جێفری فیڵدمان تایبەتمەند لە بواری سیاسەتی ئاسایشی نەتەوەیی بۆ گوڵان: ئەمریكا بۆ چارەسەركردنی شەڕی ناوخۆی سووریا سیاسەتێكی روونی نییە

جێفری فیڵدمان  تایبەتمەند لە بواری سیاسەتی ئاسایشی نەتەوەیی بۆ گوڵان:  ئەمریكا بۆ چارەسەركردنی شەڕی ناوخۆی سووریا سیاسەتێكی روونی نییە
جێفری فیڵدمان پڕۆفیسۆرە لە كۆلێژی دارتمۆس و تایبەتمەندە لە بواری سیاسەتی ئاسایشی نەتەوەیی و بە شێوەیەكی تایبەتی بایەخ دەدات بە تێگەیشتن لە چۆنیەتی هەڵسەنگاندنی نادڵنیایی لەلایەن بەرپرسانی ئاسایشی نەتەوەیی. پڕۆفیسۆر فیڵدمان وانەبێژی چەند بوارێكی گرنگە، وەك سیاسەتی دەرەكی، بڕیاردان، بواری هەواڵگری، ناكۆكیی مەدەنی و دیراساتی ئەمنی. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد كە پەیوەست بوون بە دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتی ئیدارەی ئەمریكا لە ئاست ئەم ناوچەیە و ئەگەرەكانی ئایندە و ئەویش بەم شێوەیەی خوارەوە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
* بە شێوەیەكی گشتی پێتانوایە سیاسەت و ئامانجەكانی ئیدارەی ترەمپ لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چین؟
- ئاشكرایە كە ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت شەڕ لە دژی داعش بكات و هەوڵی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا بدات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بەڵام لە هەمان كاتدا بە گومانە لە گرنگیی بڵاوكردنەوەی هێزی سەربازیی ئەمریكا لە ناوچەكەدا و دەیەوێت خۆی بە دوور بگرێت لە تێوەگلان لە ناكۆكییەكی درێژخایەن لە ناوچەكەدا. واتە لەوەتەی دەسەڵاتی گرتۆتەدەست هەوڵی ئیدارەدانی ئەم گرژییانەی داوە.
* باشە پێتانوایە هیچ گۆڕانكارییەك لە سیاسەتی ئەمریكا- لە دوای گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن ترەمپەوە- هاتۆتەئاراوە لە بەرامبەر هاوپەیمان و نەیارەكانی لە ناوچەكەدا؟
- من لەوە دڵنیا نیم كە بتوانم بە تەواوەتی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، بەڵام ئەوەی ئاشكرایە ئەوەیە كە ئیدارەی ترەمپ پشتیوانییەكی تەواوی بۆ دەوڵەتی ئیسڕائیل خستووەتەڕوو. لە هەمان كاتدا هەوڵی داوە پەیوەندیی باشتر لەگەڵ توركیا و سعودیەدا دروست بكات.
* ئەی پێتوایە چ گۆڕانكارییەك لە سیاسەتی ئیدارەی ئەمریكادا هاتۆتەئاراوە لە ئاست ئێراندا، بەتایبەتی دوای بڕیاری كشانەوە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێراندا؟
- من پێموایە بڕیاری دەستەبەرداربوون لەم رێككەوتنە بووە هۆی هەڵكشانێكی بەرچاوی ناسەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەرچەندە هیچ ئاماژەیەك نەبوو بە داڕووخانی ئەم رێككەوتنە پێش بڕیارەكەی ترەمپ بۆ جێهێشتنی. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم بڕیارە بووەتە هۆی ئەوەی ئێران مرونەتێكی زیاتری بۆ فەراهەم بێت بۆ تێهەڵچوونەوە و دەستپێكردنەوەی پڕۆگرامە ئەتۆمییەكە ئەمە ئەگەر هاتوو ئێران خوازیاری گرتنەبەری ئەم رێگاچارەیە بوو. لە ئێستادا ئێران هۆكاری ماقووڵ بەدی ناكات بۆ ئەوەی گرژییەكانی بەرەو هەڵكشان ببات، بەڵام لە دوای بڕیاری كشانەوەكە لە رێككەوتنەكە ئێران چەندین دەرفەتی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی ئەم كارە ئەنجام بدات.
* باشە هۆكاری ئەم سیاسەتە نوێیەی ئیدارەی ئەمریكا لە ئاست ئێراندا چییە و بۆچی ئەم ئیدارەیە تاكلایەنە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ ئێراندا هەڵوەشاندنەوە؟
- ئەوە ئاشكرایە كە هەر لە سەرەتاوە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند كە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە زیاتر لە بەرژەوەندیی ئێرانە، چونكە دۆناڵد ترەمپ پێیوابوو سەرەڕای ئەوەی كە رێككەوتنەكە چەندین سازش بۆ ئێران لەخۆدەگرێت، ئەوا هەڵەیەكی دیكە ئەوەیە كە سەقفی زەمەنیشی بۆ دانراوە. هەروەها لە سەروەختی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا ترەمپ، بانگەشەی ئەوەی دەكرد كە ئەو دەتوانێت رێككەوتنێكی باشتر بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا بێنێتەئاراوە، ئەگەرچی لە ئێستادا روون نییە كە ئایا دەتوانێت ئەم كارە بكات. هەروەها ئەوەش نهێنی نییە كە زۆربەی بنكەی سیاسیی ترەمپ لەگەڵ ئەو جۆرە مامەڵەیەدا بوون لە ئاست رێككەوتنە ئەتۆمییەكەدا. كەواتە ئەگەر لە روانگەی سیاسییەوە سەیری ئەم پرسە بكەین، ئەوا ئەم بڕیارەی ترەمپ جێی سەرسوڕمان نییە.
* باشە پێتوانییە ئەم فشارانەی ئەمریكا لە ئاست ئێراندا ببنەهۆی ئەوەی ئێران ناچار بێت بێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ ئەنجامدانی رێككەوتنێكی دیكە لەبارەی پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەیەوە؟
- لەم ساتەوەختەدا هیچ ئاماژەیەك بەدی ناكرێت كە ئیدارەی ترەمپ و ئێران هەنگاو بەرەو ئەنجامدانی رێككەوتنێكی دیكە هەڵبگرن. لەگەڵ ئەوەشدا بەشێكی دژوارییەكە ئەوەیە كە لە كاتێكدا ئیدارەی ترەمپ دەتوانێت فشارەكانی لەسەر ئێران زیاتر بكات، ئەوا مەرج نییە هاوپەیمانەكانی ئەمریكا- لە ئەوروپا و لە جیهاندا- بە هەمان ئاڕاستەدا هەنگاو بنێن. كەواتە بەشێكی سەختییەكە كە رووبەڕوی ئیدارەی ترەمپ دەبێتەوە لە میانەی هەوڵەكانیدا بۆ ناچاركردنی ئێران بۆ ئەوەی بێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ بریتییە لە هێنانەدی هەوڵێكی درێژخایەنی نێودەوڵەتی بە چەشنی ئەوەی ئیدارەی ئۆباما بەدەستی هێنان لە كاتی گفتوگۆكردن لەبارەی ئەنجامدانی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەوە. هەرچۆنێك بێت، ئێمە دەزانین كە سەرۆك ترەمپ رەخنەیەكی چڕی لە رێككەوتنەكە كرد، بە چەشنێك گریمانەی ئەوە دروست بوو كە ئەو رێككەوتنێكی باشتر و بەهێزتر دەكات، هەرچەندە تا ئێستا ئیدارەكەی گوزارشتی لەوە نەكردووە كە ئەم رێككەوتنە نوێیە چۆن دەبێت.
* باسی ئەوەتان كرد كە ئیدارەی ترەمپ رووبەڕوی دژواری دەبێتەوە لە بەدەستهێنانی هاوكاریی وڵاتانی دیكە بۆ فشار خستنەسەر ئێران، ئایا ئەم بڕیارەی ترەمپ بۆ كشانەوە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە كەلێن و ناكۆكی لەگەڵ هاوپەیمانە ئەوروپییەكانی دروست ناكات؟
- ئەوە روونە كە بڕیارەكەی ترەمپ بۆ كشانەوە لەم رێككەوتنە رووبەڕووی ناڕەزایەتی وڵاتانی ئەوروپی بووەوە و تەنانەت سەرۆكی فەڕەنسا، ماكرۆن هەوڵیدا ترەمپ قەناعەت پێبكات بۆ ئەوەی لە رێككەوتنەكەدا بمێنێتەوە. ئەوە بوو ئەمریكا خۆی لە هاوپەیمانە ئەوروپی و هاوپەیمانە تەقلیدییەكانی بە دوورگرت و داوای ئەوەی كرد كە رێ بە رووسیا بدرێتەوە بۆ ئەوەی بێتەوە نێو گرووپی G7، كەواتە راستە هەڵوێست و رێگاچارەی مامەڵەكردنی لەگەڵ رێككەوتنە ئەتۆمییەكەدا هۆكارێك بووە بۆ دوورخستنەوەی لە هاوپەیمانە تەقلیدییەكانی.
* ئەی چۆن لە ئەگەرەكانی كاردانەوەی ئێران دەڕوانیت لە ئاست هەڵوێستی ئەمریكا بۆ زیادكردنی فشارەكانی لەسەر ئەو وڵاتە؟ ئایا چاوەڕوان دەكرێت ئێران بارودۆخی ناوچەكە بەرەو هەڵكشان ببات و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لەم ناوچەیەدا بكاتە ئامانج؟
- من تاوەكو ئەم ساتەوەختە هیچ ئاماژەیەك لەم رووەوە بەدی ناكەم.
* باشە با پرسیار لە بارەی دۆخی سووریاوە بكەین. ئایا پێتوایە ئەمریكا سیاسەتێكی روونی هەبێت لە ئاست بارودۆخی ئەو وڵاتە؟
- ئەمریكا تا راددەیەك ستراتیژیەتێكی روونی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لە سووریادا، كە ئێمە دەزانین ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی بەرەوپێشچوونی بەرچاویان بەدی هێناوە لە پاشەكشەپێكردنی داعش لە ناوچەكەدا. بەڵام سیاسەتێكی كەمتر روونی هەیە لەبارەی چۆنیەتی چارەسەركردنی شەڕی ناوخۆی سووریاوە. لە ئێستاشدا پێدەچێت ئیدارەی ترەمپ تا راددەیەكی گەورە چاوپۆشی بكات لە مانەوەی ئەسەد لە دەسەڵاتدا، ئەگەرچی ئیدارەی ئۆباماش بەدیلێكی تۆكمەی نەخستەڕوو لەم رووەوە.
* ئاماژەتان بە سەركەوتنی ستراتیژیەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم كرد، بەڵام لە ئێستادا هەست بە زیادبوونی جموجووڵ و كردەوەكانی داعش دەكرێت، بەتایبەتی لە عێراقدا، ئایا پێتوایە ئەم رێكخراوە لە قۆناغی خۆڕێكخستنەوە و خۆئامادەكردنەوەدایە؟
- ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە كە سوپای ئەمریكا بە توندی پابەندە بە تێكشكاندنی داعشەوە، لەگەڵ ئەوەشدا زەحمەتە وێنای ئەوە بكەین كە ئەم رێكخراوە بە شێوەیەكی یەكجارەكی لە گۆڕەپانی شەڕەكە و لەسەر ئاستی جیهان ریشەكێش دەكرێت. كەواتە ئەوەی بەدی هاتووە ئەوەیە توانراوە خاكێكی زۆر لەژێر دەستی داعش دەربهێنرێت و من پێم وایە ئومێدی سوپای ئەمریكا ئەوەیە كە بە تێكشكاندنی حوكمڕانیی داعش لەسەر ئەو خاكەی لەژێر دەستیدا بوو، هێزی ئایدیۆلۆژی ئەو رێكخراوەش لاواز بێت.
* ئێمە دەزانین لە سووریادا چەندین كاراكتەری نێودەوڵەتی و ناوچەیی تێوەگلاون و تەنانەت دۆخێك لەو وڵاتەدا دروست بووە كە ئەگەری ئەوەی لێدەكرێت ببێتە گۆڕەپانی شەڕێكی ئیقلیمیش بەتایبەتی لە نێوان ئێران و ئیسڕائیلدا، خوێندنەوەی ئێوە بۆ ئەم واقیعە چییە؟
- من باوەڕم وا نییە هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئیسڕائیل و ئێران شتێكی حەتمی بێت، ئەگەرچی ئەگەری زیادبوونی بارگرژییەكانی نێوان ئێران و ئیسڕائیل لەئارادایە و زۆر زەحمەتە وێنای رەوینەوەی یەكجارەكی ئەو بارگرژییانە بكەین. لەم ساتەوەختەشدا من هیچ هۆكارێك نابینم كە هەڵگیرسانی شەڕ لە بەرژەوەندیی ئێران و ئیسڕائیلدا بێت. كەواتە پێموانییە مەترسییەكی گەورەی هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا لە ئایندەیەكی نزیكدا لەئارادا بێت. هەرچەندە دەبێت چاودێریی ئەو بارگرژییانە بكەین كە لەسەر ئاستێكی بچووكدا روودەدەن و ئەگەری ئەوەیان لێدەكرێت سەربكێشن بۆ قەیران و تەنگژەیەكی گەورەتر.
* باشە چۆن لە ئایندەی ئەم ناوچەیە دەڕوانیت و ئایا بە تێڕوانینی ئێوە باشترین و خراپترین سیناریۆ چین كە ئەگەری ئەوەیان لێدەكرێت لەم ناوچەیەدا رووبدەن؟
- خراپترین سیناریۆ درێژەكێشانی شەڕە لە سووریا بە چەشنێك كە داعش بتوانێت دووبارە خۆی بنیات بنێتەوە، هەروەها بەردەوامبوونی شەڕەكەی یەمەنە. سیناریۆ باشەكەش خاوبوونەوەی ئەو شەڕانە و ئیحتیواكردنی دەرهاویشتە و ئاكامەكانیانە.
Top