مایكڵ دێش بەڕێوەبەری سەنتەری نۆتردام بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ گوڵان: لە بەرژەوەندی ئێراندا نابێت لەم ساتەوەختەدا دەست بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی بكاتەوە

مایكڵ دێش  بەڕێوەبەری سەنتەری نۆتردام بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ گوڵان:   لە بەرژەوەندی ئێراندا نابێت لەم ساتەوەختەدا دەست بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی بكاتەوە
مایكڵ دێش پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە زانكۆی نۆتردام و بەڕێوەبەری سەنتەری نۆتردامە بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتی، وانەبێژ و توێژەری چەند بوارێكی گرنگە، وەك پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكاو ئاسایشی نێودەوڵەتی. لە میانەی دیمانەیەكدا كە تەوەرەكانی پەیوەست بوون بە بڕیاری سەرۆكی ئەمریكا (دۆناڵد ترەمپ) بۆ كشانەوە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێراندا و تاوتوێكردن و هەڵسەنگاندنی دەرهاویشتەكانی و ئەگەری كاردانەوە و پەرچەكرداری ئێران لە ئاست ئەم بڕیارەدا، گوڵان چەند پرسیارێكی لێكردو ئەویش بەم شێوەیەی خوارەوە شرۆڤەی بۆ ئەو بڕیارە كرد.
* ئێمە دەزانین پێشتر سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ، بەردەوام گوزارشتی لە ناڕازیبوون و ناڕەحەتی خۆی دەكرد لە ئاست رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێراندا، تاوەكو لە كۆتاییدا بڕیاری دا لەو رێككەوتنە بكشێتەوە و دووبارە سزاكان بەسەر ئێراندا بسەپێنێتەوە، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا پاڵنەرە سەرەكییەكانی ئەم بڕیارە چی بوون؟
- لە راستیدا ئەم بڕیارە چەند پاڵنەرێكی هەبوو، یەكێكیان پەیوەست بوو بە سیاسەتی ناوخۆ، یان دۆخی ناوخۆوە، چونكە بەشێكی گەورەی بنكەی سیاسی و جەماوەری ترەمپ لە ناوخۆدا ناڕازی بوون لە ئەنجامدانی رێككەوتنەكە لەگەڵ ئێراندا، ئەوە بوو لە میانەی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا- لە میانەی دیاریكردنی پاڵێوراوی پارتی كۆماری و هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا- دۆناڵد ترەمپ جەختی لەسەر ئەم پرسە كردەوە، كەواتە ئەمە بەشێك بوو لە جێبەجێكردنی بەڵێنەكەی كە دەبێتە هۆی رازیكردنی بەشێكی بەربڵاوی جەماوەری پارتی كۆماری. بەشێكی دیكەی ئەم بڕیارە پەیوەستە بە خودی كەسایەتی ترەمپەوە، مەبەستم ئەوەیە ئەو دەیەوێت سیاسەتەكانی ئۆباما پێچەوانە بكاتەوە، ئەمە لە پرسی چاودێری تەندروستیشدا راست بوو، كەواتە ئەو دەیەوێت ئەم میراتییە نێودەوڵەتییەی –باراك ئۆباما-ش پێچەوانە بكاتەوە و هەڵیبوەشێنێتەوە. خاڵێكی دیكە ئەوەیە كە ترەمپ پێیوایە رێككەوتنەكە كەموكوڕی زۆرە، واتە بۆ ماوەیەكی دیاریكراو كۆت و بەند بەسەر پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێراندا دەسەپێنێت، كە 15 بۆ 25 ساڵە، كە سەرۆك ترەمپ پێیوابوو دەبێت ئەو كۆت و بەندانە هەمیشەیی بن. هەروەها پێموایە ئەوەی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا –جۆن بۆڵتۆن- وتی لەبارەی لیبیاو،ە رەنگدانەوەی هەبووە لەسەر تێڕوانینی سەرۆكی ئەمریكا بۆ ئەنجامدانی هەر رێككەوتنێكی ئەتۆمی.
* ئەی پێتوانییە بەشێكی پەیوەست بوو بەوەی ئەم رێككەوتنە لایەنەكانی دیكەی سیاسەت و رەفتارەكانی ئێرانی نادیدە گرتبوو؟
- بەڵێ ئەمە راستە، واتە بەشێك لە پاڵنەرەكە پەیوەستە بەوەی كە ئەم رێككەوتنە چەند لایەنێكی فەرامۆش كردووە، یان لەخۆی نەگرتووە، وەك پڕۆگرامی مووشەكی بالیستیی ئێران، كە سەرۆك و پارتی كۆماری و تەنانەت هەندێ كەسایەتیی نێو دیموكراتەكانیش خۆشحاڵ نەبوون لەم بارەیەوە. هەروەها ئەم رێككەوتنە چالاكییە سیاسی و سەربازییەكانی دیكەی ئێرانی لە وڵاتانی دیكەی ناوچەكەدا لەبەرچاو نەگرتبوو، بەتایبەتی لە سووریا- هەرچەندە ئێران لە عێراقیشدا زۆر چالاكە-، كەواتە دەتوانین بڵێین ئەمانە ئەو پاڵنەرە سەرەكییانەن كە بوونەهۆی ئەوەی ترەمپ لەو رێككەوتنە بكشێتەوە.
* ئەمانە هۆكار و پاڵنەری كشانەوە بوون لەو رێككەوتنەكە، ئێستا با پرسیاری ئەوە بكەین، ئایا ئاكام و لێكەوتەكانی ئەم بڕیارە چی دەبن، ئایا بارودۆخی ناوچەكە ئەوەندەی دیكە ئاڵۆز ناكات و ئایا رۆژگارێكی ناسەقامگیرتر ناخوڵقێنێت؟
- بەڵێ، من یەكێك بووم لەو كەسانەی پێموابوو ئەو رێككەوتنە باشترین رێوشوێنێكە كە بتوانین پێی بگەین لەو هەلومەرجەدا، كە كاریگەرییەكی راستەقینە، بەڵام سنوورداری لەسەر سەقامگیریی ناوچەكە هەبوو. لەم روانگەیەوە ئەگەر رێككەوتنەكە بە تەواوەتی لەبەریەك هەڵبوەشێتەوە، ئەوا ئەمە لە بەرژەوەندیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نییە. هەروەها هەڵوەشاندنەوەی ئەم رێككەوتنە ئەگەر كاریگەری باشی نەبێت لەسەر پەیوەندییەكانی ئەمریكا لەگەڵ ئەوروپا، یاخود رووسیا و چین، چونكە ئەوان بە چەشنی ترەمپ ناڕازی نەبوون لە بەندەكانی رێككەوتنەكە. هەروەها هەندێ ئاماژە هەن كە كۆریای باكوور دووبارە بیر لە بڕیارەكەیان دەكەنەوە لەبارەی گفتوگۆكردن لەبارەی چارەنووسی جبەخانەی چەكە ئەتۆمییەكانیانەوە. راستە رەنگە هیچ كاتێك بیریان لەوە نەكردبێت كە بە تەواوەتی خۆیان لە چەكی ئەتۆمی دابماڵن، چونكە كاتێك لە چارەنووسی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێران و لە چارەنووسی قەزافی دەڕوانن، ئەوا رەنگە ئەمە پاساوێك بێت، بۆ ئەوەی بە باشی نەزانن دەستەبەرداری چەكی ئەتۆمی بن.
* باشە ئێستا ئەمریكا لەو رێككەوتنە كشاوەتەوە، پێتوایە هەنگاوی داهاتووی ئیدارەی ئەمریكا چی دەبێت؟ ئایا فشارەكانی لەسەر ئێران زیاتر دەكات بۆ ئەنجامدانی رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵیدا؟ ئایا ئەمە رێی تێدەچێت؟
- بە تێڕوانینی من نەخێر، چونكە ئەوروپییەكان، بەتایبەتی سەرۆكی فەڕەنسا و راوێژكاری ئەڵمانیا هەوڵیان دا بۆ هەمواركردنەوەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە، بەڵام سەرۆك ترەمپ بە تەواوەتی هەوڵەكانی لەباربردن، لەبەر ئەوە پێموانییە ئەوانیش پەرۆش بن بۆ گەڕانەوە بۆ پرۆسەیەكی نوێی گفتوگۆكردن، بە هەمان شێوە لەو باوەڕەدا نیم كە ئێرانیش پەرۆش بێت بۆ كارێكی لەم چەشنە.
* تێڕوانین، یان پێشبینیتان چییە لەبارەی كاردانەوە و پەرچەكرداری ئێران لە ئاست ئەم بڕیارەدا؟ ئایا بژارەكانی بەردەستی ئێران بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم هەنگاوەی ئەمریكا چین؟
- بۆ ئێران باشترە كە پابەند بێت بە بڕگە و بەندەكانی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەوە، چونكە بەم شێوەیە ئێران دەتوانێت زەمینەیەكی دیپلۆماتیی جیهانی بۆ خۆی فەراهەم بكات، واتە لەو باوەڕەدا نیم كە دووبارە دەستپێكردنەوەی پڕۆگرامە ئەتۆمییەكە لە بەرژەوەندی ئێراندا بێت لەم ساتەوەختەدا. دواتر من پێموایە ئەمریكا بە شێوەیەك لە شێوەكان بەم بڕیارە خۆی گۆشەگیر كرد، چونكە تەنیا ئیسڕائیل بە ئاشكرا پشتیوانی لەم هەنگاوە كرد، ئەگەرچی رەنگە هەندێ وڵاتی عەرەبی هەبن كە كەمتر نیگەران بن لەم بارەیەوە بە بەراورد بە وڵاتانی ئەوروپا. كەواتە ئەگەر لە تێڕوانینی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا ئێران وەك لایەنێكی میانڕەو دەربكەوێت، ئەوا براوە دەبێت.
* كەوابێت ئەگەر ئێران بتوانێت قەناعەت بە وڵاتانی ئەوروپا بكات بۆ ئەوەی لە رێككەوتنەكەدا بمێننەوە و پێیەوە پابەند بن، ئایا ئەمە بە مانای ئەوە دێت كە سزاكانی ئەمریكا كاریگەرییەكی كەمتریان دەبێت؟
- بەڵێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم بڕیارە كاریگەریی خۆی هەیە و زیان بە ئابووریی ئێران دەگەیەنێت، لەبەر ئەوەی بە گوێرەی رێككەوتنەكە ئەو سزایانە هەڵدەگیران كە ئەمریكا سەپاندبوونی بەسەر ئێراندا، كەوابێت شتێكی حەتمییە كە ئابووریی ئێران هەندێ گورزی بەردەكەوێت لە دەرئەنجامی كشانەوەی ئەمریكا لەم رێككەوتنە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كاتێك ئێران دووچاری زیانی ئابووری دەبێتەوە، ئەوا ئەمریكا تووشی جۆرێك لە گۆشەگیری دەبێت.
* پێتوانییە یەكێك لە ئەگەرەكان ئەوە بێت كە ئێران دەست بۆ كاری تۆڵەسەندنەوە ببات، بەتایبەتی لە سووریا و لە دژی ئیسڕائیل چەند هێرش و پەلامارێك ئەنجام بدات؟ ئایا ئەمە بە مانای ئەوە نایەت كە هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا دەبێتە شتێكی حەتمی؟
- ئەوە راستە كە ئەم دوو وڵاتە لەسەر رێڕەوی پێكداداندان، بەڵام پێموانییە هیچ یەكێك لەم دوو وڵاتە خوازیاری ئەوە بن كە هەڵكشانی دۆخەكە رۆژئاوای سووریا تێپەڕێنێت، بە دڵنیاییەوە ئەگەری ئەوە لەئارادا نییە ئیسڕائیل شەڕەكە بەرفراوان بكات بۆ ئەوەی خودی وڵاتی ئێرانیش بگرێتەوە، بە هەمان شێوە ئێرانیش بە حەزەرە لە هەر هێرشێك بۆ سەر ئیسڕائیل، ئەوەی جێی سەرنجە كە هێرشەكانی ئەم دواییە ئێران كە لە رێی مووشەكەوە و لە خاكی سووریاوە ئەنجامیدان، ئاراستەی بەشە داگیركراوەكەی بەرزاییەكانی جۆلان كران، كە بەشێكی زۆری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەك بەشێك لە ئیسڕائیل لێ ناڕوانن، ئەگەرچی ئیسڕائیل لكاندوویەتی بە خاكی وڵاتەكەی خۆیەوە. دواتر ئەمە هاوكات نەبوو لەگەڵ هێرشی مووشەكی لەلایەن حزبوڵاوە لە باشووری لوبنانەوە بە ئاراستەی ئیسرائیلدا. لەبەر ئەوە من پێموایە شەڕەكەی سووریا بەردەوام دەبێت، بەڵام لە چوارچێوەی خاكی ئەو وڵاتەدا سنووردار دەبێت، كە ئەمەش جیێ داخە، چونكە ئەوەتا بۆ چەند ساڵ دەچێت خەڵكی سووریا لە نێو ئازار و نەهەماتیدا دەژین.
Top