سەباح بۆیا سولاقا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و سەرۆكی لیستی كیان شلامای كریستیانەكان بۆ گوڵان: ئەوانەی متمانەیان بە پارتی كرد لەم هەڵبژاردنەدا دەنگەكانیان جێی خۆی گرتووە

سەباح بۆیا سولاقا  ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و سەرۆكی لیستی كیان شلامای كریستیانەكان بۆ گوڵان:  ئەوانەی متمانەیان بە پارتی كرد لەم هەڵبژاردنەدا دەنگەكانیان جێی خۆی گرتووە
كریستیانەكان چۆن دەڕواننە هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی عێراق؟ بۆچی زۆربەی دەنگەكانیان بۆ لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو؟ چییان لەپارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا دەوێت و چاوەڕوانی چی دەكەن، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەم پێكهاتە رەسەنەی عێراق لەهەموو ناوچەكانی دیكەی عێراق ئاوارە بوون و روویان لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد؟ بۆ قسەكردن لەسەر ئەم تەوەرانە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی سەباح بۆیا سولاقا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و سەرۆكی لیستی كیان شلامای كریستیانەكان كرد و بەمجۆرە وڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* هاتنی ئەو رێژە بەرزەی دەنگ بۆ لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟
- بەش بە حاڵ خۆم و برادەرەكانمان لە عەینكاوە، ئەمە شتێكی چاوەڕواننەكراو نەبوو، چونكە پارتی حزبێكی دێرینە و 70 ساڵە لە گۆڕەپانی تێكۆشاندایە و نابێت بەو شێوەیە لێی بڕوانین ئەمە یەكەمجارە پارتی سەركەوتن بەدەست دەهێنێت، لە داهاتووشدا سەركەوتوو دەبێت. ئێمە لە ماوەی هەڵمەتەكانی بانگەشەی هەڵبژاردندا كۆبوونەوە جەماوەرییەكانی پارتی و قەبارە و قورسایی جەماوەریی ئەو پارتەمان بینی. كەواتە شتێكی سرووشتییە كە پارتی دەنگێكی زۆر بەدەست بهێنێت، دواتر دەبێت ئەوە بزانین كە خەڵك دەزانێت بەرژەوەندیی ئەوان لە كوێدایە، دەزانێت كێ ئاسایشی و ئارامی دەستەبەر كردووە.
* ئەی چۆن لە پەیوەندی ئێوە وەك پێكهاتەی مەسیحی لەگەڵ پارتیدا دەڕوانن؟
- ئێمە هەر لە سەرەتاوە چارەنووسمان لەگەڵ یەكتریدا تێكەڵ بووە، واتە هەر لە سەردەمی رەحمەتی مەلا مستەفای بارزانی تا ئێستا. دواتر ئێمە چەندین كەسایەتیمان لە شاخ بوون و لە نێو ڕیزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان خەبات و تێكۆشانیان دەكرد، وەك رەحمەتی فرانسۆ هەریری. هەروەها زۆرێك لەو مەسیحییانەی شەهید بوون، ئەگەر پارتیش نەبووبن، ئەوا لە پێناوی كوردستانێكی سەربەرزدا خۆیان بەخت كردووە.
* ئەی چۆن دەڕواننە هەڵوێست و هاوكارییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەو مەسیحییانەی لە شوێنەكانی دیكەی عێراقەوە ئاوارە بوون و روویان لە كوردستان كرد؟
- لە راستیدا كوردستان دەرگای بۆ واڵاكردن و ئەوانیش سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن. من لێرەدا دەمەوێت باسی ئەوە بكەم كە لە سەرەتای نەوەتەكاندا بوو، بەڕێز كاك مسعود بارزانی هاتە عەنكاوە و لەبەردەم مەترانیە وتارێكی پێشكەش كرد و رایگەیاند، ئەوەی دەستدرێژی بكاتەسەر ئێوە، وەك ئەوە وایە دەستدرێژی كردبێتەسەر من. خاڵێكی دیكە هەیە، دەمەوێت ئاماژەی پێبكەم، ئەویش ئەوەیە كە پارتی لە هەڵبژاردنەكەی ئەم دواییدا لە عەنكاوە یەكەم بووە. هەموو ئەمانە بۆ هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی پارتی و بۆ داكۆكیكردنی لە مافی پێكهاتەكان دەگەڕێتەوە، ئێمە دەزانین مەسیحییەكان نەدەبوونە خاوەن مافی خۆیان، ئەگەر جەنابی كاك مسعود لە سەروەختی نووسینەوەی دەستووری عێراقدا داكۆكی لە مافی پێكهاتە مەسیحییەكان نەكردایە. دواتر ئێمە دەزانین كاتێك داعش هێرشی كردە سەر دەشتی نەینەوا، مەسیحییەكانی روویان كردە كوردستان و ئەو خەڵكانەش ئەوەیان لە یادە، كە كێ پارێزگاری لێكردن و كێ ئاسانكاری بۆ كردن بۆ گەڕانەوە بۆ شوێن و ماڵ و حاڵی خۆیان و ئەوانیش ئەمەیان لەبەرچاو بووە لە كاتی دەنگدانیاندا لە هەڵبژاردنەكاندا.
* كەواتە بردنەوەی پارتی لەو هەڵبژاردنانە چ دەرئەنجامێكی لێدەكەوێتەوە؟
- من دەمەوێت ئەوە بڵێم كە ئەمە ئەركی سەرشانی پارتی قورستر و بەرپرسیارێتی پارتی زیاتر كردووە، چونكە ئێستا خەڵكی چاوەڕوانییەكی زیاتری هەیە لە پارتی و دەبێت پارتی كاری زیاتر بۆ خەڵك بكات.
* پەیامت چییە بۆ حزبە كوردستانیەكان بۆ ئەوەی پێگەی كورد لە بەغدا بەهێز بێت؟
- من داوایان لێدەكەم یەكدەست و یەكدڵ بن و تەنانەت پێم خۆش بوو لە هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەش بۆ پەرلەمانی بەغدا بە لیستێكی هاوبەش بەشدارییان بكردایە.
* دوا قسەت چییە؟
- من دەڵێم ئەوانەی دەنگیاندا بە پارتی، دەنگانیان جێی خۆی گرتووە و پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان دەكەم و هیوادارم ئەو بەڵێنانەی لە میانەی بانگەشەكانی هەڵبژاردندا دران، جێبەجێ بكرێن بۆ ئەوەی متمانەی نێوان خەڵك و حكومەت زیاتر بێت.
Top