ناوچەكەدا دروست بكات.
* هەروەك دەزانین هەردوو وڵاتی رووسیا و ئێران دەستێوەردانێكی چڕیان لە سووریادا كردووە، كە لە ئاكامدا دەسەڵاتی بەشار ئەسەدیان لە مەترسیی رووخان رزگار كرد، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا پێتوایە رووسیا و ئێران دوو هاوپەیمان و هاوبەشی سرووشتیی یەكتر بن، یاخود مەسەلەكە تەنیا ئەوەیە بە شێوەیەكی كاتی بەرژەوەندییەكانیان یەكانگیر بووە؟
- رووسیا و ئێران دوو وڵاتی هاوپەیمان نین، ئەگەرچی ئەوەش راستە كە لە ئێستادا وەك دوو لایەنی هاوبەش هەڵسوكەوت دەكەن و هەردوو وڵات پێكەوە كار دەكەن لەو بوارانەی كە بەرژەوەندیی هاوبەشیان تێیدا هەیە، بەڵام دەبێت بزانین چەند بوارێكی دیكەش هەن كە تێیدا بەرژەوەندییەكانیان یەك ناگرنەوە. بۆ نموونە ئێران هەڕەشە لە ئیسڕائیل دەكات و خواستی لەناوچوونی ئیسڕائیلی هەیە، بەڵام رووسیا ئەمە قبووڵ ناكات، هەروەها پێموانییە رووسیا رازی بێت بە بوونی ئێران لە باشووری سووریادا، لەگەڵ ئەوەشدا هەروەك ئاماژەم پێكرد، لە هەندێ بواری دیكەدا بەرژەوەندییەكانیان یەكدەگرنەوە، بۆ نموونە لە پرسی پەیوەست بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەدا، رووسیا پشتیوانیی ئێران دەكات، پوختەی مەسەلەكە ئەوەیە رووسیا و ئێران هاوبەشی یەكترن، بەڵام هاوپەیمان نین.
* كەواتە پێتوایە رووسیا و ئێران ئامانجی دورمەودای لێكجیاوازیان لە پەیوەندی بە دەستێوەردانیان لە دۆخی سووریادا هەبێت؟
- ئەمە تا راددەیەك راستە، چونكە ئێران خوازیاری ئەوەیە كە جارێكی دیكە رژێمەكەی بەشار ئەسەد دەسەڵاتی خۆی بەسەر سەرجەم خاكی وڵاتەكەدا بسەپێنێتەوە و كۆنتڕۆڵی بكاتەوە، بۆ ئەوەی رێگە تەخت بێت بۆ ئێران تاوەكو بتوانێت رێڕەوێكی زەمینی دروست بكات بەرەو لوبنان و بەرەو دەریای سپیی ناوەڕاست. ئەوەی پەیوەندی بە رووسیاوە هەبێت، ئەوا بە هەمان شێوە خوازیاری ئەوەیە كە بەشار ئەسەد بتوانێت حكومڕانیی سووریا بگرێتەوەدەست، بەڵام لە پێناوی دەستەبەركردنی سەقامگیریدا نەك بۆ ئەوەی ئەو رێڕەوە زەمینییە بۆ ئێران دروست بێت، كە رەنگە ئەمە ببێتە مایەی هەڵگیرسانی شەڕ لەگەڵ ئیسڕائیلدا و رووسیاش خوازیاری ئەم دەرئەنجامە نییە.
* ئەی پێتوایە رۆژئاوا بەگشتی و ئەمریكا بەتایبەتی دەتوانن لێكترازان و دوورخستنەوەیەك لە نێوان ئێران و رووسیادا دروست بكەن؟
- من پێموایە ئەگەر ئەمریكا بزانێت چی دەكات، ئەوا رەنگە ئەمە ئامانجێك بێت كە بتوانرێت بەدی بهێنرێت، بەڵام پێموانیە لە ئێستادا ئامانجەكانی ئەمریكا لە پەیوەندی بەو پرسەوە روون بن.
* بەڵام هەرچۆنێك بێت لە ئێستادا و بە شێوەیەكی گشتی رووسیا و ئێران سەركەوتنیان بەدەست هێناوە لە بەدیهێنانی ئەو ئامانجانانەی كە هەوڵیاندا لە رێی دەستێوەردان لە دۆخی سووریاوە بەدی بهێنن؟
- ئەگەر باس لە رەوشە سەربازییەكە و دۆخی شەڕەكە بكەین، ئەوا راستە پێشڕەوییان بەدەست هێناوە، بەڵام ئەگەر ئێمە لە هەلومەرجە سیاسیەكە بڕوانین، ئەوا هێشتا رێككەوتن و چارەسەرێكی سیاسی نەهاتۆتەئاراوە لەو وڵاتەدا.
* هەروەك ئاشكرایە پەیوەندییەكانی رووسیا و توركیا هەڵكشان و داكشان بە خۆیانەوە دەبینن و هەندێ جار بارگرژی تێدەكەوێت و هەندێ جاری نزیكبوونەوە، بە شێوەیەكی گشتی ئێوە چۆن لە پەیوەندییەكانی رووسیا و توركیا دەڕوانن؟
- ئەوەی بەدی دەكرێت لە پەیوەندیی نێوان ئەم دوو وڵاتەدا ئەوەیە كە لە هەندێ بواردا پێكەوە كار دەكەن، بۆ نموونە رووسیا و هەناردەكارێكی گەورەی نەوت و غازە بۆ توركیا، بەڵام وڵاتی توركیا بە گومانەوە لە ئامانج و مەرامەكانی رووسیا دەڕوانێت، كەواتە دەتوانێت بڵێین پەیوەندییەكی ئاڵۆز لە ئارادایە لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا.
* ئەی چۆن وەسفی پەیوەندییەكانی رووسیا و ئەمریكا دەكەیت كە هێزی جیهانی مەزنن؟ ئایا پێتوایە ئەم هێزە ركابەرن و پەیوەندییەكی دوژمنكارانە هەیە لە نێوانیاندا، یاخود بواری هەماهەنگ و هاوكاری لە نێوانیاندا هەیە بۆ چارەسەركردنی زۆرێك لە كێشە و قەیرانەكانی جیهان؟
- لە راستیدا گرنگ نییە سەرۆكی ئەمریكا چ دەڵێت دەربارەی رووسیا و پوتین، بەڵام پێموایە تێڕوانین و ئیرادەی سیاسیی رووسیا تەنانەت دوای لوتكەی هیلسنكیش- لە نێوان ترەمپ و پوتیندا- گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە. مەبەستم ئەوەیە رووسیا تا ئەم ساتەوەختەش وەك ركابەری ئەمریكا رەفتار دەكات. هەروەها من بە گومانم لە بوونی بوار و پانتاییەك بۆ هاوكاری لەنێوان ئەم دوو هێزە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ زۆرێك لە گرفتەكانی جیهاندا، هەروەها پێموانییە ئەوەی لە هلسنكی روویدا خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا بكات. تەنانەت باوەڕم وایە ئەگەر هاوكارییەكیش لە نێوان ئەم هێزەدا رووبدات، ئەوا پێم وایە لە بەرژەوەندیی مۆسكۆ دەبێت نەك واشنتۆن.
* باشە ئێوە پێتانوایە لە ئێستادا ئەمریكا چ جۆرە سیاسەتێك لە ئاست رووسیادا دەگرێتەبەر؟ ئایا ستراتیژیەتی سەپاندنی سزا و زیادكردنی گوشارەكان و گرتنەبەری سیاسەت و ستراتیژیەتی ئیحتیواكردن دەبێت؟
- لە راستیدا ئەوەی لە ئێستادا و لە پەیوەندی بە ئەمریكاوە بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە هیچ ستراتیژیەتێك لە ئارادا نییە، واتە سەرەتا دەبێت بڕیاری ئەوە بدرێت كە جۆرە ستراتیژیەت دەبێت پیادە بكرێت و دواتر دەبێت داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان بكرێت بۆ جێبەجێكردنی.
* هەندێ جار باس لەوە دەكرێت كە رووسیا بووەتە مایەی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر وڵاتانی ئەوروپی، پرسیارەكە ئەوەیە تا چەند ئەم هەڕەشەیە بوونی هەیە و تا چەند جددییە؟
- حاڵەتەكە بۆ سەرجەم وڵاتانی ئەوروپا وەك یەك نییە، واتە مەسەلەكە پەیوەستە بە هەڵكەوتەی جیۆپۆلەتیكی هەر وڵاتێكی ئەوروپییەوە، بۆ نموونە ئەم پرسە بۆ وڵاتی پۆڵەندا جیاوازە بە بەراورد بە وڵاتی ئیسپانیا. مەبەستم ئەوەیە ئەو وڵاتە ئەوروپییانەی نزیكن لە رووسیاوە، زیاتر هەستی پێدەكەن.