كریستۆفەر فێتویس تایبەتمەندی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بۆ گوڵان: سیناریۆ خراپەكە ئەوەیە ئێران رایبگەیەنێت متمانە بە هیچ لایەنێك ناكات و بڕیاری دروستكردنی چەكی ئەتۆمی بدات

كریستۆفەر فێتویس  تایبەتمەندی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بۆ گوڵان:  سیناریۆ خراپەكە ئەوەیە ئێران رایبگەیەنێت متمانە بە هیچ لایەنێك ناكات و بڕیاری دروستكردنی چەكی ئەتۆمی بدات
كریستۆفەر فێتویس، بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان و سیاسەتی بەراوردكاری لە زانكۆی ماریلاند بەدەستهێناوە، لەئێستادا پڕۆفیسۆرە لە بەشی زانستی سیاسی لە زانكۆی تولین، پێشتریش پڕۆفیسۆری كاروباری ئاسایشی نەتەوەیی بووە لە كۆلێژی جەنگی دەریایی ئەمریكی. بۆ شرۆڤەكردن و لێكدانەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ترەمپ و هەروەها بۆ تیشك خستنەسەر تێڕوانین و سیاسەتەكانی ئەم ئیدارەیە لە ئاست ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرئەنجامەكانی بڕیاری ئەمریكا بۆ كشانەوە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێران و ئایندەی ئەم ناوچەیە، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامدا و ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
* بە شێوەیەكی گشتی چۆن لە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەڕوانیت و ئایا رواڵەت و رەهەندەكانی ئەم سیاسەتە چین؟
- من پێموایە لە رووی سیاسەتی دەرەوە ئەم ئیدارەیە رووبەڕووی هەمان ئەو تەحەددییانە دەبێتەوە كە ئیدارەكانی پێش خۆی پێیانەوە سەرقاڵ بوون. ئێمە دەزانین چەندین ناوچە هەن لە جیهاندا كە پشێوی باڵی بەسەردا كێشاون. ئەوەی پەیوەست بێت بە هەنگاوەكانی ئەم ئیدارەیەوە، ئەوا ناتوانین پێشبینی بكەین، چونكە من هەمیشە ئەوە بە قوتابییەكانی خۆم دەڵێم كە گرنگ ئەوەیە وڵاتەكە لە رووی كردارییەوە چ هەنگاوێك دەنێت، نەك ئەوەی سەركردەكانی دەیڵێن، هەروەها ئێمە دەزانین كە ترەمپ لێدوانی زۆر دەدات، هەندێ جار جێبەجێیان دەكات و هەندێ جاریش پشتگوێیان دەخات، هەندێ جار لێدوانەكانی بۆ ئەوەیە ناوبانگی خۆی پێ بەهێز بكات، بەڵام لە رووی كردارییەوە هەنگاوی زۆری هەڵنەگرتووە. ئەگەرچی دەكرێت لێرەدا ئاماژە بە هەنگاوەكەی یان بڕیارەكەی بكەین بۆ كشانەوە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێراندا كە پێموایە ئەمە مایەی كارەساتە. هەرچەندە ئەمە یەكێك بوو لە بەڵێنەكانی سەروەختی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن كە جێبەجێی دەكات، چونكە پێیوایە رێككەوتنێكی خراپە، ئەگەرچی من لەو باوەڕەدا نیم كە زۆر ئاگاداری ناوەڕۆكی رێككەوتنەكەش بێت، بەڵام مەسەلەكە ئەوەیە ئەمە رێككەوتنێكە و لە سەردەم ئۆبامادا كراوە.


* ئاماژەت بەوە كرد كە رەنگە یەكێك لە پاڵنەرەكانی بڕیارەكانی ترەمپ بۆ كشانەوە لەم رێككەوتنە ئەوەیە كە لە سەردەمی ئیدارەی باراك ئۆبامادا واژوو كراوەو پێدەچێت دۆناڵد ترەمپیش سوور بێت لەسەر پێچەوانەكردنەوەی سەرجەم سیاسەت و بڕیارەكانی ئۆباما، ئایا ئەمە لێكدانەوەیەكی دروستە؟
- بە دڵنیاییەوە ئەمە یەكێكە لەو كارانەی كە دۆناڵد ترەمپ ئەنجامی دەدا. بەڵام بە شێوەیەكی گشتی دۆناڵد لە سەروەختی هەڵبژاردنەكانیشەوە دروشمی گێڕانەوەی شكۆمەندی بۆ ئەمریكای بەرزكردۆتەوەو لەو كاتەشدا هەر لەسەر ئەو بنەمایە بوو كە كەسێكی هەڵبژارد بۆ ئەوەی وەك پاڵێوراو بۆ جێگری سەرۆك هاوەڵیی بكات لە هەڵبژاردنەكاندا و بەشداریی پێشبڕكێی هەڵبژاردنەكان بكات.
* یەكێك لەو رەخنانەی هەمیشە لە ئیدارەكەی دۆناڵد ترەمپ دەگیرێت، ئەوەیە كە سیاسەتێكی روونی دەرەكی و گشتگیری نییە، بەتایبەتی لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەروەها بە ئاشكرا ترەمپ باسی لەوە كردووە، ئەمریكا چیتر خۆی سەرقاڵ ناكات بە پەرەپێدانی دیموكراتی و بنیادنانی نەتەوە لە وڵاتە دەرەكییەكاندا، خوێندنەوەی ئێوە لەم رووەوە چییە؟

- بە دڵنیاییەوە بەراورد بە ئیدارەی پێش خۆی ئەمە گۆڕانكارییەكە و روویداوە، واتە من هاوڕام لەگەڵتاندا كە ئەو زۆر بایەخ بە پەرەپێدانی دیموكراسی نادات، تەنانەت لەم ماوەی دواییدا رەخنەی زۆری لە جۆرج بوش گرت كە پارەیەكی زۆری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خەرجكردووە لە پێناوی پەرەپێدانی دیموكراسیدا. كەواتە دەتوانین بڵێین دۆناڵد ترەمپ زۆر گرنگی بە برەودان بە دیموكراسی و بنیادنانی نەتەوە نادات. هەروەها لێرەدا من دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە ئەمریكا چەند هەوڵێكی لەم چەشنەی داوە، بەڵام دووچاری شكست بۆتەوە، بۆ نموونە یەكێك لە ئامانجەكانی شەڕەكەی ئەمریكا لە عێراقدا ئەوە بوو كە دەتوانێت هاوكاری عێراق بێت بۆ ئەوەی لەسەر پێی خۆی بوەستێت، بەڵام دواتر دەركەوت كە ئەو دژوارییانەیان بە كەم گرتووە كە هاتەڕێیان لە میانی جێبەجێكردنی ئەم ئەركەدا. دواتر من پێموانییە بەرهەڵستیكردنی ترەمپ بۆ بنیادنانی نەتەوە لە وڵاتانی دەرەكیدا لەبەر ئەوە بێت كە ترەمپ دەزانێت ئەمە چەند كارێكی سەختە، بەڵكو لەبەر ئەوەیە كە ئەو تەنیا بایەخ بە خۆی دەدات و خاڵێكی دیكەش ئەوەیە ئەو بنكە جەماوەرییەی هەیەتی پشتیوانی لە هەوڵێكی لەم چەشنە ناكەن.
* بەڵام ئایا لە نێوان دووركەوتنەوە لەم ناوچەیە و دەستدانە پرۆسەی بنیادنانی نەتەوە تێیدا، ئەمریكا بژارەیەكی دیكەی هەیە؟


- لە راستیدا زەحمەتە بتوانین بژارەی سێیەم دەستنیشان بكەین، بەڵام وتەیەكیش هەیە دەڵێت: كاتێك ناتوانیت هەموو شتێك ئەنجام بدەیت، ئەمە مانای ئەوە نییە كە نابێت هیچ شتێك ئەنجام بدەیت، چونكە هەندێ جار ئەمریكا لەم رووەوە هاوكار بووە، كە لێرەدا دەتوانین ئاماژە بە وڵاتی رواندا بكەین كە هاوكار بوو بۆ راگرتنی جینۆساید لەو وڵاتەدا. بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە دۆخی سووریاوە هەبێت، ئەوا من نازانم تا چ راددەیەك ئەمریكا دەتوانێت رۆڵێكی ئیجابی ببینێت، چونكە ناكرێت هێزە دەرەكییەكان پەرۆشتر بن لە هێزە ناوخۆییەكان بۆ هێنانەدی سەقامگیری، واتە هێزێكی دەرەكی ناتوانێت هەوڵی بەدیهێنانی سەقامگیری لە وڵاتێكدا بدات لە كاتێكدا خەڵكی ئەو وڵاتە خوازیاری شەڕی ناوخۆیی بن. بەڵام ئەگەر ئێمە گەشبین بین، ئەوا دەتوانین لە ئەزموونی لوبنان بڕوانین كە بۆ چەند ساڵێك شەڕی ناوخۆیی لەو وڵاتەدا لە ئارادا بوو، بەڵام لە كۆتاییدا گەیشتنە رێككەوتن. كە هیوادارم دەرئەنجامێكی هاوشێوە لە سووریادا بێتەئاراوە، بەڵام من دڵنیا نیم لەوەی ئەمریكا دەتوانێت ئەمە ئەنجام بدات، چونكە دەبێت ئەمە خواستی هێزە ناوخۆییەكان بێت.
* كەواتە پێتوایە پێویستە ئەمریكا چی بكات لە سووریادا؟ ئایا دەبێت هەوڵی ئەوە بدات رووداوەكان بە ئاراستە و ئاقارێكی دیاریكراودا ببات، یاخود دەبێت لە ئاست رووداوەكانی ئەو وڵاتەدا كاردانەوەی هەبێت؟
- هەر كەسێك پێی وابێت ئەمریكا دەتوانێت رووداوەكان لە سووریادا رەنگڕێژ بكات، ئەوا دووچاری وەهم بۆتەوە، هەر لەبەر ئەوەشە كە پێموایە بوونی ئەم تێڕوانینە وای كردووە ئۆباڵی خراپبوونی دۆخەكە بخرێتە ئەستۆی ئەمریكا، مەبەستم ئەوەیە كەسانێك هەن، پێیانوایە ئەمریكا دەتوانێت هەلومەرجەكە كۆنتڕۆڵ بكات لە كاتێكدا ئەم لێكدانەوەیە لە جێی خۆیدا نییە. لەم رووەوە دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە ئەمریكا دووچاری رەخنە دەبێتەوە كاتێك دەست لە پەرەپێدانی دیموكراسی و بنیادنانی نەتەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵدەگرێت، لە هەمان كاتدا رووبەڕووی رەخنە دەبێتەوە ئەگەر دەستتێوەردانێكی زۆر بكات، چونكە هیچ كەسێك نایەوێت هێزێكی دەرەكی بێت و پێی بڵێت چۆن وڵاتەكەی رێكدەخرێتەوە، كەواتە ئەمە دۆخێكی سەخت و دژوارە كە هاتۆتەئاراوە.
* پێشتر بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپت بۆ كشانەوە لە رێككەوتنە ئەتۆمیەكە بە مایەی كارەسات وەسفكرد، دەكرێت لەم رووەوە روونكردنەوەی زیاتر بدەیت؟
- ئەم بڕیارە ئەوەی خستەڕوو كە ناكرێت متمانە بەم ئیدارەیە بكرێت و ئەم ئیدارەیە لە ئاست پابەندبوونەكانی خۆیدا نییە، ئێستاش زۆرێك لە دەرئەنجامەكە بەندە بەوەی ئایا تا چەند میانڕەوەكان لە ئێراندا زاڵ دەبن. دواتر كەسانێك بەرپرسیارێتییان لە ئیدارەی ئێستای ئەمریكادا گرتۆتەدەست كە زۆر بەرهەڵستی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەیان لەگەڵ ئێراندا دەكرد، ئیدی، یان لەبەر ئەوەی كە لێی تێنەدەگەیشتن، یاخود لەبەر ئەوەی بە هیچ شێوەیەك متمانەیان بە ئێران نەبوو. دواتر ئەمە یەكێكە لە رێككەوتنە باشەكان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بڵاوبوونەوەی ئەم چەكە و درێژەپێدانی لە بەرژەوەندی هەموولایەكدا بوو، راستە لایەنەكانی ئەم رێككەوتنە تەواوی خواستەكانیان نەهاتەدی و تەواو خۆشحاڵ نەبوون پێی، بەڵام ئیدی ئەمە سرووشتی رێككەوتنە، ئێستاش پێموایە دەكرێت وڵاتە ئەوروپییەكان قەناعەت بە ئێران بكەن كە پابەندبوونەكانی خۆی جێبەجێ بكات كە لە رێككەوتنەكەدا هاتوون، تا ئەو كاتەی ترەمپ لە دەسەڵاتدا نامێنێت، ئەوا دەكرێت رێككەوتنەكە درێژەی پێبدرێت. ئێستاش پێموایە گەمژەكانی نێو ئیدارەی ترەمپ راستگۆ نین لەم بارەیەوە و هۆكاری بەرهەڵستیی ئەوانیش بۆ رێككەوتنەكە، یان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە تێینەگەیشتوون، یان ئەوەتا درۆی لەبارەوە دەكەن. دووپاتی دەكەمەوە چارەنووسی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە بەندە بەوەی پێگەی میانڕەوەكانی ئێران لە هەڵوێستی توندڕەوەكانی ئەو وڵاتەكە بەهێزتر بێت، كەواتە لە ئێستادا ئەمە بەندە بە ئێرانەوە.
* ئایا پێشبینیت بۆ كاردانەوەی ئێران لەم رووەوە چییە؟
- زۆر كەس لە ئێراندا ئەوە دووپات دەكەنەوە كە ناكرێت متمانە بە ئەمریكا بكرێت، پێدەچێت ئەمەش سەلمێندرابێت، واتە بڕیارەكەی ترەمپ تێڕوانینی كەسایەتییە سەرسەختەكانی ئێرانی پشتڕاست كردەوە. بەڵام هەرچۆنێك بێت رێككەوتنەكە لە بەرژەوەندیی ئێراندایە و سزاكانی ئەمریكا بە تەنیا كاریگەرییەكی زۆریان نابێت، ئەگەر بێت و دووبارە ئەنجومەنی ئاسایش و یەكێتی ئەوروپا سزاكان بەسەر ئێراندا نەسەپێننەوە، كەواتە ئومێدەكە ئەوەیە ئێرانییەكان پابەندبوونەكانی خۆیان جێبەجێ بكەن لە ئاست رێككەوتنەكەدا. بەڵام كێشەكە ئەوەیە ئیدارەی ئەمریكا زۆرێك لەو كەسانە لەخۆدەگرێت كە خوازیاری ئەوەن گۆڕانكاری لە رژێمی ئێراندا رووبدات، لە راستیدا بۆ چەند ساڵێكیشە ئەم بانگەشەیە دەكەن و ئەوە دووپات دەكەنەوە كە ئێران هۆكاری پشێوییەكانی ناوچەكەیەو لەم رووەوە خوازیاری شەڕهەڵگیرساندن و ترسی منیش ئەوەیە ئەم گەمژانە ئەوەیان بۆ بچێتەسەر، ئەگەر بارودۆخەكە بە ئاراستەیەكی باشدا نەڕۆیشت.
* ئەی چۆن لە گوتارەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دەڕوانیت كە تێیدا دوانزە مەرج، یان داواكاریی بۆ ئێران خستەڕوو؟
- من پێموایە مایك پەمپیۆ كەسێكی خەیاڵپڵاوە و لە راستیدا گوتارەكەشی زۆر بێمانا بوو، چونكە پێشنیاری ئەنجامدانی گفتوگۆی لەخۆ نەگرتبوو، بەڵكو ئاگاداركردنەوە و هۆشداریدان بوو. ئەگەر من لە جێی كاربەدەستانی تاران بوومایە، گوێم لێنەدەگرت. هەروەها ئەمە دەریخست كە هۆكاری قەیرانەكە ئێران نییە، بەڵكو ئەمریكایە كاتێك بڕیاری كشانەوەی دا لە رێككەوتنەكە. ئومێدەكەش ئەوەیە ئێران دەست بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەكە نەكاتەوە، چونكە ئەگەر وا بكات، ئەوا رەنگە ببێتە پاساوێك بۆ ئەوەی ئیدارەی ترەمپ كارێكی گەمژانەتر بكات. پەمپیۆش یەكێك لە هەڵۆكانی نێو ئیدارەی ئەمریكایە و من لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە جەیمس ماتیس لەلایەن باراك ئۆباماوە دوورخرایەوە لەبەر ئەوەی زۆر توندڕەو بوو لە ئاست ئێراندا، كەچی ئێستا لە نێو ئیدارەی ترەمپدا میانڕەوترین كەسە لە ئاست ئێراندا. كەواتە ئەمە مایەی نیگەرانییە. هیوادارم ئەوروپییەكان بتوانن قەناعەت بە ئێران بكەن، بۆ ئەوەی لە رێككەوتنەكە نەكشێتەوە و بە ئومێدی ئەوەی ترەمپ تەنیا دوو ساڵ و نیوی لە دەسەڵاتدا مابێت و لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ئیدارەیەكی نوێ دەسەڵات بگرێتەوە دەست و دەست بە پرۆسەی دیپلۆماسی بكاتەوە.
* باشە ئەگەر وڵاتە ئەوروپییەكان توانییان قەناعەت بە ئێران بكەن بۆ ئەوەی لە رێككەوتنە نەكشێتەوە و خۆشیان پابەندبوون بە رێككەوتنەكەوە، ئایا ئەمە ناكۆكی لە نێوان ئەمریكا و ئەوروپادا دروست ناكات؟
- مەرج نییە ناكۆكییەكی قووڵ دروست بكات، چونكە ئێمە دەزانین كە سزای سەرەكی و سزای لاوەكی هەن كە ئەمریكا سەپاندبوونی، ئەگەر ئەمریكا سزا لاوەكییەكان بەسەر ئەو كۆمپانیا ئەوروپییانەدا بسەپێنێت كە مامەڵە لەگەڵ ئێراندا دەكەن، كە ئومێدەكە ئەوەیە ئەوروپییەكانیش هەنگاوی هاوشێوە نەنێن. لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە زۆرجار ترەمپ لێدوانی توندی داوە بە ئامانجی بەهێزكردنی پێگەی خۆی لە گفتوگۆكاندا و دواتر جۆرێك لە پاشەكشەی كردووە، وەك ئەوەی بینیمان كە لەگەڵ چیندا روویدا لە بارەی چەند پرسێكی بازرگانییەوە، كە هیوادارم ئەمە لەم حاڵەتەی ئێستادا رووبدات.
* هەر لە پەیوەندی بە بڕیاری كشانەوە لەم رێككەوتنە كە ئێمە دەزانین پێشتریش وڵاتانی وەك سعودیە و ئیسڕائیل ناڕازیبون لەم رێككەوتنە، ئایا ئەم بڕیارەی ترەمپ تا چەند بۆتەهۆی دڵنیاكردنەوەی ئەو هاوپەیمانە تەقلیدییانەی ئەمریكا؟
- ئەمە راستە و لەوەش زیاتر سعودیە دەیەوێت ئەمریكا لە بری ئەوان هێرش بكاتەسەر ئێران، سعودیە بەرهەڵستیی ئێران و بەرهەڵستكاری رێككەوتنەكەش بوو، هەمان شت بۆ ئیسڕائیلیش راستە.
* لەم دواییەدا ئەمریكا باسی لەوە كرد كە هەوڵی پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی نێودەوڵەتی دەدات بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەستڕۆیشتوویی ئێران، لێكدانەوەی ئێوە بۆ ئەم هەوڵەی ئەمریكا چییە؟
- راستە رەنگە ئەوان هەوڵێكی لەم چەشنە بدەن، بەڵام پێموانییە بتوانن سەركەوتوو بن، بۆی هەیە ئەمریكا بتوانێت هاوپەیمانێتییەكی بچووكتر پێكبهێنێت لەگەڵ سعودیە و ئیمارات و ئیسڕائیلدا، كە ئەوانە ركابەری تەقلیدی ئێرانن، بەڵام لەو باوەڕەدا نیم بتوانێت هاوپەیمانێتییەكی جیهانی لە دژی ئێران دروست بكات. چونكە رووسیا و چین و وڵاتانی ئەوروپا نایەنە نێو ئەم هاوپەیمانێتییەوە، ئەوان بەشداربوون لە گفتوگۆكانی گەیشتن بە رێككەوتنەكە و ئێستاش نایەنە پاڵ ترەمپ بۆ ئەم هەوڵەی. خۆ ئەگەر خوانەخواستە پرۆسەی گۆڕینی رژێمی ئێرانیش دەست پێبكات، ئەوا تەنیا ئەمریكا و چەند هاوپەیمانێتی ناوچەیی ئەمریكا بەشداری تێدا دەكەن.
* پەمپیۆ لە گوتارەكەیدا باسی لەوە كرد كە دەبێت ئێران بە تەواوەتی لە سووریا بكشێتەوە، ئایا تا چ راددەیەك ئەمریكا دەتوانێت ئەمە بەدی بهێنێت و ئایا دۆخی سووریا مەترسیی ئەوەی لێناكرێت ببێتەهۆی هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئیسڕائیل و ئێران؟
- زەحمەتە ئەمە بزانین، بەڵام پێموانییە هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئیسڕائیل و ئێران دەرئەنجامێكی حەتمی بێت، راستە چەند هەفتەیەك بارودۆخەكە جددی و مەترسیدار بوو، بەڵام هەر یەكە لە ئیسڕائیل و ئێران هەنگاوێك گەڕانەوە دواوە. لەگەڵ ئەوەشدا پێموانییە ئێران هێزەكانی لە سووریا بكشێنێتەوە، یان دەست لە پشتیوانیی حزبوڵا، یان حەمماس هەڵبگرێت، ئەمە داواكارییەكی واقیعییانە نییە، بەڵام ئایا ئەمە پاساوێك دەدات بەدەست ئەمریكاوە بۆ ئەنجامدانی كرداری زیاتر لە دژی ئێران، ئەوا من نازانم. بەڵام ئەگەر دەست بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەكە و پیتاندنی یۆرانیۆم بكەن، ئەوا ئەمە چیرۆكێكی جیاواز دەبێت. واتە لە ئێستادا زۆرێك لە مەسەلەكە بەندە بەوەی ئێران چی دەكات، ئەگەر ئێران وریاتر هەنگاو هەڵبگرێت لە ئەمریكا و دەست بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی نەكاتەوە، ئەوا رەنگە ئەوروپییەكانیش هاوكاری بكەن، بە ئومێدی ئەوەی ترەمپ تەنیا دو ساڵ و نیوی دیكە لە دەسەڵاتدا بێت و دواتر ئەمریكا دووبارە بگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنەكە.
* پێشبینیەكانت بۆ داهاتوی ئەم ناوچەیە چین؟
- وتەیەك هەیە دەڵێت هەندێ جار نەبوونی هەواڵ خۆی لە خۆیدا هەواڵێكی خۆشە، مەبەست ئەوەیە ئەگەر دۆخی ئێستا بەردەوام و خەڵكی هەواڵی زیاتری شەڕ و كوشتار نەبیستن و هەندێ لە شەڕەكان كۆتاییان پێ بێت، ئەوا ئەمە یەكێكە لە سیناریۆ باشەكان. واتە من لەم رووەوە ئومێدی ئەوە دەكەم شەڕی هەردوو وڵاتی سووریا و یەمەن بەرەو كۆتایی بچن. سیناریۆ خراپەكەش ئەوەیە ئێران رایبگەیەنێت كە متمانە بە هیچ لایەنێك ناكات و بڕیاری دروستكردنی چەكی ئەتۆمی بدات و ئەو كاتەش هەڵوكانی ئیدارەی ئەمریكا بتوانن قەناعەت بە ترەمپ بكەن، كارێكی گەمژانە بكات و دۆخەكە بەرەو هەڵكشان ببەن.
Top