جۆزێف ئۆلمەرت پسپۆڕی كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان: ئەمریكا بژارەی بەخۆداچوونەوە یان تیاچوونی خستۆتە بەردەم ئێران
June 2, 2018
دیمانەی تایبەت
* زۆر باس لەوە دەكرێت كە ئیدارەی نوێی ئەمریكا سیاسەتێكی تۆكمە و روون و جێگری لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نییە، ئایا بە تێڕوانینی ئێوە ئەم رەخنانە تا چەند راست و دروستن و ئایا ئەمریكا هیچ سیاسەتێكی روونی نییە كە رواڵەتەكانی لە ئاست ئەم ناوچە گرنگەدا دیار و ئاشكرا بن؟* زۆر باس لەوە دەكرێت كە ئیدارەی نوێی ئەمریكا سیاسەتێكی تۆكمە و روون و جێگری لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نییە، ئایا بە تێڕوانینی ئێوە ئەم رەخنانە تا چەند راست و دروستن و ئایا ئەمریكا هیچ سیاسەتێكی روونی نییە كە رواڵەتەكانی لە ئاست ئەم ناوچە گرنگەدا دیار و ئاشكرا بن؟
- بە تێڕوانینی من سیاسەتی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێشتا لە پرۆسەی گەڵاڵەبووندایە، ئەگەرچی چەند ئاماژەیەكی روون و ئاشكراش بەدی دەكرێت، كە دەتوانین بڵێین لە پەیوەندی بە دوو پرس و بابەتەوە خەریكە سیاسەتێكی جێگیر و تۆكمە دێتەئاراوە. یەكێكیان پەیوەستە بە ناكۆكیی فەلەستین-ئیسڕائیلەوە، كە تێیدا ئیدارەی ترەمپ لەسەروبەندی ئەوەدایە پلانێكی پێشنیاركراوی ئاشتی بخاتەڕوو، كە رەنگە بە راددەیەكی بەهێز تای تەرازووەكە بەلای ئیسڕائیلدا بشكێنێت. ئەم ئیدارەیە بە راددەیەكی گەورە دژ بە بزووتنەوەی حەمماسە و پێدەچێت چیتر ئارامگرتن و دانبەخۆداگرتنی نەمێنێت لە ئاست مەحموود عەباس. گواستنەوەی باڵیۆزخانە بۆ قودس ئاماژەیەكە لەم رووەوە كە ئیدارەی ترەمپ ئامادەیە سەركێشی بكات بۆ گۆڕینی سیاسەتە جێگیرەكان و گرتنەبەری گوتارێكی نوێ. ئەم پلانە نوێیەی ئاشتی بێ مەترسی نییە بۆ ئیسڕائیل، بەڵام پێدەچێت سەرۆك وەزیران نەتنیاهۆ و سەرۆك ترەمپ پەرەیان بە تێگەیشتن و پەیوەندییەكی دۆستانەی بەهێز دابێت. ترەمپ دەخوازێت، نەتنیاهۆش هاوڕایە، كە سعودیە و میسر رۆڵی گەورەتریان هەبێت لە دۆخی فەلەستیندا. ئیسڕائیلییەكانیش پتر مەیلیان هەیە بۆ ئەم رێگاچارەیە، لەبەر ئەوەی پەیوەندییەكی جێی بایەخپێدانیان دروست كردووە لەگەڵ عەرەبستانی سعودیە، ئەویش لە سایەی دەسەڵاتی شازادەی نوێیدا. كەواتە دەتوانین بڵێین ئەمریكا سیاسەتێكی جێگیری هەیە لە ئاست ئێراندا، كە سیاسەتێكە بە روون و ئاشكرایی لەلایەن وەزیری دەرەوە (مایك پۆمپیۆ) گەڵاڵەكراوە. لە كۆتاییدا، دەكرێت بڵێین ئەمە سیاسەتێكە كە بە بێ ئەوەی بە چەندین دەستەواژە گوزارشتی لێبكەین، ئەوا لە بنەڕەتدا بۆ بەرەنگاربوونەوە و بەرپەرچدانەوەی رژێمی ئێرانە لە رێی بژارەیەكی سادە و روونەوە- واتە ئەو بژارەیە خراوەتە بەردەم ئێران، دەست لە یاسادەرچوون هەڵگرە، ئەگەرنا رووبەڕووی تیاچوون دەبیتەوە بەهۆی فشارەكانی ئەمریكا و بێزاریی روو لە زیادی خودی گەلی ئێران.
* سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لە سەروەختی هەڵمەتەكانی هەڵبژارندا باسی لەوە كرد كە ئەمریكا خۆی سەرقاڵ ناكات بە پەرەپێدانی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤەوە، پێتوایە ئەمە چ كاریگەرییەكی لێدەكەوێتەوە و ئایا ئەمە تا چەند سیاسەتێكی سەركەوتووە؟
- لە راستیدا ئیدارەی ترەمپ دەستی لە رێگاچارەكەی بوش هەڵگرتووە كە پەیوەست بوو بە پەرەپێدانی دیموكراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەبری ئەوە هەوڵدەدات پارێزگاری لە رژێمە پرۆ رۆژئاواییەكان بكات و بەهێزیان بكات. هەرچۆنێك بێت، ئیدارەی ترەمپ تێڕوانینێكی ئیجابی هەیە لە ئاست ئەو كەسانەی كە ئامادەییان هەیە بۆ ئەوەی شەڕبكەن و بەرگری لە خۆیان بكەن، لەبەر ئەوەی ترەمپ بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوەدا نییە كە ئەمریكییەكان لەو شەڕ و ناكۆكییانەدا بكوژرێن كە راستەوخۆی پەیوەست نین بە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكاوە.
* باس لەوە دەكرێت كە دڵنیاكردنەوەی دۆستەكان كارێكی زەحمەتترە لە بەرپەرچدانەوەی ركابەرەكان، ئایا ئەدای ئیدارەی ئەمریكا لەم روەوە چۆن هەڵدەسەنگێنیت و پێتوایە لەم رووەوە سەركەوتوو بووە؟
- لێرەدا دەكرێت ئاماژە بەوە بكەین كە ئیدارەی ئەمریكا كێشەی لەگەڵ یەك هاوپەیماندا هەیە، یاخود ئەوەی گریمانەی ئەوە دەكرێت هاوپەیمانی ئەمریكا بێت، ئەویش توركیایە لە سایەی ئەردۆغانی دیكتاتۆر و دەسەڵاتخوازدا. ئەمە پەیوەندییەكی زۆر ئاڵۆزە و رەنگە ئەردۆغانیش ئاگاداری ئەوە نەبێت كە بێ متمانەیی لە نێوان خۆی و ئەمریكادا لە هەڵكشاندایە، هەروەها هەستێك هەیە كە دەبێت سیاسەتی ئەمریكا لە ئاست توركیادا بگۆڕدرێت. بە هەمان شێوە ئەو كەلێنەی لە نێوان توركیا و ئیسڕائیلدا هەیە، لە دژی ئەردۆغان شكایەوە لە ئەمریكادا، لەبەر ئەوەی دۆستەكانی ئیسڕائیل لە كۆنگرێس بیر لەوە دەكەنەوە كە هەنگاوی دژ بە توركیا هەڵبگرن، وەك دانپێدانان بە كۆمەڵكوژیی ئەرمەنییەكان و هەنگاوەكانی دیكە.
* ئاماژەت بە ئیسڕائیل كرد، كە هەمیشە ئەو وڵاتە دووپاتی دەكاتەوە كە هەرگیز رێگا نادات ئێران ئامادەبوونێكی سەربازیی گەورەی لە سووریادا هەبێت و لەم رووەوە چەندین جار پێگەكانی ئێرانی لەو وڵاتەدا كردۆتەئامانج، شیكردنەوە و لێكدانەوەی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- من پێموایە ئیسڕائیل كارێكی باش دەكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی بوونی سەربازیی ئێرانی لە سووریا، ئەوەش ئاشكرایە كە ئیسڕائیل باڵادەستییەكی روونی هەواڵگری و تەكنەلۆژی و سەربازی هەیە. رەنگە قاسم سولەیمانی لە هەندێ شوێنی دیكە وەك پاڵەوان لێی بڕوانرێت، بەڵام بەراورد بە ئیسڕائیل تواناكانی مایەی پێكەنینن.
* دوای كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە گوتارێكدا باسی لەوە كرد كە ئەمریكا سزای زیاتر بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت و چەند مەرجێكی بۆ ئێران دانا، خوێندنەوەی ئێوە بۆ بڕیارەی ئەمریكا و بۆ ئەم هەنگاوانەی ئیدارەی ئەمریكا چییە؟
- من پێموایە ئێران دوچاری كێشە و ئازارێكی زۆر دەبێت بەهۆی سزا قورسەكانی ئەمریكاوە. لەم رووەوە ئاماژەی روون هەن كە كۆمپانیا گەورەكانی ئەوروپاش سزاكان جێبەجێ دەكەن، یەكێتی ئەوروپاش ناتوانێت رێگرییان لێبكات.
* ئەی پێتوایە پەرچەكرداری ئێران چی دەبێت، یاخود ئایا بژارەكانی ئێران چی دەبێت بۆ وەڵامدانەوەی بڕیاری ئەمریكا بۆ كشانەوە لە رێككەوتنەكە و سەپاندنەوەی سزا بەسەر ئێراندا؟
- ئێران دەتوانێت پەنا بباتەوەبەر پیتاندنی یورانیۆم، بەڵام ئەمەش مەترسیی ئەوەی لێدەكرێت كە ئەمریكا لەبەرامبەر ئەم هەنگاوەدا پەرچەكرداری هەبێت و گورزێكی سەربازیی تێكشكێنەر لە ئێران بسرەوێنێت. لە سووریاشدا، ئێران رووبەڕووی فشارێكی سەربازیی توندی ئیسڕائیل دەبێتەوە، لەبەرامبەردا ئێران دەتوانێت حزبوڵا لە لوبنان بەكار بهێنێت. حزبوڵا دەتوانێت گورزی كاریگەر لە ئیسڕائیل بوەشێنێت، بەڵام كاردانەوەی ئیسڕائیلیش كوشندە دەبێت. كەواتە بژارەكانی بەردەم تاران زۆر بەرفراوان نین. چونكە ئەوان لەسەروبەندی ئەوەدان كە رژێمەكەیان رووبەڕووی گەورەترین تەحەددی ببێتەوە لە دوای ساڵی 1979وە.
* ئەگەر لە روانگەی پەرەسەندنەكانی ئێستاوە لە ئەگەرەكانی ئایندە بڕوانین، ئایا پێتوایە باشترین سیناریۆ چییە كە چاوەڕێی ئەم ناوچەیە بكات و خراپترین سیناریۆ چییە كە بۆی هەیە رووبدات؟
- داكشانی دەستڕۆیشتوویی و كاریگەریی ئێران هەواڵێكی باش دەبێت بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەروەها ئەگەر ئەردۆغانیش دوچاری شكست ببێتەوە، بە هەمان شێوە هەڵكشانی هاوكاربی نێوان سعودیە و میسر، ئیدی بە ئاشكرا بێت، یان بە پەنهانی، هەواڵێكی باش دەبێت. هەواڵە ناخۆشەكەش ئەوەیە دۆناڵد ترەمپ ئارامگرتن و دانبەخۆداگرتنی نەمێنێت و سیاسەتە راگەیەندراوەكانی لە دژی ئێران جێبەجێ نەكات، با ئومێدی ئەوە بخوازین كە ئەمە روونەدات.