جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ گوڵان: پڕۆژە 35 خاڵییەكەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە چووە قۆناغەكانی جێبەجێكردنەوە

جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ گوڵان:  پڕۆژە 35 خاڵییەكەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە چووە قۆناغەكانی جێبەجێكردنەوە
ئەگەری گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ پارێزگای كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و جموجووڵەكانی ئەم دواییەی داعش و پرسی چاكسازییەكانی نێو وەزارەتی پێشمەرگە تەوەرەی دیدارێكی گوڵان بوو لەگەڵ جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە و بەمجۆرە وەلامی پرسیارەكانی دایەوە.
* ماوەیەكە جموجووڵی داعشەكان لە سنووری كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەستی پێكردووەتەوە، هەر بۆیە بوونی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی ناوچە كوردستانییەكان گرنگە، ئایا هیچ هەوڵێك دراوە بۆ ئەوەی دووبارە ئەم ناوچە كوردستانییانە بە هاوبەشی لەنێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای عێراقی بەڕێوەبچێت؟
- تا ئێستا هیچ رێككەوتنێك نییە بۆ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ كەركووك و ناوچە جێ ناكۆكی لەسەر و دابڕاوەكانی كوردستان، تەنانەت هیچ رێككەوتن و دانیشتنێك نییە لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان و وەزارەتی بەرگریی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكەی حكومەتی عێراق، بڵاوبوونەوەی ئەو پڕوپاگەندانەش پەیوەندی بە پڕوپاگەندەی راگەیاندنەوە هەیە، راستە ئێمە داكۆكی دەكەین لە زیندووكردنەوەی پڕۆژەی سەنتەرەكانی هەماهەنگی و بازگە و ئۆپەراسیۆنی هاوبەش و چەندین جار گفتوگۆمان لەگەڵ هاوپەیمانەكان و بەتایبەتی هێزەكانی ئەمریكا و فەرماندە باڵاكانیان كردووە، باسمان لەوە كردووە كە گرنگە سەنتەرەكانی هەماهەنگی و بازگەی هاوبەش و ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێش 2014 لەنێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای عێراق دابمەزرێنەوە، بەتایبەت لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بەپێچەوانەوە هەرگیز ئاسایشی ئەو ناوچانە سەقامگیر نابێت. ئێمەش لەم بارەیەوە چاوەڕوانی سازكردنی دانیشتنین.

* باس لەوە دەكرێت كە لەم دواییەدا هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەشداری لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانە كردووە كە لە ناوچەكەدا بە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق ئەنجام درا؟
- هیچ ئۆپەراسیۆنێك لەنێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای عێراقدا نییە، بەڵام ئەو ئۆپەراسیۆنەی كە لەقەرەچوغ بە هاوبەشی لەنێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هاوپەیمانان ئەنجام درا، پێشتریش لەناوچەی حەمرین و دوزخورماتوو ناوچەكانی قادر كەرەم ئۆپەراسیۆن لەلایەن هێزەكانی حكومەتی فیدڕاڵی عێراق ئەنجام درابوو. ئێمە وەكو پێشمەرگەی كوردستان لەم ئۆپەراسیۆنەی عێراقدا تەنیا چووینە حاڵەتی وریاییەوە بۆ پاراستنی ئەو هێڵە بەرگرییەی كە خۆمان داماننابوو، تاوەكو هیچ كێشەیەك دروست نەبێت لەگەڵ هێزەكانی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵی و پاراستنی خەڵكی ئەو گوندانەی كە تووشی چۆڵكردن دەبن لەكاتی ئۆپەراسیۆنەكەدا. چونكە ئەم ناوچانە دانیشتووانی كوردی تێدایە و ئێمەش وەكو هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەردەوام ئامادەین بۆ پاراستنی ئەو ناوچانەی لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن، بەڵام بە رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق .
* ئایا پەیوەندیی وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان بەتایبەتی ئەمریكا لە بوارەكانی راوێژكاری و دابینكردنی پێداویستییەكان بەردەوامە؟
- بەهەمان شێوەی 2014 پەیوەندییەكانمان لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان هەروەكو جارانە، نوێنەری هێزەكانی هاوپەیمانان لە هەرێمی كوردستان هەیەو دوو هەفتە جارێك كۆبوونەوەیان لەگەڵ دەكەین و ناوەندێكی مەشقی سەربازی هاوپەیمانان هەیە كە مەشق بە هێزەكانی پێشمەرگە دەكات، تەنانەت هاوكارییەكانی ئێمە لە چەك و تەقەمەنی و پشتیوانیی ئاسمانی و زەوینیی هێزەكانمان لەلایەن هێزەكانی هاوپەیمانان و بگرە لەپێدانی مووچەی بەشێك لە هێزەكانمان بەردەوامە.

* هەنگاوەكانی پڕۆژەی چاكسازی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە بە كوێ گەیشتووە؟
- دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و دامەزراندنی لێژنەیەكی هاوبەش بۆ جێبەجێكردنی سەرجەم خاڵەكانی ناو پرۆسەی چاكسازیی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە تەواو بووە، پڕۆژەی چاكسازییەكەش 35 خاڵ لەخۆ دەگرێت و پەیوەندی بە هەموو جومگەكانی وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستانەوە هەیە، ئێستا كەوتۆتە بواری جێبەجێكردنەوە و پلان دادەنێین بۆ چۆنیەتی جێبەجێكردنی سەرجەم خاڵەكان، هاوكات ژمارەیەك لە راوێژكاران و شارەزایانی تێدایە كە لەسەر دەستی راوێژكارانی بەریتانیا و ئەڵمانیا مەشقیان پێكراوە، پڕۆژە 35 خاڵییەكەش پەیوەندیی راستەوخۆی بە هەموو بوارەكانی خانەنشینی و مووچە و كارگێڕی و كەمئەندام و دابینكردنی پێداویستییە سەرەكییەكانەوە هەیە، ئێستا پڕۆژەی بە ئەلەكترۆنیكردنی مووچە لە رێگەی بانكەوە تەواو بووە و دراوەتە ئەنجومەنی وەزیران و بە وەزارەتی دارایی دراوە، پڕۆژە یاساكەش هەموو هێزەكانی پێشمەرگە دەگرێتەوە لەناو وەزارەت و لە ناو هێزەكانی (70 و 80) كار بۆ چۆنیەتی یەكخستنی ئەم هێزانەش دەكرێت. بە شێوەیەكی گشتی بەڕێوەبەرایەتیی چاكسازی پلانیان بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە داناوە.
* زنجیرە تەقینەوەكانی ئەم دواییەی كۆگاو جبەخانەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- سەرەتا پێویستە ئەوە روون بكرێتەوە كە ئەو شوێنانەی تەقیوەتەوە، هیچی عەمباری مەركەزیی وەزارەتی پێشمەرگە نییە، عەمبارەكانی وەزارەتی پێشمەرگە ساخ و سەلامەتن و بە شێوازێكی زۆر كوالێتی بەرز دروستكراون و هیچ كێشەو گرفتیان نییە، ئەوەی تەقیوەتەوە هەندێك كۆگای یەكەكانی وەزارەتی پێشمەرگەو ناوخۆیە كە وەكو لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان لەسەر هۆكاری تەقینەوەكان بۆمان دەركەوتووە:
1- عەمباركردنی ئەم چەك و تەقەمەنییانە لەناو هەندێك خانوودا كە شیاو نەبووە بۆ عەمباركردنی چەق و تەقەمەنی. 2- تێكەڵاوكردنی چەك لەگەڵ تەقەمەنی و حەشوەی ئار بی جی و گوللە هاوەن كە ماددەی دینامێتیان تێدایە. 3- بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما. 4- نەشارەزایی ئەو كەسانەی ئەم چەك و جبەخانەیان ئەمبار كردووە. بەمشێوەیە بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرماو كۆكردنەوەی كۆمەڵێك چەك و تەقەمەنی لەناو یەك شوێنی نەشیاو وایكردووە حەشوەكان كە دینامێتیان تێدایە، ئاگر بكرێت و دواتر ئەمبارەكە بتەقێنێتەوە.
* هێزە ئەمنییەكان هەڵمەتێكی چەك كۆكردنەوەیان دەست پێكردووە لەسەر ئەو كەسانەی بە نایاسایی چەكیان هەڵگرتووە، بەڵام لێرەو لەوێ باس لە پێكدادان و شەڕ دەكرێت لەنێوان ئەو هێزانەو پاسەوانانی هەندێك لە بەرپرسان، ئایا ئێوە وەكو وەزارەتی پێشمەرگە بۆ جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە چۆن هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی ناوخۆ دەكەن؟
-وەكو وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان ئاگاداری هەموو هێزەكان و یەكە سەربازییەكانمان كردووە كە هاوكاری ئەو لێژنە ئەمنییەی ئاسایش و پۆلیس بكەن و بەهیچ شێوازێك چەك و تەقەمەنی لەگەڵ خۆیان نەگوازنەوە بۆ شوێنەكان و پابەندی رێنماییەكان بن، چونكە نەهێشتنی هەڵگرتنی چەكی نایاسایی و كۆنتڕۆڵكردنی ئەم دیاردە ناشارستانییە لەناو شارەكان و رێگاوبانەكان هۆكارێكە بۆ كەمكردنەوەی تاوان و رووداوەكان.
* ئایا لەگەڵ دەركەوتنەوەی جموجووڵەكانی تیرۆریستانی داعش و تێكچوونی ئارامی و سەقامگیریی ناوچە ئازادكراوەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش دووبارە مەترسییەكانی داعش سەری هەڵداوەتەوە؟
- كاتێك لەلایەن عێراقەوە راگەیەندراوێك بڵاوكرایەوە، بەوەی داعش لە عێراقدا كۆتایی هاتووە، ئێمە وەكو وەزارەتی پێشمەرگەو هێزەكانی پێشمەرگە- لەسەر بنەمای ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەی هەمانبوو- رامانگەیاند كە هێشتا داعش ماوە و كۆتایی نەهاتووە. چونكە راستە داعش بە ناو دەوڵەتە ئیسلامییەكەی لە دەست داوە و شارەكانی بەدەستەوە نەماوە، بەڵام تیرۆریستانی داعش لە زۆرێك لە ناوچەكانی موسڵ و سەلاحەدین و دیالە و دەوروبەری كەركووك جموجوڵ و چالاكییان ماوە، ئەمەش واقیعەكەیە، لە چەند هەفتەی رابردووش چەند جارێك كردەوەی تیرۆریستیان ئەنجام داوە، كە یەكێكیان كوشتنی 27 چەكداری حەشدی شەعبی بوو لە نزیك حەویجە. كەواتە، بەڵێ تیرۆریستانی داعش ماون، ئەگەرچی ناوچەی بەرفراوانیان بەدەستەوە نییە، بەڵام لە گوند و دۆڵ و شاخەكاندا و بە بەشێوەی گرووپی بچووك بوونیان ماوە و كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن و تا ئێستاش مەترسییان لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستانیش هەر ماوە.
Top