سەباح میر جاسم كەسایەتیی ناسراوی كوردی ئێزیدی بۆ گوڵان: لە شنگالدا سەقامگیری و ئارامی نییە و ئێستا لەژێر هەڕەشەدایە

سەباح میر جاسم  كەسایەتیی ناسراوی كوردی ئێزیدی بۆ گوڵان:  لە شنگالدا سەقامگیری و ئارامی نییە و ئێستا لەژێر هەڕەشەدایە
لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراقدا چەندین سندوقی دەنگی كوردانی ئێزیدی هەژمار نەكران، بۆیە ئێستا لەگەڵ دووبارە هەژماركردنەوەی دەنگەكان بەدەست، كوردانی ئێزیدی چاوەڕێی ئەوە دەكەن ئەو سندوقانە دووبارە بەدەست هەژمار بكرێنەوە و دەنگەكانیانیان نەسووتێندرێت، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە و چەند تەوەرێكی تایبەت بە دۆخی شنگال و دەشتی نەینەوا چەند پرسیارێكمان ئاراستەی سەباح میر جاسم كەسایەتیی ناسراوی كوردی ئێزیدی كرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
سووتاندنی دەنگی كوردانی ئێزیدی بۆ ئەوە بوو پارتی لە موسڵ پلەی یەكەم بەدەست نەهێنێت



* لەهەڵبژاردنەكانی عێراقدا دەنگێكی زۆری كوردانی ئێزیدی حیساب نەكرا، ئایا تاچەند گرنگە دووبارە ئەو دەنگانەی كوردانی ئێزیدی لە دەشتی نەینەوا و پارێزگای موسڵ هەژمار بكرێنەوە؟
- لە راستیدا ئەوەی لەگەڵ كوردانی ئێزیدی كرا، ناڕەوایەتییەكی دیكە بوو، واتە چۆن كوردانی ئێزیدی رووبەڕووی كارەسات بوونەوە، ئەوا ئەمجارەیان لە رووی سیاسییەوە كارەساتیان بەسەردا هات، كاتێك دەنگەكانیان هەژمار نەكران. ئەمەش برینێكی دیكە بوو كە رووی كردە ئێزیدیەكان و برینەكانی دیكەی قووڵتر كردنەوە. واتە لەبری ئەوەی قەرەبووی كارەساتی شنگال بكەنەوە، هاتوون دەنگەكانیان هەژمار نەكردوون و ئەمەش برینێكی دیكەی لە دڵی ئێزیدیەكان دروست كرد لەلایەن حكومەتی مەركەزییەوە. سووتاندنی دەنگی كوردانی ئێزدییش بۆ ئەوە بوو كە پارتی لە موسڵ پلەی یەكەم بەدەست نەهێنێت.
* سەرەڕای فەوتانی دەنگێكی زۆری كوردانی ئێزیدی كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەدەشتی نەینەوا دەنگێكی زۆریان بەدەستهێنا، ئایا ئەم سەركەوتنەی پارتی لەم ناوچەیە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- سەركەوتنەكانی پارتی نیشانەی ئەوەیە كە پارتی بە تەنیا لە بەرەی گەل بووە، داستانەكانی پردێ و مەحموودیە سەلماندیان كە پارتی بە تەنیا لە بەرەی گەلە و داكۆكی لە مافی كوردستانییان دەكات بە هەموو پێكهاتەكانە و خەڵكانی سەر بە هەموو ئایینەكان لە بەرەی پارتی شەهید بوون و بۆ سەربەخۆیی كوردستان خوێنیان تێكەڵ بە خاك بووە. ئەم دەنگدانەش بە پارتی بۆ ئەوە بوو كە ببێتە یەكەمین لایەن كە لە بەغدا و داكۆكی لە مافەكانی گەلی كوردستان بكات، واتە متمانەیان ئەوان بوو بە پارتی و لایەنێكی خەمخورتریان لە پارتی بەدی نەكرد بۆ ئەوەی ببێتە سەنگەری گەل لە بەغدا. پەنا بە خوا لە داهاتووشدا پارتی سەركەوتنی مەزنتریش تۆمار دەكات.
* دوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر و داگیركردنی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و دەشتی نەینەواو شنگال لەلایەن حەشدی شەعبی و سوپای عێراق، ئایا بارودۆخی ئەم ناوچانە چۆنەو ئاوارەكان توانییان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان؟
- لە سەرەتادا باس لەوە دەكرا كە هێزەكانی حەشدی شەعبی ئاسایش و ئارامی دەگەڕێننەوە بۆ ئەو ناوچانە كە ئەمانە لە چوارچێوەی موزایەداتی سیاسیدا بوون، چونكە ئەگەر خەڵكی ئەو ناوچانە متمانەیان بەو هێزانە هەبوایە، ئەوا دەگەڕانەوە بۆ سەر شوێن و ماڵ و حاڵی خۆیان. كەواتە سەرجەم پێكهاتەكانی ئەو ناوچانە دەڵێن تاوەكو پێشمەرگە نەگەڕێتەوە كەركووك و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەوا ئێمە هەست بە ئاسوودەیی ناكەین. كەواتە ئەگەر ئەو هێزانەی ئێستا لەو ناوچەیەن و بۆ خزمەتكردنی خەڵك هاتوون با ئاسایش و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵك دابین بكەن، چونكە ئەوەی تا ئێستا كردوویانە دروستكردنی ناكۆكی و ململانێ بووە. ئەگەر كوردی ئێزیدی بڕوا و متمانەی بەو هێزانە هەبوایە ئەوا ئێستا دەگەڕانەوە. ئەوە ماوەیەكی زۆرە سوپای عێراق لە شنگالە، ئەی بۆ خەڵكەكەی ناگەڕێتەوە؟ كەواتە ئەوەی لە شنگالدا هەیە سەقامگیری و ئارامی نییە. ئێستا شنگال لە ژێر هەڕەشەدایە. مەبەستم ئەوەیە ئەو هێزانەی ئێستا لە شنگالن هێزی داگیركاران، نەك هێزی پارێزگاریكردن لە شنگال.
* لە ئێستادا هەندێ لە چەكدارەكانی داعش دەستیان بە جموجووڵ كردۆتەوە، ئایا مەترسی ئەوە نییە كە بوونی بۆشایی ئەمنی لە ناوچەی شنگال ببێتەهۆی زیادبوونی كردەوە تیرۆریستییەكان لەو ناوچەیەدا؟
- لە راستیدا ئێستاش باری ئەمنیی شنگال سەقامگیر نییە و ئێستاش شنگال لەژێر هەڕەشەی كردەوە تیرۆریستییەكاندایە، بۆیە دەبێت دۆخی شنگال بگەڕێتەوە بۆ ڕەوشی پێشووی و خەڵكی شنگال بە ئاسوودەیی بگەڕێنەوە. راستە ئێستا باس لە جموجووڵی تیرۆریستان لە ناوچەی حەمرین دەكرێت، بەڵام ئەم مەترسییە لەسەر شنگالیش هەیە كە ناوچەیەكی ستراتیژیی سەر سنوورە و بگرە مەترسییەكی گەورە بەتایبەتی رووی لە شنگال كردووە.
* سەبارەت بە پەكەكە كە لە شنگالە و پێشتر لەو شارە دژایەتی حكومەتی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی دەكرد، كەچی ئێستا بەرامبەر تەعریبكردنی ئەم ناوچانەو حەشدی شەعبی بێدەنگە ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- هەر هێزێكی كوردستانی كە لەگەڵ سەربەخۆیی كوردستاندا بێت، ئێمە رێزیان لێدەگرین و هەر هێزێك هاوكار بێت بۆ سەقامگیركردنی كوردستان ئێمە بە چاوی برایەتی لێی دەڕوانین. ئەوانیش هاتن دەستی هاوكارییان بۆ برایانی ئێزیدی درێژ كرد، بەڵام ئێستا ئەركی ئەوان كۆتایی هاتووە و دەستخۆشییان لێدەكەین، با بڕۆن چالاكیی خۆیان لە باكووری كوردستان ئەنجام بدەن، چونكە ئێستا ئێزیدییەكان خۆیان هێزیان هەیە و دەتوانن جڵەوی بارودۆخەكەی خۆیان بكەن.
Top