عیماد رەفعەت سەرۆكی فراكسیۆنی توركمان لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر: توركمان لە سایەی حوكمڕانیی پارتیدا لە سەردەمی زێڕینی خۆیدا دەژی و بە مافەكانی خۆی شاد بووە

عیماد رەفعەت   سەرۆكی فراكسیۆنی توركمان لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر: توركمان لە سایەی حوكمڕانیی پارتیدا لە سەردەمی زێڕینی خۆیدا دەژی و بە مافەكانی خۆی شاد بووە
هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق كۆتایی هات و پارتی دیموكراتی كوردستان تێیدا سەركەوتنێكی گەورەی بەدەست هێنا، هۆكارەكانی سەركەوتنی پارتی لە هەڵبژاردنەكاندا زۆرن، وەك هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی و داكۆكیكردنی سەرسەختانەی لە ماف و پێگەی پێكهاتەكانی دیكە، كە ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی پشتیوانییەكی بەرفراوانی لێبكرێت. بۆ قسەكردنی لەسەر ئەم پرسە و بۆ زانینی هەڵوێستی پێكهاتەی توركمان لەم رووەوە، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ عیماد رەفعەت سەرۆكی فراكسیۆنی توركمان لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ئەنجامدا، كە لێرەدا پوختەكەی بڵاو دەكەینەوە.
لە سەروەختی داڕشتنی دەستووری عێراقدا، سەرۆك بارزانی تاكە سەركردە بوو كە داكۆكی لە مافی توركمان كرد، ئەوەش رۆڵی گەورەی هەبوو تاوەكو مافی توركمان لەو دەستوورەدا چەسپا



* پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراقدا سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێنا، ئایا ئێوە وەكو پێكهاتەی توركمان چۆن لەم سەركەوتنە دەڕوانن؟
- من پێموایە خودی پرۆسەی هەڵبژاردنەكە سەركەوتوو بوو، بانگەشەیەكی رێك و پێك ئەنجامدرا و پارتی دیموكراتی كوردستان بە رەوشتبەرزییەوە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجامدا. سەبارەت بە هۆكاری سەركەوتنی پارتیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هەمیشە پارتی وەكو حزبی دایك داكۆكیكار بووە لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی سەرجەم پێكهاتەكان، واتە بەرگریكاری مافی توركمان و ئێزیدی و مەسیحی و شەبەك و سەرجەم پێكهاتەكانی دیكە بووە. دواتر لە سەردەمی حوكمڕانیی پارتیدا ئاوەدانی دەستەبەر كراوە. بە هەمان شێوە دەتوانین ئاماژە بەوە بكەین كە سەقامگیریی ئەمنی بەرجەستە بووە لە سایەی دەسەڵاتی پارتیدا. لە روانگەی هەموو ئەو هۆكارانە دەتوانم پێشبینی ئەوە بكەم كە رۆژ بە رۆژ دەنگی پارتی زیاتر بەرەوپێش دەچێت و هیوادارام لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووشدا پارتی سەركەوتن بەدەست بهێنێت.
* واتە پێتوایە پێكهاتەی توركمان بە ئاسوودەییەوە لە حكومڕانیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڕوانێت لە كوردستاندا؟
-بەڵێ، چونكە ئێمە وەك توركمان لە سایەی حوكمڕانیی پارتیدا لە سەردەمی زێڕینی خۆماندا دەژین و بە مافەكانی خۆمان شاد بووینەتەوە و نوێنەرایەتیمان لە ئەنجومەنی پارێزگا و لە پەرلەمان و لە حكومەت هەیە.
* باسی ئەوەتان كرد كە پارتی داكۆكیكار بووە لە مافی سەرجەم پێكهاتەكان بەتایبەتی پێكهاتەی توركمان، دەتوانن ئەمە زیاتر روون بكەنەوە؟
- لە راستیدا من پێمخۆشە ئاماژە بە چەند هەڵوێستی مێژوویی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەم لە بەرامبەر پێكهاتەی توركماندا، لە رێككەوتنی ساڵی 1970 لەگەڵ حكومەتی ئەو كاتەی عێراق جەنابی مەلا مستەفای بارزانی پێش مافی كورد داوای مافی توركمانی كرد، ئەمە مێژووە و خەڵكی توركمان ئەمەیان لەبیرو لەبەرچاوە. دووەمیان لە سەروەختی داڕشتنی دەستووری عێراقدا، سەرۆك بارزانی تاكە سەركردە بوو كە داكۆكی لە مافی توركمان كرد، ئەوەش رۆڵی گەورەی هەبوو تاوەكو مافی توركمان لەو دەستوورەدا چەسپا، وەك مافی زمانەوانی رۆشنبیری و پەروەردەی و هونەری و سیاسی و...هتد. دواتر هەر سەرۆك بارزانی بوو كە لە سەروەختی ئەنجامدانی ریفراندۆمدا جەختی لەسەر ئەوە دەكردەوە كە پێویستە كوردستان ماڵێكی سەربەخۆی خۆی هەبێت و تێیدا ماف و پێگەی سەرجەم پێكهاتەكان پارێزراو و دەستەبەركراو بێت.
* ئاماژەتان بەوە كرد كە لە سایەی دەسەڵات و حوكمڕانی پارتیدا پێكهاتەكان بە مافەكانیان شاد بوون، ئێستا ئێوە وەك پێكهاتەی توركمان چ داواكارییەكتان لە پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە؟
- ئێمە داوای ئەوە دەكەین كە هەر وەك چۆن لە رابردوودا پارتی بەرگری لە مافی پێكهاتەكان كردووە لە سەروەختی پێكهێنانی حكومەتی عێراق و حكومەتی كوردستان و هەر دەستكەوتێكی دیكەدا، هەر ئاواش لە داهاتوودا بەردەوام بێت لەسەر ئەم سیاسەتە سەركەوتووانەی، دڵنیایین و یەقینیشمان هەیە كە پارتی دیموكراتی كوردستان درێژە بەم سیاسەتە دەدات.
* ئەی داواكاریتان لە حزب و لایەنەكانی دیكە چییە؟
- داوایان لێ دەكەین یەكڕیز بن و بە یەكدەنگی بچنە بەغدا، چونكە یەكڕیزی كلیلی ئارامی و ئاسایش و بردنەوەمانە و تەنیا یەكهەڵوێستی پێگەمان بەهێز دەكات و دەبێتەهۆی دەستەبەركردنی مافەكانی خەڵكی كوردستان و هەموو پێكهاتەكانی.
Top