موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ گوڵان: لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا لە سەر 10 سێكتەر كاروچالاكیمان هەبووە كە تێیدا 75924 خێزان و 413684 كەس سوودمەند بوون
June 13, 2018
دیمانەی تایبەت
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ماوەی 12 ساڵی تەمەنیدا توانیوێتی هاوكاریی هەزاران خێزانی هەژارو كەمدەرامەت و لێقەوماو بكات، تەنیا لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا لە زیاتر لە 10 سێكتەری خۆراك و پرۆژەی تایبەت و پەروەردەو پاك و خاوێنی و هەلی كار و تەندروستی و پڕۆژەی چاودێریی كەمئەندامان و پڕۆژەی چاودێریی ئازیزان كاری كردووە، ژمارەی سوودمەندبووان لە كۆی ئەم سێكتەرانە 75924 خێزان و 413684 كەس بووە، ئەمە جگە لەوەی لەم مانگە پیرۆزەدا دەزگاكە هەڵساوە بە رێكخستنی ئێوارەخوانی بەربانگ بۆ قوتابیانی هەردوو بەشە ناوخۆییەكانی شەهید شەوكەت شێخ یەزدین و 18ی شوبات، هاوكات بە بۆنەی رۆژی جیهانی منداڵان، شیرو جلوبەرگی بەسەر منداڵاندا دابەش كردووە. فراوانبوونی كاروچالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە مرۆڤدۆستیی بارزانیی نەمر و ئەو وتەیەوە هاتووە كە فەرموویەتی: «شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت.» بۆ قسەكردن لەسەر كاروچالاكییەكانی ئەم دەزگایە بەتایبەتی لەمانگی پیرۆزی رەمەزان و پڕۆژەكانی داهاتوویان چەند پرسیارێكمان ئاراستەی موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد وبەمجۆرە بۆ گوڵان هاتەئاخافتن.دەزگای خێرخوازیی بارزانی و
رێكخستنەوەی كولتووری مرڤدۆستی
موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەبارەت بە ئامانج و مەبەستی سەرەكیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هێما بۆ ئەوە دەكات: «هۆكاری فراوانبوون و ناوبانگی دەزگاكە و بەدەستهێنانی متمانەی خێرخوازان و خەڵكی، تەنیا بۆ زۆریی كاروچالاكییەكان و شەفافییەت و راستگۆیی دەزگاكە ناگەڕێتەوە، كە لەماوەی 12 ساڵی تەمەنیدا توانیوێتی خزمەتێكی گەورەی هەژار و لێقەوماوان و ئاوارە و پەناهەندە و كەمدەرامەت و منداڵانی ئازیزان و چەندین چین و توێژی دیكە بكات، بەڵكو بۆ زیندووكردنەوەی ئەو كولتوورە دەگەڕێتەوە كە میللەتی كورد پێی ناسراوە، ئەویش كولتووری مرۆڤدۆستی و خێرخوازییە، ئەم كولتوورەش لێرە هێندە دەوڵەمەندە كە بە هیچ شێوەیەك بەراورد ناكرێت لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر و جیهان، چونكە زۆربەی كات لە دنیادا كاری خێرخوازی لەپێناو لێخۆشبوونە لە باج، یاخود بەدەستهێنانی ناوبانگە، بەڵام لای ئێمە كاری خێرخوازیی خۆبەخشییەو لەناخی تاكەكاندا بوونی هەیە، تەنانەت زۆربەی جار ئەو كەسانەی هاوكارییەكانیان لە رێگەی دەزگاكەمانەوە پێشكەش بە خەڵكی دەكەن، یەكێك لە داواكارییەكانیان ئەوەیە ناویان نەهێندرێت، هەر بۆیە گرنگ بوو ئەم پەیامە پیرۆزە رێكبخرێتەوە و هەموو ئەو كەلێنانەش پڕ بكەینەوە كە لەم بوارەدا بوونیان هەیە، هەر ئەمەش بوو، وایكرد دوای دامەزراندنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، كۆمەڵێك دەزگای دیكە بكرێنەوەو كاری خێرخوازیی لەكوردستاندا رێكبخرێتەوە، لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا ئومێدمان وایە پڕۆژە خێرخوازییەكانمان فراوانتر بكەین و بواری زیاتر رێكبخەینەوە و گرنگی زیاتر بە پێگەیاندنی كادیرەكانمان بدەین.»
مانگی پیرۆزی رەمەزان و
پڕۆژە خێرخوازییەكانی دەزگای بارزانی
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سەبارەت بە مانگی پیرۆزی رەمەزان و كار و چالاكی و پڕۆژە خێرخوازییەكانیان لەو مانگەدا دەڵێت: «جەنابی سەرۆك بارزانی بەردەوام پەیامی ئەوەیە كوردستان دەرگاكانی كراوە بێت بە رووی هەموو ئەو خەڵكانەی تووشی كارەسات و لێقەومان دەبن، ئەم نموونە بەرزەی جەنابی سەرۆك بارزانی لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكاندا ئەوەی پیشان داوە كە گەلی كورد چ گەلێكی خێرخوازو مرۆڤدۆستە، هەر ئەمەش بوو وایكرد، ژمارەیەكی یەكجار زۆر لە ئاوارە و پەناهەندە روو لە هەرێمی كوردستان بكەن، ئێمەش كە بەردەوام لەسەر ئەو پەیامەی جەنابی سەرۆك بارزانی كار دەكەین، لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا چالاكییەكانمان فراوانتر كردووە، تەنیا لەم مانگە پیرۆزەی رەمەزاندا دەزگای خێرخوازیی بارزانی توانیوێتی لە زیاتر لە 10 سێكتەری خۆراك و پڕۆژەی تایبەت و پەروەردەو پاك و خاوێنی و هەلی كار و تەندروستی و پڕۆژەی چاودێریی كەمئەندامان و پڕۆژەی چاودێریی ئازیزان كار بكات، ژمارەی سوودمەندبوو لە كۆی ئەم سێكتەرانە 75924 خێزان و 413684 كەسن، ئەمە جگە لەوەی لەم مانگە پیرۆزەدا دەزگاكە هەڵساوە بە رێكخستنی ئێوارەخوانی بەربانگ بۆ قوتابیانی هەردوو بەشە ناوخۆییەكانی شەهید شەوكەت شێخ یەزدین و 18ی شوبات، هاوكات بە بۆنەی رۆژی جیهانی منداڵانەوە خۆراك و جلوبەرگ بەسەر 1292 منداڵدا دابەش كراوە.»
سەبارەت بە هەماهەنگییان لەگەڵ ناوەندەكانی دیكەش گوتی: «ئێمە هەوڵمانداوە لەم مانگە پیرۆزەدا چالاكیی زۆر ئەنجام بدەین و هانی رێكخراوە بیانییەكانیش بدەین، كاروچالاكییەكانیان لەم مانگەدا زیاتر بكەن، بەو ئومێدەی بە هەمووان بتوانین ئەركی سەرشانی هەژارو كەمدەرامەت سووكتر بكەین، لەم رووەوە توانیمان لەگەڵ مانگی سووری ئیماراتی و كوێتی و كۆمەڵێك رێكخراوی دیكە كۆنتاكتیان لەگەڵدا بكەین، هەرچەندە توانای دارایی دەزگاكەمان دیاریكراوە، چونكە ئێمە بە هیچ شێوەیەك هاوكاری و یارمەتی لە حكومەت و هیچ لایەنێكی سیاسی وەرناگرین، لەگەڵ ئەمەشدا توانیومانە لە هەموو پارێزگاكانی كوردستان و ئەو شوێنانەی بارودۆخی خەڵكی تێیدا خراپە، وەكو شاری شنگال و گەرمیان ئۆفیسمان هەبێت، لەبەرنامەشدایە وەكو چۆن لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئۆفیسمان هەیە، لە چەندین پایتەختی وڵاتانی دیكەی ئەوروپاش ئۆفیس بكەینەوە.
بەرنامە و پڕۆژەكانی داهاتووی
دەزگای خێرخوازیی بارزانی
لە 12 ساڵی تەمەنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی توانراوە خزمەت و هاوكارییەكی زۆری ئاوارەو پەناهەندەو لێقەوماوان و نەخۆش و منداڵانی ئازیز و فریاكەوتنی لێقەوماوانی كارەساتە سرووشتییەكانی لافاو و بومەلەرزە بكەن، بۆ داهاتووش ئەم دەزگایە بەرنامەو پلانی نوێی لەبەردەستدایە، لەم رووەوە سەرۆكی دەزگاكە وتی: «لەماوەی تەمەنی دەزگاكەدا ئەزموونی زۆرمان تاقیكردۆتەوە و رێگای زۆرمان بڕیوە، بەڵام هێشتا كۆمەڵێك ئامانج و رێگای دیكە ماوە تاقی بكەینەوە، هەم لەلایەنی ناوخۆ و هەم لەلایەنی پارچەكانی تری كوردستان و دەرەكی، دەزگای خێرخوازیی بارزانی كاتێك دروست بوو بۆ ئەوەی پەرە بسێنێت، بۆ ئەمەش دەزگاكە هەنگاوی گەورەی ناوە بۆ دروستكردنی پردێك لەگەڵ جیهانی دەرەوە، بەتایبەتی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی كە خاوەنی رێكخراو و ئاژانسی یوئێن (UN)ن، ئەگەرچی بەهۆی رووداوەكانی ئەم دواییەوە، ژمارەی ئاژانس و رێكخراوە مرۆییەكان كە روویان لە كوردستان دەكرد، كەمبوونەوە، بەڵام ئێستا لەگەڵ كرانەوەی كوردستان و هێوربوونەوەی دۆخەكە دووبارە پەیوەندییەكان گەرموگوڕییەكی باشیان پێوە دیارە و لەبەرنامەماندایە پەیوەندی باشتریش دروست بكەین لە نێوان خەڵكی ئێمە و خەڵكی ئەوان، ئەمەش سەرەتایەكە بۆ شكاندنی ئەو گرژی و بارودۆخە ناهەموارە كە بە هۆی ململانێ سیاسییەكانەوە دروست دەبێت و كاریگەری خراپی لەسەر كارو چالاكیی حكومەت و هاوكارییەكان دەبێت، بەڵام كارو چالاكی و پڕۆژە خێرخوازییەكانی ئێمە دوور لە سیاسەت و نزیك لەلایەنی مرۆییەو وادەكات ئەم بارگرژییانە ئەوەندە كاریگەری لەسەر خێرخوازی و پڕۆژە مرۆییەكان نەبێت، وەكو ئەوەی ئێمە توانیمان لە رۆژی جیهانیی منداڵان كۆمەڵێك كاروچالاكی ئەنجام بدەین، ئێمە ئێستا لەبەرنامەماندایە هەموو ئەو رۆژانەی لە لایەن رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دیاری دەكرێت، لەو رۆژانەدا كارو چالاكیمان هەبێت. ئەمرۆ لە كۆنگرەو كۆنفڕانسەكاندا كۆمەڵێك بابەتی زۆر گرنگ و كۆمەڵایەتی و زانستی لەلایەن شارەزایان و خەڵكی پەیوەندارەوە دیراسە دەكرێت و دەخرێتەڕوو، ئێستا ئێمە سەرقاڵی ئەوەین چۆن ئەم تێورییانە بكەینە كردار. هەر بۆیە لە داهاتوودا پرۆژەو كاری زیاترمان لەبەردەستدایە، وەكو كاركردن لە بواری دروستكردنی پڕۆژەی نیشتەجێبوون بۆ هەژاران و لێقەوماوان، دەزگاكەمان پێویستە لەئاست ئەو ناوە گەورەیەی مستەفا بارزانی بێت و پەیامە پیرۆزەكەی كە پەیامی مرۆڤایەتییە بپارێزین، بەتایبەتی كە جەنابی كاك مسرور بارزانی خۆی سەرپەرشتی ئەم دەزگایە دەكات، هەر بۆیە هەموو هیوای ئێمە ئەوەیە ساڵ لەدوای ساڵ دەستكەوتی باشتر و كاروچالاكیی زیاتر و چۆنایەتی بەرزتر تۆمار بكەین. دەزگاكەشمان رۆژانە لەلایەن خەڵكی هەژارو كەمدەرامەتەوە پەیوەندی پێوە دەكرێت، ئێمەش هەوڵ دەدەین بەرنامە رێكبخەین و بە هاوكاری رێكخراوەكان هاوكاریان بكەین. گرنگترین كاری داهاتووشمان كاركردنە لەسەر پێگەیاندنی كادیری بەتوانا لە بواری خێرخوازیدا، چونكە ئەمجۆرە كادیرانە تایبەتمەندێتی خۆیان هەیە و دەبێت لە رووی جۆر و چۆنایەتییەوە بەهرەمەند بن و زیاتر گوزارشت لە پەیامی پیرۆزی مرۆڤایەتی بكەن، بە دروستكردنی ئەمجۆرە كادیرانە كاری مرۆڤایەتی لە كوردستان زۆر گەشە دەكات.
ئەندامبوونی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئەنجومەنی ئابووری و كۆمەڵایەتی UN
بەدەستهێنانی متمانەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەناو خەڵكیدا وایكردووە ئەم دەزگایە متمانەی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و زۆربەی ئاژانسە مرۆیی و جیهانییەكان بەدەست بهێنێت ؛ موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگاكە لەمبارەیەوە وتی: «بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی كۆمەك و هاوكارییەكان و ئەنجامدانی پڕۆژە خێرخوازییەكان تەنیا پشتمان بە خێرخوازانی ناوخۆی كوردستان نەبەستووە، بەڵكو هەنگاومان بەرەو وڵاتانی بیانی و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش ناوە، ئەوەتا توانیمان متمانەی ئەوە بەدەستبهێنین كە پەرتووكی (سفێر) وەربگێڕینە سەر زمانی كوردی كە بە دەستووری كاری مرۆڤایەتی لەجیهاندا دادەنرێت، بەمەش ئێمە وەكو دەزگای خێرخوازیی بارزانی نوێنەری (سفێر)ین لەكوردستان، لەئاستی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئاژانسەكانیشدا سەرەڕای ئەوەی پەیوەندییەكانمان زۆر فراوان و بەهێزتر بووە، توانیویشمانە ببینە ئەندام لەئەنجومەنی ئابووری و كۆمەڵایەتیی نەتەوە یەكگرتووەكان. ئومێدمان هەیە رۆژێك بێت، خەڵكی ئێمە پێویستی بەهیچ هاوكارییەك نەمێنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئازار و مەینەتی و گرفت و كێشەو كارەساتەكان هەر بوونیان هەیە، بۆیە ئێمەش لە رووی رێكخستن و كارو چالاكییەوە ساڵ لەدوای ساڵ بەئەزموونتر دەبین و باشتر بە دامەزراوەیی كارەكانمان بەڕێوە دەبەین.
دۆخی ئاوارە و پەناهەندەكان
لە كوردستاندا
بارودۆخی ئاوارەو پەناهەندەكان وێڕای ئەوەی بارگرانییەكی زۆری لەسەر شانی حكومەت و خەڵكی دروست كردووە، هاوكات لایەنێكی مرۆیی و خێرخوازیی دانیشتووانی كوردستانیش نیشانی دنیای دەرەوە دەدات، ئەوەتا لە هەموو بۆنەیەكدا سەرۆك بارزانی جەخت لەسەر ئەم لایەنە دەكاتەوەو لە سایەی بڕیار و رێنماییەكانی جەنابیان و میواندۆستیی خەڵكی كوردستان، توانرا لەم دۆخە ناهەموارەدا كولتووری پێكەوەژیان و لێبووردەیی و خێرخوازی خەڵكی كوردستان بپارێزرێت. لەمبارەیەوە سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی وتی: «بەو پێیەی سەرپەرشتی كەمپەكانی پارێزگای هەولێر دەكەین و رۆژانە كۆمەڵێك چالاكی ئەنجام دەدەین، بەتایبەتی بۆ منداڵانی بێدایك و باوك و لە چوارچێوەی پڕۆژەی ئازیزان و خێزانە سەربەرزەكانی شەهیدانی كوردستان، كە گەشتێكمان بە هاوبەشی لەگەڵ مەلەوانگەی تارین بۆیان ئەنجامدا، هەروەها لەچوارچێوەی پڕۆژەی خێرخوازیی ئازیزاندا توانیمان (یەك ملیۆن و 300 هەزار دۆلار) بەسەر ئازیزاندا دابەش بكەین و لەهاوكاریكردنیشیان بەردەوام دەبین. ئێستاكە لە سنووری پارێزگای هەولێر 11 كەمپمان هەیەو لەم ژمارەیە 7 كەمپی تایبەتە بە ئاوارەكان و 4 كەمپی دیكەش تایبەتە بە پەنابەران، هەروەها لە سنووری پارێزگای دهۆكیش 19 كەمپمان هەیە، كە 15ی تایبەتە بە ئاوارەو 4 دیكەشی تایبەتە بە پەنابەران، ئەمە وێڕای ئەو كەمپانەی دیكەی پەنابەران لە سنووری پارێزگای سلێمانی كە دووانیان تەرخانكراوە بۆ ئاوارەكانی كوردی خورماتوو، ئەوانی تر تایبەتە بەئاوارەكانی عێراق، هەرچەندە رێژەی ئاوارەكان و پەناهەندەكان لە كوردستاندا زۆرە كە لەهەندێك ناوچەدا رێژەی لە 31%ی ژمارەی دانیشتووانی تێپەڕاندووە، تەنانەت ئێستاكە بە هۆی ناسەقامگیریی دۆخەكەو خراپی خزمەتگوزارییەكانە، ژمارەیەكی زۆری ئاوارە كە گەڕابوونەوە بۆ شوێنی خۆیان، دووبارە هاتوونەتەوە بۆ ناو كەمپەكان، بەڵام بە هاوكاریی خێرخوازان توانراوە كۆنتڕۆڵی ئەم حاڵەتە بكەین.» گوتیشی: «پێشبینییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، وەكو خۆی دەرنەچوو، چونكە ئێستاكە دووبارە خەڵكێكی زۆر دەگەڕێنەوە بۆ ناو كەمپەكان، هەربۆیە پێویستە نەتەوە یەكگرتووەكان و ئاژانسە مرۆییەكان دیراسەی زیاتر بۆ بارودۆخی ئاوارەكان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان بكەن، بەتایبەتی لەو حاڵەتەی كە حكومەتی عێراق وەكو پێویست بەدەنگ دۆسێی ئاوەدانكردنەوەو گەیاندنی خزمەتگوزارییەكانەوە نەچووە و لە جێبەجێكردنی ئەركەكانی كەمتەرخەم بووە و بگرە فشارێكی زۆر لەسەر خەڵكەكەی دروست كردووە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەرماڵ و حاڵی خۆیان، ئەمەش لە رووی مرۆڤایەتییەوە تێبینی زۆری لەسەرە.»