كەرخی ئاڵتی بەرماخ سەرۆكی بزووتنەوەی دیموكراتی توركمان بۆ گوڵان: پارێزگاریكردن لە ئاشتیی كۆمەڵایەتی و برایەتی هۆكاری سەركەوتنی پارتییە
June 6, 2018
دیمانەی تایبەت
كەرخی ئاڵتی بەرماخ سەرۆكی بزووتنەوەی دیموكراتی توركمان لە میانەی لێدوانێكیدا بۆ گوڵان، باس لە چەند پرسێك دەكات كە پەیوەستن بە رەوشی پێكەوەژیان لە كوردستان و هاوكات تیشكدەخاتە سەر هۆكاری سەركەوتنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق و را و بۆچوونی خۆی لە بارەی چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدارەوە دەردەبڕیت.كەرخی ئاڵتی بەرماخ سەرۆكی بزووتنەوەی دیموكراتی توركمان لە لێدوانێكیدا بۆ گوڵان، سەرەتا جەخت لەەوە دەكاتەوە كە «برایەتیی نێوان پێكهاتەكان لە كوردستاندا بەتایبەتی برایەتی و پێكەوەژیانی كورد و توركمانەكان زۆر پتەوە و هەر هەوڵێك بدرێت بۆ لێكترازاندنیان شكست دەبێتە چارەنووسی.» هەر سەبارەت بەو بۆچوونەی دەڵێت: «هەروەك چۆن كورد و توركمان لە رابردوودا پێكەوە بوون، لە ئێستاشدا بە برایەتی پێكەوە دەژین و لە ئایندەشدا هاوچارەنووس دەبن. دواتر ئەگەر ئێمە باسی هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەین لەم رووەوە، ئەوا ئەدەبیاتی ئەم حزبە پێمان دەڵێت ئەم پارتە هەمیشە لەگەڵ بەرجەستەكردنی گیانی برایەتی و پێكەوەژیان بووە لەگەڵ سەرجەم پێكهاتەكان. بۆیە هەمیشە وەك برا پێكەوە ژیاوین. ستەممان لێكراوە چەند پەیوەندییەكانمان پتەو بێت و رەچاوی بەرژەوەندییەكانی یەكتر بكەین، باشتر دەتوانین خاكی خۆمان بپارێزین و پەرە بە دەستكەوتەكانمان بدەین. لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە من شەرەفی ئەندامێتیم لەو شاندەدا بەركەوت كە بە سەرۆكایەتی جەنابی سەرۆك بارزانی بەڕێكەوت بۆ بەغدا بۆ مەسەلەی نووسینەوەی دەستووری عێراقی لەو كاتەدا، ئەوە بوو جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی هیممەتێكی زۆری كرد و جەختی كردەوە لەسەر چەسپاندنی مافەكانی سەرجەم پێكهاتەكان لە دەستووردا، كە ئەمە مێژووە و نابێت نكۆڵی لێبكەین. هەروەها لە سەروەختی شەڕی داعشیشدا و كاتێك خەڵكانێكی زۆری توركمان لە تەلەعفەر و دەوروبەری موسڵ ئاوارە بوون، زۆربەی زۆریان روویان لە هەرێم و هەولێر كرد، ئەوە بوو وەك نەریتی هەمیشەیی خەڵكی كوردستان و حكومەت و سەرۆكی حكومەت جەنابی كاك نێچیرڤان بارزانی باوەشیان بۆ سەرجەم ئەو خەڵكانە كردەوە، ئەمەش خەسڵەتی خەڵكی ئەم هەرێمەیە و یار و نەیاری كوردستان ئیعتیراف بەم راستییە دەكەن. ئێستاش وێڕای پێرۆزباییمان لەو سەركەوتنە مەزنەی كە پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنەكاندا بەدەستی هێناوە، ئەوا پێمانوایە وایە هۆكارەكەی بۆ ئەوە هەڵسوكەوتی پارتی دەگەڕێتەوە كە تا پێی بكرێت، خزمەتی خەڵك دەكات و ئەوەندەی پێی دەكرێت هەوڵی پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و برایەتی دەدات. دواتر خەڵكی دەیانەوێت لە سایەی ئارامی و ئاسایشدا ژیانی خۆیان بەرنەسەر و كار و كەسابەتی خۆیان بكەن، كە ئەمە لە سایەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بە سەركردایەتی پارتی دەستەبەر كراوە، ئەمە واقیعە، هەر ئەمەش هۆكاری ئەوەیە كە خەڵكی متمانە و دەنگی خۆیان بەم پارتە دەدەن. سرووشتی هەڵبژاردنیش وایە كە دەنگدەران متمانە بەو لایەنە دەدەن كە پێیانوایە بەرژەوەندییەكانی ئەوان دەهێنێتەدی.»
سەرۆكی بزووتنەوەی دیموكراتی توركمان، ئاماژە بەوە دەكات كە «پارتی هەر لە سەرەتاوە جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە پێویستە بە یەك لیست بەشداری لە هەڵبژاردنەكان بكرێت و بە یەكگرتووییش بچنە بەغدا، بەڵام بە داخەوە ئەمە رووی نەدا، چونكە چەند لایەنێكی دیكەی كوردستان ڕازی نەبوون. ئێستاش كە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەنگی باشیان هێناوە لە پەرلەمان، ئەوا ئەگەر لەگەڵ حزبەكانی دیكە و ئەو لایەنانەی دیكە كە كۆتایان هەیە، یەكبگرن، ئەوا دەبنە لیستی یەكەم لەسەر ئاستی عێراق، واتە دەكەوێتە پێش لیستەكەی سائیرون بە سەرۆكایەتی سەدر، چونكە لیستی سەدر 54 كورسی هەیە، بەڵام ئەگەر لایەنەكانی ئێمە یەكبگرن بەو شێوەیەی ئاماژەم پێكرد ئەوا نزیكەی 60 كورسیمان دەبێت. بەڵام بەداخەوە نەك هەر ئەم یەكگرتووییە نییە، بەڵكو هەندێ لەلایەنەكانی دیكە داوای هەڵوەشاندنەوەی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەكەن و چەندین بڕیاری نابەجێ لە پەرلەمانی عێراق دەردەكرێن، بەڵام تا ئێستا كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان ئەمە رەتدەكاتەوە، چونكە پێیوایە ئەمە لە دەسەڵاتی پەرلەماندا نییە و كۆمیسیۆنەكەش ناوی كۆمیسیۆنی سەربەخۆیە، واتە خۆی خاوەنی بڕیارەكانی خۆیەتی.» ئەوەشی دووپات كردەوە كە «كوردستان شوێنی برایەتی و پێكەوەژیانە و پێویستە پارێزگاری لێ بكەین و پەرەی پێ بدەین.»، داواشی كرد «پۆستی باڵا لە سەرۆكایەتییەكان بە توركمان بدرێت. ئەوەش دەبێتە هۆی قووڵكردنەوەی ئەو دیموكراسیەتەی لە كوردستاندا هەیە و هۆكارێك دەبێت بۆ ئەوەی لایەنە دەرەكییەكان بە رێزێكی زیاترەوە لەم هەرێمە بڕوانن.» گوتیشی: «راستە كورد لێرە زۆرینەیەو باڵادەستە، بەڵام پێكهاتەكانی دیكەش بە ئەندازەیەكی زۆر باش مومارەسەی مافە دیموكراتییەكانی خۆیان دەكەن، بەڵام تاوەكو بەرەوپێشتر ببردرێت، ئەوا دیموكراسیەتی كوردستان كاراتر دەبێت و ئێمە باوەڕمان وایە كە سەركردایەتی پارتی بەتایبەتی بە رێبەریی جەنابی سەرۆك بارزانی و حكومەتیش بە سەرۆكایەتی كاك نێچیرڤان بارزانی لە ئایندەدا دەستكەوتی زیاتر بۆ توركمان و نەتەوەكانی دیكە دەستەبەر دەكەن بۆ ئەوەی ئەو برایەتییەی ئاماژەمان پێكرد، پتر بچەسپێت.»