جەیكۆپ شاپیرۆ تایبەتمەندی زانستی سیاسی و كاروباری نێودەوڵەتی بۆ گوڵان: خراپترین سیناریۆ ئەوەیە كە دۆخی ناوچەكە بەرەو هەڵكشانی زیاتر بچێت

جەیكۆپ شاپیرۆ  تایبەتمەندی زانستی سیاسی و كاروباری نێودەوڵەتی بۆ گوڵان: خراپترین سیناریۆ ئەوەیە  كە دۆخی ناوچەكە بەرەو هەڵكشانی زیاتر بچێت
جەیكۆپ شاپیرۆ پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی و كاروبارە نێودەوڵەتییەكانە لە زانكۆی پرۆینستۆن. توێژەری بواری ناكۆكی، پەرەپێدانی سیاسی و ئابووری و سیاسەتی ئەمنییە. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامدا كە پەیوەست بوو بە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ترەمپ لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی دوای بڕیارەكەی بۆ كشانەوە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێراندا و ئەویش بەم شێوەیەی خوارەوە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
* چۆن لە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوانیت، بەتایبەتی دوای بڕیارەكەی ئیدارەی ترەمپ بۆ كشانەوە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێراندا و ئایا هۆكارە سەرەكییەكانی ئەم بڕیارە چی بوون؟
- هۆكارەكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەو و ژمارەیەك لە راوێژكارەكان ئەم رێككەوتنەیان بە رێككەوتنێكی خراپ دەزانی و پێیانوایە دەبێت كار لەسەر پێچەوانەكردنەوەی بڕیارەكانی ئیدارەی ئۆباما بكرێت. هەرچەندە من پاساوێكی تۆكمە بەدی ناكەم بۆ كشانەوە لەم رێككەوتنە.
* بەڵام باوەڕت وایە كە ئەم رێككەوتنە بەردەوام بێت لە دوای كشانەوەی ئەمریكا؟
- بەڵێ، من باوەڕم وایە بەردەوام دەبێت.
* ئەی ئەگەر وڵاتە ئەوروپییەكان پێداگری بكەن لەسەر پابەندبوون بەم رێككەوتنەوە، ئایا ئەمە دەبێتەهۆی دروستبوونی ناكۆكی لە نێوان یەكێتی ئەوروپا و ئیدارەی ئەمریكادا؟
- پێموایە لە ئێستادا چەندین هۆكار هەن بۆ دروستبونی ناكۆكی لە نێوان یەكێتی ئەوروپا و ئەمریكادا، ئەم بڕیارەی ئەمریكا بۆ كشانەوە لە رێككەوتنەكە و پێداگری یەكێتی ئەوروپا لەسەر پابەندبوون پێیەوە، یەكێكە لە هۆكارەكان، بە هەمان شێوە سیاسەتی بازرگانیی ئەمریكاش یەكێكی دیكەیە لە هۆكارەكان. كەواتە لە ئێستادا چەند پرسێك هەن كە ئەمریكا و ئەوروپا لە بارەیانەوە هاوڕا نین.
* بەڵام ئایا ئەم بڕیارەی ئەمریكا بۆ كشانەوەی یەكلایەنە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە چ دەرئەنجامێكی لێدەكەوێتەوە لەسەر ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟
- من پێموایە هۆكارێك دەبێت بۆ زیاتر ناســـــــــــەقامگیركــــردنی بـــــــــــارودۆخـــــــــــەكــــە.
* ئەی پێشبینی دەكەیت ئێران چ كاردانەوەیەكی هەبێت لەبەرامبەر ئەم بڕیارەدا؟ ئایا پێتوایە ئەویش لە رێككەوتنەكە دەكشێتەوە و دەست بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی دەكاتەوە؟
- نەخێر، من پێم وایە ئێران لە رێككەوتنەكەدا دەمێنێتەوە و پێوەی پابەند دەبێت، تا ئەو كاتەی وڵاتە ئەوروپیەكان پێوەی پابەند بن.
* ئەی پێتوایە ئیدارەی ئەمریكا تا چەند لە دڵنیاكردنەوەی دۆستەكانی و لە بەرەنگاربوونەوەی ركابەرەكانی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەركەوتوو بووە؟
- ئەوە راستە كە ئەمریكا توانیویەتی زیاتر پەرە بە پەیوەندییەكانی بدات لەگەڵ ئیسڕائیل و وڵاتی سعودیەدا، بەڵام پێموانییە لە بوارەكەی دیكەدا كە ئێوە لە پرسیارەكەتاندا ئاماژەی پێدەكەن، سەركەوتوو بووبێت.
* ئەی باوەڕت وانییە ئێران پەنا بباتە بەر ئاڵۆزكردنی دۆخەكە، بەتایبەتی لە هەردوو وڵاتی سووریا و عێراق كە خاوەنی دەستڕۆیشتوییەكی زۆرە لەم دوو وڵاتەدا؟
- ئەوەی من بەدی دەكەم، ئەوەیە كە بەرژەوەندیی ئێران لەوەدایە ئەو دۆخە هەنوكەییەی لە عێراق و سووریادا لە ئارادایە درێژە بكێشێت.
* ئەی پێشبینی ئەگەری شەڕ لە نێوان ئێران و ئیسڕائیل ناكەیت، بە تایبەتی لەسەر خاكی سووریادا؟
- نەخێر، دواتر من پێموایە ئیسڕائیل زیاتر هەوڵی ئەوە دەدات كارێك بكات كە ئەمریكا كردەوەیەك لە دژی ئێران بگرێتەبەر.
* ئایا پێشبینیت بۆ ئایندەی ئەم ناوچەیە چییە؟
- پێموایە باشترین سیناریۆ ئەوەیە كە ئێران پابەند بێت بە رێككەوتنەكەوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە ئەمریكا لێی كشاوەتەوە، خراپترین سیناریۆش ئەوەیە كە دۆخی ناوچەكە بەرەو هەڵكشانی زیاتر بچێت.
Top