دكتۆر فرسەت سۆفی پەرلەمانتارو ئەندامی لێژنەی نەزاهە لە پەرلەمانی كوردستان: فراكسیۆنی پارتی بە كردەیی لە پەرلەماندا پاڵپشتی لە چاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵی و كەموكورتی كردووە

دكتۆر فرسەت سۆفی  پەرلەمانتارو ئەندامی لێژنەی نەزاهە لە پەرلەمانی كوردستان:  فراكسیۆنی پارتی بە كردەیی  لە پەرلەماندا پاڵپشتی لە چاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵی و كەموكورتی كردووە
پڕۆژەی چاكسازیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ماوەیەك لە پەرلەمانی كوردستان قسەوباسی زۆری لەبارەوە كرا، بەڵام فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان نەیانتوانی مامەڵەیەكی راست و تەندروست لەگەڵ ئەم پڕۆژەیەدا بكەن و بە ناچار گەڕێندرایەوە بۆ حكومەت، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرۆژەیە و چەند تەوەرەیەكی تری پەیوەندیدار چەند پرسیارێكمان ئاراستەی دكتۆر فرسەت سۆفی پەرلەمانتار و ئەندامی لێژنەی نەزاهە لەپەرلەمانی كوردستان كرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی كۆتایی ئەم خولەی پەرلەمان رەخنەو تێڕوانینێكی زۆر لەسەر ئەدای پەرلەمانتاران و فراكسیۆنەكان هەیە، بۆچی لەم خولەی پەرلەمان كەمترین پڕۆژە و یاسا پەسەند كرا؟
- خولی ئەمجارەی پەرلەمان كە لە 21/9 هەڵبژاردن كراو لە 6/11 سوێندمان خواردو لە 30/4/2014 حكومەت و سەرۆكایەتی پەرلەمان دەستبەكار بوو، بە دۆخێكی ناسرووشتیدا تێپەڕ بوو، بۆیە لە رۆژی یەكەمی ئەم خولەوە تا ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان بە دۆخێكی سرووشتیدا تێپەڕنەبووەو لە رووی ئەداو تەشریعاتی و چاودێرییەوە نەیتوانیوە بە ئەدای خۆی هەستێت، واتە خولێكی ئیستسنائی بووە، لە كاتێكدا هەلی جێبەجێكردنی كاری زۆر گەورە هاتۆتەپێشەوە كە بەداخەوە نەمانتوانی ئەنجامی بدەین، بەمەش لەئاستی چاوەڕوانیی ئێمەو خەڵكیشدا نەبووین، بۆ نموونە لە یاسای چاكسازیدا پەرلەمانتاران و فراكسیۆنەكان نەیانتوانی گفتوگۆكانیان بە ئاراستەیەكی سرووشتیدا ببەن، لەگەڵ ئەمەشدا ئومێد دەكەم لەم ماوە كورتەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەماندا بتوانین ئەم یاسایە و چەند یاسایەكی گرنگی دیكە تێپەڕێنین و پەسەندی بكەین تاوەكو بكەونە بواری جێبەجێكردنەوە.
* باسی پڕۆژە یاسای چاكسازیت كردو لە دیمانەیەكی پێشووی گوڵاندا ئاماژەت بە گرنگیی پرۆژەكە كردووە، ئایا ئەگەر پرۆژە یاسایەك ئەوەندە گرنگ بێت، بۆچی بۆ حكومەت گەڕێندرایەوە؟
- كاتێك پەرلەمان پڕۆژە یاسای چاكسازیی حكومەتی دەستكاری كرد، ئیلتزاماتی ماددەی كەوتە سەر شانی حكومەت، بەتایبەتی لە بڕگەكانی بەرزكردنەوەی مووچەی خانەنشینی لە 300 هەزارەوە بۆ 400 هەزار دینارو هەڵگرتنی پاشەكەوتی مووچەی موچەخۆران كە راستەوخۆ لە دوای پەسەندكردنی پرۆژەكە بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، هەروەها مشتومڕی لابردنی دەرماڵەكان و چەندین خاڵ و بڕگەی تری ناو پڕۆژەكە، بەمەش حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی داوای كرد، پڕۆژە یاساكەی چاكسازی بگەڕێندرێتەوە بۆ حكومەت تاوەكو راوبۆچوونی خۆیانی لەسەر بدەن، ئێستاكە ئێمە چاوەڕوانی راوبۆچوونی حكومەتین و ئومێدەوارین لەم هەفتەیەدا كۆبوونەوەی لێژنە پەیوەندیدارەكانی پەرلەمان بكرێت و بە زووترین كات پڕۆژە یاساكە بێتە پەرلەمان و پەسەندی بكەین.
* باشە كە پڕۆژە یاساكەی چاكسازی گرنگە، بۆچی ئەو هەموو گفتوگۆ و بگرە موزایەدەی لەناو پەرلەمانتاراندا لێكەوتەوە؟
- هیچ كەسێك پڕۆژە یاساكەی چاكسازی و چاكسازیی لە كەرتی گشتی و مووچەخۆران بە خراپ دانانێت، بەڵكو ئەمە پڕۆژەیەكی گرنگیی چاكسازییە كە لەلایەن خودی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هاتووە، بەتایبەتی كە نادادپەروەریی گەورەو گەندەڵی گەورە لە مووچەخۆر و خانەنشینیدا هەبووە، هەر لە دوو مووچەییەوە تاوەكو فەرمانبەری بندیوار و پلە بەرزكردنەوەی نایاسایی و دەرماڵە نایاساییەكان و خانەنشینكردنی نایاسایی، هەمووان لەسەر ئەوە كۆكن كە ئەم كێشانە پێویستیان بە چارەسەركردن هەیە بۆ ئەوەی بتوانین لە كەرتی گشتیدا دادپەروەرییەك هەبێت و لەو هەموو گرفت و كێشانە دەربازمان بێت، تەنانەت چەندین كێشەی تایبەت بە یەكەكانی 70 و 80ی پێشمەرگە و یەكخستنی یەكەی ژمێریاری و چارەسەركردنی ئەو كەسانەی بە پلەی وەزیرو باڵا خانەنشین كراون و پلەی بەرزی سەربازی كە بە ناڕەوا دراون، هەرهەمووی چارەسەر دەكات، بەڵام گرفتەكە لەوەدا بوو كە زۆر لە پەرلەمانتاران و فراكسیۆنەكان وەكو ئەركێكی سەرەكیی پەرلەمانتار هەڵسوكەوتیان لەگەڵ پڕۆژەكە نەكردووە لەسەری جددی نەبوون.
* مەبەستت چییە جددی نەبوون لەسەر ئەركەی خۆیان لە كاتێكدا فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان كە لەسەر شاشەی تیڤی و رووبەری رۆژنامەكان سەرو بنی زمانیان چاكسازی و چارەسەركردنی كەموكورتی و راستكردنەوەی دۆخەكەیە؟
- ئەمە پرسیارێكی جەوهەرییە، لە راستیدا زۆر بوون ئەوانەی سەر و بنی زمانیان باسی چاكسازیی دۆخی فەرمانبەران و نەهێشتنی گەندەڵی و كەموكورتی و نادادپەروەری بوو، خۆشیان وا نیشانی خەڵكی كوردستان دەدا كە ئەوان سەرقافڵەی پڕۆژەی چاكسازین، كەچی كاتێك پرۆژەی چاكسازی گەیشتە پەرلەمان پاساو و بەهانەی دیكەیان هێنایەوە تاوەكو پڕۆژە یاساكەی چاكسازی پەسەند نەكەن، ئەوان تا دوێنێ بوو پڕوپاگەندەی ئەوەیان دەكرد كە ئەوان لەگەڵ چاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵین، كەچی وا دەرنەچوو، بەپێچەوانەی ئێمەوە وەكو فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەندامانمان لە لێژنە پەیوەندارەكانی پەرلەمان هەر لە یەكەم رۆژی گەیشتنی پڕۆژە یاساكەوە هەموو هەوڵەكانی خۆمانمان دا بۆ ئەوەی ئەم پڕۆژە یاسایە پەسەند بكرێت، تەنانەت هەوڵی دەوڵەمەندكردنی پڕۆژەكەشمان داوە، كاتێكیش تێبینی لەسەر ماددەیەك دروست بوو، كە ماددەی تایبەت بە مووچەی خانەنشینیی پلە تایبەت و باڵاكان بوو، بەم هۆیەوە پڕۆژەكە گەڕێندرایەوە، دواتر هەندێك لە فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان بابەتی تریان هێنایە پێشەوەو جددی نەبوون لەسەر پڕۆژەكە، هەر بۆیە پەسەندكردنەكەی دواكەوت و نەمانتوانی تا ئێستا ئەو بەهەدەردان و نادادپەروەی و كەموكورتییانەی لە كەرتی گشتی هەیە، چارەسەری بكەین، پارتی بە كردەیی لەپەرلەمان پاڵپشتی چاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵی و كەموكورتی بووە، كەچی ئەوانی تر تەنیا بۆ موزایەدەی سیاسی پڕوپاگەندەی چاكسازییان دەكرد، هەر بۆیە دەبێت لە رۆژی دەنگدان خەڵكی وەڵامی ئەوانە بداتەوە، كە تەنیا بە قسەی زل و پڕوپاگەندەی ئیعلامی لەگەڵ چاكسازی و گۆڕانكاری لە بارودۆخی مووچەخۆران و خەڵكدان.
* مەبەستت ئەوەیە پەرلەمانتار ئەجێندەی حزبە سیاسییەكان لە پشتیانەو ئەوان نایانەوێت دۆخی مووچەخۆران و پڕۆژەكانی چاكسازیی و گۆڕانكاری لەم وڵاتەدا رووبدات، تاوەكو مەینەتییەكانی خەڵك بكەنە پڕوپاگەندەیەكی ئیعلامی و لە هەڵبژادنەكاندا بەكاریان بهێنن؟
- بەڵێ، پڕۆژە یاسای چاكسازی تێكەڵ بەدەستكەوتی حزبی كراو بەشێكیان پێیان خۆش نییە ئەم پرۆژە یاسایە تێپەڕێندرێت و پەسەند بكرێت، چونكە لە داهاتوودا كاریگەری لەسەر دەستكەوتی حزبی و شەخسییان دەبێت، ئەمە هەرگیز عەقڵییەتی نوێنەرایەتی و بەڕێوەبردنی دەوڵەت نییە، چاكسازیی موڵكی هەمووانە و نابێت تێكەڵ بە حزبایەتی و ململانێی حزبی و سیاسەت و هەڵبژاردن بكرێت، چونكە چاكسازیی پەیوەندی بە باروبژێوی چین و توێژێكی زۆری خەڵكەوە هەیە و دەستكەوتێكی نیشتمانییە، لەگەڵ ئەمەشدا حكومەت دەتوانێت بەشێكی زۆری پڕۆژە یاساكە بە رێنمایی جێبەجێ بكات، بەڵام بەشێكی تری پێویستی بە دەركردنی یاسا هەیە.
* هەر لە سەروبەندی كاری پەرلەمانی ئێستا قسەو باسێكی گەرم لەسەر پڕۆژەی دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم هەیە، پرسیار ئەوەیە گفتوگۆكانی تایبەت بە یەكلاكردنەوەی چارەنووسی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم بە ئاقارێكی راست و دروستدا دەڕوات، یاخود ئەویش وەكو پڕۆژە یاسای چاكسازی كراوەتە ماددەیەكی ئیعلامی و موزایەدەی شەخسی؟
-پرۆژەیەكمان پێشكەش كردبوو بۆ ئەوەی دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتیی هەرێم كاری لەسەر بكرێت و لەخولی پەرلەمان بەپێی دەستوور موئەسەسەی سەرۆكایەتی هەرێم چارەنووسەكەی یەكلا بكرێتەوە، هەروەها فراكسیۆنی گۆڕان پرۆژەیەكیان پێشكەش كردووە و داوا دەكەن هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێم نەكرێت لەگەڵ هەڵبژادنی پەرلەمان و داوا دەكەن یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكان بەردەوام بێت و تاوەكو لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندا چارەنووسی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم یەكلا بكرێتەوە، ئەمە لە هەفتەی رابردوودا خوێندنەوەی بۆ كرا و لێژنەی یاسایی پەرلەمان راپۆرتی لەسەر نووسی، خۆ ئەگەر ئەم یاسایە پەسەند كرا، ئەوا هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی هەرێم لەگەڵ وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام نادرێت، ئەگەرچی بەپێی یاسا دەبووایە پێكەوە هەڵبژاردنەكە بكرایە و لەخولی پێنجەمی پەرلەمان دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم بەپێی دەستوور یەكلا دەكرێتەوە. هەرچۆنێك بێت ئێمە وەكو فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ ئەوەداین سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵكدا هەڵبژێردرێت، بەڵام چارەنووسی ئەم دامەزراوەیە كەوتە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان .
* ئەگەرچی پسپۆڕایەتیت لە یاسادا هەیە، بەڵام وەكو كەسێكی چاودێر و پسپۆڕ لەناو كاری پەرلەمانیدا پێتوانییە زۆرترین كێشەكانی ئەم كابینەیەی حكومەت بۆ ئەو بنكە فراوانەی حزبەكان دەگەڕایەوە كە پێیەكیان لە ناو حكومەت و پێیەكەی دیكەیان لە دژی بوو؟
- من پێموایە لەهەموو دنیادا حكومەتە بنكە فراوان و هاوپەیمانییەكان حكومەتی بەهێز نین و لەدۆخ و كاتی ئیستسنائی دروست دەبن و بەبەردەوام لە ناو ململانێی حزبیدان و حزبەكان كەمترین كاری تێدا دەكەن، بۆیە لەداهاتوودا ئەگەر ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان توانیمان زۆرینە دروست بكەین، بەشێكی دیكەی حزبەكانیش كەوتنە بەرەی ئۆپۆزسیۆنەوە، ئەوە ئەم دۆخە باشتر خزمەتی كوردستان دەكات . لەم دۆخەی پەرلەماندا چەندین لەمپەرو لادان روویاندا، ئومێدەوارم لەخولی نوێی پەرلەماندا لە رووی دەركردنی یاساو چاودێریكردنی حكومەت و ئەدا راستەقینەكەی پەرلەمانتاران ئەكتیڤ بن و ئەوەندە رێگە نەدرێت رق و قین و ململانێی حزبی بێتە ناو هۆڵەكانی پەرلەمانەوە كە كاریگەری زۆر خراپی لە ئەدای پەرلەمان كردووە و پەرلەمانتار كەوتووەتە ژێر گوتاری میدیاییەوە .
* پارتی دیموكراتی كوردستان بە بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە هەڵبژاردنەكان لەوادەی خۆیدا جێبەجێ بكرێت، ئەمە بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟
- پارتی پابەندە بە دەستاودەستكردنی ئاشتییانەی دەسەڵات و جێبەجێكردنی دیموكراتییەت، هەربۆیە پابەندبوونی پارتی بە یاساكان وایكردووە بۆ بەرژەوەندی گشتی و ناو و ناوبانگی هەرێمەكە هەڵبژاردنەكان لەوادەی خۆیدا بكرێت، لەم روانگەیەشەوە فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ دواخستنی وادەی هەڵبژاردنەكان نین.
Top