راجەوی ئەساد تایبەتمەندی كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست: ئەگەر وڵاتانی ئەوروپاش لە رێككەوتنەكەدا بمێننەوە ئەوا رەنگە بانك و كۆمپانیا ئەوروپییەكان نەتوانن لە ئێراندا كار بكەن
June 27, 2018
دیمانەی تایبەت
راجەوی ئەساد پڕۆفیسۆرە لە سكوڵی هەمفری بۆ كاروبارە گشتییەكان لە زانكۆی مینۆسێتا، شارەزا و تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگە، وەك پەرەپێدانی ئابووریی نێودەوڵەتی، ئابووری و سیاسەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسیارێكی ئاراستە كرد كە تەوەرەكانی پەیوەست بوون بە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ترەمپ بە شێوەیەكی گشتی و سیاسەتی ئەم ئیدارەیە لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەكی تایبەتی، ئەویش بەم شێوەیەی خوارەوە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.* بە شێوەیەكی گشتی چۆن لە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك ترەمپ دەڕوانیت؟
- ئاشكرایە كە سیاسەتی دەرەوەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لەسەر بنەمای ئەو پرەنسیپە بنیادنراوە كە دەڵێت: «دەبێت ئەولەوییەتی یەكەم ئەمریكا بێت.» ئەمەش بە مانای ئەوە دێت كە دەبێت لە مەودای كورتدا بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا بەدی بهێنرێت و باشترین رێككەوتن لە مەودای نزیكدا بۆ بەرژەوەندیی ئەمریكا بكرێت.
* ئایا تا ئێستا سەركەوتوو بووە لە پیادەكردنی ئەم سیاسەتە و لە بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی كە لە وەڵامەكەتدا ئاماژەت پێكرد؟
- نەخێر.
* بەڵام ئایا هۆكار و رێگرەكان چی بوون بۆ ئەوەی سەركەوتوو نەبێت؟
- ئاشكرایە كە سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەكانی خۆی داڕێژدراوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی كە سەرجەم وڵاتانی دیكەش لە هەوڵی بەدیهێنانی بەرژەوەندییەكانی تایبەت بە خۆیاندا بن لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا، ئەمەش بە واتای ئەوە دێت كە بوار و مەودای هاوكاریكردن لەگەڵ ترەمپدا بچووك دەبێتەوە.
* كەواتە هاوڕایت لەسەر ئەوە كە ئیدارەی ترەمپ پتر رێچكەیەكی گۆشەگیرانەی پیادە كردووە لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا؟
- نەخێر، پێموانییە رێچكەیەكی گۆشەگیرانەی گرتبێتەبەر، بەڵكو مەسەلەكە ئەوەیە كە ئەو هەوڵ دەدات سوود لە پێگەی زاڵ و باڵادەستیی ئەمریكا لە ئابووریی جیهاندا وەربگرێت.
* بەڵام ئێمە گوێمان لەوە بوو كە چەند جارێك ترەمپ ئەوەی دووپات كردەوە كە وڵاتانی دیكە و هاوپەیمانەكانی ئەمریكا سوودمەند بوون لە هەوڵەكانی ئەمریكا بەبێ ئەوەی ئەركی سەرشانی خۆیان ئەدا بكەن؟
- ئەمە بانگەشەی ترەمپە، چونكە من پێموایە ترەمپ دەیەوێت گفتوگۆ بكات بۆ ئەنجامدانی رێككەوتنی باشتر لەگەڵ وڵاتاندا كە بە تێڕوانینی خۆی پتر لە بەرژەوەندی ئەمریكا بێت، بەڵام گرفتەكە ئەوەیە وڵاتانی دیكە پاڵنەری ئەوەیان نییە گفتوگۆ بكەن لەبارەی ئەم رێككەوتنە باشترەوە لەگەڵ ئەمریكا. ئەمە كارێكی مەترسیدارە، چونكە راستە رەنگە هەندێ جار رێككەوتنی باشتر بەدەست بهێنیت، بەڵام هەندێ جاریش ئەم ئامانجەی بۆ بەدی نایەت و دووچاری شەڕی بازرگانی دەبێت، یان دۆخەكە بە چەشنێك خراپ دەبێت كە لە بەرژەوەندی هیچ كەسدا نەبێت.
* وەك كەسێكی شارەزا لە بواری پەرەپێدانی چۆن لە سیاسەتی ترەمپ دەڕوانیت كە خۆی بە دوور دەگرێت لە پرسەكانی پەیوەست بە پەرەپێدانی دیموكراسی و بنیادنانی نەتەوە لە وڵاتانی دیكە؟
- لە راستیدا ئیدارەی ترەمپ تەنیا بایەخ بە هێنانەدی بەرژەوەندییە كورت مەوداكانی ئەمریكا دەدات، واتە هیچ مەسەلەیەكی درێژخایەن بە بەرژەوەندی وڵاتەكەی نازانێت. مەبەستم ئەوەیە كە ئیدارەكەی هەر سیاسەت و بڕیارێك بدات، ئەوا لە پێناو هێنانەدی بەرژەوەندی كورت مەودای ئەمریكایە، ئیدی لە بواری بازرگانی بێت، یان بواری ئەمنی.
* پێتوایە پێویستە ئەمریكا سیاسەتی پەرەپێدانی دیموكراسی بگرێتەبەر لە وڵاتانی دیكەدا؟
- مەسەلەكە پەیوەندی بە تێڕوانینی منەوە نییە، بەڵكو مەسەلەكە پەیوەستە بە تێڕوانینی ئیدارەكەی ترەمپەوە، هەرچۆنێك بێت، من متمانەی ئەوەی پێناكەم كە كار لەسەر پەرەپێدانی دیموكراسی بكات.
* ئەی چۆن لە سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەڕوانیت؟
- بە بۆچونی من ئیدارەی ترەمپ زیاتر لە هەر وڵاتێكی دیكەی عەرەبی لە ناوچەكە پشتیوانی لە ئیسڕائیل دەكات، واتە سیاسەتی ئەم ئیدارەیە پاڵپشتیكردنی هەر كارێكە كە ئیسڕائیل ئەنجامی دەدات. بە گوزارشتێكی دیكە لە هەموو حاڵەتەكاندا ئەمریكا پشتگیری ئیسڕائیل دەكات.
* ئەی پێتوانیە ئەم ئیدارەیە پتر سەركەوتوو بووە لە بەرەنگاربوونەوەی نەیارەكانی لە ناوچەكەدا، (وەك ئێران) بەتایبەتی لە دوای بڕیاری كشانەوەی لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا؟
- بە تێڕوانینی من ئەمە بڕیارێكی زۆر خراپ بوو، چونكە پێموایە ئەمە سەردەكێشێت بۆ دروستبوونی دۆخێكی خراپتر. هەروەها ئەم بڕیارە دەبێتەهۆی بەهێزكردنی پێگەی رادیكاڵەكانی نێو ئێران.
* ئایا پێشبینی ئەوە دەكەیت ئێرانیش لە رێككەوتنەكە بكشێتەوە؟
- لە راستیدا تا ئێستا ئێران پاڵنەر و هۆكاری ئەوەی هەیە كە پابەندبێت بە رێككەوتنەكەوە، چونكە ئەوەی بەدی دەكرێت وڵاتانی ئەوروپا هەوڵی رزگاركردنی رێككەوتنەكە دەدەن و ئێرانیش دەیەوێت ئەو وڵاتانە رازی بكات.
* پێتوایە هۆكاری ئەم بڕیارەی ترەمپ بۆ كشانەوەكە چی بوو؟ ئایا تەنیا بۆ ئەوە بوو بیسەلمێنێت كە ئەو بەڵێنەكانی سەروەختی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنەكان جێبەجێ دەكات، یاخود هۆكاری دیكە هەبوون؟
- من ناتوانم لەوە تێبگەم كە ترەمپ چۆن بیردەكاتەوە، یان بۆچی بەو شێوەیەی ئێستا بیردەكاتەوە، بەڵام دەزانم ئەمە بڕیارێكی هەڵەیە و ناشزانم بۆچی ئەو بڕیاری هەڵە دەدات.
* واتە ئەم بڕیارە دەبێتەهۆی دروستبوونی ناسەقامگیری و نادڵنیایی زیاتر؟
- بەڵێ، من تەواو هاوڕام لەگەڵ ئەمەدا.
* ئاماژەت بەوە كرد كە وڵاتانی ئەوروپا دەیانەوێت پابەند بن بە رێككەوتنەكەوە، ئایا ئەم هەڵوێستە جیاوازە نابێتەهۆی دروستبوونی ناكۆكی لە نێوان یەكێتی ئەوروپا و ئەمریكادا؟
- بەڵێ، بەداخەوە، ئەمە راستە، بەڵام كێشەكە ئەوەیە كە دۆناڵد ترەمپ ئەمەی بەلاوە گرنگ نییە. ئەوەتا ئەو ناكۆكی جددی هەبوو لەگەڵ (G7)، بەڵام ئەو گرنگی بەم مەسەلە نادات، چونكە پێیوایە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكای هێناوەتەدی.
* پێتوایە بە بێ ئەمریكا ئەم رێككەوتنە بەردەوام بێت؟ واتە ئایا وڵاتانی ئەوروپا دەتوانن رێككەوتنەكە لە هەڵوەشاندنەوە رزگار بكەن؟
- كێشەكە ئەوەیە كە بانك و كۆمپانیا ئەوروپییەكان نیگەرانی ئەوەیان هەیە نەتوانن كار لە ئەمریكا بكەن، ئەگەر بێتو درێژەیان بە كارەكانیاندا لە ئێراندا، واتە ئەگەر وڵاتانی ئەوروپاش بڕیار بدەن لە رێككەوتنەكەدا بمێننەوە، ئەوا رەنگە بانك و كۆمپانیا ئەوروپییەكان نەتوانن لە ئێراندا كار بكەن.
* ئەی پێشبینی ئەوە ناكەیت ئێرانیش لە رێككەوتنەكە بكشێتەوە و دەست بداتەوە پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی؟
- من پێشبینی ئەوە ناكەم ئێران دەست بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی بكاتەوە، تەنیا لەو كاتەدا نەبێت كە رێككەوتنەكەی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپیشدا كۆتایی پێ بێت.
* كەواتە دەكرێت رێككەوتنەكە بە بێ ئەمریكاش بەردەوام بێت؟
- من پێموایە ئەگەری ئەوە هەیە بەردەوام بێت، بەڵام ئەمە بەندە بەوەی ئایا وڵاتانی ئەوروپا دەتوانن كار بكەن لە ئێراندا، سەرەڕای سزا سەپێندراوەكانی ئەمریكا بەسەر ئەو وڵاتەدا.
* پێتوانییە ئەگەر ئەمریكا فشاری زیاتر بخاتەسەر ئێران، ئەوا ئێرانیش لە رێی وەكیلەكانیەوە لە عێراق و سووریادا پەنا بۆ كاری تۆڵەسەندنەوە ببات؟
- بەڵێ، ئەمە ئەگەرێكە، دواتر هەروەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد، ئەمە دەبێتەهۆی بەهێزكردنی پێگەی رادیكاڵەكان لە ئێراندا، لە دەرئەنجامدا ئەو رادیكاڵانەش هەوڵی ئەوە دەدەن، فشاری زیاتر بكەن لە وڵاتانی دیكەی ناوچەكەدا، ئیدی لە یەمەن بێت، یان لە سووریا، هەروەها كەمتر ئامادەی سازشكردن دەبن، واتە ئەمە دەبێتەهۆی تێكدانی هاوسەنگی لە ناوخۆی ئێراندا.
* ئایا پێتوانیە ئەمە سەربكێشێت بۆ هەڵكشانی زیاتری بارودۆخە و بگرە ئەگەری روودانی شەڕیشی لێبكەوێتەوە؟
- من ناتوانم لەم رووەوە پێشبینی بكەم.
* ئەی چۆن لە داواكەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ ئێران دەڕوانیت كە داوای ئەوەی كرد پێویستە سەرجەم هێزەكانی سەر بە ئێران لە سووریا بكشێنەوە؟
- بەڵام حكومەتی سووریا داوای مانەوەی ئەم هێزانەی كردووە، واتە تاوەكو لەلایەن حكومەتی سووریاوە پێشوازییان لێبكرێت، ئەوا هۆكارێك نییە بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە جێبهێڵن.
* ئەی چۆن لە رۆڵی رووسیا لە سووریا دەڕوانیت؟
- هەموو ئەمانە بەندن بەوەی چی لە سووریادا روودەدات، چونكە ئەگەر حكومەتی سووریا بتوانێت بە باشی كۆنتڕۆڵی دۆخەكە بكات، ئەوا رووسیاش دەكشێتەوە.
* هیچ چارەسەرێكی سیاسی لە سووریا بە بێ رووسیا سەر دەگرێت؟
- ئامانجی رووسیا ئەوەیە پێگەی حكومەتی سووریا هێندە بەهێز بێت، كە رێككەوتنێكی سیاسی بكرێت لەو وڵاتەدا كە لە بەرژەوەندیی حكومەتی ئێستای سووریا بێت.
* لە كۆتاییدا پێشبینییەكانت بۆ ئایندەی ئەم ناوچەیە چین؟
- من پێموایە دۆخەكە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تا راددەیەك وەك خۆی دەمێنێتەوە، واتە نە خراپتر دەبێت و نە بەرەوپێش دەچێت، واتە جۆرێك لە بە بنبەست گەیشتن هەیە كە دۆخێكی خراپ هەیە، بەڵام پێناچێت بەرەو خراپتر بچێت.