مام هێرش جەباری ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك –گەرمیان بۆ گوڵان: دۆخی كەركووك خراپە و خەریكە داعش دەست بەسەر هەندێ ناوچەدا دەگرێت
July 12, 2018
دیمانەی تایبەت
ئەو بارودۆخە نائارام و ناسەقامگیرەی رووی لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە گەرمیان كردووە، تەنیا بە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان چارەسەر دەبێت هەتا سەقامگیری بە خۆیەوە ببینێت، بەتایبەتی دوای دەست پێ كردنەوەی جموجووڵەكانی تیرۆریستانی داعش و چۆڵكردنی گوندە كوردەكان، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم رەوشە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی هێرش جەباری (ناسراو بە مام هێرش) كردووە كە ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك –گەرمیانە و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.* لەدوای هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەی پەرلەمانی عێراق بارودۆخێكی دیكە لە كەركووك هاتۆتەپێشەوە و تا دێت ناسەقامگیری لەو شارەدا زیاتر دەبێت؛ ئایا ئەمە تا چەند دەرهاویشتەكانی كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەرە؟
- بە درێژایی مێژوو دۆخی كەركووك ماوەیەك باش بووە و سەردەمانێكیش خراپ بووە، چونكە جێگای چاوتێبڕینی دوژمنانی گەلەكەمان بووە. ئەگەر بۆ مێژووش بگەڕێنەوە ئەوا چەند شۆڕشێك كرانە قوربانیی كەركووك، بۆ نموونە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە رابەرایەتیي مەلا مستەفای بارزانی، كە جەنابی بارزانی كەركووكی بە دڵی كوردستان ناو بردووە، كەواتە ئێمە بەو ئەندازەیە گرنگی و بایەخ بە كەركووك دەدەین، ئێستاش ناسەقامگیرییەكی زۆر باڵی بەسەر بارودۆخی كەركووكدا كێشاوە. واتە كورد هەست بە نائارامییەكی زۆر دەكات لە كەركووكدا و داوای گەڕانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات، چونكە ئەو كاتەی ئێمە لە كەركووك بووین، رۆڵێكی ئیجابیمان بینیوە، هەرچەندە ئێمەش كەموكوڕیمان هەبووە، هەروەها لەگەڵ ئەوەی ئەو كاتە ململانێش هەبووە، بەڵام خەڵكەكە نائاسوودە و نائارام نەبووە، خەڵكی بە شێوەیەكی ئاسایی كار و كەسابەتی خۆی دەكرد. بەڵام لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە كە پارتی نەیویست تەسلیمی ئیرادەی هەندێ لایەن ببێت و لە شارەكە دووركەوتەوە، ئێستا دۆخی ئەو شارە خراپە و بگرە خەریكە داعش دەست بەسەر هەندێ ناوچەدا دەگرێت، لەبەر ئەوەی پێشمەرگەی لێنەماوە. واتە داعش لەو ناوچانە جموجووڵی هەیە كە پێشتر پێشمەرگەی لێ بووە و ئێستا دەستیان داوەتە كوشتن و رفاندنی خەڵك و ئەمەش نیشانەی نەبوونی ئارامی و ئەمنییەتە لەو ناوچانە.
* ئایا هیچ ئومێدێك هەیە بەم نزیكانە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بگەڕێتەوە ئەو سنوورانە و پارێزگاری لە هەموو پێكهاتەكان بكات، بۆ ئەوەی جارێكی دی خەڵكی كورد بە شێوازێكی دیكە ئاوارە نەبنەوە؟
- لە ئێستادا گفتوگۆیەك لە نێوان هێزەكانی هاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقدا هەیە بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە، ئەمریكاش پێی خۆشە پێشمەرگە بگەڕێتەوە، چونكە هەم هاوكارییەكە بۆ ئەوان و لە هەمان كاتدا هاوكارییشە بۆ پۆلیسی فیدڕاڵی و حكومەتی ئیتیحادی و بۆ سنوورەكەش، بەڵام ئەوەندەی من بزانم پارتی هیچ كاتێك نایەوێت ژیانی خەڵكی خۆی بفەوتێنێت و گیانی پێشمەرگە بە فیڕۆ بدات. مەبەستم ئەوەیە راستە پاراستنی كەركووك ئەركی سەرشانی هەموو لایەكمانە، بەڵام بەم شێوەیەی ئێستا نا، مەبەستم ئەوەیە ئەگەر زەمانەت هەبێت و ئەگەر رێككەوتنێكی یاسایی و دەستووریی زۆر باش بكرێت، ئەوا پارتی هیچ لاریی نییە بۆ گەڕانەوە، چونكە ئێمە هەموومان فیداكاری شاری كەركووكین.
* باسی دووبارە سەرهەڵدانەوەی تەعریب و داگیركردنی خاكی كوردستان دەكرێت، ئایا تەعریبكردنی ناوچە كوردنشینەكان ئەوەندە ترسناكە كە مەترسیی تێكچوونی پەیوەندی نێوان پێكهاتەكانی كەركووكی لێبكرێت؟
- لە راستیدا ئەو تەعریبەی لە ئێستادا دەكرێت خراپترە وەك لەوەی سەردەمی بەعسدا دەكرا، راستە راستەوخۆ داوای رۆیشتن لە خەڵكەكە ناكەن، بەڵام ئەگەر تۆ هەستت بە ئارامی ئاسایش نەكرد و شەو هەڵكوتنە سەر ماڵەكەت و كوڕەكەت بڕفێنن، ئەوا خۆت ناچار دەبیت ناوچەكەی بۆ چۆڵ بكەیت.
* هەندێ لایەن هەن لە كەركووك وەك بەرەی توركمانی دژی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستانن بۆ كەركووك، بۆچوونی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
- من پێموایە خەڵكانێك، یان دەوڵەتێك هەیە كە پشتیوانییان دەكەن و هاوكاریانن، هەروەها ئەوەی تێبینیش دەكرێت، ئەوەیە كە ئەوان زیاتر موشاغەبە دروست دەكەن، هۆكارەكەش ئەوەیە كە تا راددەیەك گۆڕەپانەكە بۆ ئەوان چۆڵ بووە، ئێستا پارتی لەو شارەدا نەماوە، ئەمەش نەك لەبەر ئەوەی پارتی سەركوتكاری دەكرد، بەڵكو پارتی شوێنكەوتووی سیاسەتی حەكیمانەی جەنابی سەرۆك بووە كە رێگەی نەداوە لە كەركووكدا كێشە دروست ببێت.
* ئەگەر ئێمە بڕوانین، دەبینین ئەوا زیاتر بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووكدا دەستی بەسەردا گیراوە، تا كار گەیشتە ئەوەی پارتی بەشداری هەڵبژاردنەكانی ئەو شارە نەكات، پرسیارەكە ئەوەیە هۆكاری ئەمە چییە و ئایا مانای ئئەوەیە ئەگەر بتەوێت دژایەتی گەلی كوردستان بكەیت، دەبێت دژایەتی پارتی بكەیت؟
- ئەوەی پەیوەست بێت بە بەشدارینەكردن لە هەڵبژاردنەكان ئەوا پارتی لە روانگەی نەتەوەییەوە لەم مەسەلەیەی روانی و نەویست شەرعییەت بە داگیركاری بدرێت، ئەوەی پەیوەندی بە بارەگاكانیشەوە هەبێت، ئەوا پێمانوایە دەكرێت ئەم پرسە لە رێی رێككەوتن و گفتوگۆوە چارەسەر بكرێت. دواتر هەمیشە پارتی قوربانیداوە بۆ ئەوەی رێككەوتنی باش و دەستكەوتی باش بەدەست بهێنرێت بۆ گەلی كوردستان و فیداركار بووە لە پێناوی پێشخستنی كوردستان.