سەعید سیسۆ رەشۆ رۆشنبیری كوردی ئێزیدی بۆ گوڵان: دەنگێكی زۆری شنگالییەكان پووچەڵ كراونەتەوەو ئەوەش ئێمەی نیگەران كردووە

سەعید سیسۆ رەشۆ رۆشنبیری كوردی ئێزیدی بۆ گوڵان:  دەنگێكی زۆری شنگالییەكان  پووچەڵ كراونەتەوەو ئەوەش  ئێمەی نیگەران كردووە
سەعید سیسۆ رەشۆ رۆشنبیری كوردی ئێزیدی لە میانەی لێدوانێكیدا بۆ گوڵان ئاماژە بە چەند پرسێك دەكات، بەتایبەت پرسی ئەو دەنگانەی شنگال كە پووچەڵ كراونەتەوە، هەروەها باس لەوە دەكات كە سەرەڕای ئەوانەش بۆچی پارتی دیموكراتی كوردستان توانیویەتی سەركەوتنی گەورە بەدەست بهێنێت، بە هەمان شێوە باس لە داخوازی و چاوەڕوانییەكانی ئێزیدییەكان لە پارتی دەكات.
سەعید سیسۆ رەشۆ رۆشنبیری كوردی ئێزیدی، لە لێدوانێكیدا بۆ گوڵان دەڵێت: «دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی پار دۆخێكی نالەبار بۆ ناوچە دابڕێندراو و داگیركراوەكان دروست بوو، كە بە داخەوە لە ئەنجامی خیانەتی چەند كوردێك هەندێ ناوچەمان لە دەستدا. ئێمە هیچ بڕوایەكمان بە عێراقیبون نەماوە، چونكە هیچ شتێك بۆ كورد ناكرێت جگە لە دژایەتیكردنی، بەڵام وەك تەحەددایەك و لەسەر داوای سەركردایەتی كوردستان بەشداریمان لە هەڵبژاردنەكاندا كرد، بەڵام بەداخەوە دەنگێكی زۆری خەڵكی ئەو ناوچانە بەتایبەتی لە شنگال پووچەڵ كرانەوە لەلایەن ئەو كۆمیسیۆنەی پێی دەڵێن سەربەخۆ كە هیچ سەربەخۆ نییە. ئەمەش نیگەرانیی ئێزیدیەكانی لێكەوتەوە. هۆكارێكی دیكەش زۆربوونی كاندیدەكانی نێو جڤاكی ئێزیدی بوو، تەنانەت كاندیدەكانی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان كە لایەنی كاریگەرە لەم ناوچەیەدا، ئەوە بوو لە ئەنجامدا هیچ كاندیدێكمان لە شنگال دەرنەچوون. ئێمە لە ئەنجامی بەدواداچوونیشمان بۆ ئەم كەیسە دەبیستین كە رێككەوتنی سیاسی لەسەر ئەو دەنگانە كراوە، واتە لە ئەنجامی ئەو رێككەوتنە سیاسییەدا زۆرێك لە دەنگەكان هەژمار نەكراون. بەڵام سەرەڕای ئەوانەش پارتی دەنگێكی زۆری بەدەست هێنا لە هەڵبژاردنەكاندا، چونكە ئەمە ببووە تەحەددا لای خەڵكی ئێمە، لەبەر ئەوەی بانگەشەی ئەوە دەكرا كە پارتی نەماوە و دەیانوت ئەمە هۆكاری ئەوەیە كە پارتی داوای یەك لیستی دەكات لە ناوچە دابڕێنراوەكان، لە دەرئەنجامدا لایەنگر و ئەندام و كادیرانی پارتی بەشدارییەكی كارایان كرد و چوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان بۆ ئەوەی قورسایی راستەقینەی پارتی دەربخەن، ئەگەرچی من پێموایە قورسایی پارتی لەوەش زیاترە، چونكە پارتی لە كەركووك بەشداری نەكرد و لە شوێنی دیكەش رێگری لێكرا. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانە ئەوە ئاشكرایە كە پارتی حزبێكی نەتەوەییە و هیچ كاتێك سازش لە مافە نەتەوەییەكانی گەلی كوردستان ناكات و خەباتیشی لە پێناوی بەرژەوەندی گشتیدایە، نەك وەك هەندێ لایەن تەنیا بۆ بەرژەوەندیی كاتی و دەستكەوتی حزبی كار دەكەن، واتە پارتی حزبی میللەتە نەك حزبی چەند كەسانێك، یان چەند بەرژەوەندییەك. دواتر پارتی لە خەمی پاراستنی پێكەوەژیان و برایەتیدا بووە، بگرە هەر لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلامی بارزانی تا ئێستا كاری بۆ داڕشتنی بناغەی ئەم پێكەوەژیانە كردووە، كە جەنابی مەلا مستەفا پەرەی پێداو ئێستاش كاك مسعود بە هەموو هێزی خۆیەوە لەسەر ئەم هێڵە كار دەكات بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو برایەتییە و خەڵكیش ئەم راستییە دەزانن و كاتێك دەچنە سەر سندوقی دەنگدان دەزانن دەنگ بە چ لایەنێك دەدەن.»
سەبارەت بە دۆخی ئێزیدییەكانیش دەڵێت: «ئێمە دەزانین لە سەردەمی حوكمڕانیی رووخاوی بەعسەوە، سەركردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان پشتیوانییەكی بەهێزیان لە ناوچەكەی ئێمە دەكرد، هەر ئەمەش هۆكاری ئەوەیە كە ئێزیدییەكانی شنگال و شێخان و شوێنەكانی دیكە پەیوەندی بە رێزەكانی شۆڕشەوە بكەن و شەهیدیان هەبێت، كە نموونەی هەر بەرزیان شەهید مەحمود ئێزیدی بوو. كەواتە بەدڵنیاییەوە ئێزیدی وەك پێكهاتەیەكی رەسەنی كوردستان رۆڵی خۆی هەیە لە كوردستاندا. بەڵام لێرەدا پێم باشە ئاماژە بەوە بكەم كە ئێمە خوازیارین بە گوێرەی دانیشتوزانی ئێزیدی پۆستمان پێبدرێت، چونكە هەست دەكەین لە رووی ئیداری و سەربازییەوە وەك پێویست پۆست بە ئێزیدی نەدراوە لە كوردستان – كە ماڵی خۆمانە- و پاشان لە بەغدا. ئێستاش كە هەڵبژاردنەكان كراوە و ئەنجامەكان ئاشكرا كراون، ئەوا پێویستە بە یەكگرتوویی بچینە بەغدا و یەك گوتارمان هەبێت، چونكە بە دڵنیاییەوە بەم شێوەیە دەستكەوتی زیاتر بەدەست دەهێنین، واتە پێویستە ناكۆكی و جیاوازیی حزبی جێبهێڵن و لە بەغدا كوردانە خەبات بكەین. لە كۆتاییشدا و بۆ دڵخۆشكردنی كوردانی ئێزیدی كە دەنگێكی زۆریان فەوتێنراوە، ئەوا وەك رۆشنبیرێكی ئێزیدی داوا لە سەركردایەتی پارتی دەكەم كە ئێمە خوشكێكمان هەیە لە بازنەی دهۆك كە ئیحتیاتی یەكەم و نزیكەی 13 هەزار دەنگی هێناوە بچێتە پەرلەمانی عێراق، ئەویش وەك لەبەرچاوگرتنی هەستی كوردانی ئێزیدی و سارێژكردنی برینەكانیان لە شنگال كە دەنگەكانیان فەوتاون.»
Top