شوان محەمەد تەها بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان: ئەگەر شەراكەتی راستەقینە لەعێراقدا هەبێت بە دڵنیاییەوە كێشەكان چارەسەر دەكرێن
July 17, 2018
دیمانەی تایبەت
گفتوگۆكانی نێوان قەوارەو لایەنە سیاسییەكان و دووبارە هەژماركردنەوەی دەنگەكان و ئەگەری دواخستنی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا و چەندین بواری پەیوەندیداری دیكە تەوەری سەرەكیی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵان بوو لەگەڵ شوان محەمەد تەها بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەغداو ئەندامی خولی یەكەمی دانوستانكاری پارتی لەگەڵ حزب و قەوارە سیاسییەكانی عێراقدا . لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.* وەكو بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەغدا و پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی خولی یەكەمی دانوستانكاری پارتی لەبەغدا دەكرێت باسێكی پەیوەندی نێوان پارتە سیاسییەكانی عێراق و سیستەمی حوكمڕانیی ئەو وڵاتەمان بۆ بكەیت؟
- بەشێوەیەكی گشتی سیستەمی حوكمڕانی لە عێراقدا بە ئاقارێكی ناتەندروستدا رۆیشتووە، ئەمەش لەسەر هەموو كایەكانی وڵاتدا كاردانەوەی خراپی هەبووە، تەنانەت كاریگەری خراپی لەسەر هەموو یاساكان هەبووە بە هەردوو یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی و یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیشەوە، ئەم دۆخە خراپەی سیستەمی حوكمڕانی كاریگەری خراپیشی هەبووە لەسەر پەیوەندی نێوان پارت و لایەنە سیاسییەكانیش لە عێراقدا، هەر ئەمەش وایكرد عێراق تووشی كێشەیەكی زۆر و ناتەندروست بێت و هەروا بەئاسانی و ساناییش ئەم كێشانە چارەسەر نابێت.
* پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنەكاندا دەنگێكی باشی بەدەست هێنا، ئەمەش یاریدەدەرە بۆ ئەو دانوستان و گفتوگۆیانەی كە كورد لەگەڵ پارت و قەوارە سیاسییەكاندا ئەنجامی دەدات، ئایا ئەمە دەبێتە دەستپێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و بەدەستهێنانی زۆر لەو مافە نەتەوەیی و نیشتمانییانەی كە ئێستا لەعێراقدا زەوتكراوە؟
- گەلێك لێكۆڵینەوەو شرۆڤەی جیاجیا كراوە بۆ ئەو سەركەوتنەی پارتی دیموكراتی كوردستان كە وەكو پارتێكی سەرەكیی سیاسی نەك تەنیا لە كوردستان، بەڵكو لە عێراقیشدا، بەدەستهێنانی ئەو ژمارە زۆرەی دەنگانە بۆ ئەو متمانەیە دەگەڕێتەوە كە خەڵكی بە پارتی هەیانە، چونكە بە درێژایی مێژووی بزاڤی رزگاریخوازیی كوردستان تا رۆژە سەختەكانی ئەمڕۆش پارتی داكۆكیكارێكی سەرسەختی مافە نەتەوەیی و نیشتمانی و باڵاكانی گەلی كوردستان بووەو لە پاراستنی ئەم دەستكەوتانە پێشەنگ بووە، هەربۆیە نەك تەنیا لە مەیدانی خەباتی پێشمەرگایەتی و گیانفیدایی و شەهیدبوونی سەدان كادیر و پێشمەرگەی ئەو حزبە، بەڵكو لە دانوستانەكانیشدا ئامادە نەبووە لە پێناو بەرژەوەندیی حزبیدا سازش لەسەر ئەو مافانە بكات، بگرە لە دانوستانەكاندا یەكڕیزی هەڵبژاردووەو بۆ داكۆكیكردن لە مافەكان كە رەهەندی جیاجیای نیشتمانی هەیە، تەنانەت لەهەموو ئەو كێشانەی كە لەسەر مافە رەواكانی گەلی كورد لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەكانی عێراقدا تووشی بووە، بەدوای چارەسەری سەرچاوەی كێشەكەدا گەڕاوەو هەوڵی داوە بە گفتوگۆ و دانوستاندن چارەسەری گونجاو و واقیعی بۆ بدۆزێتەوە.
* باسی ئەو كێشانەت كرد كە بەهۆی خراپی سیستەمی حوكمڕانی لەعێراقدا دروست بووە و بووەتە هۆی كەوتنەوەی نەك تەنیا كێشە لەنێوان هەرێم و عێراقدا، بەڵكو لەنێوان پارتە سیاسییەكانیش، ئایا لەم دۆخەدا پارتە سیاسییەكان لەتوانایاندا هەیە بەسەر هەموو ئەو كێشانەدا زاڵ بن؟
- گرفتەكە لەوەدایە ئەگەر هەر رێككەوتن و كارێكیش بكرێت، مادام كێشە لەنێوان پارتە سیاسییەكان و سیستەمی حوكمڕانی هەیە، ئەوە ئەو كێشانە هەر بەردەوام دەبن، بۆیە پارتی پێداگری لەسەر خاڵێكی سەرەكی كردووە كە دەبێت حكومەتی عێراق حكومەتێكی هاوبەشی راستەقینە و هاوسەنگ و تەوافوقی بێت، سیاسەتی تەوافوق پیادە بكرێت و دەست لە پەراوێزخستن هەڵبگیرێت، دەبێت دەستوور پێوەر بێت بۆ یەكلاكردنەوەو چارەسەركردنی كێشەو ناكۆكییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، ئەم سێ خاڵە سەرەكییە دەمێكە پارتی جەختی لەسەر كردۆتەوە، بەڵام گوێنەدان بە تەوافوق و شەراكەت وایكردووە كێشەكان نەك تەنیا لەنێوان هەرێم و بەغدا قووڵ ببێتەوە، بەڵكو كێشەكان لەنێوان تەواوی پێكهاتەكان و پارت و لایەنە سیاسییەكانی عێراق چارەسەر نەبێت، هەر كێشەی سیستەمی حوكمڕانی بوو كە وایكرد پارتە سیاسییەكانی ناوماڵی شیعە نەتوانن لەنێوان خۆیاندا هاوپەیمانێتییەك پێك بهێنن، كێشە نییە لەنێوان كوردو شیعە، بەڵكو تەنیا یەك كێشە هەیە كە كێشەی بونیەوییە و دەبێت ئەو هاوكێشەیە ئاوەژوو بكرێتەوەو پێداچوونەوە بە چەمكە سیاسییەكاندا بكرێتەوە، تاوەكو بتوانین بەرنامەیەكی تۆكمە و تەندروست دەستەبەر بكرێت، بەڵام ئەگەر ئێستا ئەو پارتە سیاسییانەی عێراق خاوەنی ئەو بەرنامەیەش نەبن، هەر دەبێت هەوڵی بۆ بدرێت.
* بە بەردەوامی باسی یەكڕیزیی نێوماڵی كورد دەكرێت، لەم پێناوەشدا پارتی دیموكراتی كوردستان بەردەوام دەستبەرداری موستەحەقاتی هەڵبژاردنی خۆی بووە، تاوەكو پارتە سیاسییەكانی كوردستان لەبەغدا یەكڕیز و یەكدەنگ بن، بەڵام لایەنەكانی بەرامبەر رێز لەم سازش و هەنگاوانە ناگرن، ئایا هۆكاری ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- شانزدە ساڵ لەمەوبەر جەنابی سەرۆك بارزانی جەختی لەسەر یەكڕیزیی نێوماڵی كورد كردەوە كە تاكە رێگەی چارەسەرە بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكانی عێراق و بەدەستهێنانی مافی رەوای گەلەكەمان، بەڵام ئەو سیستەمە خراپەی حوكمڕانی لە عێراقدا كاریگەی نەرێنی لەسەر كوردستانیش هەبووە، ئێستا نە ماڵی كورد و نە ماڵی شیعە ماون، سەبارەت بە سوننەش ئەگەر ماڵی هەبووبێت، ئەوا ئەویش نەماوە. ئەمڕۆ كێشەكانی عێراق بەتایبەتی لەدوای هەڵبژاردن كە هەموو پارتە سیاسییەكان تێیدا بەشدار بوون، تێڕوانینێكی ناتەندروست لەنێوانیاندا هەیە، بەڵام گەیشتن بە ئامانج و مافە رەواكان دەكرێتە پێوەر، لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە، ئایا لەنێوان پارت و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كامە خاڵی هاوبەشیان لەنێواندا هەیە، بەتایبەتی خاڵە نیشتمانییەكان، كە ئەگەر ئەم خاڵە هاوبەشە نیشتمانییەیان هەبێت، ئەوا بەتەئكید هاوتەریبن، ئەگەر لەناو یەك هاوپەیمانێتیش نەبن، تێڕوانین و هاوڕابوون و بیركردنەكانیان دەبنە حاڵەتێكی تەندروست لەبەغدا، خۆ ئەگەر هاوپەیمانێتی لەنێوان پارتی و یەكێتی هەبێت و حزبەكانی دیكەی كوردستان لەناو ئەم هاوپەیمانێتییەشدا نەبن، ئەوا ئامانجەكان دەكرێنە پێوەر بۆ ئەوەی بیروڕاو تێڕوانینی پارتە كوردستانییەكان بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەكان یەك بخرێن.
* دواجار بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی جێبەجێ كراو پرۆسەی هەژماركردنەوەی دەنگەكان ئەنجام درا، ئایا ئەمە چ كاردانەوەیەكی لەسەر رێژەی دەنگەكان دەبێت و تا چ رادەیەك پرۆسەی سیاسی پەكخستووە؟
- من وەكو چاودێرێك لە نزیكەوە ئاگاداری هەژماركردنەوەی دەنگەكانم كە هیچ كاریگەرییەكی ئەوتۆی نییە و هیچ لە بابەتەكان ناگۆڕێت، بگرە زیادبوون، یاخود كەمبوونەوەی كورسییەكان كاریگەرییەكی ئەوتۆی لەسەر ئەو پارتە سیاسییانە نابێت كە رێژە و دەنگێكی زۆریان هێناوە، چونكە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دوابڕیارەو هەمووان مولزەم دەكات و دەبێت هەموو لایەنەكان پابەندی بن و هیچ بڕیارێكی دیكە نییە كە بتوانێت لەدوای ئەم بڕیارە پارت و لایەنەكان كۆبكاتەوە، هەربۆیە ئەوەی پێی خۆشەو ئەوەی پێی ناخۆشە هەردەبێت پابەندی بن، ئەمە تەنیا كاریگەری لەسەر ئەو دڵەڕاوكێیە دەكات كە لەناو خەڵكیدا هەیە.
* یەكێك لە كێشە هەڵپەسێندراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا داگیركردنی كەركووك و چارەسەرنەكردنی ئەم پارێزگا كوردستانییەیە، ئایا تا چ رادەیەك ئومێد هەیە لە دوای دامەزراندنەوەی حكومەتی نوێی عێراق ماددەی 140ی دەستووری جێبەجێ بكرێت؟
- كەركووك خاكە و زامێكی نەتەوەیی و نیشتمانییە و كێشەكەی فرەڕەهەندییە، هەر بۆیە دەبێت سەركردایەتیی سیاسیی كوردو كوردستان بەرنامەیەكی ستراتیژییان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانن كێشەی كەركووك و تەواوی ناوچە كوردستانییەكانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەپێی ماددەی 140ی دەستووری جێبەجێ بكرێت، ئەمەش تەنیا بە خاڵێك و رێككەوتنێك چارەسەر نابێت، پێویستە قەناعەت بە لایەنی شیعە و سوننە و پێكهاتەكانی تری شارەكە بهێنرێت، كە بەبێ لێكتێگەیشتنێكی سیاسی ناكرێت، چونكە تەنیا كێشەكە كەركووك نییە، بەڵكو چەند ناوچەیەكی تریشە كە لەوانەیە لەو ناوچانەدا هەر كوردنشین نەبێت، هەر بۆیە چارەسەركردنی ئەم كێشەیە پێویستی بە عەقڵیەتێك هەیە كە ئەو بابەتە وەربگرێت و پێوەشی پابەند بێت و بە رەوای بزانێت.
* كەواتە كێشەی عێراق فرەڕەهەندییە و تەنیا پەیوەندی بە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ كورد نییە، بەڵكو پەیوەندی بە عەقڵیەتی حوكمڕانی و هاوڵاتیبوونیشەوە هەیە، پرسیار ئەوەیە لە وڵاتێكی زۆرینەی شیعەدا چۆن شەراكەت لەم وڵاتە دروست دەبێت؟
- ئەگەر حوكمڕانی شەراكەتی راستەقینە لەعێراقدا هەبێت و سیاسەتی هاووڵاتیبوون بكرێتە پێوەر ئەوا بە تەئكید كێشەكان چارەسەر دەكرێن، ئەمەش پێویستی بە عەقڵییەتێكی باش و گونجاو هەیە، بەمەش گەلی كوردستان لەچوارچێوەی وڵاتێكدا كە شەریك بن تێیدا و پێوەری هاووڵاتیبوون بۆ هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان هەبێت، چارەسەری كێشەكان ئاسانتر دەبێت، ناكرێت كورد نەتەوەیەكی رەسەن و بنەڕەت بێت و وەكو ژمارەی كورسی لە پەرلەمان و حكومەتی عێراقدا مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، من پێموایە كێشەی كورد پەیوەندی بە عەقڵییەتی حوكمرانییەوە هەیە، بووونی ئێمە لە عێراقدا پەیوەندی بە (شەراكەت و تەوافوق و تەوازنەوە) هەیە ئەوەی ئێمە لەعێراقدا لەگەڵیدا مامەڵە دەكەین، ئەو عەقڵییەتەیە كە بڕوای بەم سیاسەت و ستراتیژییەتە نییە، بۆیە پێویستە گرێبەستێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی لەنێوان پارتە سیاسییەكان داڕێژرێت و یاسارێژ بكرێت و پێوەری دەستووری و یاسایی هەبێت.
* ئایا ئەو ئیمتیازو مافانە پۆستەكانیش دەگرێتەوە كە لێرەو لەوێ قسەو باسی زۆری لەسەر دەكرێت، بەتایبەتی پۆستی سەرۆك كۆمار؟
- كێشەكە پۆستەكانی كورد نییە لە بەغدا، بەقەد ئەوەندەی كێشەكە پەیوەندی بەوەوە هەیە بنەماكانی سیاسەت لە عێراقدا لاوازە، مەسەلەكە تەنیا پێشێلكاریی نییە بەرامبەر گەلی كورد، ئەو پێشێلكاری بەرامبەر گەلی خۆیشی دەكات، ئێمە داوای ئاوەدانكردنەوەی گوندە وێرانكراوەكان دەكەین، كەچی ئەو لەو لاوە شارە گەورەكانی سوننەی وێران و خاپوور كرد، لەبەغدا كەرتی پەروەردە و تەندروستی و خزمەتگوزارییەكان بە شێوەیەك وێران بووە، كە بەئاشكرا دیارە عێراق سیاسەتی وێرانكاری گرتۆتەبەر، تەنانەت شارەكانی شیعەنشین كە چەندین ساڵە شیعە حوكمی دەكات لەكوردستان زیاتر زیانی بەركەوتووە، بۆیە لێرەدا دەڵێین كێشەی ئێمە كێشەیەكی بونیەوییەو پەیوەستە بە سیستەمی حوكمڕانییەوە و دەبێت سیستەمی حوكمڕانی و دەوڵەتداری لە عێراقدا چارەسەر بكرێت.