وێندی پێرلمان پسپۆڕی كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان: رژێمە خۆسەپێنەكان هۆكاری بنەڕەتیی ناسەقامگیریی سیاسین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
May 20, 2018
دیمانەی تایبەت
وێندی پێرلمان پڕۆفیسۆرە لە زانكۆی نۆرسوێستێرن، تایبەتمەندە لە سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پتر لە بیست ساڵە سەرقاڵی توێژینەوەیە لە جیهانی عەرەبی. لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە سیاسەتی بەراوردكاریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكان و پرۆسەكانی ناكۆكی و كاریگەریی سیاسیی كۆچبەران و ناكۆكیی عەرەب و ئیسڕائیل دەدات. لە میانەی دیمانەیەكدا گوڵان چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پەیوەندیدار بوون بە بارودۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو ناسەقامگیری و نائارامییانەی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەئارادایە. ئەویش بەم شێوەیەی خوارەوە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.* وەك كەسێكی شارەزا لە كاروباری ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێتانوایە هۆكارە ریشەیی و بنەڕەتییەكانی ناسەقامگیری و توندوتیژیی سیاسی لەم ناوچەیەدا چین؟
- بە تێڕوانینی من هۆكاری بنەڕەتی و سەرەكی بۆ ئەم پشێوی و توندوتیژییە سیاسییەی باڵی بەسەر ئەم ناوچەیەدا كێشاوە، بۆ بوونی رژێمە خۆسەپێنەكان دەگەڕێتەوە، ئەو رژێمانەی ئامادە نین دەسەڵات لەگەڵ هیچ لایەكی دیكەدا بەش بكەن، ئەو رژێمانەی ئامادە نین دەستبەرداری دەسەڵات بن و نایانەوێت لە سایەی سەروەریی یاسادا حكومڕانی بكەن و خوازیار نین لەسەر بنچینەی ئیرادەی ئازادی هاووڵاتیان پرۆسەی حوكمڕانی بەڕێوە ببەن. كەواتە ئەم ململانێی دەسەڵاتەیە كە دەبێتەهۆی دروستبوون و سەرهەڵدانی ئەو نائارامی و ناسەقامگیرییە سیاسییەی كە لەئارادایە. ئەگەر ئەو دەسەڵاتدار و حوكمڕانانە ئامادە بن میكانیزم و رێكارە دیموكراتییەكان بگرنەدەست و ملكەچی ئیرادەی ئازادی خەڵك و هاووڵاتیانی خۆیان بن، ئەوا ئاست و ئەندازەی توندوتیژیی سیاسیش كەم دەبێتەوە.
* باشە هەندێ كەس ئاماژە بەوە دەكەن كە دەوڵەتانی ئەم ناوچەیە نەیانتوانیوە ئەركەكانی خۆیان ئەدا بكەن و بگرە بوونەتە دەوڵەتی شكستخواردوو، ئایا ئەمە هۆكاری دروستبوونی ئەو هەلومەرجە نییە كە تێیدا توندوتیژی سەرهەڵدەدات؟
- لە راستیدا من پێم وایە هێندەی مەسەلەكە پەیوەستە بە رژێمە خۆسەپێنەكانەوە- هەروەك پێشتر ئاماژەم پێكرد كە نایانەوێت دەست لە دەسەڵات هەڵبگرن و رێگا نادەن كەسی دیكە بەشداری لە دەسەڵاتدا بكات- هێندە پەیوەست نییە بە شكستی ئەم دەوڵەتانەوە.
* ئاماژەت بەوەكرد كە ئەم سەركردە و دەسەڵاتدارانە رێوشوێنە دیموكراسییەكان بگرنەبەر ئەوا ئاستی توندوتیژیش دادەبەزێت، پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی سەرەڕای هەموو هەوڵەكان دیموكراسی لەم وڵاتانەدا بەرجەستە نابێت و پیادە ناكرێت؟
- من دووبارە دەگەڕێمەوە بۆ رژێم و سەركردە خۆسەپێنەكان كە توانیویانە درێژە بە دەسەڵاتی خۆیان بدەن، كە چەندین شێواز و ستراتیژیەتی جیاوازیان گرتۆتەبەر بۆ پاراستن و درێژەدان بە دەسەڵاتی خۆیان، هەندێ جار ستراتیژیەتی ئاوێتەكردنیان پیادە كردووە و هەندێ جاریش پەنایان بردۆتەبەر راددەیەكی گەورە لە توندوتیژی و زەبروزەنگ بۆ رێگرلێكردن و بەرەنگاربوونەوەی بەرهەڵستكارەكانیان. شێوازی كاركردنی ئەم سەركردە و رژێمانە ئەوەیە كە هەر كاتێك دەسەڵاتیان گرتەدەست، ئەوا دامەزراوەكان بە چەشنێك دادەڕێژن كە خزمەت بە مانەوە و بەردەوامیدان بە دەسەڵاتەكەیان بكات بۆ بەرپێگرتن و پەراوێزخستنی بەرهەڵستكارەكانیان.
* ئێوە كارتان لەسەر هۆكار و دەرئەنجامەكانی بەهاری عەرەبی كردووە، كە هەروەك دەزانین لە كاتی سەرهەڵدانیدا خەڵكی ئومێد و چاوەڕوانییەكی زۆریان هەبوو بەوەی حكومڕانییەكی باشتر و دۆخێكی لەبارتری بێتەئاراوە، بەڵام هەروەك بینیمان پشێوی و نائومێدی و ناسەقامگیری جێی ئەو هیوا و چاوەڕوانییانەی گرتەوە، تێڕوانینی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
- من هاوڕام لەگەڵ ئەمەدا و بە تەواوەتی لەگەڵ ئەم هەڵسەنگاندنەدام، چونكە لە كاتی سەرهەڵدانیدا بەهاری عەرەبی ئاست و ئەندازەیەكی گەورەی ئومێد و گەشبینی هێنایەئاراوە. كە ئێمە بینیمان خەڵكی هاتنەسەر شەقامەكان و داوای حكومڕانیی باشتریان دەكرد، داوای مافەكانی مرۆڤ و بەرپرسیارێتی و ئازادی و دادپەروەرییان دەكرد. بەڵام رژێمە خۆسەپینەكان جارێكی دیكە ئامادە نەبوون بە گوێرەی رێسا و رێكارە دیموكراتییەكان مومارەسەی دەسەڵات بكەن، واتە سەرەڕای ئەوەی خەڵكی هاتنەسەر شەقامەكان و سەرباری ئەوەی قوربانییان دا، بەڵام ئەو رژێمانە لە پێناوی مانەوە و درێژەدان بە دەسەڵاتی خۆیاندا پەنایان بۆ هەموو ئامرازەكانی بەردەستیان برد، لەنێویاندا پەنابردن بۆ راددەیەكی گەورە و مەترسیداری توندوتیژی.
* هەروەك دەزانین ئەمریكا كاریگەری و قورساییەكی زۆری هەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئایا چۆن لە سیاسەتی ئەمریكا دەڕوانیت لە ئاست ئەم ناوچەیەدا؟ پێتوایە هۆكارێك بووە بۆ تەشەنەكردنی ناكۆكی و نائارامی، یاخود رۆڵی ئیجابی هەبووە؟
- ئەوەی من دەتوانم بیڵێم ئەوەیە كە بە شێوەیەكی گشتی سیاسەتی ئەمریكا لە ئاست ئەم ناوچەیەدا هاوكار و یارمەتیدەر نەبووە بۆ بەرەوپێشچوونی دیموكراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لە راستیدا ئەمە بۆ سیاسەتی ئیدارەكانی پێش سەرۆك دۆناڵد ترەمپیش راستە. چونكە پێشترین سیاسەتی ئەمریكا لەم ناوچەیەدا بریتی بووە لە پشتیوانیكردنی رژێم و دەسەڵاتدارە دیكتاتۆر و خۆسەپێنەكان. واتە هەرگیز بایەخ و گرنگیدانی سەرەكیی ئەمریكا لەم ناوچەیەدا پەیوەست نەبووە بە برەوپێدان و بەرەوپێشبردنی دیموكراسییەوە. بە گوزارشتێكی دیكە، هیچ كاتێك پەرەپێدانی دیموكراسی و بایەخدان بە پرسەكانی پەیوەست بە مافەكانی مرۆڤەوە ئەولەوییەتی سیاسەتی ئەمریكا نەبوون لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. رۆژگارێكی درێژە ئەمە سیاسەتی ئەمریكا بووە و ئێستاش سیاسەتەكانی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ هۆكار و هاوكاریی بەرەوپێشچوونی دیموكراسی ناكەن.
* ئایا پشتیوانی لەوە دەكەیت كە رۆژئاوا بە گشتی و ئەمریكا بەتایبەتی كار و كۆششی جددی بكەن، یان پابەندبوونێكی درێژخایەنیان هەبێت بە بەهێزكردن و بەرەوپێشبردنی دامەزراوەكان لەنێو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؟
- هەروەك پێشتریش باسم كردووە، ئەم پرسانە نەبوونەتە ئەولەوییەت لای ئیدارەكانی ئەمریكا، بایەخدانی ئەمریكا لە ئاست ئەم ناوچەیەدا پەیوەست بووە بە پرسی ئەمنییەوە، بە نەوتەوە، بە پاراستنی ئاسایشی ئیسڕائیلەوە، بە ئیحتیواكردنی و بەرەنگاربوونەوەی ئێرانەوە. كەواتە دووپاتی دەكەمەوە بایەخدان بە مافەكانی مرۆڤ ئەولەوییەتی سەرەكیی سیاسەتی ئەمریكا نەبووە. بەڵام ئەگەر بێمە سەر وەڵامی پرسیارەكەی ئێوە كە ئایا پێویستە ئەمریكا كار و كۆششی زیاتر بكات بۆ بەرەوپێشبردنی دیموكراسی؟ ئەوا دەبێت لە وەڵامدا ئەوە دیاری بكەین، ئایا پێویستە دەقاودەق ئەمریكا چی بكات؟ مەبەستم ئەوەیە رەنگە پێویستە ئەمریكا كاری جیاواز لە وڵاتە جیاوازەكاندا بكات لەم پێناوەدا، یاخود لە هەلومەرج و ساتەوەختی جیاوازدا كار و كردەوەی جیاواز بگرێتەبەر. بەڵام ئەگەر پرسیار لە من بكرێت، ئایا پێویستە ئەولەوییەت بۆ باشتركردنی رەوشی مافەكانی مرۆڤ و دیموكراسیەت بێت؟ ئەوا بەڵێ من پشتیوانی لەم پرس و پرەنسیپانە دەكەم.
* هەروەك لە سەرەتاشەوە ئاماژەمان پێكرد رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆتە ناوچەیەكی پڕ لە كێشە و پشێوی، ئایا بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كشانەوە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێران نابێتەهۆی قووڵكردنەوەی زیاتری ئەم نائارامی و پشێوییانە؟
- لە راستیدا من دوودڵم لەوەی بتوانم هیچ پێشبینیەكم هەبێت لەم رووەوە.