دكتۆر ئەردەڵان نورەدین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان: پارتی چاوەڕێی ئەوەیە لە هەژماركردنەوەی دەنگەكاندا بە دەست ژمارەی كورسییەكانی زیاد بكات

دكتۆر ئەردەڵان نورەدین  ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان:  پارتی چاوەڕێی ئەوەیە لە هەژماركردنەوەی دەنگەكاندا بە دەست ژمارەی كورسییەكانی زیاد بكات
رۆژی 21ی حوزەیرانی 2018 بۆ گەلی كوردستان و پێشمەرگە گرنگ بوو، دوای ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان توانی لە دادگای فیدڕاڵی تانەكەی سەربكەوێت كە بۆ رەتكردنەوەی ئەو بڕیارەی پەرلەمانی عێراق دابووی كە دەنگی پێشمەرگەی لە هەبژاردنەكانی عێراقدا هەڵوەشاندبووەوە. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسەو كاریگەریی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی لە هەژماركردنەوەی دەنگەكان بەشێوەی دەستی، گۆڤاری گوڵان ئەم دیمانەیەی لەگەڵ دكتۆر ئەردەڵان نورەدین لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی رێكخست و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
* گەڕانەوەی دەنگی پێشمەرگەی كوردستان تاچەند بۆ گەلی كوردستان گرنگە؟
- هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەشێكی گرنگی خەڵكی كوردستانە و ناكرێت دەنگەكانیان بەم شێوازە بفەوتێت، لەكاتێكدا بەپێی دەستوور هەموو هاووڵاتیەكی عێراق لە هەڵبژاردنەكاندا دەنگەكەی هەژمار دەكرێت، مادام كەموكوڕییەك نییە لەو كەسەی دەنگەكەی داوە. لێرەدا هیچ كەموكوڕییە لە دەنگدانی تاكەكانی پێشمەرگە نییە، بۆیە ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان پێداگریمان كرد لەسەر ئەوەی دەبێت دەنگی پێشمەرگە بگەڕێتەوە و خۆشبەختانە بڕیارەكەی دادگای ئیتیحادی لە بەرژەوەندیی پێشمەرگە بوو، كە دەنگەكانیان بە دەست هەژمار دەكرێتەوە، ئەگەر هاتوو هەژماركردنەوەی دەنگەكان دەستی پێكرد.
* چ لایەنێكی سیاسی لە كوردستاندا بەشداربوون لە هەڵوەشانەوەی دەنگەكانی پێشمەرگە؟ ئایا ئەمە شكاندنی شكۆ و پێگەی كورد نییە لە عێراقدا؟
- ئەو حزب و لایەنانەی كوردستان كە بەشداربوون لەو دانیشتنە تایبەتەی پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی دەنگەكانی پێشمەرگە لە هەڵبژاردنەكاندا هەڵبوەشێتەوە، دیارن و بە داخەوە هەندێكیان بە شانازییەوە باسی ئەو كارەیان دەكەن كە بەشدار بوون لە هەڵوەشانەوەی دەنگی پێشمەرگە. ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان و بەپێی ئەو زانیارییانەی هەمان بوو، بەشداریمان نەكردو یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش لەو كۆبوونەوەیە بەشداری نەكرد.
* تاچەند نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عێراق كاریان لەسەر گەڕانەوەی دەنگی كوردانی ئێزیدی كردووە، لەكاتێكدا لە دەشتی نەینەوا و پارێزگای موسڵ دەنگێكی زۆری كوردانی ئێزیدی هەژمار نەكراون؟
- وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان نەك تەنیا دەنگی كوردانی ئێزیدی، بەڵكو نامانەوێت دەنگی یەك كورد بفەوتێت، بە هەمانشێوە نامانەوێت دەنگی عەرەبیش بفەوتێت. هەموو هاووڵاتییەك لە عێراقدا مافی خۆیەتی بەشدار بێت لە هەڵبژاردنەكاندا و دەنگی خۆی بدات، بۆیە ئێمە لەگەڵ گەڕانەوەی دەنگی هەموو هاووڵاتییەكین لەسەرووشیانەوە برایان و خوشكانی كوردانی ئێزیدی كە تووشی چەندین كێشە و دەردەسەری بوون.
* پارتی دیموكراتی كوردستان پێش بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی بێ منەت بوو لە هەژماركردنەوەی دەنگەكان، ئایا ئەم بێ منەتییەی پارتی لە چییەوە هاتووە؟
- پارتی دیموكراتی كوردستان نەك تەنیا متمانەی بە دەنگەكانی خۆی هەیە، بەڵكو پێمانوایە چەندین كەموكوڕی هەیە لە هەژماركردنی ئەلكترۆنی بۆ دەنگەكانمان و پێمانوایە دەنگەكانی ئێمە زیاترە لەوەی كە هەژماركراوە، بەتایبەتی لە پارێزگای سلێمانی، لەبەر ئەوە ئێمە لەگەڵ ئەوەداین كە پێویستە بۆ چارەسەرێك بگەڕێین بۆ ئەوەی كێشەكان نەمێنن و متمانە لەنێوان حزب و لایەنە سیاسییەكان دروست بێت، بۆ ئەوەی دەنگەكان دەنگی راستەقینەی هەموو لایەنە سیاسییەكان بن.
* بەڵام هەژماركردنەوەی دەنگەكان بە دەست پرۆسەی سیاسی لە عێراق دوادەخات و رەنگە نائارامی و توندوتیژی لێ بكەوێتەوە و دامەزراندنی حكومەتی نوێی عێراق دوا بكەوێت؟
- ئێمەش لەبەر ئەم هۆكارە بوو كە پێمانوابوو ئەگەر هەندێك كەموكوڕی هەبێت، با ئەم خەلەلانە نەبێتە هۆی رێگری لە بەردەم دەست بەكار بوونی پەرلەمانی عێراق و دامەزراندنی حكومەتی نوێ بە زووترین كات، بەڵام بە داخەوە رێڕەوەكان بەم شێوازە ناڕۆن و بەرەو ئەوە دەڕۆن دەنگەكان بژمێردرێنەوە و بڕیاری دادگای فیدڕاڵیش هەر لەسەر ئەو بابەتە بوو. لەگەڵ ئەمەشدا ئێمە هیچ گلەیی و رەخنەمان نییە لە هەژماركردنەوەی دەنگەكان بە دەست، بگرە بەرگریش لەوە دەكەین كە دووبارە دەنگەكان هەژمار بكرێنەوە، بە مەرجێك ئەم پرۆسەیە بە زووترین كات ئەنجام بدرێت و متمانە لە نێوان لایەنە سیاسییەكان دروست بێت .
* مشتومڕی زۆر كرا لە سەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، ئایا تاچەند دەستوورییە و ئایا لە كاتی درێژنەكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بۆشایی یاسایی دروست نابێت، لە كاتێكدا پرۆسەی سیاسی بەم نزیكانە یەكلا نابێتەوە تاوەكو پەرلەمان دەست بەكار بێت و حكومەتی نوێی عێراق دامەزرێت؟
- وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ درێژكردنەوەی پەرلەمان تا ئەمڕۆ بەشداری دانیشتنەكە نەبووین، هاوكاریش نابین بۆ درێژكردنەوەی ماوەی تەمەنی پەرلەمان، بەڵكو لەگەڵ ئەوەداین بە زووترین كات دەنگەكان هەژمار بكرێنەوە و دەنگە راستەقینەكان ئاشكرا بكرێت و پەرلەمانی نوێی عێراق دەست بەكار بێت. لەلایەكی ترەوە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان سەرپێچییەكی دەستوورییە و بڕیارەكەی پێشووی دادگاش ئەوەی دەستنیشان كردووە كە نابێت تەمەنی پەرلەمان لە 4 ساڵ زیاتر بێت.
* هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن كە حكومەتی نوێی عێراق ئەگەرچی كورد و سوننەی تێدا دەبێت، بەڵام بە زۆرینە لیستە گەورەكانی شیعە تێیدا باڵادەست دەبن، پرسیار ئەوەیە لە حاڵەتی دامەزراندنی حكومەتێكی تائیفی تاچەند كورد لەو حكومەتەدا بە شێوەیەكی هاوبەشی مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت؟
- هەموو هەوڵەكان بۆ ئەوەیە حكومەتی داهاتووی عێراق حكومەتێكی تائیفی نەبێت و حكومەتێكی زۆرینەش نەبێت، بەڵكو حكومەتێكی ئیئتیلافی بێت و هەموو لایەنەكانی تێدا بێت، راستە لەسەرەتادا هەندێك ئاراستە دەركەوت بەوەی حكومەتێكی زۆرینەی شیعە دەبێت، بەڵام دواتر گەیشتنە ئەو باوەڕەی بەمشێوازە ناگەنە ئەو ئاستە، بۆیە ئێستا بەرەو ئەو ئاراستەیە دەچن كە هەموو لایەنەكان لە حكومەتی تازەدا بەشدار بن، هەرچۆنێك بێت پرۆسەكە دواخراوە بە هۆی كێشەی یەكلاكردنەوەی دەنگەكان و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ كۆمسیۆن، بۆیە تا ئێستا هاوپەیمانێتییەكان بۆ دامەزراندنی حكومەتی نوێی عێراق دیار نییە.
* تاچەند متمانەتان بەوە هەیە پەرلەمانی عێراق بە دەردی خولی پێشوو نابرێت و پەرلەمانێكی زۆرینەی شیعە دژی كورد ئاراستە ناكرێت؟
-لە سەرەتای دەستبەكاربوونی ئێمە لە پەرلەمانی عێراق لەسەرەتای 2014 دوچاری چەندین كێشەی گەورە بووین، پێش دەستبەكاربوونی ئێمەش بڕیاری مالیكی بە بڕینی بەشە بودجەی كوردستان و بودجەی پێشمەرگە دەرچووبوو، پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغداش رووی لە خراپی كردبوو، بەڵام دوای ئەو بڕیارانەی لە هەرێمی كوردستان دەرچوو، سەبارەت بە ریفراندۆم و سەربەخۆیی، وایكرد بەغدا بێتەوە سەرهێڵ و دووبارە بەغدا ناچار بوو پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی كوردستان ببەستێتەوە. ئومێد دەخوازم ئەم خولەی داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا خولێكی ئارام بێت و هەڤاڵانم لە كەشێكی ئارام و هێمندا كار بكەن و پەیوەندیەكانیان لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكان بەهێز و پتەو بێت، ئێمەش ئەگەر داوای یارمەتییان كرد، ئامادەی هەموو هاوكاری و پاڵپشتییەكی ئەوانین.
* ئەگەر گۆڕانكاری لە دەنگەكان رووی دا، تاچەند ئەمە كاریگەری لە سەر پرۆسەی سیاسی و دامەزراندنی حكومەتێكی ئیتلافی دەبێت؟ ئایا ئەمە دەبێتە هۆكاری سەقامگیریی پرۆسەكە؟
- ئەمە بەندە بە ئاستی گۆڕانكارییەكانەوە، ئایا ئاستی گۆڕانكارییەكە چەندە و ئایا تا چەند لایەنە سیاسییەكان ئامادەی قبووڵكردنیانن. چونكە ئەگەر گۆڕانكارییەكە لە ئاستێكی ماقووڵدا بوو، ئەوا هەموو لایەنە سیاسییەكان قبووڵی دەكەن و ئەگەر لەو ئاستەش دەرچوو، ئەوا بێگومان كێشە دروست دەبێت، ئەو كاتەش پێویستە متمانە بگەڕێتەوە بۆ نێو لایەنە سیاسییەكان و پێویستە لە رێی پەیوەندییەكانیانەوە ئەو دۆخە ئارام بكەنەوە.
* لەم خولەی پەرلەمانیشدا نەتوانرا كار لەسەر جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور بكرێت بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، ئایا هیچ ئومێدێك بەوە هەیە لە سایەی پەرلەمان و حكومەتێكی زۆرینەی عەرەبی شیعە و سوننە ئەم دۆسێیە وەكو هاوبەشێكی سەرەكیی كورد لە عێراقدا چارەسەر بكرێت؟
- تا ئێستا بەو شێوازە كار بۆ چارەسەركردنی نەكراوە، چونكە كێشەی دیكە هاتنەپێشەوە كە پێویستیان بە چارەسەری بەپەلە هەبوو، بۆ نموونە كێشەی بودجە و هێزەكانی پێشمەرگە و مەشق پێكردنیان و پڕ چەككردنیان، هەروەها چەندین كێشەی دیكە دروست بوون لە نێوان هەرێم و بەغدا، كە بوونەهۆی ئەوەی تا راددەیەك چاوپۆشییەك لە ماددەی 140 و ناوچە دابڕێنراوەكان بكرێت. لەگەڵ ئەوەشدا هەر لەبیر نەكراوە و هەر هەوڵی بۆ دراوە و بە بەردەوامی كارمان لەسەر كردووە، بەڵام نەمانتوانی بەغدا بەوە رازی بكەین كە بە زووترین كات سەرژمێری بكات و ماددەی 140 جێبەجێی بكات، ئەمانە كەموكوڕییەكانن و هۆكارەكەش بۆ دروستبوونی كێشەی نوێ و رۆژانەی نێوان هەرێم و بەغدا دەگەڕێتەوە كە وای كردووە ئەو كێشە كۆنانە تا راددەیەك فەرامۆش بكرێن، بۆ ئەوەی لە كاتێكی گونجاوتر دووبارە قسەیان لەبارەوە بكرێتەوە.
* بەڵام لە ئێستادا پارتی دیموكراتی كوردستان لە چوونە ناو هەر هاوپەیمانییەك پرسی كەركووك و ماددەی 140ی لە ریزبەندی ئامانجەكانیدا داناوە، ئایا دەكرێت جێبەجێكردنی ئەم ماددەیە بكرێتە پێشمەرجی هەر هاوپەیمانێتیەك كە كورد تێیدا بەشدار دەبێت؟
- بێگومان هەر كاتێك حكومەت دروست دەبێت، بەرنامەی خۆی دەبێت و ئێمە دەبێت هەوڵی ئەوە بدەین ئەو بابەتانەی گرنگن بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان، لە پێشەوەی هەموویان جێبەجێكردنی ماددەی 140 لە ماوەیەكی دیاریكراودا، ببنە خاڵێكی بەرنامەی حكومەتی داهاتوو و بگرە بیكەینە مەرجی هاوپەیمانێتی لەگەڵ هەر لایەنێكی سیاسی، كە دەبێت بۆ ئەم مەبەستە كورد یەكدەنگ و یەك داواكار بێت. بە پێچەوانەوە ئەم پرسانە زیاتر دوا دەخرێن.
Top