جەلال حەبیب عەزیز سەرۆكی سەنتەری ئەكادیمی عەنكاوە بۆ گوڵان: پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە هەوڵی زامنكردن و دەستەبەركردنی مافی سەرجەم پێكهاتەكانی داوە
June 7, 2018
دیمانەی تایبەت
لە میانەی لێدوانێكیدا بۆ گوڵان جەلال حەبیب عەزیز سەرۆكی سەنتەری ئەكادیمی عەنكاوە باس لە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەی عێراق دەكات، بەتایبەتی هۆكاری سەركەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو هەڵبژاردنانەو تیشكدەخاتەسەر ئەوەی چۆن پارتی لە رابردوودا بەرگریكار و داكۆكیكاری ماف و ژیانی سەرجەم پێكهاتەكانی كوردستان بووە، ئەوا چاوەڕوان دەكرێت لە پەرلەمانی داهاتووی عێراقیشدا پێداگری لەسەر ماف و ئازادییەكانی مەسیحییەكان و پێكهاتەكانی دیكە بكات.جەلال حەبیب عەزیز سەرۆكی سەنتەری ئەكادیمی عەنكاوە، لە لێدوانێكیدا بۆ گوڵان، ئەو رێژە بەرزەی دەنگەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراقدا بۆ «متمانەی خەڵكی كوردستان بەگشتی و پێكهاتەكانی بە پارتی دیموكراتی كوردستان دەگەڕێنێتەوە و هاوكات دەڵێت: «لەبەر ئەوەی پارتی خاوەنی خەبات و تێكۆشانە و بەرگریكارە لە سەرجەم پێكهاتەكانی كوردستان بە مەسیحی و ئێزیدی و توركمان و پێكهاتەكانی دیكەوە، بۆیە ئەو رێژە بەرزەی دەنگەكانی بەدەستهێنا.» سەبارەت بە كریستیانەكانیش دەڵێت: «ئەوەی پەیوەست بێت بە كریستیانەكانەوە، ئەوا ئێمە بەشداربووین لە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵاندا و دەیان كەسایەتی و سەركردەی هەڵكەوتوومان هەیە و بگرە شەهیدیشمان هەیە، واتە لێرەدا دەمەوێت بڵێم كە سەرجەم پێكهاتەكان لە كوردستاندا شان بە شانی برا كوردەكانمان درێغیمان نەكردووە لە بەرگریكردن و تێكۆشان و خەباتكردن لە پێناوی كوردستاندا، لەم روانگەیەشەوەیە پێمانوایە كە پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە هەوڵی زامنكردن و دەستەبەركردنی مافی سەرجەم پێكهاتەكانی داوە. لە میانەی شەڕی داعشیشدا ئەوە پێشمەرگە بوو كە بەرگری لە ناوچەكانی ئێمە كردو شەڕی لە پێناوی رزگاركردنیاندا كرد، بە هەمان شێوە كاتێك كریستیانەكان بەهۆی ئەو شەڕەوە ئاوارە و دەربەدەر بوون و روویان لە هەرێمی كوردستان كرد، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەرگای بۆ واڵا كردن و كەمتەرخەمی بۆ نەكردن لە دەستەبەركردنی كەلوپەل و پێداویستی و شوێنی مانەوە و نیشتەجێبوون بۆ ئەوەی لە وڵاتەكەدا بمێننەوە و كۆچ نەكەن، كە ئێمە ئەم هەڵوێستە بەرز دەنرخێنین و سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، چونكە ئێمە دەزانین كە جیاوازییەكی زۆر هەیە لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی بەغدا لە رووی پاراستن و دابینكردنی ئارامی و ئاسایش بۆ كریستیانییەكان، هەروەها كریستیانییەكان لە كوردستاندا هەست بە ئارامی و ئاسوودەیی دەكەن.»
سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەی پەرلەمانی عێراقیش گوتی: «ئێمە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خاوەنی پێنج كورسی كۆتاكانی كریستیانەكانین، ئەم ئەندام پەرلەمانانە كە لە حزب و لایەنی جیاجیای كریستیانین، ناتوانن بە تەواوەتی داكۆكی لە مافەكانمان بكەن، هەر بۆیە ئومێدمان زۆرە لەناو هاوپەیمانێتییەك لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، داكۆكی لەسەر مافە دەستووری و یاساییەكانی كریستیانەكان بكەن و پێگەو قەبارەی خۆیان گەورەترو كاریگەرتر بكەن. خۆ ئەگەر بەپێچەوانەوە نەتوانرا لەم خولەی پەرلەمانی عێراقدا ماف و ئیمتیازاتی پێكهاتەكان بپارێزرێت، ئەوا جارێكی دیكە مەترسیی ئاوارەبوون و كۆچكردنی كریستیانەكان بۆ دەرەوەی وڵات سەرهەڵدەداتەوە، ئەوەتا دوو مانگ پێش ئەم هەڵبژاردنانە لەناو جەرگەی بەغدا ئەندامانی خێزانێكی كریستیان سەربڕان. هەر بۆیە تا ئێستا زۆربەی خێزانە كریستیانییەكان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان لە دەشتی نەینەواو موسڵ، ئەوەش تەنیا لەبەر خراپی و وێرانیی ناوچەكانیان نییە، بەڵكو لەبەر نەبوونی زەمانەتی پاراستنیانە لەدەست گرووپە چەكدارەكان و تیرۆرستان و ئەو بێسەروبەرییەی لەو ناوچانەدا بوونیان هەیە، ئێمەش حەزناكەین خەڵكەكەمان بچنە دەرەوەی وڵات و خوازیارین لایەنە كوردستانییەكان لەم خولەی پەرلەمان و حكومەتی نوێی عێراقدا گفتوگۆ و دانوستانەكانیان بەو ئاراستەیە بچێت، كە ئەو ناوچانە ئارام ببنەوەو لە رووی دەستووری و یاساییەوە مافەكانی پێكهاتە كوردستانییەكان زامن بێت.»