موحسین سەعدون گەرگەری سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق: دادگای فیدڕاڵیی عێراق تانەكەی پارتی قبووڵ كرد و هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی پێشمەرگەی رەتكردەوە

موحسین سەعدون گەرگەری  سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق:  دادگای فیدڕاڵیی عێراق تانەكەی پارتی قبووڵ كرد و هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی پێشمەرگەی رەتكردەوە
رۆژی 21ی حوزەیرانی 2018 دادگای فیدڕاڵی هەڵوێستی خۆی بەرامبەر ئەو تانانە راگەیاند كە لەسەر یاسایەكی پەرلەمانی عێراق درابوون، سەبارەت بە هەڵوەشانەوەی دەنگدانی تایبەت و دەنگی پێشمەرگە لە هەرێمی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان تانەی لە یاساكە دا، دادگای تانەكەی قبووڵ كرد و هەڵوەشانەوەی دەنگدانی تایبەت و پێشمەرگەی رەتكردەوە، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە گرنگە ئەم وتووێژەمان لەگەڵ موحسین سەعدون گەرگەری- سەرۆكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق ئەنجامداو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* تا چەند گەڕانەوەی دەنگی پێشمەرگە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و بۆ هەرێمی كوردستان گرنگ بوو؟
- دادگای فیدڕاڵی سەیری سێ تانەی كرد كە لەلایەن سێ لایەنەوە پێشكەش كرابوو، تانەیەك لەلایەن سەرۆكی كۆمارو تانەیەكیش لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و تانەی سێیەمیش لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە پێشكەش كرابوو، دەربارەی دەنگدانی تایبەت كە پەیوەست بوو بە هێزەكانی پێشمەرگە، دوای ئەوەی دادگای فیدڕاڵی وردبینی بۆ ئەو تانانە ئەنجامدا، تانەكەی سەرۆك كۆمار و كۆمسیۆنی رەتكردەوە و لەبەرچاوی نەگرت، تەنیا تانەكەی پارتی دیموكراتی كوردستانی بەهەند هەڵگرت و دادگاكە بڕیاری دا كە نابێت دەنگدانی تایبەت و ئاوارەكان و دەنگدانی دەرەوە هەڵبوەشێندرێتەوە، بۆیە هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەنگانەی لەلایەن پەرلەمان بەوە لێكدایەوە كە پێچەوانەی دەستوورە، واتا پێچەوانەی ماددەی (14)و (20)ی دەستوورە، كە نابێ ئەو دەنگانە بەهەدەربچن و هەڵبوەشێندرێنەوە، بۆیە دادگای فیدڕاڵی بڕیاری دا كە دەنگدانی تایبەتی پێشمەرگە تەواو و راستە، دەكەوێتە ژێر میكانیزمی ژماردن و جیاكردنەوەی دەنگەكان كە هەموو عێراق دەگرێتەوە، بەڵام دەنگدانی پێشمەرگە مافی رەوای خۆیانە لەو هەڵبژاردنەی كە بۆ پەرلەمانی عێراق ئەنجامدرا.ئەم بڕیارە سەركەوتنێكی بەرچاو و گەورە بوو بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان كە ئەو تانەیەی پێشكەش بە دادگای فیدڕاڵی كردبوو، كە داوای كردبوو ئەو بڕیارەی پەرلەمانی عێراق هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوەش گرنگ بوو بۆ ئەوەی كە دەنگەكانی پێشمەرگە ساختەكاری تێدا نەكرابوو، لەبەر ئەوە زۆر گرنگ بوو، تەنانەت سەرۆك مسعود بارزانی كاتێ باڵیۆزی ئەمریكای بینی، پەیامێكی بۆ ئەمریكییەكان ناردو رایگەیاند «هەموو رێكارەكانی كۆمسیۆن، یان هیدیكە بۆ من گرنگ نین، ئەوەی گرنگە بەلای منەوە ئەوەیە كە دەنگی پێشمەرگە بەهەدەر نەچێت، چونكە ئەوان بەرگرییان لە عێراق و لە كوردستان كردووە، قبووڵیش ناكەم دەنگی خێوەتگاكانی ئێزیدی بفەوتێت.» بۆیە دادگای فیدڕاڵی بڕیاری دا كە ئەم دەنگانە دەمێننەوەو هەڵناوەشێندرێنەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا.
* بۆچی پەرلەمانی عێراق دەنگی پێشمەرگەی هەڵوەشاندەوە؟ ئایا لایەنە سیاسییەكانی كوردستان تا چەند هۆكاری ئەم كارە بوون؟
- هۆكارەكەی ئەوە بوو ئێمە وەك فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بایكۆتی دانیشتنەكەی پەرلەمانمان كردبوو، كاتێ دەنگیان لەسەر ئەم یاسایانە دا، زۆر بەداخەوە حزبە ناڕازییەكانی كورد لە بەغدا بوون و هانی پەرلەمانیان دا بۆ دۆزینەوەی ئەو بڕگەیەی تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی دەنگی پێشمەرگە، كە دەبووایە ئەمەیان قبووڵ نەكردایە، چونكە دەنگی پێشمەرگە بۆ هەمووان گرنگە، بۆیە پەرلەمان بە گوێی بیروبۆچوونی ئەو حزبانەی كرد كە لە هەڵبژاردنەكاندا دۆڕاو بوون، ئەو بڕگەیەیان زیادكرد كە بریتی بوو لە هەڵوەشاندنەوەی دەنگی پێشمەرگە.
* وەكو ئاماژەت پێدا، لەناو هەموو لایەنەكان تەنیا پارتی لەسەر دەنگی پێشمەرگە بەدەنگ هات، ئەمە چ سەروەرییەك بۆ پێشمەرگەو پارتی دیموكراتی كوردستان تۆماردەكات؟
- لەگەڵ رێزو پێزانینماندا بۆ هەموو نیشتمانپەروەرێكی دڵسۆز لە كوردستان، بەڵام هۆكارەكەی ئەوەیە كە لایەنی داكۆكیكار لە ماف و كەرامەت و ورەی پێشمەرگە پارتی دیموكراتی كوردستانە، هیچ كەموكوڕییەكیش بۆ ئەو هێزە قبووڵ ناكات، كە زیاتر لە 1700 شەهیدی دا لە شەڕی بەرگریی دژی داعش، بۆیە ئەمە دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە لە كوردستانی عێراق.
* ئاماژەت بە دەنگی كوردانی ئێزیدی كرد، لە موسڵ دەنگێكی زۆری ئەوان فەوتاوەو لەدەستدراوە و حسێب نەكراوە، ئایا ئەم جارە ئەگەر بەدەست بژمێردرێت، ئەو دەنگانە كە پێشتر حسێب نەكراون، دەچنە سەر دەنگەكان؟ تاچەند ئومێدی ئەوە هەیە كە دەنگی كورد لە دەشتی نەینەوا و موسڵ زیاد بكات؟
- ئێمە لە پارێزگای نەینەوادا وەك پارتی دیموكراتی كوردستان شەش كورسیمان بەدەستهێناو یەكێتیی نیشتمانی كوردستانیش یەك كورسی بەدەستهێناوە، پارتی لەو پارێزگایە لە زنجیرەی لیستی دووەمدا بوو، جیاوازیی نێوان كوتلەی پارتی دیموكراتی كوردستان و كوتلەی (نەسر)ی حەیدەر عەبادی یەك كورسی بوو، ئەوان هەشت كورسییان بەدەست هێناو ئێمەش حەوت، كێشەكە ئەوەیە خێوەتگای ئاوارەكانی ئێزیدی، كۆمسیۆن قبووڵی نەكرد كە هەڵبژاردنی تێدا بكرێت و هەڵیوەشاندنەوە، كاتێ دووبارەبكرێتەوە پێشبینی دەكەین ژمارەی كورسییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان زیادبكات، چونكە زۆر لە لایەنگرو هەوادارانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو خێوەتگایانەدان كە بە هەزاران دەخەمڵێنرێن، كە بەشداریی هەڵبژاردنیان نەكردووە، بۆیە ئەگەر دوای ژماردن و جیاكردنەوەو بڕیاری لیژنە جارێكی دیكە بچنەوە سەر سندووقەكانی هەڵبژاردن تاكو سەرژمێری بكرێن و زۆرینەش لە بەرژەوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستاندا دەبێت.
* پارتی جۆرێك لە بێمنەتی پێوە دیارە، تەنانەت دژی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی نەوەستاوە، واتا یەكێك لەو حزبانەیە پشتگیری لەوە دەكات كە دەنگەكان بەدەست یەكلا بكرێتەوە، ئەمە لە چییەوە هاتووە؟
- ئێمە رێز لە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دەگرین، كاتێ هێزە سیاسییەكانی عێراق رازین بە ژماردنەوە بە دەست، ئێمەش لاریمان نییە، بۆیە ئێمە دڵنیاین كە هیچ ساختەكارییەك ناكرێت لە دەنگەكان لە دهۆك و هەولێرو نەینەوا، بۆیە وەك كوتلەكانی دیكە ئێمەش پێی رازین.
* تاچەند دووبارەكردنەوەی دەنگەكان بە دەست، پرۆسەی سیاسی و چارەسەركردنی كێشەكان و پێكهێنانی حكومەت لە عێراق دوادەخات؟
- بە دڵنیاییەوە دوای ئەوەی ژماردنەوەی دەنگەكان بە سەرپەرشتیی دادوەرەكان دەستی پێكرد، ئەوا هەموو دیدارو گفتوگۆكان دوادەخرێن، رەنگە گۆڕانكاری لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بێتەئاراوە، هەموو لایەك چاوەڕوانی ئەوەیە جیاكردنەوەو ژماردنەوەی دەنگەكان لە ناوەندەكانی دەنگدان كۆتایی پێ بێت، دواتر ناوە دروستەكان لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە پەسنددەكرێن، ئینجا گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی رادەگەیەنرێت و گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی حكومەت دەست پێ دەكەن.
Top