عیرفان كەركووكی سەرۆكی پارتی گەلی توركمانی بۆ گوڵان: لەئێستادا كەركووك داگیركراوە و دۆخی ئەمنی و كۆمەڵایەتیی شارەكە بەرەو خراپتر دەڕوات و خزمەتگوزارییش نییە

عیرفان كەركووكی  سەرۆكی پارتی گەلی توركمانی بۆ گوڵان:  لەئێستادا كەركووك  داگیركراوە و دۆخی ئەمنی و كۆمەڵایەتیی شارەكە بەرەو خراپتر دەڕوات و خزمەتگوزارییش نییە
لە دوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر دۆخی كەركووك ئارامی بەخۆیەوە نەبینیوەو ئەو شارە كەوتۆتە ژێر دەسەڵاتێكی داگیركەری عەسكەرتاریەتەوە، تەنانەت ئەو بۆشاییە ئەمنییەی كە پەیدابووە، وایكردووە كارە تیرۆریستیەكانی داعش روو لە زیادبوون بكات، بۆ قسەكردن لەسەر پرسی كەركووك و چۆنیەتی ئاساییبوونەوەی دۆخەكە، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی عیرفان كەركووكی سەرۆكی پارتی گەلی توركمانی و ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك كرد، لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.
* بارودۆخی ئەمنیی كەركووك تا دێت روو لەخراپتر دەكات، ئایا ئەمە دەرهاویشتە خراپەكانی دوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەرە كە وایكردووە ئەم دۆخە ئاسایی نەبێتەوە و مەترسی كەوتنەوەی نائارامیی زیاتری لێبكرێت؟
- ئاشكرایە كە لە رۆژی 16ی ئۆكتۆبەرەوە تاوەكو ئێستا دۆخی ئەمنی و سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئیداری لە كەركووك زۆر خراپە، خەڵكێكی زۆر ئاوارە بووە لە شاری كەركووك، ئێستاش ترس و دڵەڕاوكێ باڵی بەسەر خەڵكدا كێشاوە. ئێمەش وەكو پارتی گەلی توركمان بارەگاكانمان و تەنانەت ماڵ و حاڵمان تاڵان كراون و تا ئێستاش لەلایەن حەشدی شەعبیەوە داگیركراون و تا ئەم ساتەوەختەش بزووتنەوەی «ئەل نوجەبا» و «عصائب اهل الحق» و «حزبوڵا» لە ناو بارەگا و خانووەكانی ئێمەدان. هەروەها بارەگای حزبە كوردستانییەكانیش داگیركراوە. كەواتە شاری كەركووك لە كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە تاوەكو ئێستا داگیركراوە، ئێستاش خەڵكەكە نیگەرانە و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە ناو كەركووك جموجووڵیان هەیە. هەروەها من دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم، كە هەندێ كەسی نێو بەرەی توركمانیش لە كەركووك دەیەوێت بارودۆخەكە بۆ خۆی بقۆزێتەوە، بۆ ئەوەی ژیانی كۆمەڵایەتی نێو نەتەوەكانی شارەكە بەرەو خراپی بڕوات، ئەمەش خزمەت بە شاری كەركووك، وەك شاری برایەتی و پێكەوەژیان، ناكات.
* ئەی چۆن لە جموجووڵەكانی ئەم دواییەی داعش دەڕوانن لە دەوروبەری شاری كەركووك؟ ئایا سەرهەڵدانەوەی داعش و ئەو كارە تیرۆریستییانەی لێرەو لەوێ ئەنجامی دەدەن، ئەوەندە مەترسی هەیە كە ببێتە هۆكاری نیگەرانییەكی زۆری جەماوەری و بگرە دووبارە ئاوارەبوونی خەڵكی زۆر لە گوندەكانی پارێزگاكە؟
- لە راستیدا سەرەڕای ئەو بارودۆخە خراپەی پێشتر ئاماژەم پێكرد، ئەوا لەم چەند هەفتەیەدا داعش لە گوندەكانی كەركووك لە دەوروبەری سەرایی و حەفت تەغار جموجووڵی هەبووە و ئەوەتا كاكەییەكان ناچارن ناوچەكانیان جێبهێڵن، چونكە داعش دەستی كردووە بە رفاندنی خەڵكی گوندەكان و تەنانەت كوشتنیان، ئەمەش نیگەرانی لای خەڵكەكە دروست كردووە. دواتر من دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە دوای ئەوەی پۆلیسی فیدڕاڵی لە دەوروبەری داقوق كشانەوە و بۆشاییەكی ئەمنی گەورەیان لەو ناوچانە دروست كرد، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی خەڵكانی ئەو گوند و ناوچانە لە ترسی هەڕەشەی داعش شوێنەكانیان جێبهڵێن. تەنانەت ئێستاش خەڵكی كەركووك بە كورد و عەرەب و توركمانەوە هەستی ترس و نیگەرانی و دڵەڕاوكێیان لێ نیشتووە، چونكە دەڵێن داعش لەو ناوانە دەستی داوەتە كوشتن و هەڕەشەكردن و رفاندنی خەڵك، واتە خەڵك لە ناو كەركووكیشدا لە مەترسی گەورەدا دەژی. هەروەها حكومەتی ئیتحادییش نەیتوانیوە لە دوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر تاوەكو ئێستا ئەو بۆشاییە ئەمنییە پڕبكاتەوە. ئەمە لە كاتێكدا هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ساڵی 2014وە و پێشتریش بە تۆكمەیی ئاسایشی ئەو ناوچانەی دەپاراست، بە ئاسایشی تێكڕای پێكهاتەكانەوە و خەڵكی هەستی بە ئەمان دەكرد و كاروباری ئیداری بە باشی بەڕێوە دەچوو، پارێزگا كاروبارەكانی خۆی ڕایی دەكرد و هەماهەنگیەكی باش هەبووە. بەڵام لە ئێستادا هەروەك ئاماژەم پێكرد، شاری كەركووك داگیركراوە و خەڵكەكە نیگەران و ناڕەحەتن و دۆخی ئەمنی و كۆمەڵایەتی بەرەو خراپتر دەڕوات و خزمەتگوزاری و كارەباش نییە.
* بەڵام لەئێستادا كە باسی دۆخی نائارامیی كەركووك دەكەیت، كەسانێك هەیە ئێوە تۆمەتبار دەكات بەوەی شارەكەتان بەجێهێشتووەو گوایە شاری كەركووك ئارامەو پێویستە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك كە خۆیشت ئەندامی لەو ئەنجومەنەدا بگەڕێنەوە ناو شارەكە، ئایا ئومێد هەیە بەم نزیكانە ئەنجومەنەكە و ئاوارەكان و ئێوەش بۆ كەركووك بگەڕێنەوە؟
- منیش گوێبستی ئەم قسانە بووم كە گوایە شار ئارامە و پێویستە ئەنجومەنەكە بگەڕێتەوەو كۆبووەكانی خۆیان ئەنجام بدەن؛ من وەكو سەرۆكی پارتی گەلی توركمانی و ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك لە دوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە كەركووكمان جێهێشتووە، لەبەرچی؟ لەبەر ئەوەی ئەمنییەت لەم شارەدا نەماوە. واتە ئەگەر نەتوانرێت پارێزگاریت لێبكرێت، وەك ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای شارەكە و وەك هاووڵاتیەكیش، ئەوا چۆن دەتوانیت بگەڕێیتەوە و كاروبارەی ئیداری راپەڕێنێت و بچیتەوە و دەوام بكەیت لە بارەگای ئەنجومەنی پارێزگادا؟
* باشە چارەسەر چییە و دەبێت چی بكرێت؟
- لە راستیدا دەبێت شەرعییەت بگەڕێتەوە بۆ كەركووك و بارودۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە و ئەو كاتەش ئێمە دەتوانین بڵێین بەڵێ ئاسایشی ئێمە پارێزراوە، هەرچەندە ئەوە داواكاری ئێمەیە، ئەگەر حكومەتی ئیتیحادییش دەڵێت ئاسایشی ئێوە دەپارێزم، ئەوا دەبێت سەرەتا هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بكات بۆ گەڕاندنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
* ئەی هیچ هەوڵێك لەم رووەوە هەیە؟
- ئێستا هاوپەیمانان لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و ئاسایشی كوردستان بگەڕێنەوە نێو شاری كەركووك. ئێمەش وەك پارتی گەلی توركمان و جەماوەرەكەمان داواكاری گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكەین، ئەویش بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی ئیتیحادی و هاوپەیمانەكان بۆ ئەوەی بتوانرێت ئاسایشی كەركووك بپارێزرێت بە سەرجەم پێكهاتەكانیەوە. هەر لەم روانگەیەشەوە پڕۆگرام و تێڕوانینی ئێمە لە حزبی گەلی توركمانی ئەوەیە پشتیوانی هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەین و باوەڕمان وایە پاراستنی ئاسایشی شاری كەركووك بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەپارێزرێت، چونكە سەلماندی كە داكۆكیكار و بەرگریكاری گیان و مافی هەموو نەتەوەكانە، لەبەر ئەوە ئێمە ئەمە بە بەرنامەی خۆمانی دەزانین و پشتگیریش لەم هەنگاوە دەكەین، چونكە ئێمە دەزانین ژیانی نەتەوەكەمان لە سایەی هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا دەپارێزرێت. تەنانەت ئەگەر هێزی پێشمەرگە نەبوایە، ئەوا شاری كەركووكیش هەمان چارەنووسی شاری موسڵی دەبوو، بەڵام پێشمەرگەی ئەو شارەی بە سەرجەم پێكهاتەكانەوە پاراست و خەڵكیش تا رۆژی 16ی ئۆكتۆبەر لە خۆشگوزەرانی و ئارامیدا دەژیا. ئێستاش دۆخێك دروست بووە هەندێ لایەن دەیانەوێت بۆ بەرژەوەندی خۆیان ئاراستەی بكەن، ئەمە لە كاتێكدا كەركووك پێویستی بە تەوافوق و بە پێكەوەژیان و شەراكەت هەیە. لەم روانگەیەوە ئێمە پێمان وایە دەبێت گۆڕانكاریی سیاسی لە كەركووكدا بكرێت، چونكە ئێستا تاكلایەنە ئەو شارە حوكمڕانی دەكرێت و هەندێ لایەنە شۆڤێنی كار بۆ ئەوە دەكەن ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك نەگەڕێتەوە و تەنانەت ئێستا تەعریب لە كەركووك بەردەوامە و پارێزگاری بە وەكالەتی ئەم شارەش سەدان خێزانی لە خواروی عێراقەوە هێناوە و لە شارەكەدا نیشتەجێی كردوون و فۆرمی خۆراكی بۆ گواستۆنەتەوە بۆ كەركووك، كە بە راستی ئەمە تەعریبە. دواتر ئێمە پرسیار دەكەین بۆچی بەرەی توركمانی بێدەنگە لە ئاست ئەم تەعریبەی دەكرێت؟ بە تایبەتی كە ئێستا 20 هەزار دۆنم لە ناوچە گوندنشینە توركمانییەكان بەر تەعریب كەوتن لە ماوەی حوكمڕانی دیكتاتۆریەتی بەعسدا و لە خاوەنەكانیان زەوت كرا كە توركمان بوون و تا ئێستاش ئەو توركمانانە نەگەڕاونەتەوە، ئەی بۆ ئەو كاتەی دەسەڵاتی ئیداری كوردی لە كەركووك بوو، گلەیی دەكرد و خۆپیشاندانی دەكرد، ئەی ئێستا كە كوشتن و رفاندن هەیە لە كەركووك و دەسەڵاتی ئیداری تاكلایەنانە تەعریب دەكات، بۆچی بەرەی توركمانی بێدەنگە؟ بە راستی ئەم بێدەنگبوونەش نیشانەی پرسیاری لەسەرە.
* دووبارە حیسابكردنەوەی دەنگەكانی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەشێوەی دەستی تاچەند پرۆسەی سیاسی دوادەخات، بەتایبەتی دوای تەواوبوونی تەمەنی پەرلەمانی عێراق؟ ئایا ئەم دواخستنە تاچەند كاریگەریی لەسەر چارەسەریی دۆخی كەركووك دەبێت؟
- ئاشكرایە كە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق دۆخێكی وا هاتە پێشەوە كە حزب و لایەنە سیاسییەكان كە بەشدار بوون لە پرۆسەی هەڵبژاردن گلەیی و ناڕەزایەتی ئەوەیان هەبوو كە لە هەندێ وێستگە و لە هەندێ شوێن گرفت و حاڵەتی ساختەكاری هەبووە، ئەوەش روونە كە لە هەموو جیهان لە دوای هەڵبژاردنەكان ئەم حاڵەتانە دروست دەبن. ئەوە بوو دادگای فیدڕاڵی بڕیاری دا لەو وێستگانەی دەنگدان كە سكاڵا و تانەی لەسەرە دەنگەكان بە دەست هەژمار بكرێنەوە. ئا لێرەدا هەندێك لایەن دەیانەوێت دۆخەكە بقۆزنەوە، بەتایبەتی ئەوانەی دەنگێكی زۆریان بەدەست نەهێناوە و رێژەیەكی خراپیان بەدەست هێناوە، ئەم لایەنە سیاسییانە دەیانەوێت موزایەدەی سیاسی بكەن و پەرلەمان بۆ چەند مانگێك بۆ خۆیان درێژ بكەنەوە، ئەمە لایەنە دۆڕاوەكانن و دەیانەوێت بارودۆخەكە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بقۆزنەوە. ئەمەش خزمەت بە هیچ شتێك ناكات. بەڵام ئێمە لەگەڵ ئەوەداین شتەكان بە رەوتی یاسایی خۆیاندا بڕۆن و هاوسەنگییەكی راستەقینە دروست بێت. بەڵام بەداخەوە ئەوەی هەندێ كەس لەناو بەرەی توركمانی دەیكەن، بەتایبەتی حەسەن تۆران و ئەرشەد ساڵحی خزمەت بە گەلی توركمان ناكات. چونكە وا دیارە ئەوان دەیانەوێت بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ هەندێ لایەنی بەغدا رەوتی مەسەلەكان بە لایەكی دیكەدا ببەن، كە ئەمەش خزمەت بە پێكەوەژیان و ئاسایشی شارەكە ناكات. بۆ نموونە ئەو دوو كەسە لێدوانیان داوە و دەڵێن لەگەڵ ئەوە نین پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ كەركووك، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە كە لە كاتێدا لە چەند ساڵی رابردودا و لە سایەی دەسەڵاتی پێشمەرگەدا ئاسایشی ئەو كەسانە پارێزراو بوو، بۆچی ئێستا خۆیان لەم واقیعە بە دوور دەگرن. بۆیە من دەڵێم بەداخەوە ئەم كەسانە حەز بە برایەتی و پێكەوەژیان ناكەن و دەبێت بە خۆیاندا بچنەوە.
* باشە پێتوانییە چارەسەركردنی دۆخی كەركووك پێویستی بە بەشداری لایەنی سێیەم هەیە، وەك نەتەوە یەكگرتووەكان؟
ئێمە وەك پارتی گەلی توركمانی و منیش وەك سەرۆكی ئەو پارتە و ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك چاوپێكەوتنمان هەبووە لەگەڵ هاوپەیمانەكان و نەتەوە یەكگرتووەكان و یۆنامی و سەرجەم لایەنە نێودەوڵەتییەكان و داوامان كردووە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بگەڕێتەوە، چونكە ئێمە ئەزموونێكی باشمان هەیە لەگەڵ ئەم هێزەدا كە هێزێكی خۆبەخش و فیداكار و قارەمانە. كەواتە ئێمە لەگەڵ ئەوەداین كە هەماهەنگی بكرێت لەم رووەوە بۆ ئەوەی ئاسایش و شەرعییەت بگەڕێتەوە بۆ شارەكە. ئەو كاتەش لایەنە ساسییەكان بوونیان دەبێت لە كەركووك و كاروباری سیاسیی خۆیان ئەنجام دەدەن و ئێمەش وەك ئەنجومەنی پارێزگا دەتوانین كاروباری خۆمان رایی بكەین بە ئازادانە و بە شێوازێكی دیموكراتییانە، بەڵام ئێستا كە حاكمێكی عەسكەری دانراوە و شارەكە داگیركراوە، چۆن دەتوانین كاروباری سیاسیی خۆمان ئەنجام بدەین؟
Top