ئایدن مەعرووف سەرۆكی بەرەی توركمانی لە هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان: گرنگە بە یەكگرتوویی و یەكڕیزییەوە بچینە بەغدا

ئایدن مەعرووف  سەرۆكی بەرەی توركمانی لە هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:  گرنگە بە یەكگرتوویی و یەكڕیزییەوە بچینە بەغدا
توركمانەكان رۆڵی سەرۆك بارزانی و پێشمەرگە لە پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكان و زامنكردنی مافەكانیان بەرز دەنرخێنن. هەمووان لە چاوەڕوانی ئەوەدان لەحكومەتی نوێی عێراقدا وەكو هەموو جارێك پارتی دیموكراتی كوردستان بە رۆڵی مێژوویی خۆی هەستێت و پێگەی گەلی كوردستان بەگشتی و توركمانەكان بەتایبەتی لە حكومەتدا بچەسپێنێت. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسەو بۆ زانینی هەڵوێستی بەرەی توركمانی چەند پرسیارێكمان ئاراستەی ئایدن مەعرووف سەرۆكی بەرەی توركمانی لە هەرێمی كوردستان كرد، لێرەدا پوختەی وەڵامەكانی بڵاودەكەینەوە.
سەرۆكی حكومەتی كوردستان سیاسەتێكی نەرمی پەیڕەو كردووە و دەبێت هەموو لایەنەكان پشتیوانی لێ بكەن



* لە دوای یەكلابوونەوەی دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق، ئایا پێتوایە پێویستە حزبە و لایەنە سیاسییەكانی ئێمە لە بەغدا بۆ پاراستنی پێگەی هەرێم و دەستەبەركردنی مافی سەرجەم پێكهاتەكانی دەبێت چی بكەن؟
- هەمووان لەسەرە ئەوە كۆكین كە یەكڕیزی و یەكدەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و داكۆكیكردن لە مافە دەستوورییەكانی هەرێمەكە زۆر گرنگە، بەڵام ئێستاكە كەسەیر دەكرێت، دوای هەڵبژاردنەكان هەر حزبەو بە شاندێكی جیا سەردانی بەغدایان كردووە بۆ گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ لایەنەكانی عێراقی بۆ دامەزراندنی حكومەتی تازەی عێراق، كە من پێموایە ئەمە كاریگەری خراپی لەسەر هەڵوێستی سیاسیی هەرێمی كوردستان دەبێت، بۆیە لەم قۆناغەدا زۆر گرنگە حزب و لایەنەكانی كوردستان یەكڕیز و یەكدەنگ بن لەبەغدا، تاوەكو ئەو كیانە سیاسییەی كە لە هەرێمی كوردستان و هەولێر هەیە، بەرەوپێش بچێت، ئەمەش بە گەڕانەوەی متمانەو لێكترنزیكبوونەوەی نێوان لایەنە سیاسییەكان دێتەدی، بەڵام بەداخەوە ئێستاكە متمانەیان بە یەكتر نەماوە، بۆیە بە چەند شاندی جیاجیا چوونەتە بەغدا. هەروەها نەمانی ئەم متمانەیە كاریگەری و رەنگدانەوەی لە ناوخۆشدا هەبووە، ئەوەتا ئەمە هۆكارێكە بۆ ئەوەی پڕۆژەی چاكسازی لە پەرلەماندا تێنەپەڕێ و پەسەند نەكرێ. كە پرۆژەیەكی گرنگە و كاریگەر و ئیجابی دەبێت لەسەر رەوشی ئابووری لە هەرێمی كوردستاندا. كە هیوادارم حزبەكان لەم رووەوە لە موزایەدەكردن دوور بكەنەوە و بە گیانی حزبییەوە مامەڵەی لەگەڵدا نەكەن، بەڵكو وەك پەرلەمانتارێك شان بدەنەبەر ئەو بەرپرسیارێتیە و هەوڵی پەسەندكردنی بدەن.
* كێشەی هەڵبژاردنەكانی كەركووك لەكاتێكدایە كە ئەو پارێزگایە چەندین كێشەی ئەمنی و سیاسی تێدایە، ئایا ئێوە وەكو پێكهاتەی توركمان چۆن دەڕواننە ئەو كێشەیە و رێگەی چارەسەر بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك چییە؟
- هەڵوێستی ئێمە دیارە كە ئێمە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكەی كەركووكمان قبووڵ نەكرد، لەبەر ئەوەی پێمانوایە خرووقات و دەستتێوەردان كراوە، كە ئەمەش كاریگەری خراپی دروست كردووە لەسەر رەوشی پێكەوەژیانی ئەم شارە، چونكە كەركووك شارێكی هەستیارە و هەر دەبێت بەم شێوەیەش مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت. داواشمان لەكۆمسیۆنی باڵای عێراق كردووە كە سیستەمی ئەلیكترۆنی رەت بكاتەوەو بە دەستی دەنگەكان لە یەكتر جیا بكرێنەوە، بەڵگەشمان هەیە بۆ ئەو ساختەكارییانە و گەڕەك هەیە لە كەركووك توركمان نشینە و دوو هەزار دەنگدەری هەیە و لە 90%ی ئەو دەنگدەرە بەشداربوون لە هەڵبژاردنەكاندا، كەچی حزبێكی وەكو بەرەی توركمانی كە لایەنێكی گەورەیە لە كەركوك دەنگێكی زۆر كەمی لەو گەڕەكە هێناوە، بەپێچەوانەشەوە لایەنی تر هەیە لە %90 دەنگەكانی هێناوە، كە ئەمەش جێی گومانە و دەرئەنجامی خراپیشی لێدەكەوێتەوە. چونكە مەترسیی ئەوەی هەیە كە كێشە سیاسییەكانی شاری كەركووك رەنگدانەوەی لەسەر رەوشە كۆمەڵایەتییەكەش هەبێت، ئەمە لە كاتێكدا لە شارێكی وەك هەولێر، ئەگەر كێشەی سیاسیش هەبێت، ئەوا پێكەوەژیان و پەیوەندییەكان ئەوەندە تۆند و تۆڵن كە ئەو كێشە سیاسییە لەسەر رەوشی كۆمەڵایەتی كاریگەری نابێت، بۆیە پێویستە دۆخی كەركووكیش هاوشێوەی هەولێر بێت و پرسە سیاسییەكان كاریگەرییان لەسەر تەبایی و پێكەوەژیان نەبێت.
* باسی پڕۆژەی چاكسازیی حكومەتی هەرێمی كوردستانت كرد، هەڵبەتە حكومەتی هەرێم بەناو كۆمەڵێك كێشەی سیاسی و حزبی و قەیرانی دارایی و شەڕی داعش و دابەزینی بەهای نەوتدا تێپەڕ بوو، تەنانەت ئابڵوقەو سزای دارایی توندیش خرایە سەر خەڵكی كوردستان، ئایا چۆن لە هەنگاوەكانی دەربازبوون لە قەیرانەكان دەڕوانن؟
- من پێموایە بەڕێز كاك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سیاسەتێكی زۆر عاقڵانەو حەكیمانەی هەیە و خۆیشی كەسایەتییەكی دیپلۆماتی هەیە و سیاسەتێكی نەرمی پیادە كرد، كە لەگەڵ واقیعی كوردستاندا بگونجێت و پێویستە سەرجەم خەڵكی كوردستانیش و لایەنە سیاسیەكانی هەرێم پشتیوانی لەم سیاسەتە بكەن، چونكە بەهۆی پەیڕەوكردنی ئەم سیاسەتەوە بوو كە هەرێمی كوردستان دوور خرایەوە لە شەڕ و ئاژاوە و ناسەقامگیریی سیاسی و توانرا سەرلەنوێ پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا و لایەنەكانی دیكە دروست بكرێتەوە.
* باشە ئێوە چۆن لە رەوشی توركمان لە سایەی حكومەتی هەرێمدا دەڕوانن؟
- ئێمە دەبێت ئەوە بڵێین كە رەوشی توركمان زۆر باشە، بەڵام كەموكوڕیش هەیە و داواكاریشمان هەیە. من پێمخۆشەوە لە رێی گۆڤارەكەتانەوە باس لەوە بكەم كە ئێمە خوازیارین یەكێك لە جێگرەكانی سەرۆكی حكومەت كەسێكی توركمان بێت، كە پێموایە ئەمە خزمەتی زیاتری رەوشی پێكەوەژیان دەكات لەم هەرێمە و تەنانەت رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ دەوڵەتانی دیكە.
Top