رۆبەرت ئەكسێلرۆد پسپۆڕی زانستی سیاسی بۆ گوڵان: هاتنەئارای پێشبڕكێی خۆپڕچەككردنی ناوكی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەگەرێكی جددییە

رۆبەرت ئەكسێلرۆد پسپۆڕی زانستی سیاسی بۆ گوڵان: هاتنەئارای پێشبڕكێی خۆپڕچەككردنی ناوكی  لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەگەرێكی جددییە
رۆبەرت ئەكسێلرۆد پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی و سیاسەتی گشتییە لە زانكۆی میشیگان، پێشتریش پڕۆفیسۆر بووە لە بەشی زانستی سیاسی لە سكوڵی جێراڵد فۆرد و لە زانكۆی كالیفۆڕنیا، هەروەها سەرۆكی كۆمەڵەی زانستی سیاسی ئەمریكی بووە. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسیارێكی ئاراستەكرد كە پەیوەست بوون بە سیاسەتی ئەمریكا لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاكام و دەرهاویشتەكانی بڕیارەكەی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بۆ كشانەوە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێران و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
* هەروەك ئاشكرایە لە ئێستادا بارودۆخێكی پڕ لە پشێوی و ململانێ باڵی بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كێشاوە، هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ سیاسەتی ئەمریكا لە ئاست ئەم پشێوی و ناكۆكییانانەدا چییە؟
- ئەوەی من بتوانم بیڵێم ئەوەیە كە پارسەنگی سیاسەتی ئەمریكا پتر لە بەرژەوەندی ئیسڕائیل وعەرەبستانی سعودیەدایە، ئەمە لە كاتێكدا سیاسەتێكی بەرهەڵستكارانە و دژبەرانەیە لە ئاست ئێراندا.
* كەواتە دەتوانین بڵێین ئەمریكا سەركەوتوو بووە لە دڵنیاكردنەوەی دۆستەكانی و لە سڵپێكردنەوەی نەیارەكانی؟
- نەخێر، من لەگەڵ ئەمەدا هاوڕا نیم.
* ئەی پێتوایە ئاكام و دەرهاویشتەكانی بڕیارەكەی دۆناڵد بۆ كشانەوە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ ئێراندا چییە؟
- لە راستیدا پێموایە هێشتا زووە بۆ ئەوەی بتوانین پێشبینی لەبارەی دەرئەنجامەكانیەوە بكەین.
* بەڵام پێتوانییە ئەم بڕیارە ببێتەهۆی هاتنەئارای پێشبڕكێی خۆپڕچەككردنی ئەتۆمی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەتایبەتی ئەگەر هاتوو ئێرانیش بڕیاری دا چیتر بەم رێككەوتنەوە پابەند نەبێت؟
- هاتنەئارای پێشبڕكێی خۆپڕچەككردنی ناوكی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەگەرێكی جددییە، بەتایبەتی ئەگەر ئەو تێڕوانینە بێتەئاراوە كە ئێران سەرقاڵی دروستكردنی چەكی ناوكیە و تەنانەت ئەگەر عەرەبستانی سعودیە و وڵاتانی دیكە دڵنیاش نەبن لەوەی ئایا ئێران هەوڵی بەدەستهێنانی چەكی ناوكی دەدات، یان نا.
* هەر لە پەیوەندی بە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكاوە، وا دەردەكەوێت كە ئەمریكا زۆر پەرۆش نییە بۆ پەرەپێدانی دیموكراسی و بنیادنانی نەتەوە لەم ناوچەیەدا، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەمە سیاسەتێكی واقیعبینانە و ژیرانەیە؟
- ئەمریكا چەند دەرئەنجامێكی نائومێدكارانەی چنییەوە لە هەوڵەكانی بۆ پەرەپێدانی دیموكراسی و بنیادنانی نەتەوە. لەو روانگەیەوە ئەو راستیە روون بۆتەوە كە دەوڵەتە دەرەكییەكان كاریگەری و دەستڕۆیشتووییەكی سنوورداریان هەیە لە پەیوەندی بەم پرس و بابەتانەوە.
* باشە چ پێشبینییەكت بۆ ئایندەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە؟
من نامەوێت هیچ مەزەندە و پێشبینییەكم هەبێت لەم بارەیەوە.
Top