كرەیگ دۆگڵاس ئەلبێرت پسپۆڕی زانستی سیاسی بۆ گوڵان: ئەمریكا و ئێران لەسەر رێڕەوی پێكدادانن
June 14, 2018
دیمانەی تایبەت
كرەیگ دۆگڵاس ئەلبێرت، پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە زانكۆی ئوگوستا. خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و سیاسەتی ئەمریكا. لە چەند بوارێكی بایەخداردا توێژینەوە ئەنجام دەدات، وەك ناكۆكیی ئیتنی و تیرۆریزم، كێشە تیولۆجی- سیاسییەكان و پەروەردەی زانستی سیاسی. بۆ تیشكخستنەسەر دەرئەنجامەكانی بڕیارەكەی ئەم دواییەی ترەمپ بۆ كشانەوە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێران و شرۆڤەكردنی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ترەمپ بەگشتی لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەتایبەتی و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامدا ئەویش بەم شێوەیەی خوارەوە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.* بە تێڕوانینی ئێوە گرنگترین و دژوارترین ئەو تەحەددییانە چین كە لە پەیوەندی بە سیاسیەتی دەرەوەی ئەمریكا رووبەڕووی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەبنەوە؟
- بە تێگەیشتنی من دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت ئەو پەیامە بە جیهان بگەیەنێت كە ئەو هێشتا خوازیاری ئەوەیە وڵاتەكەی ببێتە شەریك و هاوبەشێكی جیهانی، واتە لەسەر ئاستی جیهانی هاوكاری بكات، بەڵام لە هەمان كاتدا دەیەوێت بە راددەیەكی كەم ئاڵوگۆڕ لە سیاسەتی ئەمریكادا دروست بكات، بە چەشنێك ئەمریكا یەكەم ئەولەوییەتی وڵاتەكەی بێت. چونكە ئەمە ئاراستەی سەرەكیی سیاسەتی ئەمریكایە، كە دروشمەكەش بریتیە لە: «سەرەتا ئەمریكا». لەبەر ئەوە بە تێڕوانینی من سەرۆك دۆناڵد ترەمپ نایەوێت پاشەكشەی بكات لە جیهان و بەرەو گۆشەگیری هەنگاو هەڵبگرێت، وەك ئەوەی هەندێ كەس دەیخەنەڕوو، بەڵكو ئەوەی ئەو خوازیاریەتی ئەوەیە پێگەی ئەمریكا باشتر بێت بە بەراورد بە هێزەكانی دیكە لە جیهاندا. كەواتە ئەمە یەكێكە لە تەحەددییە سەرەكییەكان، واتە چۆنیەتی داڕشتنی گوتارێك كە تێیدا ئەمریكا ئەولەوییەتی یەكەم بێت. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئەو خوازیاری كاركردنە لەگەڵ ناتۆ، دەیەوێت كار لەگەڵ عێراقدا بكات، بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسیی داعش و ئێران و دۆخی سووریا.
* كەواتە دەكرێت بڵێین پاڵنەری زۆربەی بڕیارەكانی ترەمپ ئیعتیباراتە ناوخۆییەكانی وڵاتەكەیەتی؟
- بەڵێ، بە دڵنیاییەوە ئەمە تا راددەیەكی زۆر راستە، بەڵام ئەمە دابڕان نییە لە سیاسەتی سەرۆكەكانی پێش خۆی، چونكە سەرۆكەكانی پێشووش ویستوویانە كار لەسەر پرسێك بكەن، بۆ ئەوەی خەڵكی وڵاتەكەیان قەناعەت پێبكەن كە دووبارە متمانەی پێبكەنەوە، یان متمانە بە پارتەكەی بكەنەوە لە هەڵبژاردنەكاندا. لەگەڵ ئەوەشدا كار لەگەڵ هاوپەیمانە دەرەكییەكانی دەكات، مەبەستم ئەوەیە ئەمە سیاسەت و دیپلۆماسیەتێكی دوولایەنەیە، واتە لەلایەك كار لەسەر خەڵكی وڵاتەكەیان دەكەن و لە لایەكی دیكەشەوە لە بواری سیاسەتی نێودەوڵەتیدا كۆشش دەكەن.
* بەڵام لە سەرەتادا پێشبینی ئەوە دەكرا، دۆناڵد ترەمپ سیاسەتێكی گۆشەگیرانە پیادە بكات و لەبری خۆسەرقاڵكردن بە كێشە جیهانییەكانەوە، پتر تەركیز لەسەر ناوخۆیی وڵاتەكەی بكات؟
- من دەزانم هەندێ كەسی شارەزای بواری سیاسەتی دەرەوە ئەم بۆچوونەیان هەیە، بەڵام بە خوێندنەوەی من دۆناڵد ترەمپ بە ئاراستە و ئاقاری گۆشەگیریدا هەنگاو هەڵناگرێت، ئەگەر بەم شێوەیە كار بكات، ئەوا زیان بە ئەمریكا دەگەیەنێت، بەڵكو ئەو تەنیا دەیەوێت ئەمریكا بكاتە ئەولەوییەتی یەكەم.
* بەڵام دۆناڵد ترەمپ لە سەروەختی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنەوە، ئەوە دەخاتەڕوو كە چیتر ئەمریكا خۆی سەرقاڵ ناكات بە بنیادنانی نەتەوە و پەرەپێدانی دیموكراسییەوە، بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شیكردنەوەی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
- ئەوە راستە كە ترەمپ لە سەروەختی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا ئەمەی دووپات كردەوە، بەڵام ئەمە رەنگدانەوەی نەبووە لە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەكەیدا. بۆ نموونە لە ئەفغانستاندا ژمارەی هێزەكانی ئەمریكای لەو وڵاتەدا زیاد كرد، لە نێویاندا ئەركەكانی بنیادنانی نەتەوە. بە هەمان شێوە لە عێراقیشدا ژمارەی هێزەكانی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەكانی زیادكرد، لەگەڵ هاوكارییەكانی پەیوەست بە بنیادنانی نەتەوە و دەوڵەت و ژێرخانەوە. هەروەها ئەمریكا لە سووریادا بوونی هەیە. واتە راستە لە سەروەختی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنەكان ئاماژەی بەوە كرد كە پاشەكشە لەمانە دەكات، بەڵام ئەوەی بەدی دەكەین، گرتنەبەری سیاسەتێكی پێچەوانەوەیە بەو ئاماژەیە. لەگەڵ ئەوەشدا دەكرێت وێنای ئەوە بكەین كە ترەمپ بە تەواوەتی بكشێتەوە، ئەگەر هاتوو دۆخەكە بواری هەڵگرتنی هەنگاوێكی لەم چەشنەی دا، مەبەستم ئەوەیە ئەگەر هەلومەرجی عێراق و سووریا بەرەو سەقامگیری چوو. بە هەمان شێوە دەبێت ئێمە ئەوەمان لەبەرچاو بێت كە ئێستا جۆن بۆڵتۆن راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكایە، كە ئێران بە كێشەیەكی گەورە دەزانێت، لەم روانگەیەوە ئەوا گومان دەكرێت ئەمریكا بە راددەیەكی گەورە لە عێراق بكشێتەوە، چونكە ئەمریكا پێیوایە ئەگەر عێراق جێبهێڵێت، ئەوا ئێران باڵادەست دەبێت بەسەر ئەو وڵاتەدا، كە حاڵی حازر دەبینین، ئێران ئەم كارە لە رێی هەندێ گرووپەوە لە عێراقدا دەكات.
* ئەی پێتوایە سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چ كاریگەری و تێڕوانینێكی لای هاوپەیمان و ركابەرەكانی لە ناوچەكەدا دروست كردووە؟
- پێموایە ئیدارەی ترەمپ كارێكی زۆری كردووە بۆ دڵنیاكردنەوەی هاوپەیمانەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەتی سعودیە و ئیسڕائیل، كە هەنگاوی زەق لەم رووەوە گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا بوو لە تەل ئەبیبەوە بۆ قودس- كە ئەمەش پرسێكە ناكۆكییەكی زۆری لەسەرە-، ئەم بڕیارەش گرنگییەكی رەمزی هەبوو بۆ پەیوەندیەكانی ئەمریكا بە ئیسڕائیلەوە. بە هەمان شێوە یەكەم سەردانی بۆ سعودیە بۆ دووپاتكردنەوەی ئەوە بوو كە ئەمریكا پارێزگاری دەكات و درێژە بە هاوپەیمانێتییەكانی دەدات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لە هەمان كاتدا ئەمە پەیامێك بوو بۆ ركابەرەكانی لە ناوچەكەدا، بەتایبەتی بۆ ئێران كە ئەمریكا پشتیوانی سعودیە و ئیسڕائیل دەكات و هەر هێرشێك بۆ سەر ئەو دوو وڵاتە بە هێرشكردن بۆ سەر ئەمریكا لێكدەدرێتەوە. ئەمەش بەرپەرچدانەوەیەكی گەورە بوو لە دژی ئێران.
* ئایا پێتوایە بڕیاری كشانەوەی ترەمپ لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێراندا، هەنگاوێكی دیكەیە و هەر لەو چوارچێوەیەدا بووە؟
- من پێموایە هۆكار و پاڵنەری ئەم بڕیارە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ترەمپ متمانەی بەوە نییە كە ئەم رێككەوتنە رێگر بێت لەوەی ئێران پەرە بە توانا ئەتۆمییەكانی بدات، چونكە پێیوایە لە دوای تەواوبوونی ماوەی رێككەوتنە ئێران دەتوانێت لە ماوەی 6 مانگ بۆ ساڵێكدا پەرە بە توانا ئەتۆمییەكانی بدات، بە ئەندازەیەك كە بتوانێت چەكی ئەتۆمی دروست بكات. لەبەر ئەوە ترەمپ خوازیارە رێككەوتنێك لەگەڵ ئێراندا بكات، كە مەحاڵ بێت ئێران بتوانێت پەرە بە چەكی ئەتۆمی بدات. لەلایەكی دیكەوە ترەمپ پێیوایە ئەگەرچی ئێران لە روی رواڵەتییەوە پابەندە بە رێككەوتنەكەوە، بەڵام رۆحی رێككەوتنەكە پێشێل دەكات، واتە راستە رەنگە هەندێ كردەوەی ئێران رێگری لێنەكرابێت لەلایەن رێككەوتنەكەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دژ بە رۆحی هاوكاریكردنن، بۆ نموونە، پەرەپێدان و تاقیكردنەوەی هەندێ لە مووشەكە كیشوەربڕەكان، كە ئەگەرچی ئەمە بە روونی قەدەغە نەكراوە لە رێككەوتنەكەدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەن بەوەی ئێران پەرە بە تەكنەلۆژیای سەربازی دەدات و ئەمەش سەردەكێشێت بۆ پەرەپێدان بە تەكنەلۆژیای ئەتۆمی، مەبەستم ئەوەیە ترەمپ خوازیاری ئەوەیە ئێران ئەو كارانە نەكات – كە مەرج نییە پێشێلكردنی رێككەوتنە بن- كە دەبنەهۆی برەودان بە تەكنەلۆژیای سەربازی كە رەنگە دواتر سوودی لێوەربگیرێت و بەكار بهێنرێت لە بواری تەكنەلۆژیای ئەتۆمیدا، كاتێك ماوەی رێككەوتنەكە كۆتایی پێدێت.
* بەڵام چی روودەدات ئەگەر ئێرانیش بڕیاریدا لە رێككەوتنەكە بكشێتەوە و دووبارە دەست بە پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی بكاتەوە؟
- ئەمە پرسیارێكی باشە، من نازانم لەو كاتەدا ترەمپ چ بڕیارێك دەدات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێموانییە ئەمە لە بەرژەوەندی ئێراندا بێت، بەتایبەتی ئێران دەیەوێت خۆی لە سزا ئابورییەكان رزگار بكات و ئێستاش لایەنەكانی دیكەی رێككەوتنەكە داوا لە ئێران دەكەن كە نەكشێتەوە و پەرە بە توانا ئەتۆمییەكان نەدات، چونكە لەو كاتەدا ئەوانیش دەچنە پاڵ ئەمریكا بۆ سەپاندنەوەی سزاكان بەسەر ئێراندا. لە هەمان كاتدا ئێرانیش خوازیاری ئەوەیە لایەنەكانی دیكەی رێككەوتنەكە دەستبەرداری نەبن، چونكە ئەمە دەبێتە هۆی سووككردنی سزاكانی سەر وڵاتەكە، واتە رژێمی ئێرانیش لە درێژەپێدان بەم رێككەوتنەوە سوودمەندە. لەبەر ئەوە پێموانییە ئێران دەست بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی بكاتەوە، ئەگەرچی ئەمریكاش دەستەبەرداری بووە، چونكە ئەگەر دەست بەو پڕۆگرامە بكاتەوە، ئەوا لەو كاتەدا ترەمپ لەسەر بنەمای زانیارییە هەواڵگرییەكان بڕیار دەدات، واتە ئایا زانیارییە هەواڵگرییەكان پێمان دەڵێن، ئێران سەرقاڵی دروستكردنی چەكی ئەتۆمییە، یاخود توانا ئەتۆمییەكەی بۆ بواری وزە و ژێرخان بەكار دەهێنێت. من لەو باوەڕەدا نیم هیچ كەسێكی نێو ئیدارەكەی ترەمپ تەنیا لەسەر پێشێلكردنی رێككەوتنەكە خوازیاری شەڕ بێت لەگەڵ ئێراندا.
* باست لەوەكرد كە لایەنەكانی دیكەی رێككەوتنەكە دەیانەوێت درێژەی پێبدەن، بەتایبەتی وڵاتە ئەوروپییەكان، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەم هەڵوێستەی ئەوروپا چ كاریگەرییەكی لەسەر پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكادا دەبێت؟
- لە بواری سیاسەتی دەرەوە و ستراتیژیەتە گەورەكاندا دەبێت لە مەودای دوور بڕوانیت، واتە دەبێت لە شێوازە جێگیر و درێژخایەنەكانی سیاسەتكردنی وڵاتێك بڕوانیت، مەبەستم ئەوەیە كاتێك وڵاتێك سەركردەیەكی پێشبینی نەكراوی دەبێت، یاخود لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا بە شێوەیەكی ئاسایی هەڵسوكەوت ناكات، ئەوا وڵاتەكانی دیكە فەرامۆشی دەكەن و ئەمەش بە هەڵوێستێكی كاتی لەلایەن سەركردەیەكی كاتییەوە لێكدەدەنەوە. لەبەر ئەوە پێموانییە خواستی ئەوەی هەبێت زیان بە پەیوەندییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانە ئەوروپییەكانی لە ئارادا بێت، چونكە ئەمە وەك سیاسەتی ترەمپ لێكدەدرێتەوە، نەك وەك سیاسەتی ئەمریكا. كە ئەمە لێدوانی راوێژكاری ئەڵمانیا ئەنجێلا مێركل و سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا تێریزا مەی بوو، كە باسیان لەوە كرد، مەرج نییە سیاسەتی ترەمپ سیاسەتی درێژخایەنی ئەمریكا بێت، لەبەر ئەوە پێموایە ئەوان چاوەڕوانی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانی كۆنگرێس و هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ساڵی 2020 دەكەن و ئەو كاتە بڕیار دەدەن، ئایا پێویستە تەواوی تێڕوانینی سیاسیی خۆیان لە ئاست ئەمریكادا بگۆڕن، یاخود ئەمە تەنیا سیاسەتی سەروەختی ترەمپ بووە و بە دووركەوتنەوەی ترەمپ لە دەسەڵات هەمو شتێك دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی. كە پێموایە لە ئێستادا زۆربەی هاوپەیمانە ئەوروپییەكانمان پێیانوایە ئەمە تەنیا پەیوەستە بە خودی ترەمپەوە و هەر كاتێك ترەمپ لە دەسەڵاتدا نەما، ئیدی دوای خولی یەكەم بێت، یان دووەم، ئەوا سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی سرووشتیی خۆی. لەبەر ئەوە ئەگەر بێت و دووبارە ترەمپ هەڵبژێردرێتەوە، ئەوا ئەمە دۆخەكە ئاڵۆز دەكات، لەبەر ئەوەی سیاسەتەكەی نزیكەی دەیەیەك دەخایەنێت. من ناڵێم ئەمە هەلومەرجێكی باشە، یان خراپە، بەڵكو ئەگەر جارێكی دیكە ترەمپ سەركەوتن بەدەست بهێنێتەوە لە گرتنەدەستی دەسەڵاتدا، ئەوا درێژەدان بەو هاوپەیمانێتییە زەحمەت دەبێت.
* بەڵام ئایا دەتوانین لە ئێستادا بڵێین ئەمریكا سیاسەتێكی روون و هەمەلایەنی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەستڕۆیشتوویی ئێران لە ناوچەكەدا تا راددەی گۆڕینی رژێمی ئەو وڵاتە، بەتایبەتی دوای بڕیاری كشانەوە لە رێككەوتنەكە؟
- ئەگەری ئەوە لە ئارادایە كە ئیدارەی ترەمپ پرسی گۆڕینی رژێمی ئێرانی خستبێتە بەرباس، واتە پێموایە سیاسەتی درێژخایەنی ئەمریكا لە ئاست ئێراندا گۆڕینی رژێمی ئەو وڵاتە بێت، یاخود پشتیوانیكردن بێت لە گۆڕینی رژێمی ئەو وڵاتە، بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانییە لەم رووەوە ئەوەیە ئێران بەردەوام بێت لە هێرشكردنە سەر ئیسرائیل لە رێی هێزە وەكیلەكانیەوە لە سووریادا و بە دڵنیاییەوە لە رێی حزبوڵاوە لە لوبنان. ئەو كاتەش ئەگەری ئەوە دێتەئاراوە كە ئێران بكەوێتە شەڕێكی گەورەوە لەگەڵ ئیسڕائیلدا كە ئێستا ئەمە نیگەرانی گەورەی ئەمریكایە، ئەو كاتەش ئەمریكا مەیلی هاوكاریكردنی بۆ ئیسڕائیل دروست دەبێت بۆ گۆڕینی رژێمی لە ئێران و تەنانەت رەنگە لەو دۆخەكە ئەمریكا هێزی سەربازی پیادەش بەكار بهێنێت. كەواتە ئەوەی من نیگەران دەكات، ئەوەیە ئێران بەردەوام بێت لە هەڕەشەكردن لە ئیسڕائیل و ئەو كاتەش ئەمریكا كردەوەی تۆڵەكردنەوەی ئەنجام بدات. بەڵام پێموانیە ئەمریكا هێرشێكی ئیستیباقی بكاتەسەر ئێران بە چەشنی ئەوەی لە ساڵی 2003دا لە دژی عێراق كردی، بەڵام ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە كارە دوژمنكارییەكانی بەرامبەر ئیسڕائیل، رەنگە ئەمە ببێتەهۆی ئەوەی ئەمریكا سیاسەتی گۆڕینی رژێم لە ئێران بگرێتەبەر.
* كەواتە پێتوایە ئێستا ئەمریكا و ئێران لە سەر رێڕەوی پێكدادانن؟
- بەڵێ، پێموایە ئێمە لەسەر رێڕەوی پێكدادانن، چونكە ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لەسەر بنیادنانی ژێرخانێكی سەربازی لە سووریا و هێرشكردنەسەر ئیسڕائیل لە رێی وەكیلەكانی لە سووریا، یان حزبوڵا لە لوبنانەوە، ئەوا زەحمەتە نەتوانین وێنای شەڕێك یاخود بەلای كەمەوە شەڕێكی بەوەكالەت بكەین لە نێوانی ئێران و ئەمریكا لە سووریا، یان لە عێراقدا، ئەمەش دۆخێكی هاوشێوەی شەڕی سارد دروست بكات، كە لەو كاتە ئەمریكا و یەكێتی سۆڤیەت لە رێی وەكیلەكانیانەوە دەیانكرد. واتە من پێموانییە شەڕێكی سەرتاسەری، یان شەڕێكی تەقلیدی بێت لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا، تەنیا ئەو كاتە نەبێت كە رووداوێكی كارەساتبار لە ئیسڕائیل رووبدات. كەواتە من دووپاتی دەكەمەوە كە ئەو دوو وڵاتە لە رێڕەوی پێكداداندان لە رووی پەنابردنەبەر شەڕی بەوەكالەتەوە.
* هەر لەم چوارچێوەیەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریكا داوای لە ئێران كرد كە بە تەواوەتی هێزەكانی لە سووریا بكێشێتەوە، ئایا پێتوایە ئەمە سیاسەتێكی واقیعبینانە و قابیلی بەدەست هێنان بێت؟
- من پێموانییە ئەوە قابیلی بەدەستهێنان بێت، ئەگەر بێت و بەشار ئەسەد لە دەسەڵاتدا بمێنێت، پێموایە لە ئێستاشدا بەداخەوە رێگای بەدەستهێنانی سەقامگیری لە سووریادا مانەوەی ئەسەدە لە دەسەڵاتدا، كە ئاشكراشە رووسیا و ئەمریكاش دەیانەوێت سەقامگیری لە سووریادا بێتەدی و ئەسەدیش بەردەوام دەبێت لە رێگەدان بە مانەوەی هێزەكانی ئێران لە سووریا. كەواتە تاوەكو ئەمریكا گۆڕانكارییەكی ریشەیی لە سیاسەتیدا نەكات لە ئاست سووریادا- كە ئێستا سیاسەتەكەی ئەوەیە ئەسەد لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە- و بڕیار نەدات پشتیوانی گرووپەكانی دیكە بكات بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات، ئەوا پێموا نییە بتوانرێت لە ئایندەیەكی نزیكدا ئێران لە سووریا دەربكرێت. كەواتە كارێكی تەواو ناواقیعبینانەیە ئەگەر بێت و ئیدارەی ترەمپ بیەوێت ئێران بە تەواوەتی لە سووریا بكشێتەوە. لە هەمان كاتدا پێموانییە بوونی ئێران لە سووریا لە هەموو حاڵەتێكدا ببێتەوە هۆی دروستبوونی پێكدادان لەگەڵ ئەمریكادا، تەنیا ئەو كاتە نەبێت كە ئێران چالاكانە هەڕەشە لە ئیسرائیل بكات.
* پێشبینیەكانت بۆ ئایندەی ئەم ناوچەیە چین؟
- بە داخەوە پێم وانییە دۆخەكە بەرەو ئاشتی بڕوات، پێموایە شەڕی بەوەكالەتی ئێران و سعودیە لە یەمەندا بەردەوام دەبێت، هەروەها سووریاش بەردەوام دەبێت وەك گۆڕەپانێكی گەورەی شەڕ لە نێوان گرووپە جیاوازەكاندا، بە هەمان شێوە، ئەگەرچی داعش تا ئەندازەیەكی گەورە تێكشكاوە، بەڵام پێموایە گرووپە هاوبیرو باوەڕەكانی داعش بەردەوام دەبەن و شوێنی دەگرنەوە، لە هەمان كاتدا داعشیش كار و چالاكییەكانی زیاتر دەكات لەو شوێنانەی كە لە دەستی داون. پرسیاری گەورەش لای من كە مایەی نیگەرانییە ئەوەیە ئایا ئیسڕائیل چۆن ئیدارەی دۆخەكە دەكات، لە كاتێكدا رووبەڕووی فشاری زیاتر دەبێتەوە لەلایەن حزبوڵا و حەمماسەوە، ئەگەر بێت و ئەم دوو لایەنە بەردەوام بن لە كاری تیرۆریستی لە دژی ئیسڕائیل، ئایا كاردانەوەی ئیسڕائیل چی دەبێت؟و ئایا ئەمە سەرەدەكێشێت بۆ ناكۆكیەكی گەورەتر كە لوبنانیش بگرێتەوە و تێیدا ئیسڕائیل هێرش بكاتەسەر هێزەكانی حزبوڵا لەو وڵاتەدا.