د. ئارام باڵەتەیی كاندیدی سەركەوتووی پارتی بۆ پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان: پارتی لۆژیكی زۆرینە و كەمینە بۆ حوكمڕانی لە عێراق قبووڵ ناكات
June 5, 2018
دیمانەی تایبەت
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئاكام و لێكەوتەكانی مشتومڕی زۆری لێكەوتووەتەوە و بووەتە سەرباسی میدیاكانی كوردستانی و نێودەوڵەتی و پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقیش خوێندنەوەی جیاوازی جیاوازی بۆ دەكرێت. ئایا بەو پەرتەوازەییەی لە نێوان كۆی لیستە بەشداربووەكان (بە كورد و عەرەب و شیعەوە) بوونی هەیە، پێكهێنانی هاوپەیمانێتی بە چ ئاقارێكدا دڕوات؟ ئایا لەو دۆخە سیاسییە ئاڵۆزەی عێراقدا، هاوبەشیی راستەقینە و پێكەوە سازان دێتەئاراوە؟ لایەنی كوردستانی چۆن مامەڵە لەگەڵ پرۆسەی سیاسیی عێراق بۆ قۆناخی داهاتوو دەكات؟ هێڵە گشتییەكانی بەرنامەی لیستی پارتی بۆ پەرلەمانی داهاتووی عێراق چییە؟ ئەمانە و چەندین پرسی گرینگی دیكە لەم دیدارەی گۆڤاری گوڵان لەگەڵ د. ئارام باڵەتەیی كاندیدی سەركەوتووی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێ كراون.پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ كوردە هێشتا
لە نێوان پارتی و یەكێتی یەكلای نەبۆتەوە
* دوای راگەیاندنی ئاكامەكانی هەڵبژاردن و دەركەوتنی كاندیدە سەركەوتووەكان، ئایا ئێوە وەك كاندیدە سەركەوتووەكانی پارتی لەگەڵ سەركردایەتی كۆبوونەتەوە؟ ئەگەر كۆبوونەتەوە، هێڵە گشتییەكانی بەرنامەی ئێوە وەك لیستی پارتی بۆ پەرلەمانی داهاتووی عێراق چی دەبێت؟
- بەڵێ، كۆبووینەتەوە و لەو كۆبوونەوەیەدا جەنابی سەرۆك بارزانی جەختی لەسەر چەند تەوەرێكی جیاواز كردەوە، پێش هەموو شت سوپاسی خەڵكی كوردستانی كرد كە ئەو متمانە گەورەیان بە پارتی دایەوە و ئەو سەركەوتنە گەورەیە بۆ پارتی بەدەست هات، بەتایبەتی كە هەندێ لایەن بەنیاز بوون لەم هەڵبژاردنەدا فاتیحە لەسەر پارتی بخوێنن، بەڵام سوپاس بۆ خوا دەنگی گەل سەركەوت و ئەوان ئاواتەكەیان بۆ نەهاتەدی و پارتی سەركەوت و، ئێستاش پارتی وەك حزبێكی سیاسی، یەكەم حزبە لەسەر ئاستی عێراق كە زۆرترین دەنگی بەدەست هێناوە، لەسەر ئاستی هاوپەیمانیەكانیش پارتی هێزی سێیەم یان چوارەمە لەناو عێراقدا، ئەم سەركەوتنەی پارتی بە دەنگی هاووڵاتیان واتە سەركەوتنی پەیامی نیشتمانی و خەڵكی كوردستان دووپاتیان كردەوە كە پشتیوانی پەیامی نیشتمانین و لەگەڵ سەنگەری بەرەڤانی و پاراستنی كوردستانن، بۆیە دەنگ بە لیست و كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەن.
لایەنێكی دیكە باس لەوە كرا كە ئەو لایەنانەی كە پێشتر پێیان وابوو گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی كوردستان ناكەن، ئێستا هەموو چاوەڕێی ئەوە دەكەن لەگەڵ پارتی و سەرۆك بارزانی كۆببنەوە، بۆ ئەوەی پشتیوانیی پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو لە عێراقدا بەدەست بهێنن.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا نیگەرانی سەبارەت بە دەنگەكانی پارتی لە پارێزگای نەینەوا باسی لێوەكرا، بەتایبەتیش سەبارەت بە دەنگی برا ئێزیدییەكان كە سندوقەكانیان جیاكرانەوە و هەژمار نەكران، سەبارەت بە سووتاندنی ئەو دەنگانە، سەرۆك بارزانی بە ئەنفالكردنی دەنگی ئیزیدییەكانی دانا، بێگومان هەژمار نەكردنی دەنگی ئەو سندوقانە جیا لەوەی غەدرێكی گەورە بوو لە براو خوشكی ئێزیدی كرا، لە هەمانكاتدا بووە هۆكاری ئەوەی كە پارتی نەبێتە هێزی یەكەم لەسەر ئاستی پارێزگای نەینەوا.
* پێتوایە ئەولەوییاتی لیستی پارتی لە پەرلەمانی داهاتووی عێراق چی دەبن؟
- پڕۆگرامی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دروشمی سەرەكیی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان رادیارە كە گوتوومانە: «دەستكەوتی زیاتر بۆ كوردستان»، بۆ جێبەجێكردنی ئەم دروشمەش هەوڵدەدەین پێش هەموو شتێك بەرەیەكی نیشتمانی كوردستانیی بەهێز پێكبهێنرێت بۆ ئەوەی بە هاوبەشی و بە بەهێزی داكۆكی لە مافە دەستوورییەكانی كوردستان بكەین، واتە ئەو مافانەی كە ساڵی 2005 لە دەستووری عێراقدا دەنگمان لەسەر داوە و پێشێل كراون، ئەو مافانە بگێڕینەوە بۆ خەڵكی كوردستان و چیدیكە هاووڵاتیانی كوردستان هاوڵاتی پلە دوو نەبن لە عێراقدا. ئەمەش مانای ئەوەیە ئێمە كار بۆ جێبەجێكردنی تەواوی دەستوور دەكەین، بۆ ئەوەی بە تەواوەتی سیستمی فیدڕاڵی لە عێراقدا دروست ببێت، هەروەها هاوسەنگی بگەڕێتەوە ناو دامەزراوەكانی عێراق و هاووڵاتیانی كوردستان بە قەوارەی خۆیان و بە رێژەی 14-17% لە ناو كۆی دامەزراوەكانی عێراقدا بەشدارییان هەبێت، خاڵێكی دیكە و سەرەكیی پڕۆگرامی پارتی ئەوەیە، كە بە هاوبەشی لەگەڵ ئەو هێزە سیاسییە كوردستانییانەی كە بە نەفەسی كوردستانی بیردەكەنەوە، هەوڵی جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق بدەن و، ئەو بارودۆخەی لەدوای 16ی ئۆكتۆبەر لەسەر دەستی هێزەكانی حەشدی شەعبی لەو ناوچانە دروست بووە كۆتایی پێبهێنرێت و ئاسایی بكرێتەوە بۆ ئەوەی زەمینەیەكی گونجاو بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور بێتەوەئاراوە.
* پارتی دیموكراتی كوردستان جەخت لەسەر هاوبەشیی راستەقینە و پێكەوە سازان دەكات، ئایا تا چەند ئەم بنەمایە لە لایەن هێزەكانی شیعەوە پەسەند دەكرێت؟
- ئێمە پێش هەموو شت، ئەولەوییەتمان جێبەجێكردنی دەستووری 2005 ی عێراقە، بۆیە با بپرسین ئێمە لە سەر چ بنەمایەك دەنگمان بەو دەستوورە داوە؟ بێگومان لەسەر بنەمای ئەوەی كە عێراق بە پێكەوە سازان (تەوافق) بەڕێوەببرێت، كەواتە ئێمە لۆژیكی زۆرینە و كەمینە بۆ حوكمڕانی لە عێراق قبووڵ ناكەین، هەر بۆیە ئەگەر لۆژیكی زۆرینە و كەمینە لە عێراقدا ببێتە بنەمای حوكمڕانی، ئەوا ئێمە هەموو كات كەمینەین و ئەگەر هاتە سەر پرسی نەتەوەیی، ئەوا سوننە و شیعەی عێراق لەبەر ئەوەی عەرەبن، دژی كورد یەك دەگرن، بۆیە لە وڵاتێكی وەك عێراقدا كە پێكهاتە سەرەكییەكانی متمانەیان بە یەكتری نییە، وڵاتێكی دوای ململانێیەكی خوێناوی، ئەوا ناكرێت بە زۆرینە و كەمینە حوكمڕانی بكرێت، دەبێت لەسەر بنەمای پێكەوە سازان و هاوبەشیی راستەقینەی پێكهاتە سەرەكییەكان حوكمڕانی بكرێت. لە وڵاتانی دیموكراتی و پێشكەوتوو كە شێوازی زۆرینە و كەمینە دەكەنە بنەمای حوكمڕانی، لەوێ جیاوازی نێوان نەتەوە و ئایین بوونی نییە و هەمووان هاووڵاتین، بۆیەشە هەموویان ئینتیمایان بۆ ناسنامەی وڵاتەكە هەیە، پێش ناسنامە لاوەكیەكانی دیكە، بەڵام لە وڵاتێكی وەك عێراق هاووڵاتیان هەست بە ناسنامەی عێراقیبوون ناكەن و بە ناسنامە لاوەكییەكانیان خۆی دەناسێنن، بۆیە لەم جۆرە وڵاتانە دەبێت پێكەوە سازان و شەراكەت هەبێت، ئەگەر ئەمە پێشێل كرا، بەرەو شەڕی ئەهلی و ناوخۆ دەچن.
* لە ئێستادا باس لەوە دەكرێت، لانیكەم دەبێت جۆرێك لە لێكتێگەیشتن و رێككەوتن لەنێوان پارتی و یەكێتی لەسەر پرۆسەی سیاسیی عێراق بێتەئاراوە، ئایا زەمینەی ئەم لێكتێگەیشتن و رێككەوتنە بوونی هەیە؟
- زەمینەی رێككەوتن و خاڵی هاوبەش لای هەموو لایەك ئاشكرایە و پارتی و یەكێتیش لایان ئاشكرایە، بۆیە لەسەر ئەم بنەمایە و ئەگەر ئامانج ئەوە بێت بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان بپارێزین، ئەوا دەبێت پارتی و یەكێتی لیكتێگەیشتن دروست بكەن و زەمینەی ئەو ریككەوتنە دروست بكەن، ئەمەش لەسەر ئەو بنەمایەی نە پارتی و نە یەكێتی، هیچیان بە تەنیا ناتوانن وەك پێوست داكوكی لە مافەكانی گەلی كوردستان لە بەغدا بكەن، بەڵام ئەگەر پێكەوە یەك هەڵوێست و یەكدەنگ بن، ئەوا كارەكە ئاسانتر دەبێت. بۆ ئەمەش دەبێت پارتی و یەكێتی چەند خاڵێكی سەرەكی دەستنیشان بكەن و ستراتیژیەتێكی هاوبەش بۆ جێبەجێكردنی ئەو خاڵانە دابڕێژن، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەر لە نێوان پارتی و یەكێتی جۆرێك لە ناتێگەیشتنیش لەسەر هەندێك پرس هەبێت، ئەوا با ئەم لێكتێنەگەیشتنە لە هەرێمی كوردستان بێت و لە بەغدا نەبێت، ئەگەر ئەم هەنگاوە سەركەوتوو بێت، بێگومان لە بەغدا بەهێزتر دەبین.
* پرسێكی دیكە كە جێگەی قسە و باسە، پۆستی سەرۆك كۆمارە كە پشكی كوردە، ئایا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم پۆستە دەكەن؟
- پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی كوردە، بەڵام هێشتا لە نێوان پارتی و یەكێتی ئەم پۆستە یەكلایی نەبۆتەوە. ئەم پۆستە بۆ پارتی، یان یەكێتی، یان هەر لایەنێكی دیكە بێت، بەڵام ئەوەی پێش هەموو شت گرنگە، ئەوەیە كە ئەم پۆستە، پشكی كوردە، ئەوجا لای هەر لایەك دەبێت، ئەوە پێویستی بە گفتوگۆی زیاتری نێوان لایەنە سیاسییەكان هەیە و دەبێت لەسەری رێكبكەون، هەروەها دەبێت لەسەر ئەو كەسەش رێككەوتن هەبێت كە دەبێتە كاندیدی كورد بۆ ئەو پۆستە. ئەم رێككەوتنەش كە لایەنەكان سەبارەت بە بەغدا لەسەری رێكدەكەون، گرێدراوی پۆستەكانی دیكەش دەبێت، هەر لایەنێك بیەوێت پۆستی سەرۆك كۆمار ببات، ئەوا دەبێت دەست لە زۆربەی خاڵەكانی خۆی هەڵبگرێت، چونكە وەك هەموو لایەك دەزانن، هەر كورسییەكی پەرلەمانی عێراق بە چەند خاڵێك حیساب دەكرێت، هەر پۆستێكیش بە چەند خاڵێك دیاریكراوە و پۆستی سەرۆك كۆماریش خاڵێكی زۆری بۆ دیاری كراوە، بۆیە جارێ ئەم پرسە یەكلایی نەبۆتەوە بۆ پارتی، یان یەكێتی دەبێت، هەروەها ئەوەش یەكلایی نەبۆتەوە بەوەی ئایا پارتی و یەكیتی لەسەر كەسایەتییەك رێكدەكەون لە دەرەوەی حزبەكانی خۆیان بێت؟ ئەمەش هێشتا روون نییە و دوای گەیشتن بە رێككەوتنێكی گشتگیر یەكلایی دەبێتەوە.
* پێتوایە لایەنی كوردستانی دەبێت لە قۆناخی داهاتوو چۆن مامەڵە لەگەڵ پرۆسەی سیاسیی عێراق بكات؟
- بە بۆچوونی من ئەگەر بتوانین بە بۆچوونێكی كوردستانی بچینە بەغدا و ناوماڵی كوردستان بەهێز بكەین و بە یەكگرتوویی و بە یەك شاندی هاوبەش بچینە بەغدا، ئەوا كارەكانمان ئاسانتر دەبێت، لەبەر ئەوەی نوێنەرایەتی هەموو كوردستان دەكات و شەرعییەتی زیاتر دەبێت، بۆیە ئەوەی گرنگە، ئەوەیە كە لایەنە كوردستانییەكان تەسفیەی حیسابی خۆمان لە بەغدا نەكەین، ئەگەر ئەمە لە بەغدا بكەین، ئەوا پێگەی كورد لاواز دەبێت، ئەمە فەرزی دەكات لەسەرمان ئەگەر بەرژەوەندیی باڵای كوردستانمان بوێت، دەبێت هەموومان كار بۆ ئەوە بكەین كە وەك نوێنەرانی كوردستانی بچینە بەغدا و هەموو لایەنە سیاسییەكانیش بەشدار بن، بۆیە زۆر گرنگە هەموومان كار بۆ بەهێزكردنی پێگەی كوردستان لە بەغدا بكەین، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ هەندێك لایەنی سیاسیی كوردستان ئامانجیان ئەوەیە پێگەی كوردستان لە بەغدا لاواز بكەن، لە بری ئەوە دەبێت خۆمان بۆ هەڵبژاردنی ئەیلوولی داهاتوو ئامادە بكەین و كێشەی نێوانمان لە ناو كوردستان چارەسەر بكەین، نەك لە بەغدا.