مارینا ئۆتاوای شارەزای كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق بۆ گوڵان: دۆخی سیاسیی عێراق لە دوای هەڵبژاردنەكان مایەی نیگەرانییە
July 25, 2018
دیمانەی تایبەت
مارینا ئۆتاوای توێژەرە لە سەنتەری وودرۆ ویڵسۆن و شرۆڤەكاری ئاڵوگۆڕە سیاسییەكانی ئەفریقیا، بەلكان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. لە سەنتەری ئاماژەپێكراودا سەرقاڵی پڕۆژەیەكە كە پەیوەستە بە توێژینەوە لەبارەی وڵاتانی بەهاری عەرەبی و عێراقەوە، پێشتریش توێژەری كاروباری ئەفریقیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە و لە چەندین زانكۆ وانەبێژ بووە، وەك زانكۆی جۆرج تاوون، زانكۆی ئەمریكی لە قاهیرە و زانكۆی زامبیا. بۆ قسەكردن لەسەر دۆخی ئێستای عێراق و تاوتوێكردنی دەستڕۆیشتوویی ئێران لەسەر ئەم وڵاتە و رۆڵی ئەمریكا لە عێراق و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامداو ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.* هەروەك دەزانن لە ئێستادا چەند پەرەسەندنێكی نوێ لە عێراقدا هاتوونەتە ئاراوە لە دوای هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ئەم وڵاتەوە، ئێوە چۆن لە رەوشی سیاسی و باری حوكمڕانیی عێراق دەڕوانن؟
- دۆخی سیاسیی عێراق لە دوای هەڵبژاردنەكان مایەی نیگەرانییە. ئەوەی جێی سەرسوڕمانیش نییە ئەوەیە كە دووبارە پارتە شیعەكان باڵادەست بوون و میلیشیا شیعەكان، لە رێی هاوپەیمانێتی فەتحەوە، لە بارێكدان رۆڵێكی سیاسیی گەورەتر بگێڕن بە بەراورد بە رابردوو.
* ئێوە ئاماژە بە گەورەبوونی رۆڵی سیاسیی میلیشیا شیعەكان دەكەن، ئایا ئەمە چ ئاكام و دەرهاویشتەیەكی لێدەكەوێتەوە و وڵاتەكە بە چ ئاراستەیەكدا دەبات؟
- ئەمە سەردەكێشێت بۆ دەستڕۆیشتوویی زیاتری ئێران. خۆ ئەگەر رێگاش بە ئەمریكا بدرێت ئەوا بەردەوام دەبێت لەسەر مەشقپێكردنی هێزە ئەمنییەكانی عێراق، بەڵام ئەمەش نابێتەهۆی كەمبوونەوەی رۆڵی میلیشیاكان. هەروەها ئەمریكا دەتوانێت گوشار دروست بكات لەسەر عەبادی بۆ ئەوەی تا ئەندازەیەك خۆی لە ئێران بە دوور بگرێت، بەڵام ئەمەش ئەگەری ئەوەی لێناكرێت كە كاریگەرییەكی زۆری هەبێت، لەبەر ئەوەی ئەگەر عەبادی جارێكی دیكەش پۆستی سەرۆكی وەزیران بگرێتەدەست، پشت بە پاڵپشتیی فەتح و ئەو لایەنانەی دیكە دەبەستێت كە ئێران پشتیوانییان لێدەكات. لە هەر حاڵەتێكدا، ئیدارەی ترەمپ لەگەڵ ئەوەدا نییە كە بە قووڵی تێوەبگلێت لە عێراق و لە هەر شوێنێكی دیكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
* ئەگەر بگەڕێینەوە سەر ئەدای حوكمڕانیی دەسەڵاتدارانی عێراق، ئەوا باس لەوە دەكرێت كە لەگەڵ ئەوەی حكومەتی عێراق سەركەوتوو نەبووە لەوەی بواری شەراكەت بۆ كورد و سوننە دروست بكات، ئەوا نەیتوانیوە پێكهاتەی شیعەش لە خۆی رازی بكات، ئێوە چۆن لەم پرسە دەڕوانن و ئایا ئەگەری ئەوە هەیە كە ئەم هاوكێشەیە گۆڕانكاری بەسەردا بێت؟
- لە راستیدا ناڕەزایەتییەكی زۆر هەیە لە نێو سوننە و كورددا، بەڵام ئەم ناڕەزایەتییە نەگۆڕاوە بۆ كردارێكی كارای سیاسی، بە تایبەتی لای سوننە. چونكە سەركردایەتییەكی نوێ لە نێو سوننەدا سەریهەڵنەداوە، كەواتە تا ئێستا لەلایەن هەمان ئەو سەركردە ناكارایانەوە نوێنەرایەتی دەكرێن كە لە ساڵی 2003وە لە ئارادان. راستە رەنگە هەندێ نوێنەرایەتییان هەبێت لە حكومەتدا، بەڵام دەستڕۆیشتوییان نابێت، لەبەر ئەوەی پارتە شیعەكان نە پێویستیان بە كورد و نە بە پێویستیان بە سوننە هەیە بۆ پێكهێنانی حكومەت، چونكە شیعە كورسیی پێویستیان هەیە لەو بارەیەوە. ئەوەی پەیوەندی بە كوردیشەوە هەبێت، ئەوا هەوڵی خۆكۆكردنەوە دەدەن و بڕیاریانداوە كە هەنگاو بۆ پێشەوە هەڵبگرن، دوای ئەو كارەساتەی دوچاری هاتن لە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمەوە، لەم روانگەیەوە پێموایە من گومانم هەیە لەوەی كاریگەرییەكی زۆریان هەبێت.
* هەروەك دەزانن سەرەڕای ئەوەی داعش لە رووی سەربازییەوە دوچاری تێكشكان هاتووە، بەڵام لە ئێستادا رەوشی ئەمنی لە عێراقدا لە بارێكی تۆكمەدا نییە، پرسیارەكە ئەوەیە تا چ راددەیەكی ئەگەری داڕووخانی رەوشە ئەمنییەكە و دووبارە سەرهەڵدانەوەی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە ئارادایە؟
- هەرگیز داعش بە تەواوەتی لەناو نەچووە، بەڵكو چالاك بووە لە چەند ناوچەیەكی دیالە و كەركووك و سەلاحەددین. بەڵام من گومانم هەیە لەوەی لە ئایندەیەكی نزیكدا هەوڵی كۆنتڕۆڵكردن و دەستەبەرداگرتنی خاك بدات، بە چەشنی ئەوەی لە ساڵی 2014دا ئەنجامیدا، بەڵام هەر لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی هەڵسوكەوت بكات و مەترسی لەسەر رەوشی ئەمنی دروست دەكات و وڵاتەكەش ناسەقامگیر دەكات.