فەرحان جەوهەر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان گوڵان: جگە لە پارتی سەرجەم لایەنەكانی دیكە پاساو بۆ دواخستنی هەڵبژاردن دەهێننەوە
July 24, 2018
دیمانەی تایبەت
لەم خولەی پەرلەمان كەمترین پڕۆژە و یاسا پەسەند كرا؛ تەنانەت رەخنە و تێڕوانینێكی زۆر لەسەر ئەدای پەرلەمانتاران و فراكسیۆنەكان هەیە، بە رادەیەك نەتوانرا گفتوگۆكانی تایبەت بە پڕۆژە چاكسازییەكەی حكومەت بە ئاقارێكی راست و دروستدا ببرێت، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم تەوەرەو پڕۆژە یاساكانی تایبەت بە چاكسازیی و دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتیی هەرێم چەند پرسیارێكمان ئاراستەی فەرحان جەوهەر پەرلەمانتار لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی لێژنەی رۆشنبیری و راگەیاندن لە پەرلەمانی كوردستان كرد. لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.* لەم خولەی پەرلەمانی كوردستاندا كەمترین پڕۆژە و یاسا پەسەند كرا، ئایا بۆچی ئەدای پەرلەمانتاران و فراكسیۆنەكان بە شێوەیەك لاواز بوون كە وایكرد دەنگدەر متمانەی بە پەرلەمان نەمێنێت و پەرلەمانتاران رووبەڕووی زۆرترین رەخنە و تێڕوانین ببنەوە؟
- لە راستیدا یەكێك لە هۆكارەكان بوونی ململانێیەكی توندی حزبی لە نێوان سەرجەم لایەنەكان بوو، ئەنجامی ئەو ململانێیەش پەككەوتنی پەرلەمانی لێكەوتەوە، هۆكاری دیكەش نەبوونی رێككەوتن و تەوافوق بووە لە نێوان لایەنەكاندا بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسایاكان، ئەمانە هۆكارە سەرەكییەكانن كە تا ئێستا ئێمە كەمترین پڕۆژە یاسامان پەسەند كردووە.
* ئایا ئەو موزایەدە ئیعلامی و ململانێ توندوتیژە بوو وایكرد پەرلەمانتار لە ئەركە سەرەكییەكەی خۆی دوور بكەوێتەوە، تەنانەت ئەو پەرلەمانتارانەی خۆیان و حزبەكانیشیان سەرو بنی زمانیان نەهێشتنی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاكسازیی بوو، كەچی لە پڕۆژە یاسای چاكسازیدا نەیانتوانی گفتوگۆكانیان بە ئاقارێكدا بەرن كە پڕۆژەكە لە خزمەتی بەرژەوەندیی گشتیدا رێكبخەنەوە و پەسەندی بكەن؟
- ئەوەی دەتوانین بیڵێین ئەوەیە كە هەوڵ و كۆششەكانی پەیوەست بە چاكسازییەوە زیاتر بابەتێك بوو بۆ كاری میدیایی و بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتی حزبی، نەك ئەوەی ئەم پرس و بابەتە بە جددی وەربگیرێت و كاری لەسەر بكرێت. ئەوە بوو دوای ئەوەی پڕۆژە یاسای چاكسازی هاتە پەرلەمان، بینیمان كە پەرلەمان و فراكسیۆنەكان بەدەمەوەچوونێكی جددییان نەبوو بۆ ئەوەی پڕۆژەكەی حكومەتی پەسەند بكرێت، واتە جددی نەبوون لە پرسی چاكسازی، هەروەك ئاماژەم پێكرد پتر بۆ موزایەدەی حزبی بەكار دەهێنرا و زیاتر لەسەر كەناڵەكانی راگەیاندن قسەیان دەكرد. تەنانەت لە ناو هۆڵی پەرلەماندا كێشەی گەورەیان بۆ پەسەندكردنی ئەم پڕۆژەیە دروست كرد.
* باشە هۆكارەكە چی بوو؟ بۆچی بەم شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا كرا؟
- ئەوەی پەیوەندی بەو حزبانەوە هەبێت كە لە حكومەتدا نەبوون، ئەوا پێیانوابوو ئەمە دەبێتە دەستكەوتێك بۆ حكومەت، واتە لەبەر ئەوەی ئەم پڕۆژە یاسایە لەلایەن حكومەتەوە رەوانەی پەرلەمان كرابوو، ئەوا پێیان خۆش نەبوو كە ببێتە دەستكەوتێك بۆ حكومەت. هۆكارێكی دیكە ئەوە بوو كە هەندێ لە حزبەكان خەڵكانێكیان خانەنشین كردبوو كە پەسەندكردنی یاساكە لە بەرژەوەندی ئەو كەسانە نەبوو، بۆیە ئەوان پێیان خۆش نەبوو جێبەجێ بكرێت.
* نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت ململانێی سیاسی بە هۆكارێك دانا لەبەردەم دواكەوتنی پڕۆژەی چاكسازی و دروستبوونی قەیران، پرسیار ئەوەیە ئایا پێتوانییە پێویستە حكومەتیش بە دەردی پەرلەمان نەچێت و حزبانێك لەناو حكومەت نەبن كە پێیەكیان لە حكومەت بێت و پێیەكەی دیكەیان لە دژایەتیكردنی حكومەت بێت؟
- بەڵێ، راستە هۆكارێكی سەرەكی كە حكومەتی هەرێم نەیتوانی لە ماوەی رابردوو كارەكانی خۆی بە دروستی ئەنجام بدات و كارە خزمەتگوزارییەكانی پێشكەشی خەڵكی كوردستان بكات- سەرەڕای بوونی شەڕی داعش و بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە- بریتی بوو لە ناكۆكیی سیاسی لە نێوان لایەنەكانی حكومەتە بنكە فراوانەكە، كە ئێمە لە هەر سەرەتاوە پێمانوابوو ئەم حكومەتە ناتوانێت بەم شێوازە بەردەوام بێت. چونكە ئەوان دەستیان لە پشكی خۆیان هەڵندەگرت لە حكومەت، بەڵام كاتێك دەهاتنە نێو خەڵك و جەماوەر ئەوا بە نەفەس و بە گیانی ئۆپۆزسیۆن بوون قسە و لێدوانیان دەدا، ئەوە بوو ئەوان داواكاری ئەوەیان كرد بێنە نێو حكومەت و ئێمە داواكاریەكەیانمان رەتنەكردەوە، كاتێك داوای بەشداریكردنیان لە حكومەتدا كرد، بەڵام ئەوان سەرەڕای بەشداریكردنیشیان لە حكومەت هەر لەسەر ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆیان بەردەوام بوون. بەو شێوەیە پێیەكیان لە ناو حكومەت بوو، پێیەكی دیكەیان لە ناو ئۆپۆزسیۆن بوو، واتە لە دەستكەوتەكانی نێو حكومەت بەشدار بوون، لەلایەكی دیكەوە لە موزایەدەكردن لە ناو خەڵك و بۆ رای گشتی و بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتی شەخسی بەردەوام بوون. بەم چەشنە دۆخێكیان دروست كرد كە حكومەت بكەوێتە ناو ململانێیەكی گەورەی سیاسی و لە دواجاریشدا كاتێك ئێمە داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنمان كرد، ئەوا لە ترسدا كشانەوە. پوختەی مەسەلەكە ئەوە بوو ئەوان لەلایەك لەناو حكومەت بوون و لەلایەكی دیكەوە دەیانویست شكست بە حكومەت بهێنن.
* ئێستا قسە و باسێكی زۆر لەسەر دامەزراوەی سەرۆكایەتی و شێوازی حوكمڕانی لە هەرێم و یاسای هەڵبژاردن دەكرێت؛ ئایا تاچەند ئەم دۆسێ گرنگ و ستراتیژییانەش تێكەڵ بە موزایەدەی حزبی كراوە، بەتایبەتی كە واهەست دەكرێت زۆربەی ئەو پەرلەمانتارو فراكسیۆنانەی موزایەدە دەكەن، هەر رۆژەی داواكاری و ئاراستەیەكیان هەیە؟
- كێشەی یەكلاكردنەوەی دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتیی هەرێم لەئێستادا چارەسەر نەكرا، پێشتریش لە خولی سێیەمی پەرلەمان سپێردرا بە خولی چوارەمی پەرلەمان بۆ ئەوەی كێشەی سەرۆكایەتیی هەرێم و شێوازی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان بە پێی دەستوور و بنەما دەستوورییەكان چارەسەر بكرێت، بەڵام بەداخەوە ئەوان هاتن لەخولی چوارەمی پەرلەماندا كودەتایان بەسەر ئەو تەوافوقە نیشتمانییە كرد، كە حكومەتی كوردستان لەسەری پێكهاتبوو، كە دەبوو هەموو ئەو یاسایانەی كە رەهەندێكی نیشتمانی هەیە، بەپێی تەوافوق پەسەند بكرێت و بەو شێوە چارەسەر بۆ كێشەكان بدۆزرێتەوە، هەروەك چۆن لە رابردوودا ئەوان رەخنەیان لەئێمە دەگرت كە نابێت ئەو پڕۆژە یاسایانەی كە رەهەندی نیشتمانیی هەیە بە زۆرینە تێپەڕێندرێت، لەم روانگەیەوە پڕۆژە یاسای دەستوورمان نەنارد بۆ راپرسی تاوەكو پەسەند بكرێت، بەڵكو چاوەڕوان بووین تا كۆدەنگی لە پەرلەمان لەنێوان حزبەكاندا بە تەوافوق لەسەری دروست بێت، كەچی كاتێك ئەوان زۆرینەیان دەستكەوت، بەپێچەوانەی قسەكانی خۆیانەوە تەوافوقی نیشتمانییان تێكدا و كودەتایان بەسەر تەوافوقدا كرد، هەروەها نەیانهێشت كە كار لەسەر دۆزینەوەی چارەسەرێكی مامناوەندی و دادپەروەرانە بۆ مەسەلەی سەرۆكایەتیی هەرێم بكرێت، تەنانەت بە بیانووی جۆراوجۆر نەیانهێشت، ئەو لێژنە دەستوورییەی دانرابوو بۆ یەكلاكردنەوەی نووسینەوەی پڕۆژە دەستوورەكە كارەكانی بكات. ئەوان پێشتر دەیانوت سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان هەڵبژێردراوە و بە تەوافوق دانراوە و بە دەنگی خەڵك نییە و سەرۆكی ئێمە نییە و سەرۆكی خەڵك نییە، چونكە لەناو خەڵك هەڵنەبژێردراوە، ئەو كات ئێمە وەكو پارتی و جەنابی سەرۆكیش رازی بوو كە سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵك هەڵبژێردرێت، كەچی دیسان كێشەیان دروست كردو گوتیان دەبێت لەناو پەرلەمان هەڵبژێردرێت. ئەم موزایەدەو دووفاقییە تەنیا لەسەر ئەم بابەتانە نەبووە، كاتی خۆی لەسەر شێوازی هەڵبژاردنی نیمچە كراوەش كێشەیان دروست كرد كە رای ئێمە ئەوە بوو كە رەنگە ئەم شێوازە سەركەوتوو نەبێت، ئێستا دووبارە دەیانەوێت هەڵبژاردن نیمچە كراوە نەبێت، بەڵكو داخراو بێت. پوختەی مەسەلەكە ئەوەیە ئەوان هەر شتێك بە بەرژەوەندی خۆیانی بزانن دەیانەوێت بیسەپێنن بەسەر خەڵكی كوردستاندا. كەواتە ئەوەی ئەوان باسی لێوە دەكەن رەهەندی حزبی هەیە، نەك رەهەندی نیشتمانی و هیوادارین ئەمە بۆ خەڵكی كوردستان روون بێت.
* سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان، ئایا ئەو پێداگرییەی پارتی بەوەی لەكاتی خۆیدا هەڵبژاردنەكان بەڕێوەبچێت لە چییەوە هاتووە؟
- ئەگەر بە راشكاوی قسە بكەین، ئەوا هەموو حزب و لایەنە كوردستانییەكان-جگە لە پارتی- دەیانەوێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوابخەن و لەكاتی خۆیدا ئەنجام نەدرێت. بەڵام ئەوان بە پاساوی جۆراوجۆری دەمامكدراو ئەم كارە دەكەن، واتە ئەگەر بە ئاشكراش راینەگەیەنن، ئەوا ئێمە دەزانین ئەو پاساوهێنانەوەی ئەوان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكانە، بەڵام ئێمە وەك پارتی هەمیشە دووپاتمان كردووەتەوە كە ئامادەین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كات و ساتی خۆیدا و ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆنیش لەم رووەوە بەڵگەیەكی ئاشكرایە و كاتێكیش ئێمە بانگهێشتی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانمان كرد بۆ پەرلەمان، پێیان راگەیاندین هیچ داواكارییەكیان لەلایەن حكومەتەوە رەتنەكراوەتەوە. ئەمە نیشانەی ئەوەیە كە پارتی سوورە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بۆ دەستاودەستكردنی دەسەڵات و لە پێناو دامەزراندنی كابینەیەكی تۆكمەتر و بۆ پاراستنی ناوبانگی هەرێم لە دەرەوە، چونكە جیهانی دەرەوەش لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردنەكان لە كاتی خۆیان بكرێن.
* لەدوای سەركەوتنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراقدا بۆ دۆست و دوژمن روون بووەوە كە جەماوەرەكەی پارتی متمانەی تەواویان بە حزبەكەیان هەیە، پرسیار ئەوەیە بۆچی ئەو لایەنە سیاسییانەی كوردستان دەیانەوێت هەرچی شكست و نەهامەتییە لە سەر پارتی حیسابی بكەن؟
- ئەو لایەنانە بە چەندین پاساوی جۆراوجۆر و هەر جارەی كارتێكیان دژی پارتی بەكار دەهێنا، بەڵام سوپاس بۆ خوا خەڵكی كوردستان هوشیارە، كاتی خۆی دەیانویست دۆخی عێراق لە دژی ئێمە بەكار بهێنن، بەڵام ئێستا دەركەوتووە كە سەرەڕای ئەو داهاتە زۆرەی حكومەتی عێراق بەدەستی دەهێنێت، خەڵكی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە چ دۆخێكی ئابووری و سیاسیی خراپدان. هەر دۆخێكی دیكە كە بیانەوێت دژی پارتی بەكاری دەهێنن و تەنانەت شكستی خۆشیان دەخەنە ئەستۆی پارتی. بەڵام خەڵكی كوردستان لە مەرامەكانیان تێگەیشتووە و لە هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وەڵامی دانەوە و پێی راگەیاندن كە بەڵێ پارتی زۆر راستگۆ و زۆر راشكاوە لەگەڵ خەڵكی و راستیەكانیان پێ دەڵێت و هەڵوێستەكانی روون و ئاشكران و لە پێناوی كوردستاندان و پەیوەندییەكانیشی لەگەڵ هەر لایەنێكدا بێت، بۆ خزمەتی بەرژەوەندییەكانی كوردستانە. ئەوە بوو پارتی لە هەڵبژاردنەكاندا بووە حزبی یەكەم لە كوردستان و عێراقیشدا و دڵنیام لە هەڵبژاردنی داهاتوو بەهۆی راست و دروستیی هەڵوێستەكانی پارتی و روانگەكانی بۆ ئاشتیی كۆمەڵایەتی و بۆ پرسی حوكمڕانی و چەندین پرسی دیكە دەرئەنجامێكی باش بەدەست دەهێنێت.