خالید هادی چاوشلی سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان: ئەگەر دادپەروەری و بەرژەوەندی گشتی رەچاوبكرایە دەبوو ئەولەویەتی هەموو لایەنەكان پەسەندكردنی یاسای چاكسازی بوایە

خالید هادی چاوشلی  سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:  ئەگەر دادپەروەری و بەرژەوەندی گشتی رەچاوبكرایە دەبوو ئەولەویەتی هەموو لایەنەكان پەسەندكردنی یاسای چاكسازی بوایە
سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان، لەم دیدارەیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، تیشك دەخاتەسەر پڕۆژە یاسای چاكسازی و كار و بەداواداچوونی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان.
خالید هادی چاوشلی
سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:

ئەگەر دادپەروەری و بەرژەوەندی گشتی رەچاوبكرایە دەبوو ئەولەویەتی هەموو لایەنەكان پەسەندكردنی یاسای چاكسازی بوایە




* یەكێك لە دەستكەوتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پڕۆژە یاسای چاكسازییە، وەكو شارەزا و پسپۆڕێكی بواری چاودێری تا چەند ئەم پڕۆژەیە بە گرنگ دەزانن؟
- دەتوانین بڵێین ئەم پڕۆژەیە یەكەم هەنگاوی راستەقینەی كەمكردنەوەی باری گەنجینەی حكومەتی هەرێمی كوردستانە لە رێگای ئامرازی دارایی و یاسایی و كارگێریی دادپەروەرانە. لەبەر ئەوەی كە گشت هەنگاوەكانی رابردووی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كاتی بڕینی بودجەی حكومەتی هەرێم لە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵەوە و دواتر قەیرانی دارایی، كە گشتیان دانیان بە واقیعی ئێستای وەزیفی وەكو خۆی ناوە، بەوەی كە هیچ جیاوازییەكی لە نێوان فەرمانبەران و خانەنشینانی یاسایی و نایاسایی نەدەكرد و ئامرازەكانی كۆنتڕۆڵی قەیران لە ماوەی رابردوو بریتی بوون لە پاشەكەوتی مووچە و زیادكردنی رسومات و باج، ئەمەش كاریگەری زۆر نەرێنی هەبوو لەسەر جووڵەی ئابووری لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان و لەگەڵیشیدا ئیفلیجكردنی زۆربەی كەرتەكان لە ماوەی رابردوودا.
* بۆچی ئەم پڕۆژە یاسایە ئەوەندە قسەوباسی لەسەر كرا؟ ئایا دەكرێت پڕۆژەی چاكسازی، بخرێتە ناو بواری موزای یدەی سیاسی و ململانێی حزبییەوە؟
- ئەگەر تەنیا پێوەری دادپەروەری و یاسا و بەرژەوەندیی گشتی كاریگەری لەسەر ئەو كەسانە هەبوایە، كە دەسەڵاتی دەركردنی ئەم یاسایەیان هەیە، چ لە كاتی ئامادەكردنی پڕۆژەكە و چ لە كاتی تاوتوێكردنی و دەنگدان لەسەر بڕگەكانی، دەبوایە ئەم یاسایە ئەولەوییەتی لەسەر گشت پڕۆژە یاساكانی تر هەبوایە و شانبەشانی هەر پڕۆژە یاسایەك بەرەو بەرزكردنەوەی ئاستی دامەزراوەیی لە سیستەمی حوكمدارییەتی هەرێمی كوردستان ببوایە، دیارە كە هەندێك لە فشارەكانی دواخستنی دەركردنی ئەم یاسایە پەیوەندی بە هەڵبژاردەكانی عێراق و هەرێم و هەروەها زەرەرمەندبوونی بەشێك لەو لایەنانە بوو كە كۆمەڵێك لە ئەندامەكانیان لەم واقیع حاڵەی ئێستا لە بوارەكانی خانەنشینی یاسایی و وەرگرتنی پلەی زیاد لە دەرەوەی یاسا و هەژماركردنی خزمەتی نایاسایی سوودمەند بوون.
* تا چەند گرنگە كورد لە پێناو چارەسەركردنی كەموكورتی و نەهێشتنی گەندەڵیدا، یەكڕیز و یەكدەنگ بێت؟
- بێگومان بەهێزكردنی توانای ئابووری لە هەر كۆمەڵگەیەك لەگەڵ هەبوونی دادپەرورەی و یەكسانی لە ماف و ئیمتیازات و ئەركەكانی، دەبێتە بنەمایەكی پتەو بۆ یەكڕیزی و زیادكردنی ئاستی بەرخۆدان لە پێناو پاراستنی دەستكەوتەكان گەل و كوردستانیش بەو پێوەرە بۆ هەنگاوە نەتەوەییەكانی دیكەی لە ئایندەدا بەتوانا دەبێت.
* لە رووی یاسایی و تەشریفاتی دەستوورییەوە تا چەند سزادانی گەلی كوردستان و بڕینی بودجەی هەرێم و مووچە بە پێچەوانەی بنەما و بڕگە و خاڵە دەستوورییەكانی عێراق بووە؟
- بێگومان بڕینی بەشە بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەناكاو و لە كاتی دەستپێكردنی قەیرانی دارایی لە ساڵی ٢٠١٤ كارێكی نادادپەروەرانە و نادەستووری بوو. بەڵام لە هەمانكاتدا دەبوایە لەسەر هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان و فیدڕاڵ لە سەرەتادا و دوای ساڵی ٢٠٠٣ بنەمایەكی دامەزراوەییان بۆ پێناساندن و رێكاری هەژماركردنی بڕگە جیاوازەكانی ماف و ئیلتیزاماتی هەر لایەك بە شیوەی یاسایی و رێنمایی لەژێر چوارچێوەی دەستووری عێراقی رێكبخستایە و رێگەیان نەدایە بە فاكتەری ئیجتیهادیی تاكەكەسی و كەڵەكەبوونی كێشەكان وەكو ئەوەی كە تا ئێستا روویداوە.
* تا چەند بەدواداچوون بۆ كەیسەكانی گەندەڵی كراوە؟
- ئەركی وردبینی و چاودێری لە چوارچێوەی یاسای دیوانی چاودێری دارایی ساڵی 2008 رێكخراوە و لەماوەی ئەم چوار ساڵەی رابردوودا دیوان بە سەدان راپۆرت و نووسراو و پڕۆژەی چاكسازی ئامادە كردووە و خستوویەڕوو، بەدواداچوونی كارایشی بۆ پاكتاوكردنی ئەم كەیسانە كردووە و هەندێكیان كەوتوونەتە ئەستۆی داواكاری گشتی و دەستەی دەستپاكی، لەگەڵ ئەمەشدا شایەنی باسە، كە چەند كۆسپ و بەربەستێك لە پێش دیوانمان هەبووە، تاكو بتوانین ئامانجەكان بەو شێوەی كە هیوامان بۆ دەخواست، جێبەجێ بكرێت، ئەمانەش:
١. دانەمەزراندنی بەڕێوەبەرە گشتییەكانی دیوان، كە پۆستەكانیان بەتاڵە، هەروەها دانەمەزراندنی فەرمانگەی مەڵبەندی و جوگرافییەكان.
٢. دەرنەكردنی یاسای بودجە لە هەرێمی كوردستان لە ساڵانی رابردوو، بووە بە هۆیەكی هونەری و یاسایی و بەشی سەرەكی لە پێوەر و چوارچێوەی یاسایی داهات و تێچوون نەماوە، كە دیوان ئەنجامی وردبینییەكانی پێ بەراورد دەكرد.
٣. بەشێكی زۆری وەزارەتەكان گرێبەستە گرنگە واژووكراوكان لەگەڵ كۆمپانیا ناوخۆیی و دەرەكییەكانیان بۆ ئێمە نەناردووە، لەوانە گرێبەستی دابینكردن (تجهیز) و مساتەحە و سپاردنی ئەركی حكوومی بە كەرتی تایبەت و هەروەها پڕۆژەكانی خزمەتگوزاری و بەشداریكردن و هاوبەشیكردن لەگەڵ كەرتی تایبەت.
* یەكێك لە خاڵەكانی پڕۆژەی چاكسازی، چاكسازییە لە بواری وەزیفی و كارگێڕیدا، هەروەها كێشەی دوو مووچەیی و پلەبەرزكردنەوەی نایاسایی، ئەم خاڵانە چەند گرنگە بۆ ئابووری كوردستان؟
- هەر وەكو لە سەرەتای ئەم دیدارە باسمان كرد، ئەم پڕۆژەیە تەنیا هەنگاوێكە لە هەنگاوەكانی راستەقینە و دادپەروەرانەی چاكسازی و پێویستە هەنگاوەكانی دواتر بایەخی زۆرتری پێبدرێت، كە ئەم بوارانەی خوارەوە لەخۆ دەگرێت:
١. بەدواداچوونی هەیكەل و قەبارەی كارگێڕیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەما و فەلسەفەیەكی نوێ.
٢. كاراكردنی سیستەمی بانكی لە هەرێمی كوردستان كە دەبێتە بنەمایەك بۆ رێگاگرتن لە گەندەڵی و بەرزكردنەوەی ئاستی دراوی پێویست لە مامەڵەی بازرگانی و پەیڕەوكردنی سیستەمی حوكمداری و چاودێری و وردبینیی ئەلیكترۆنی.
٣. چاكسازی لە سیستەمی كاركردن و خانەنشینی بە شێوەیەك كە رێگا بگرێت لە تێكەڵبوونی كارمەند و كات و ئیمكانییاتی كەرتی تایبەت و كەرتی گشتی و بە رەچاوكردن و زەمینەسازكردنی هەمان ماف و ئەركەكان بە كونسیبت و یاسایەكی نوێ، بەتایبەت لە بوارەكانی تەندروستی و پەروەردە و خوێندنی باڵا و بوارەكانی تر بە پێی رێكار و یاسای تایبەت بەم باسە.
4. بەدواداچوونەوەیەكی جددییانە بۆ گشت گرێبەستەكانی سپاردنی ئەو ئەرك و ئیمتیازاتەی بە كەرتی تایبەت دراوە، كە دەبێت بە شێوەیەك بێت، گەنجینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بپارێزرێت. هەروەها هەمواركردنی یاسای وەبەرهێنان و چەسپاندنی باجی جۆراوجۆر و رسوماتی گومڕگی لەسەر گشت ئەم پڕۆژانە كە ماوەیان بەسەرچووە لە رۆژی مۆڵەت، نەك لە رۆژی تەواوبوونی پڕۆژەكە. لەبەر ئەوەی وشەی تەواوبوونی پڕۆژە، مانای جۆراوجۆر دەدات و دەیان ساڵ درێژەی پێدەدرێت.
5. چاكسازی لە سیستەمی باجی دەرامەت و VAT - بەهای زێدەكی- بەتایبەت لەسەر كۆمپانیا زەبەلاحەكان جێبەجێ بــــــــــــكرێت، بـــە شێوەیەك كە ڕێگا بگرێت لە لاوازیی داتــــــــا و تۆماری ئەم كۆمپانیایانە.
Top