رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بۆ گوڵان: ئومێدەوارین كێشەی كەركووك لە رێی گفتوگۆی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق چارەسەر بكرێت

رێبوار تاڵەبانی   سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بۆ گوڵان: ئومێدەوارین كێشەی كەركووك لە رێی گفتوگۆی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق چارەسەر بكرێت
سەرەڕای ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك سكاڵای بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكان لە كەركووك و ناوچە كێشە لەسەرەكان بۆ دادگای فیدراڵی بەرزكردبووەوە، بەڵام دەرئەنجام هەڵبژاردنەكە كراو و ناڕەزایەتی بە دوای خۆیدا هێنا. بارودۆخی شاری كەركووك و ئاسۆی چارەسەری كێشەكان و چەند پرسێكی دیكە تەوەری پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵان بوو بۆ رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك كە لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.
بەرپرسیارێتی سەرەكیی چارەسەركردنی كێشەی ئاوارەكانی كەركووك لە ئەستۆی حكومەتی عێراقە



* لەهەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەی شاری كەركووك ناڕەزایەتی دروست بوو، پێشتریش پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند كە بەشداری لەو هەڵبژاردنانە ناكات و نەشیكرد، وەكو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك چۆن دەڕوانیتە ئەو هەڵبژاردنانە؟
- وەك ئاشكرایە هەڵبژاردن لە كەركووكدا كراوە، كە ئێمە بینیمان پێكهاتەی عەرەب و توركمانی ئەو شارە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، چونكە ئەنجامەكان بە دڵی ئەوان نەبووە، بەڵام دەبێت چاوەڕێ بكەین و بزانین كۆمیسیۆن چ وەڵامێكیان دەداتەوە. ئەوان رایانگەیاند كە خۆپیشاندان دەكەن و كردیشیان، ئەمەش پەیوەستە بە لایەنە ئەمنییەكەوە، بەڵام چەند بە دەم داواكارییەكانیانەوە دێن، ئەوا ئەمە پەیوەستە بە حكومەتی عێراقییەوە، چونكە لە ئێستادا ئەو شارە لە ژێر كۆنتڕۆڵی حكومەتی عێراقیدایە.
* لە شاری كەركووك چەندین كێشەی ئەمنی و سیاسی بوونیان هەیە، ئێستاش كێشە و گلەیی و ناڕەزاییەتییەكانی پەیوەست بە هەڵبژاردنیشی هاتەسەر، ئایا لەم بارودۆخەدا پێتوایە ئەم دەرئەنجامانەی هەڵبژاردن هیچ لە دۆخی شارەكە بگۆڕێت، یان ئایا دەبنەهۆی چارەسەركردنی كێشەی ئەم شارە؟
- نەخێر، من پێشبینی ناكەم، چونكە پێش هەڵبژاردنیش هەشت ئەندام پەرلەمانمان هەبوو لەسەر پارێزگای كەركووك و لە كاتی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەردا لەوێ بوون، بەڵام حكومەتی عێراق هیچ هەنگاوێكی بۆ چارەسەركردنی كێشەی شارەكە هەڵنەگرت و چارەسەرەكەی دواخست، تاوەكو هەڵبژاردنەكان بكرێت، كە مەبەستیشی هەبوو لەوەدا، ئێستاش ئەوەتا هەڵبژاردنەكان كۆتاییان هاتووە. بەڵام نازانین حكومەت پێكدێت یان نا، پەرلەمان كۆدەبێتەوە، یان نا، سەرجەم لایەنەكان دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان پەسەند دەكەن، یان نا.
* باشە ئەی باشترین میكانیزم بۆ یەكلاكردنەوە و چارەسەركردنی كێشەكانی ئەم شارە چین؟
- لە راستیدا ئێمە ئومێدمان بەوە هەبووە كە گفتوگۆ لە نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی بەغدا دروست بێت و لەم رێگەوە كێشەی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان یەكلابكرێتەوە و دۆخێكی ئاسایی و دەستووری بگەڕێتەوە، ئێستاش ئێمە چاوەڕوان دەكەین كە حكومەتە نوێیەكە پێكبهێنرێت لەگەڵ ئەو رێككەوتنە سیاسییانەی دەكرێن، سەنگی كوردیش ئاشكرایە و ئێمە چاوەڕوانین لە رۆژانی داهاتوودا بزانین كورد چەند بەم دۆخە رازی دەبێت.
* پێشتر باس لە دروستكردنی هێزی هاوبەش دەكرا بۆ پاراستنی ئەمنییەتی شاری كەركووك، ئەمە بە كوێ گەیشت؟
- ڕاستە پێشتریش ئەمریكا هەوڵیدا هێزێكی هاوبەش دروست بكرێت و چەند لیوایەكی پێشمەرگە بچنەوە كەركووك، بەڵام تا ئێستا رەزامەندی لەسەر نەدراوە و تەنانەت بانگهێشتی پارێزگاری كەركووك بە وەكالەت كرا بۆ بەغدا، بەڵام تا ئێستا حكومەتی عێراق هەڵوێستی خۆی رانەگەیاندووە. كەواتە دەبێت چاوەڕێ بكەین بۆ ئەوەی حكومەتی نوێی عێراق سیاسەتی خۆی لەسەر بنەمای ماددەی 140 لە ئاست ئەم ناوچانەدا دیاری بكات، ئەو كاتەش پەرلەمانتارەكانی كورد، بەتایبەتی ئەوانەی نوێنەرایەتی شاری كەركووك دەكەن، هەڵوێستی سیاسی و دەستووری و یاسایی خۆیان هەبێت لەو رووەوە.
* داوادەكرێت ئەو هێزە هاوبەش لەگەڵ سوپای عێراقدا بێت، نەك حەشدی شەعبی، رای ئێوە لەو بارەیەوە چییە؟
- بە داخەوە حەشدی شەعبی بەرگێكی یاسایی بە بەردا كراوە و ئەوە دەكەوێتە سەر پەرلەمانی داهاتوو، ئایا ئەو یاسایە هەڵدەوەشێنێتەوە و عێراق بە ئاقاری سەقامگیریدا دەبەن، یان بە ئاراستەیەكی نەخوازراودا.
* ئەی بۆ دۆخی ئاوارەكانی كەركووك چی كراوە؟
- لە راستیدا دەبێت ئەم كێشەیە چارسەر بكرێت و بە پلەی یەكەمیش بەرپرسارێتییەكە دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی عێراق، ئەوە بوو لەم هەڵبژاردنانەدا ئیقراریان كرد كە ئاوارە هەیە، لە كاتێكدا پێشتر نكۆڵییان لێدەكرد كە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە خەڵك ئاوارە بووبێت، چونكە كۆمیسیۆن سندوقی دەنگدانی هێنایە هەولێر و سلێمانی و دهۆك بۆ ئەوەی ئاوارەكانی كەركووك دەنگ بدەن، كە دەبێت وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراقیش ئەمە لەبەرچاو بگرێت و بە دۆكیۆمێنتی بكات. كەواتە ئەمە كێشەیەكە و پێویستی بە چارەسەری بەپەلە هەیە، بەڵام من پێموایە پێكهێنانی داهاتوی عێراق پرۆسەیەكی ئاڵۆز دەبێت و كاتێكی زۆری دەوێت بۆ ئەوەی ئەو بڕیارانە دەربكات كە لە بەرژەوەندی كەركووك و ناوچە ناكۆكی لەسەرەكانە.
* ئێوە پێشتری سكاڵاتان لای دادگای ئیتیحادی تۆمار كردبوو، ئایا ئەوە بە كوێ گەیشت؟
- ئەو سكاڵایە تا ئێستا ماوە، بەڵام دادگای ئیتیحادی رۆژی دادبینییەكەی دەستنیشان نەكردووە و بەداخەوە زۆر دوایخست و مەبەستی بوو بكەوێتە دوای هەڵبژاردنەكان، چونكە یەكێك لە داواكارییەكانی ئێمە راگرتنی هەڵبژاردنەكان بوو لە كەركووك و ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان، ئەمەش پێشێلكردنی مافی هاووڵاتیبوونە كە وەڵامی سكاڵای تۆماركراو نادرێتەوە، بە ئەرێنی، یان بە نەرێنی. لەبەر ئەوە دەتوانم بڵێم ئەمە پێشێلكردنێكی دیكەی دەستوورییە كە لە عێراقدا و لەم دادگایەشدا روویدا.
Top