ئانۆ جەوهەر عەبدۆكا كەسایەتیی ناسراوی كلدانی ئاشووری سریانی بۆ گوڵان: سەركەوتنی پارتی لە هەڵبژاردنەكاندا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە سەرجەم پێكهاتەكانی كوردستان متمانەیان پێداوە

ئانۆ جەوهەر عەبدۆكا  كەسایەتیی ناسراوی كلدانی ئاشووری سریانی بۆ گوڵان:  سەركەوتنی پارتی لە هەڵبژاردنەكاندا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە سەرجەم پێكهاتەكانی كوردستان متمانەیان پێداوە
پارتی دیموكراتی كوردستان دوای ئەوەی سەركەوتنێكی گەورەی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراقدا بەدەست هێنا، لە ئێستادا خەڵكی كوردستان بەگشتی و پێكهاتە كوردستانییەكان بەتایبەتی، چاوەڕوانی ئەوەن لە گفتوگۆ و دانوستانەكاندا بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق مافە دەستووری و یاساییەكانی گەلی كوردستان بە كردارەكی بچەسپێنێت. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە و زانینی هەڵوێستی پێكهاتەی كریستیانەكان لەم رووەوە، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ ئانو جەوهەر عەبدۆكا كەسایەتیی ناسراوی كلدانی ئاشووری سریانی ئەنجامدا، لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.
* وەكو ئاشكرایە پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراقدا سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێنا، وەكو پێكهاتەی كریستیانەكان كە پارتی لەناو ئەم پێكهاتەیەدا دەنگێكی زۆری بەدەستهێناوە، چۆن لەو سەركەوتنە دەڕوانن؟
- ئاشكرایە پارتی دیموكراتی كوردستان توانیویەتی سەركردایەتیی قۆناغێكی هەستیاری كوردستان بكات، تا گەیشتە ئەو راددەیەی كە هەموو هێزە كوردستانییەكان پێكەوە بتوانن ریفراندۆمێك ئەنجام بدەن و بۆ یەكەمجار هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستان بە جیهانیان راگەیاند، ئێمە هەین و داوای مافی خۆمان دەكەین و دەمانەوێت خاوەن خواست و ئیرادەی خۆمان بین، دواتریش هەر پارتی دیموكراتی كوردستان بوو كە توانیویەتی سەركردایەتیی قۆناغەكە بكات لە دوای سەپاندنی سزا و ئابڵوقە ناڕەواكان لەلایەن حوكمڕانەكانی عێراقەوە. لێرەدا دەمەوێت ئەوە بڵێم كە ریفراندۆمەكە بە شێوازێكی ئاشتییانە و دیموكراتییانە بەڕێوەچوو، ئێستاش چونی ئێمە بۆ بەغدا پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیانە، پارتیش لە هەمو شۆڕش و راپەڕینەكاندا كە سەركردایەتی كردووە، ئەوەی دووپات كردۆتەوە كە كێشەی ئێمە لەگەڵ گەلی عێراقدا نییە، بەڵكو لەگەڵ كاربەدەستانی عێراقە، واتە كێشەی ئێمە لەگەڵ ئەو سیستمی حوكمڕانییەیە لە عێراق كە دژایەتیی مافی خەڵكی كوردستان دەكات. ئێستاش كە دەچینە بەغدا پێشمەرگائاسا پارێزەر و داكۆكیكاری مافەكانی خەڵكی كوردستان دەبین و دەبینە پارێزەری ئاشتی و سەقامگیری كۆمەڵایەتی. لێرەدا دەمەوێت ئاماژەش بەوە بكەم كە پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەر ئاستی عێراق حزبی براوەیە لە هەڵبژاردنەكاندا، چونكە لایەنەكانی دیكە كە دەنگیان هێناوە، حزب نین، بەڵكو هاوپەیمانێتین كە چەندین حزب لە خۆدەگرن، بەڵام وەك حزب پارتی براوەی یەكەمە لەسەر ئاستی عێراق بە مسۆگەركردن و بەدەستهێنانی 25 كورسی، هۆكاری سەركەوتنی پارتیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە سەرجەم پێكهاتەكانی كوردستان دەنگیان بەم پارتە داوە، بۆ نموونە لە شارۆچكەی عەنكاوە كە لە سەدا 95ی خەڵكەكە مەسیحین، پارتی دیموكراتی كوردستان براوەی یەكەم بووە و زۆرترین دەنگی بەدەست هێناوە، كەواتە زۆربەی زۆری خەڵكی عەنكاوە كە بە نەتەوە كورد نین و بە ئاین ئیسلام نین، دەنگیان بە پارتی داوە، ئەمەش جوانترین نموونەیە كە خەڵكی كوردستان بە سەرجەم پێكهاتەكانیەوە هیوا و ئومێدیان بە پارتی هەیە و باوەڕیان بە سەركردایەتی و سەرۆكایەتی جەنابی سەرۆك بارزانی هەیە و متمانەیان بە حیكمەتی جەنابی سەرۆكی حكومەت هەیە كە توانیویەتی كوردستان لە ئابڵۆقە و سزای سیاسی و ئابووری دەرباز بكات و ببێتە كاراكتەرێكی سەرەكی لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت كە ئێمە دەزانین پارتی شاندێكی ئاست بڵندی رەوانەی بەغدا كردووە بە سەرۆكایەتی كاك فازڵ میرانی بۆ ئەوەی گفتوگۆ بكەن لەبارەی ئەوەی چۆن حكومەتی داهاتووی عێراق سەقامگیری دەستەبەر بكات و مافەكانی خەڵكی كوردستان بپارێزێت.
* باسی ئەو پەیوەندییە توندوتۆڵ و مێژووییەت كرد كە كریستیانەكانی كوردستان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هەیانە، ئایا ئەو پەیوەندییە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- مێژووی پەیوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ مەسیحییەكان بۆ پێش دامەزراندنی پارتی دەگەڕێتەوە، چونكە هەمیشە مەسیحییەكان پەیوەندییەكی مێژووییان هەبووە لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی و لە سەردەمی شێخ ئەحمەدی بارزانی و شێخ عەبدولسەلام بارزانی كریستیانەكان بە شێوەیەكی ئاشتییانە و دادپەروەرانە ژیاون، هەروەها مەسیحییەكان لە سەرجەم شۆڕشەكانی بارزاندا بەشدارییان كردووە، تەنانەت كاتێك مەلا مستەفای بارزانی دەچێتە رووسیا، دوو لەو پێشمەرگانەی لەگەڵیدا دەڕۆن، مەسیحی بوون. كەواتە مەسیحییەكان مێژووییەكی دوورو درێژیان هەیە و پارتی بە هاوبەشێكی راستەقینەی خۆیان دەزانن بۆ بەدیهێنانی مافەكانیان.
* یەكێك لەو ناوچانەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەنگێكی زۆری تێیدا بەدەستهێناوە، ناوچەی دەشتی نەینەوایە، كە پێكهاتەیەكی زۆری كریستیانی تێدایە، ئایا كریستیانەكانی ئەم ناوچەیەش هەمان بۆچوونی كریستیانەكانی دیكەی ناوچەكانی كوردستانیان بەرامبەر پارتی و سەربەخۆیی كوردستان هەیە؟
- بارودۆخی دەشتی نەینەوا زۆر سەختە، چونكە ئەو ناوچانەی كە مەسیحی و ئێزیدی و شەبەكەكانی تێدا نیشتەجێ بوون، هەموویان كاول كراون و خانووەكان سووتێنراون و ژێرخانی ئەو ناوچانە وێران كراون. هەروەها لە دوای ئازادكردنەوەشیان نیوەی دەشتی نەینەوا لەژێر دەستی حەشدی شەعبیدایە، ئەمە لە كاتێكدا بە دەیان هەزار كەس لە هەولێر و دهۆك و سلێمانین و ناگەڕێنەوە سەر زێدی باب و باپیرانیان. راستە بەشێكیان گەڕاونەتەوە، بەڵام تا ئێستا گەورەترین كەمپی ئاوارە لە عەنكاوە ماوە، چونكە ئەو خەڵكانە متمانەیان بەو هێزانەی ئەو ناوچانە نییە كە پارێزگاری لە ئازادی و ژیانیان بكات. داواكاریی ئێمەش ئەوەیە كە مەلەفی ئەمنی ئەو ناوچانە بدرێتە دەستی خەڵكی ناوچەكە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزە فەرمییەكانی عێراق، نەك هێزە تایەفەگەر و دەمارگیرەكان، ئیدارەی بكەن.
* دوا ووتەتان چییە؟
من دەمەوێت ئەوە دووپات بكەمەوە كە سیاسەتی حەكیمانەی رێزدار سەرۆك بارزانی و لێهاتوویی رێزدار نێچیرڤان بارزانی بوو كە وایكرد هاوسەنگی لە كوردستاندا رابگیرێت و پارێزگاری لە هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی دەستووری بكرێت. من وەك كەسێكی مەسیحی و وەك هاووڵاییەك زۆر گەشبینم كە چۆن ئەم سەركردایەتییە كوردستانیان لە دۆخێكی سەخت رزگاركرد، ئاواش ئەم هەرێمە بەرەوپێش دەبەن، باوەڕم وایە كە دەست لە ناو دەست لەگەڵ هەموو پێكهاتەكانی دیكەی كوردستاندا دەتوانین وڵاتێكی سەقامگیری و ئازاد و پێشكەوتوو بنیاد بنێین.
Top