دارا جەلیل خەیات سەرۆكی یەكێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان: نێچیرڤان بارزانی رۆڵێكی گەورە لە تێپەڕاندنی قەیرانەكان و كرانەوەی ئابووریی ئێستای كوردستان دەبینێت
May 15, 2018
دیمانەی تایبەت
هەوڵ و هەنگاوەكانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرانەوەیەكی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری و بازرگانی لێكەوتەوە، هاتنی شاندو كونسوڵخانەكان و كۆمپانیا بیانییەكانی وڵاتانی بیانی و دراوسێ دووبارە بازاڕەكانی كوردستانی بووژاندەوە، سەبارەت بەم دۆخەو هەوڵەكانی بووژانەوەی كەرتی تایبەت چەند پرسیارێكمان ئاراستەی دارا جەلیل خەیات سەرۆكی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێم كرد كە هاوكات جێگری سەرۆكی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی عێراقیشە، لێرە پوختەی وەڵامەكانی بڵاودەكەینەوە.* وەكو سەرۆكی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێمی كوردستان خوێندنەوەت بۆ رەوشی بازاڕ و دۆخی كەرتی تایبەت چییە، بەتایبەتی لە هەردوو بواری بازرگانی و پیشەسازی كە دوو سێكتەری فراوانە و كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر رەوشی بازاڕ و ئابووریی كوردستان هەیە؟
- لەم ماوەیەدا دووبارە بازاڕەكانی ناوخۆی كوردستان جموجووڵ و كرانەوەیەكی بەخۆوە بینی، واتا كێرڤی دووبارە بووژانەوەی بازاڕ رووی لە بەرزبوونەوە كردووە و ئومێدی ئەوە هەیە دووبارە بازاڕەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لەو بێبازاڕی و پووكانەوەی لەماوەی رابردوودا بەخۆیەوە بینی، بەرەو كۆتاییهاتن بچێت، ئەمەش بۆ ئەو هەوڵانەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە كە لە ئاكامی پیادەكردنی سیاسەتێكی ژیرانە لە پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ عێراق و وڵاتانی دراوسێ و بیانی دروست بووە، ئەمڕۆ رۆژانە شاندە بازڕگانی و پیشەسازییەكان روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن و جموجووڵێكی ئابووری لە سەرجەم سێكتەرەكان دەستی پێكردۆتەوە.
* بەستنی كۆنفرانسی پەیوەندییە بازرگانی و پیشەسازییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران و دواتر هاتنی شاندی بازرگانی و پیشەسازیی توركیا و بەشداریكردنی بەرپرسانی پەیوەندیداری حكومەتی ناوەندی، تا چەند بۆ ئەو هەوڵە دیپلۆماسی و ئابوورییانەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە؟
- رێزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاسانكاری و هاوكارییەكی باشی بۆ هاتنی كۆمپانیاو بیزنسكارانی بیانی پێشكەش كردووە، بێگومان ئەمە لەخۆڕا دروست نابێت، ئەگەر دیپلۆماسیەتێكی پێشكەوتووی لە پشت نەبێت، لەم رۆژانەشدا لە ئەنجامی ئەو كۆنفرانسەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران و پارێزگار و سەرۆكی ژوورە بازرگانییەكانی شارەكانی ئەو وڵاتەو گەورە كۆمپانیاكانیان، چەندین پەیوەندی و رێككەوتنی بازرگانی واژوو كران و باسی چۆنیەتی بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران كرا، ئەمە جگە لەوەی لەنزیكەوە گفتوگۆ كرا لەسەر لابردن و هەڵگرتنی هەموو ئەو بەربەست و ئاستەنگانەی كە رێگرە لە بووژانەوەی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەكان بەتایبەتی ئاستەنگەكانی دەروازەكان و سەرسنوور و گۆمرگەكان، ئەمەش خۆی لەخۆیدا هەنگاوێكی زۆر گەورەیە و ئاكام و شوێنەواری باشی لێدەكەوێتەوە، بەهەمان شێوەش بازاڕو پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیاشدا كرانەوەی بەخۆوە بینیوە، ئەم وڵاتە بۆ ئێمە گرنگی تایبەتی هەیە، راستە سنوور و دەروازەكانی توركیا بە رووی بازرگانان و بیزنسكارانەوە دانەخران، بەڵام خواستی ئێمە لەمە زیاترە و دەمانەوێت پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و وڵاتی توركیا پەیوەندیی ستراتیژی و درێژخایەن بێت و رێككەوتنی بازرگانی و پیشەسازی و ئابووریی گەورە لەنێوانماندا هەبێت. لەكۆنگرەی پەیوەندییە بازرگانی و پیشەسازییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا بە رەسمی سوپاسی هەڵوێستی ئەوانمان كرد كە گەمارۆ و سزای گەلی كوردستانیان نەداوە لەسەر مومارەسەكردنی مافێكی رەوای خۆی و سنوورەكانیان بە رووماندا دانەخست، لەهەمان كاتیشدا گفتوگۆ لەسەر فراوانكردنی قەبارەی بازرگانی و پەیوەندییە ئابوورییەكان كراو بڕیارە چەند دەروازەیەكی دیكەی سەرسنوور كە ئێستا نافەرمین، بكرێنە دەروازەی فەرمی و ئاسانكاری زیاتر بكرێت.
* یەكێك لەو هەنگاوانەی دەبێتە هۆكاری بەهێزكردنی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەكانی نێوان وڵاتان، دامەزراندنی ناوچەی ئازادە، ئایا لەگەڵ هەردوو شاندی وڵاتی توركیا و كۆماری ئیسلامیی ئێران باس لەم خاڵە كراوە؟
- هەرێمی كوردستانی عێراق خاوەنی سنوورێكی فراوانە لەگەڵ هەردوو وڵاتی كۆماری ئیسلامیی ئێران و توركیا، ئەمە جگە لەوەی قەبارەی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا رووی لە زیادبوون كردووە، لە ناوخۆی هەرێمی كوردستانیشدا سەدان كۆمپانیای ئێرانی و توركی بوونیان هەیە، زۆر لە بازرگان و بیزنسكاران و تەنانەت كاسبكارانی ئێمەش هاتوچۆی بازاڕەكانی ئەو دوو وڵاتە دەكەن، ستراتیژیەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بەو ئاراستەیە دەچێت كە لەناوچە سنوورییەكان تەنیا ژمارەی دەروازەكان زیاد نەكەین، بەڵكو ببینە خاوەنی ناوچەی بازرگانیی ئازادیش، هاوكات ئەم ناوچە بازرگانییانە دەبێتە هۆكارێكی سەرەكی بۆ هەڵگرتنی زۆر لە گرفت و كێشەی بەردەم بووژانەوەی كەرتی بازرگانی و ئابووری و كۆتایی بە كۆمەڵێك گرفتی تاریفەی گومرگی و ئاستەنگی هاتوچۆ و لاوازیی پەیوەندی و مەسەلەی گۆڕینی دراو و بانكی دەهێنێت، هەر بۆیە ئێمە لە ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكان زۆر پێداگریمان لەسەر دامەزراندنی ناوچەی بازرگانیی ئازاد لەسەر هەر دوو دیوی سنووری كۆماری ئیسلامیی ئێران و وڵاتی توركیا كرد.
* وەكو سەرۆك و نوێنەری بازرگانان و پیشەسازیكارانی كوردستان، ئایا پێتوایە لە داهاتوویەكی نزیكدا دۆخی ئابووری و سێكتەرەكانی دیكەی بازرگانی و پیشەسازی و وەبەرهێنان و بەڵێندەرایەتی بەرەو ئاسایبوونەوە دەچێت؟
- ئومێدمان زۆرە و لەداهاتوویەكی نزیكدا كوردستان بەرەو كرانەوەیەكی ئابووری و بازرگانی دەچێت و وردە وردەش بەسەر كێشە ئابوورییەكاندا زاڵ دەبین، لێرەشدا زۆر سوپاسی رۆڵی جەنابی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، كە رۆڵێكی كاریگەر و گرنگیی گێڕا بۆ ئەو كرانەوە ئابووری و بازرگانییەی كە ئێستا كوردستان بەخۆیەوە دەبینێت، گرنگیدان و ئامادەبوونی لە سەرجەم كایەكاندا گرنگی خۆی هەبوو بۆ رزگاربوونی كوردستان لەگەمارۆ و خنكاندنی بازاڕ و كەوتنەوەی بێ بازاڕی، هەمووشتان بینیتان كە چۆن بەڕێزیان لە كۆنفرانس و پەنێڵەكان و گفتوگۆكان و میواندارێتی شاندە بیانییەكان حزوور و بەهایەكی گەورەی هەبووە، هیوادارین ئەم رێچكە و سیاسەتە ژیرانەیەی بەڕێزی بەردەوام بێت، چونكە دەرئەنجام ئەوە هاووڵاتیانی كوردستانن سوودمەند دەبن لە بەهێزكردنی پەیوەندییەكان و كرانەوەی ئابووری و كۆتاییهاتن بە دۆخی بێ بازاڕی، لە هەرێمی كوردستان زۆرترین چین و توێژی ئەم كۆمەڵگەیە لەناو كەرتی تایبەتدایە و زۆرترین هەلی كاریش هەر لەم كەرتەدایە، ئەمە جگە لەوەی بووژانەوەی كەرتی تایبەت و كۆتاییهاتن بە دۆخی بێ بازاڕی واتە كۆتاییهاتن بەكێشەی كەرتی گشتی و گرفتی مووچەخۆران، چونكە زۆرترین داهات لە رێگەی رسومات و باج و تاریفەی گومرگی و تاریفەی خزمەتگوزاری و بوارەكانی دیكەی باجەوەیە و بە بووژانەوەی بازاڕ كێرڤی بەرزبوونەوەی سەرجەم داهاتە ناوخۆییەكان بەرز دەبێتەوە.
* ئایا پەیوەندییە ئابووری و بارزگانییەكانیش لەگەڵ عێراقدا كرانەوە بەخۆیانەوە دەبینێت؟ بەتایبەتی دوای ئەوەی بەغدا كۆمەڵێك سزای ئابووری لەسەر كوردستان دەركردووە، تەنانەت بازگەی گومرگی لە نێوان هەرێمی كوردستان و شارەكانی دیكەی عێراقدا داناوە؟
- ئەمە پرسیارێكی گرنگە، ئایا لە خراپبوونی پەیوەندی بازرگانی و ئابووری نێوان هەرێم و ناوەند كێ زیانمەندە؟ بە تەئكید هەردوو لامان، لەم روانگەیەوە سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەرەو كرانەوەی زیاتر رۆیشتووە لەگەڵ عێراقدا، عێراقیش پێویستی بە هەرێمی كوردستانە، چونكە پێویستی بە هەرێمە ئاسانكاری و هاوكاری بكات، بۆ تێپەڕبوونی كاڵا و شمەكەكانی هەردوو وڵاتی توركیا و ئێران، ئێمەش پێویستیمان بەو كرانەوەیە هەیە، بەتایبەتی كە ئێستا هاووڵاتیەكی زۆری عەرەب و ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق لە كوردستان نیشتەجێن و پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵ شارو ناوچەكانی دیكە هەیە، هەروەها پارێزگاكانی كوردستان هاوسنوورن لەگەڵ ژمارەیەكی زۆری پارێزگاكانی عێراق، هەر بۆیە ئێمە پێشوازی لە هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخەكەو كرانەوەی پەیوەندییەكان و هیوادارین سەركەوتوو بن.
ئێمەش لەلایەن خۆمانەوە وەكو ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی كوردستان كە هاوكات جێگری ژوورەكانی عێراقیشم لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق لە هەوڵەكانمان بەردەوامین.
* ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی عێراق دەكرێت كۆتایی بەو دۆخە بهێنێت كە چیتر ئابووری نەكرێتە قوربانیی ململانێ سیاسییەكان، بەپێچەوانەوە سیاسەت لەپێناو بووژانەوەی ئابووری و بازرگانی بەكار بهێنرێت، هەروەكو چۆن لە هەموو دنیای پێشكەوتوودا باوە، لەوبارەیەوە راتان چییە؟
- ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكان نوێنەرایەتیی چین و توێژێكی زۆرو فراوان دەكات، بەرگریكارو پارێزەری بەرژەوەندییەكانیانە و ئامانجی بووژانەوەو پێشخستنی كەرتی بازرگانی و پیشەسازییە لە كوردستان و عێراقدا، ئەمەش بێ هەماهەنگی و پەیوەندییەكی دۆستانە دروست نابێت، ئێستا رووداو و گۆڕانكارییەكان هەموویان بەو ئاراستەیە دەچن كە پەیوەندییەكانی نێوان كوردستان و عێراق ئاسایی بۆتەوەو هەمووان خواستی دروستبوونی پەیوەندییەكی باش و ستراتیژییان هەیە، ئومێدیشمان زۆرە لەدوای ئەم هەڵبژاردنەوە حكومەتی نوێی عێراق بووژانەوەی كەرتی تایبەت و پەرەپێدانی سێكتەرەكانی ئابووری لە ریزبەندی پێشەوەی بەرنامەكانیدا بێت و هەموو هاووڵاتیانی عێراق و كوردستان بێ جیاوازی سوودمەند بن لەم پەیوەندییانە.
* لەگەڵ ئەم كرانەوەیە و كۆتاییهاتنی دۆخی بێبازاڕی چ پێشنیارێكتان بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە، بەتایبەتی كە سەرۆكی حكومەت لە گوتاری كۆنفرانسی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران باسی لە ئامادەیی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ هەموو پێشنیار و راسپاردەكانتان؟
- كرانەوەی ئابووری و بووژانەوەی دۆخی بازاڕ پێویستی بە هەنگاوی كرداری هەیە، لەسەر ئاستی یاساو تەشریعاتەكان و تاریفە و ئاسانكارییەكان، ئابووریی كوردستانیش بەدەر نییە لەو كەموكورتی و گرفتانە، هەروەكو چۆن یاساو تاریفەو هەنگاوەكانی عێراق و وڵاتانی دەوروبەریش هەمان گرفت و كێشەیان هەیە، بەڵام سەرەتا گرنگە ئێمە لەخۆمانەوە دەست پێبكەین و هەموو ئەو ئاستەنگ و بەربەستانە هەڵبگرین كە هۆكارە بۆ لاوازبوونی جموجووڵی ئابووری و بازاڕ، ئێمە نابێت تەنیا بیر لەوە بكەینەوە كە تەنیا كاربكەین و پارە خەرج بكەین، بەڵكو پێویستە لەبیری ئەوەدا بین، چۆن سیولەی نەختینەیی و پارە بۆ وڵاتەكەمان دەهێنین و لە قەیرانی دارایی دەربازی بكەین، لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئابووری كە لە 16/4 ی ئەمساڵ ئەنجامدرا، چەندین پێشنیارو داواكاریمان بۆ ئەنجومەنی ئابووری لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرزكردۆتەوەو لە ئێستادا لەگفتوگۆداین بۆ دۆزینەوەی ئەو رێوشوێنە یاسایی و عەمەلییانەی كە دەبنە هۆكاری لابردنی هەموو ئاستەنگ و بەربەستە ئابووری و بازرگانییەكان، ئێستاش كاتی ئەوە هاتووە ئاوڕێك لە هەموو ئەو كەموكوڕی و گرفتانە بدەینەوە كە رێگرە لە گەیشتن بە سیستەمی ئابووریی بازاڕ، ئەو ئابوورییەی خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیان دەهێنێت و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بەهێزتر دەكات و لە ئەگەری كەوتنەوەی قەیرانە دارایی و ئابوورییەكان دوورمان دەخاتەوە و بازرگان و پیشەسازیكارانیش رۆڵێكی زیاتریان دەبێت لە جموجووڵ و چالاكیی ئابووری و بەشداریكردن لە چارەسەركردنی قەیرانی دارایی و ئابووری.