پیتەر فیڤەر پسپۆڕی زانستی سیاسی بۆ گوڵان: بڕیارەكەی ترەمپ بۆ كشانەوە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە دۆخێكی پڕ لە نادڵنیایی دەخوڵقێنێت

پیتەر فیڤەر پسپۆڕی زانستی سیاسی بۆ گوڵان:  بڕیارەكەی ترەمپ بۆ كشانەوە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە دۆخێكی پڕ لە نادڵنیایی دەخوڵقێنێت
پیتەر فیڤەر پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە زانكۆی دیوك و بەڕێوەبەری ئامۆژگای دیراساتی ئەمنییە لە هەمان زانكۆ، شارەزای چەند بوارێكی گرنگە، وەك بواری دیپلۆماسی، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئاسایشی نەتەوەیی، گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسیارێكی ئاراستەكرد كە پەیوەست بوون بە هۆكار و پاڵنەرەكانی بڕیارەكەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ كشانەوە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێراندا، لەگەڵ ئاكام و دەرهاویشتەكانی ئەم بڕیارە و چەند پرس و پەرەسەندنێكی دیكەی پەیوەندیدار، ئەویش بەم شێوەیەی خوارەوە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
* ئێمە دەزانین كە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی كۆمەڵەی 5+1 لەگەڵ ئێراندا مایەی مشتومڕ بوو، كە كەسانێك هەبوون سەرسەختانە رەخنەیان لێدەگرت و بە رێككەوتنێكی پڕ لە كەموكوڕییان لەقەڵەم دەدا، لە سەرووی هەموویانەوە دۆناڵد ترەمپ كە ئێستا جڵەوی سەرۆكایەتی ئەمریكای بەدەستەوەیە و ئەوە بوو لە كۆتاییدا بڕیاری دا، لەو رێككەوتنە بكشێتەوە، پرسیارەكە ئەوەیە ئێوە چۆن لەم بڕیارە و لە هۆكارەكانی دەڕوانن؟
- ئاشكرایە چەند ساڵێكە سەرۆك ترەمپ بە بەردەوامی هەمان شت لەبارەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێراندا دووپات دەكاتەوە، لە تێڕوانینی ئەودا ئەم رێككەوتنە لە بەرژەوەندیی ئەمریكادا نەبووە و پێیوابوو ئەمریكا دەستبەرداری چەندین داواكاری خۆی بووە لە میانەی گفتوگۆكانیدا بۆ ئەنجامدانی ئەم رێككەوتنە. ئەوە بوو هەوڵەكانی خستەگەڕ لەگەڵ هاوپەیمانە ئەوروپییەكانیدا بۆ ئەوەی بە چەشنێك پێداچوونەوە بە رێككەوتنەكەدا بكرێت، كە لە بەرژەوەندی ئەمریكا بێت، كاتێكیش ئەم هەوڵ و كۆششانە سەریان نەگرت، ئەوا بڕیاری كشانەوەی دا لەو رێككەوتنە، واتە هۆكاری سەرەكی نائومێدی ئەو بوو لە رێككەوتنەكە.
* بەڵام هەندێ كەس پێیانوایە هۆكار و پاڵنەرێكی سەرەكیی بڕیارەكەی سەرۆك ترەمپ بریتی بووە لە پێداگری و پەرۆشی ئەو بۆ پێچەوانە كردنەوە و لەبەریەك هەڵوەشاندنەوەی میراتی سەرۆكی پێش خۆی، (باراك ئۆباما)، چونكە زۆر كەس پێیانوایە ترەمپ دەیەوێت وەك دژە ئۆباما دەربكەوێت؟ ئایا تا چەند ئەمە لێكدانەوەیەكی دروستە؟
- لە راستیدا من بەو شێوەیە گوزارشتی لێناكەم، بەڵكو پێموایە ئەوەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ ئەنجامی دەدات، ئەوەیە كە هەوڵ دەدات ئەو سیاسەت و بڕیارانە پێچەوانە بكاتەوە كە پێی وایە هەڵە و ناڕاستن. بە چەشنی ئەوەی كە سەرۆك باراك ئۆباما هەوڵیدا ئەوە راست بكاتەوە كە پێی وابوو هەڵەكانی سەرۆكی پێش خۆی (جۆرج بوش) بووە، بە هەمان شێوە جورج بۆشیش كاریكرد بۆ راستكردنەوەی ئەوەی باوەڕی وابوو هەڵەی كلینتۆن بوون. لێرەدا ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە كە هەموو ئەو سەرۆكانەی ئاماژەمان پێكرد، بڕیاری گەورەیان داوە لەبارەی ئێران و عێراقەوە، هەر یەكێك لەو سەرۆكانەش پێیوابوو سەرۆكی پێش خۆی بڕیاری خراپی دەركردووە و ویستیان ئەو بڕیارانە پێچەوانە بكەنەوە.
* ئێمە دەزانین كە ئیدارەی باراك ئۆباما زۆر هەوڵیدا ئەوە بخاتەڕوو كە ئەنجامدانی ئەو رێككەوتنە باشترین رێگاچارە بوو و بەدیلی ئەو رێككەوتنەش لە دوو حاڵەت بەدەر نەبوو، یان شەڕ لەگەڵ ئێران، یان رێگادان بە ئێران بۆ بوونە خاوەن چەكی ئەتۆمی، بەڵام ئێستا كە ئەمریكا لە رێككەوتنەكە كشاوەتەوە، ئایا دەبێت چاوەڕوانی چ دەرهاویشتەیەك بكەین لەم بڕیارە؟
- لە راستیدا ئەم بڕیارە دۆخێكی پڕ لە نادڵنیایی دەخوڵقێنێت، مەبەستم ئەوەیە ئەگەری گەورە هەیە كە دەرئەنجامی باشی لێبكەوێتەوە، لە هەمان كاتدا ئەگەری بەهێزیش هەیە كە دەرهاویشتەی خراپی بەدوادا بێت. ئێمە دەزانین دۆناڵد ترەمپ هەندێ لە سزاكانی دواخستووە بۆ چەند مانگێكی دیكە، بەتایبەتی ئەوانەی رووبەڕووی هاوپەیمانەكانی دەبنەوە، ئەمەش دەرفەتێك دەخوڵقێنێت و چاوەڕوانییەك دروست دەكات، بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوپەیمانەكانی و لە ماوەی ئەو چەند مانگەدا بتوانن بگەنە جۆرێك لە رێككەوتن كە هەمواركردنەوە و پێداچوونەوەی رێككەوتنەكەی پێشوو لەخۆ بگرێت و بخرێتە بەردەم ئێران بە ئومێدی قبووڵكردنی، سیناریۆ باشەكە ئەوەیە كە هاوپەیمانەكان ئەمە قبووڵ بكەن، لە كاتێكدا كە پێشتر ئەمەیان رەت دەكردەوە، هەروەها ئێرانیش ئەمە قبووڵ بكات، كە ئەویش پێشتر ئامادە نەبوو ئەمە پەسەند بكات.
* بەڵام ئایا هەوڵێكی لەم چەشنە تا چەند رووبەڕووی دژواری و سەختی دەبێتەوە؟
- نكۆڵی لەوە ناكرێت كە ئەمە رێگایەكی سەختە، بەڵام ئەگەر بتوانرێت ئەم رێگایە بگیرێتەبەر، ئەوا ئەمە لە بەرژەوەندی ئەمریكا دەبێت.
* لە وەڵامەكەی پێشوودا باست لە سیناریۆ باشەكە كرد، ئەی سیناریۆ خراپەكە چییە؟
- سیناریۆ خراپەكە ئەوەیە كە ئەوروپییەكان و ئێرانییەكانی ئەمە قبووڵ نەكەن و ئەو كاتە جۆرێك لە حاڵەتی رووبەڕووبوونەوە دروست بێت و دۆخەكە بگەڕێتەوە بۆ هەلومەرجی پێش ئەنجامدانی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە، ئەوەش هەلومەرجێكی مەترسیدارە.
* بەڵام ئایا هیچ ئەگەرێكی راستەقینە و واقیعبینانە لەئارادایە بۆ ئەوەی بتوانرێت دووبارە دەست بە گفتوگۆ بكرێتەوە و رێككەوتنێكی نوێ واژوو بكرێت؟ ئەمە تا چەند رێی تێدەچێت؟
- ئەمە رێی تێدەچێت، بەڵام لە هەمان كاتدا سەختە. من دەڵێم رێی تێدەچێت لەبەر ئەوەی لە ئێستادا ئابووریی ئێران لە بارێكی ناهەمواردایە و خراپترە بە بەراورد بە دۆخی ئابووریی ساڵی 2015 كاتێك رێككەوتنەكەیان لەگەڵ ئیدارەی ئەو كاتەی ئەمریكا- ئیدارەی باراك ئۆبامادا- واژوو كرد، مەبەستم ئەوەیە رەنگە ئێران پێیوا بێت دۆخەكە سازشكردن هەڵدەگرێت، واتە رەنگە ئامادە بێت بۆ ئەنجامدانی ئەم سازشە بۆ ئەوەی رووبەڕووی فشاری زیاتر نەبێتەوە. كەواتە ئەگەر گەشبین بین، ئەوا ئەمە یەكێكە لە سیناریۆ باشەكان.
* بەڵام تا ئێستا ئێران ئەوە رەت دەكاتەوە كە ئامادەیی تێدا بێت بۆ ئەوەی دووبارە دەست بە گفتوگۆ بكاتەوە لە پێناو گەیشتن بە رێككەوتنێكی نوێ، كەواتە لەم حاڵەتەدا ئێران دەتوانێت چی بكات و پێشبینی دەكەیت چ پەرچەكردارێكی هەبێت، بەتایبەتی كە ئەمریكا دووبارە سزاكانی بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندۆتەوە؟
- ئەوەی پەیوەست بێت بە بژارەكانی بەردەست ئێرانەوە، ئەوا ئێران دەتوانێت بڕیاری كشانەوە لە رێككەوتنەكە بدات و دەست بە پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم بكاتەوە، بەڵام ئەمە پێشێلكردنی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لە خۆدەگرێت و دەبێتە هۆی بەهێزكردنی پێگەی ترەمپ لە ئاست ئەوروپییەكاندا، هەروەها ئەمە رێگەخۆش دەكات بۆ سەپاندنەوەی سزا بەسەر ئێراندا و بگرە دەرگای رووبەڕووبوونەوەی سەربازییش واڵا دەكات. كەواتە ئەگەر ئێران ئەم رێگەیە بگرێتەبەر- كە بە لەبەرچاوگرتنی تووڕەیی ئێرانییەكان ئەوا بۆی هەیە پاساوی گرتنەبەری ئەم رێگایەشیان هەبێت-، ئەوا دۆخێكی مەترسیدار دەخوڵقێت و دروست دەبێت.
* ئایا پێشبینی ئەوە دەكەیت كە ئێران كرداری تۆڵەسەندنەوە ئەنجام بدات لە دژی هاوپەیمان و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا؟
- من پێموایە ئێران دەست بۆ تۆڵەكردنەوە دەبات، بەڵام لە سنوورێكی دیاریكراودا، واتە بە چەشنێك كە نەگاتە رادەی ئەوەی دۆخەكە بەرەو هەڵكشان بچێت، چونكە ئێران نایەوێت لەگەڵ ئەمریكادا دووچاری رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ ببێتەوە.
* هەندێ جار باس لە ئەگەری رووبەڕووبوونەوە و دروستبوونی شەڕ دەكرێت لە نێوان ئێران و ئیسڕائیلدا، بەتایبەتی بەهۆی بارودۆخی سووریاوە كە دەگوترێت ئێران دەیەوێت لە رێی ئەو وڵاتەوە هێرش بكاتە سەر ئیسڕائیل، ئایا پێتوایە ئەمە ئەگەرێكی راستەقینەیە؟
- ئێمە دەزانین دۆخی سووریا لەرزۆكە و ئەو وڵات و هێزە دەرەكییانەش كە دەستتێوەردانیان كردووە، یارمەتیدەر نین، بەتایبەتی رووسیا و ئێران و تا راددەیەك توركیا و لایەنەكانی دیكەش، واتە كارێك دەكەن دۆخەكە ئەوەندەی دیكە مەترسیدار بێت. كەواتە دۆخەكە مەترسیدارە و پێویستە بە وریاییەوە ئیدارەی هەلومەرجەكە بكرێت، چونكە بۆی هەیە هەر یەك لە پەرەسەندنەكان ببنە هۆی داڕووخانی تەواوی دۆخەكە.
* كەواتە چەند هۆكارێكی كەم هەن بۆ ئەوەی گەشبین بین؟
من پێموایە دۆخەكە پێویستی بە دیپلۆماسییەت و سەركردایەتییەكی ژیر هەیە لەلایەن ئەمریكاوە بۆ ئەوەی بە ئاقارێكدا ببرێت كە دەرئەنجامێكی باش و ئیجابی لێبكەوێتەوە.
Top