ماكس ئەبرامز پسپۆڕی زانستی سیاسی بۆ گوڵان: پێشبینی دەكرێت هێرشەكانی ئیسڕائیل بۆ سەر بنكەكانی ئێران لە ناو سوریا روو لە هەڵكشان بكات

ماكس ئەبرامز  پسپۆڕی زانستی سیاسی بۆ گوڵان:  پێشبینی دەكرێت هێرشەكانی ئیسڕائیل بۆ سەر بنكەكانی ئێران لە ناو سوریا روو لە هەڵكشان بكات
ماكس ئەبرامز، پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە زانكۆی نۆرس ئیستێرن، لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە پرسی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی تیرۆریزم دەدات، بە شێوەیەكی دیاریكراو كار لەسەر پاڵنەر و ئاكامەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم دەكات. بۆ قسەكردنی لەسەر بارودۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆ تاوتوێكردنی هۆكار و دەرهاویشتەكانی بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ بۆ كشانەوە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێران و ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئێران و ئیسڕائیل، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامدا و ئەویش بەم شێوەیە بۆچوونەكانی خستەڕوو.
* سەرەتا دەمانەوێت بزانین راوبۆچوونتان چییە لەبارەی بڕیارەكەی سەرۆك ترەمپ بۆ كشانەوە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێران؟ هۆكار و پاڵنەرەكانی چی بوون و ئایا دەكرێت ئاماژە بە گرنگترین ئەو كەموكوڕییانە بكەن كە لە نێو ئەو رێككەوتنەدا بوون و بوونە هۆی ئەوەی ئیدارەی ترەمپ لێی بكشێتەوە؟
- سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم كە لە بنەڕەتدا من یەكێك نەبووم لە پشتیوانكارە سەرسەختەكانی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێراندا، هەروەها كاتێك بڕگەكانی رێككەوتنەكە ئاشكرا كرا- چەند ساڵێك بەر لە ئێستا- ئەوا من دووچاری سەرسوڕمان بووم، چونكە دەركەوت كە بڕگەكانی لە بەرژەوەندی ئەمریكادا نەبوون. ئەوە بوو رەخنەگرەكان كێشە و گرفتەكانی رێككەوتنەكەیان روون كردەوە، یەكێك لە كەموكوڕییەكان دانانی سەقفی زەمەنی بوو- 15 ساڵ- بۆ رێگریكردن لە پەرەپێدانی پڕۆگرامە ئەتۆمییەكە، هەروەها بەپێی رێككەوتنەكە چاودێریكردن سنووردار بوو و بنكە سەربازییەكانی نەدەگرتەوە، لەوەش زیاتر دەبوو پێشوەختە ئاگاداركردنەوە بدرێت بۆ پشكنینی شوێنەكانی دیكە. لەلایەكی دیكەوە رێككەوتنە ناوكییەكە نابێتەهۆی سنوورداركردنی پشتیوانیی ئێران بۆ گرووپە میلیشیاكان، یاخود گرووپە تیرۆریستییەكان، بە هەمان شێوە رێگری لە پڕۆگرامی پەرەپێدانی توانای مووشەكیی ئێران ناكات، لەبەر ئەوە من پاڵپشت و پشتیوانی ئەو رێككەوتنە ناوكییە نەبووم. لەوەش زیاتر، من لەبیرمە لەسەر شەقامەكانی ئێران ئاهەنگیان دەگێڕا، كاتێك ئۆباما رازی بوو بە بێ گەڕانەوە بۆ كۆنگرێس گفتوگۆ لەسەر بڕگەكانی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێران بكات، چونكە رەنگە رای گشتیی ئەمریكا پشتیوانی لەو رێككەوتنە نەدەكرد.
* زۆر باس لەوە دەكرێت كە بڕیارەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ چەند دەرهاویشتەی سلبی و ناهەمواری لێدەكەوێتەوە، ئایا ئێوە هاوڕان لەگەڵ ئەم لێكدانەوەیەدا و ئایا گرنگترین ئەو دەرهاویشتانە چین كە پێشبینی دەكرێت بە دوای خۆیدا بیهێنێت؟
- لەگەڵ هەموو ئەو كەموكوڕی و كەلێنانەی لە وەڵامی پێشوودا ئاماژەم پێكردن، ئەوا پێموایە بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی ئەم رێككەوتنە ناوكییەوە بڕیارێكی خراپ بوو بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا، چونكە دەكرا كار و كۆششی بكردایە بۆ پڕكردنەوە و چارەسەركردنی كەلینەكانی نێو رێككەوتنە ناوكییەكە، ئەوە بوو دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند كە ئێمە لە رێككەوتنەكە دەكشێینەوە، دواتر ئەمریكا نەك هەر تەنیا سزا بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت، بەڵكو رەنگە سزا بەسەر لایەنەكانی دیكەی نێو رێككەوتنە ناوكییەكەشدا بسەپێنێت. مەبەستم ئەوەیە كە پلانێكی ستراتیژی بەربڵاو و پلانی B لە ئارادا نەبوو، بەڵكو ئەمریكا تەنیا كشانەوەی خۆی لە رێككەوتنەكە راگەیاند. كەواتە بەڵێ ئەگەری ئەوە هەیە چەند دەرهاویشتەیەكی سلبی لێبكەوێتەوە. بۆ نموونە پێشتر ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی جیهانی چاودێری بەرەوپێشچوونی پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێرانی دەكرد، بەڵام ئەگەر ئێران بە تەواوەتی لە رێككەوتنەكە بكشێتەوە، ئەوا چیتر پابەند نابێت بە رێككەوتنی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆمی، ئەو كاتەش ئێران بە رەوتێكی خێرا دەتوانێت كار لەسەر پەرەپێدانی چەكی ئەتۆمی بكات و لە راستیدا سەرۆك رۆحانی ئەمەی وەك ئەگەرێكی روون خستەڕوو.
* ئەی پێتوانییە یەكێكی دیكە لە ئەگەر و دەرهاویشتەكان بریتی بێت لە خراپبوون و تێكچوونی پەیوەندییەكانی ئەمریكا و ئەوروپا، بەتایبەتی ئەگەر وڵاتانی ئەوروپی نێو رێككەوتنەكە پابەند بن بەو رێككەوتنەوە و لێی نەكشێنەوە؟
- ئەمە راستە، چونكە رەنگە دەرئەنجامێكی دیكە ئەوە بێت كە وڵاتە ئەوروپییەكان بەردەوام بن لەسەر پابەندبون بە رێككەوتنەكەوە، ئەگەرچی ئەمریكاش پێوەی پابەند نەبێت، ئەمەش بۆی هەیە سەربكێشێت بۆ خراپبوونی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و ئەوروپا، بەتایبەتی بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا، هەرچەندە لە خراپترین حاڵەتدا من روودانی شەڕێكی بازرگانی لە نێوان ئەمریكا و ئەوروپادا بە دوور دەگرم.
* باشە ئەم بڕیارەی ترەمپ نابێتەهۆی ئەوەی ئێران پتر دەستی واڵا بێت بۆ چڕكردنەوەی چالاكییەكانی لە سووریادا، چونكە رەنگە پێشتر لە ترسی سەپاندنەوەی سزای زیاتر بەسەریدا بە حەزەرەوە هەنگاوی هەڵگرتبێت لە سووریادا، بەڵام ئێستا ئەو سزایانەی بەسەردا سەپنێراوە و ئەویش پاڵنەری ئەوەی نییە سڵ بكاتەوە؟
- من هاوڕام لەگەڵ ئەوەدا كە یەكێك لە دەرئەنجامە راستەوخۆكانی ئەم بڕیارە لە سووریادا بەرجەستە دەبێت. چونكە یەكێك لە رەخنە بەردەوامەكانی ئەو كەسانەی هاوڕا نەبوون لەگەڵ ئەم رێككەوتنەدا بریتی بوو لەوەی ئەم رێككەوتنە نەبۆتە هۆی كۆت و بەندكردنی ئێران، بەڵكو ئێران بەردەوام بووە لە چالاكی و كردەوە زیانبەخشەكان لە یەمەن و لە سووریا بەتایبەتی، كە پشتیوانی لە گرووپە میلیشیاكان دەكات، كە هەندێكیان خراونەتە خانەی گرووپە تیرۆریستییەكانەوە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، وەك حزبوڵا. ئەگەرچی من باوەڕم وایە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە- بەتایبەتی كە ئەمریكا بەشداری تێدا كرد و لایەنێك بوو تێیدا- خۆی لە خۆیدا ببووە هۆی جڵەوكردنی ئێران بەتایبەتی لە سووریا. ئەمەش لەم چەند رۆژەی رابردوودا پشتڕاست بۆوە، كە بینیمان بۆ یەكەمجار ئێران لە سووریاوە دامەزراوە سەربازییەكانی ئیسڕائیلی لە بەرزاییەكانی جۆلان كردە ئامانج. مەبەستم ئەوەیە بڵێم كاتێك ئەمریكا لایەنێك بوو لە رێككەوتنەكە ئێران پاڵنەر و هۆكاری ئەوەی هەبوو كە رێگە لە هەڵكشانێكی گەورەی بارودۆخەكە بگرێت، ئەویش بۆ ئەوەی ترەمپ پاشگەز بكاتەوە لە سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا. بەڵام ئێستا كە ئەمریكا لە رێككەوتنەكەدا نەماوە – و سزای سەپاندۆتەوە بەسەریدا- ئەوا ئێران پاڵنەری ئەوەی بۆ دروست بووە دۆخەكە بەرەو هەڵكشان ببات.
* باشە تا چەند ئەم بڕیارە ئیسڕائیلی خۆشحاڵ كرد و تا چەند بە سەركەوتن بۆ ئیسڕائیل لەقەڵەم دەدرێت؟
- بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەبێت ئێمە سەرنج لەوە بدەین كە لە سەروەختی راگەیاندنی كشانەوەی لە رێككەوتنە ئەتۆمیەكە، دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بە قسەكانی هەفتەیەك پێشتری سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل، بنیامین نەتنیاهۆ كرد، كە باسی لەوە كرد ئێران بە نیازی پەرەپێدانی چەكی ناوكی بووە. كەوابێت پەیامەكەی ئیدارەی ئەمریكا بۆ نەتنیاهۆ زۆر روون بوو، پەیامی پشتیوانییەكی بەهێزی ئەمریكا بوو بۆ ئیسڕائیل لە ناكۆكییەكەیدا لەگەڵ ئێران، پەیامی ئەوە بوو كە ئەمریكا ئامادەیە زانیاری هەواڵگری ئیسڕائیل لە دژی ئێران بەكار بهێنێت، پەیامی ئەوە بوو كە ئەمریكا رەخنە لە ئیسڕائیل ناگرێت كاتێك دۆخەكە لەگەڵ ئێراندا بەرەو هەڵكشان دەبات. ئەوە بوو ئیسڕائیل لە وەڵامی هێرشكردنەسەر بەرازییەكانی جۆلان، كاردانەوەیەكی بێ پێشینەی ئەنجامدا بۆ سەر ئامانجەكانی ئێران لە سووریا و ئەمریكاش پشتیوانیی تەواو لەم هەنگاو و بڕیارەی ئیسڕائیل دەكات. كەواتە ئەگەر كۆت و بەندێك هەبووبێت لەلایەن ئەمریكاوە لە بەرامبەر ئیسڕائیلدا لە پەیوەندی بە هێرشكردنی ئیسڕائیل بۆ سەر دوژمنەكانیەوە، ئەوا لە ئێستادا ئەو كۆت و بەندانە لاواز بوون بەهۆی ئەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و ئیسڕائیل بە چەشنێك پتەو و بەهێزن كە پێشینەی نییە.
* باشە هەموو ئەم پێشهاتانە چیمان پێدەڵێن و دەبێت پێشبینی چی بكەین؟
- من پێموایە كاتێك هەموو ئەم پەرەسەندنانە لەبەرچاو دەگرین، ئەوا پێشبینی هەڵكشانی زیاتری بارودۆخەكە دەكەین لەسەر سنووری باكووری ئیسڕائیل، كە رووبەڕووبوونەوەكان شێوەیەكی راستەوخۆ وەردەگرن. ئەوەی لێردا دەبێت لەبەرچاوی بگرین، كاردانەوەی رووسیایە، كە تاوەكو ئێستا رووسیا كاردانەوەیەكی ئەوتۆی نەبووە، ئەگەرچی نابێت بە دڵنیاییەوە لەمە بڕوانین، هەروەك چۆن نابێت ئەگەری ئەوە نادیدە بگرین كە ئەمریكا دەستتێوەردانی راستەوخۆ بكات بۆ بەرژەوەندی ئیسڕائیل. من پێموایە شەڕی ساڵی 2006ی نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵا، شەڕێكی مەحەلی بوو، مەبەستم ئەوەیە تەنیا لە نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵادا بوو و لایەنی دیكەی تێوەنەگلا، بەڵام ئێستا ئێران ئامادەبوونێكی سەربازیی بەهێزی هەیە و لە حاڵەتی هەڵگیرسانی شەڕدا رەنگە هاوكارییەكی زیاتری حزبوڵا بكات، یاخود راستەوخۆ دەستتێوەردان بكات، هەروەها بۆی هەیە رووسیاش لە بەرژەوەندی ئێران و حزبوڵا دەستتێوەردان بكات-من ناڵێم بە دڵنیاییەوە ئەمە روودەدات، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەمە ئەگەرێكە و لەئارادایە، كە رەنگە لەو كاتەدا ئەمریكا دەستتێوەردان بكات، كەواتە لە ئێستادا ئەم سنوورە نەك بە تەنیا كێشەیەكی ئیقلیمییە، بەڵكو بۆتە كێشەیەكی راستەقینەی نێودەوڵەتیش.
Top