دكتۆر فرسەت سۆفی پەرلەمانتار و ئەندامی لیژنەی نەزاهە لە پەرلەمانی كوردستان بۆ گوڵان: پارتی حكومڕانییەكی بەرپرسیارانەی كردووە و لە توانایدایە كوردستان بگەیەنێتە كەناری ئارامی
May 15, 2018
دیمانەی تایبەت
ئاشكرایە لە ئێستادا حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵ و كۆششەكانی چڕكردۆتەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە ئابووریە نەخوازراوەی بەرۆكی كوردستانی گرتبوو، لەم رووەوە چەند هەوڵ و پڕۆژەیەكی جددی لە ئارادن كە جێبەجێكردنیان دەبێتەهۆی ئەوەی ئەم هەرێمە بتوانێت دووبارە لەسەر پێی خۆی بوەستێتەوە و گەشە بكاتەوە و بەرەوپێش بچێت. گۆڤاری گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا ئەم پرسانەی لەگەڵ دكتۆر فرسەت سۆفی پەرلەمانتار و ئەندامی لیژنەی نەزاهە لە پەرلەمانی كوردستان تاوتوێ كردو ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.* ئایا گرنگترین خاڵەكانی پڕۆژەی چاكسازی لەكەرتی گشتی و خانەنشینی چین؟
- گرنگترین هەنگاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی رابردوودا، ئامادەكردنی پڕۆژەی یاسایەك بوو بە ناوی پڕۆژەی چاكسازی لەكەرتی وەزیفەی گشتی و مووچەخۆران و خانەنشینان. كە دەستی بردووە بۆ هەموو كونج و كەلەبەرەكانی كێشەكانی پەیوەست بەم بوارە وەك:
كێشەكانی وەزیفەی گشتی و خانشینی و دوو مووچەیی و بەرزكردنەوەی پلەی نایاسایی، یەكخستنەوەی یەكەی حیسابی هێزەكانی 70 و 80ی پێشمەرگە، پاككردنەوەی لیستی شەهیدانی سەنگەر، زیندانیانی سیاسی، زامنكردنی مووچەی پاشەكەوتكراوی مووچەخۆرانی هەرێم، چارەسەركردنی چەندین كێشەی دیكەی ئیداری و وەزیفی،
ئێستا پڕۆژە یاسای چاكسازی لە پەرلەمانی كوردستانە و پشت بە خوا لەم هەفتەیەدا پەسەند دەكەین.
* باسی كۆمەڵێك پڕۆژەی دیكەت كرد، ئەو پڕۆژانە چین؟
- لە راستیدا لە كەرتی دەرمان و بوارەكانی پەیوەست بە موساتەحەو وەبەرهێنانیش كاركراوە، كە چەند هەنگاوێك لەم بوارانەدا هەڵگیراون و چەند رێوشوێنێكی گیراونەتەبەر و كۆمەڵێك خەڵكیش دەستگیر كران، بەتایبەتی لە بواری مەلەفی نەزاهە كە هەنگاوی باش چووەتە پێش.
* ئایا بەربەست و ئاستەنگ لەبەردەم جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژانە هەیە؟
- هەموو پرۆژەو هەنگاوێكی چاكسازی بێ بەربەست و ئاستەنگ نییە، بەڵام گرنگ ئەوەیە هەنگاوەكانی چاكسازی لەكوردستان باش چوونەتە پێش، گۆڕانكاری باش روویان داوە، ئەوە بوو لەم كابینەیە و لە سەر دەستی سەرۆك وەزیران كاك نێچیرڤان بارزانی و بە سەرپەرشتی جەنابی سەرۆك بارزانی هەموو ئەو پۆستە كارگێڕانەی دانراون، لەسەر بنەمای لێهاتوویی و سی ڤی بووەو لە هەندێكیان لەسەر بنەمای پێشبڕكێی توانا و كارامەیی بووە.
* چاكسازیی داواكاری خەڵكی كوردستان و هەموو حزبە كوردستانییەكانیشە، كەچی زۆر لەو حزبانەی موزایەدە بە كەموكورتی و گەندەڵی و ناشەفافییەتەوە دەكەن، ئایا ئەمە جۆرێك لە دووفاقی و لە خشتەبردنی خەڵكی نییە لەكاری سیاسیدا؟
- بەداخەوە ئەو برادەرانەی ئەوەندە قسە دەكەن، ئەوەندە كرداریان نییە؛ ئەمە نەگبەتییەكە دروست بووە بەوەی هەركەسێك قسە بكات و خۆی بە فریشتە دادەنێت و دەیەوێت ناشیرینیەكانی خۆی بخاتە ئەستۆی پارتی دیموكراتی كوردستان. بەڵام پارتی حزبێكە بە شەهامەتەوە شانی داوەتە بەر لێپرسیارێتی و دانی بە هەڵەو كەموكوڕییەكانیشدا ناوە، بەڵام دەستكەوتیش ئەوەندە زۆرە كە دەبێت هەموومان شانازی پێوە بكەین و لە ماوەی رابردوودا ئەوەندە كاری باش لەسەر دەستی پارتی بۆ ئەم میللەتە كراوە، كە شیاوی ئەوەیە هەموومان بینرخێنین. لەبەرامبەردا هەندێك لایەن هەن كە كاتێك سەركەوتن بەدەست دەهێنرێت، خۆیان لێدەكەنە خاوەن، كاتیكیش دۆخەكە بەرەو خراپی دەڕوات، هەموو دەكشێنەوە و ئۆباڵەكە دەخەنە ئەستۆی پارتی، ئەوەش راكردنە لە بەرپرسیارێتی و نیشانەی ئەوەیە لە حوكمڕانی تێنەگەیشتوون. بۆ نموونە كاتێك نەوت بەرهەم هێنرا و نرخەكەشی بەرز بوو، حزب هەوو بانگەشەی ئەوەی دەكرد كە ئێمە ئەندازیاری فرۆشتنی نەوتین، بەڵام كاتێك نرخی نەوت دابەزی و كاریگەریی كردەسەر ژیانی خەڵك، وتیان نەخێر ئەمە سیاسەتی هەڵەی پارتی بوو و پارتی هۆكارە بۆ دروستبوونی ئەم قەیرانە و ئێمە لەگەڵ فرۆشتنی نەوت نەبووین. تۆ سەیر بكە كاتێك ریفراندۆم لە چڵەپۆپەیدا بوو لایەنێكی سیاسی لە كۆمیتەی سەركردایەتی خۆی بەكۆی دەنگ پەسەندیان كرد، بەوەی ریفراندۆم بەبێ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ناكەن، كاتێكیش كارەساتیان لەم ناوچانە دروستكرد، هەر ئەوانە هاتن و وتیان ئەوە ریفراندۆم بوو كارەساتی بۆ ئەم ناوچانە هێنا. ئەم ئیزدواجیەتە خەسڵەتی هێزی بەرپرسیار نییە. ئەمە لە كاتێكدا كە پارتی حكومڕانییەكی بەرپرسیارانەی كردووە، كە پارتی مەلەفی ئەمنی لەبەردەستدایە ئەوا كوردستان لە دۆخێكی ئارامدایە، لە رووی دیپلۆماسیەتەوە كە پارتی ئیدارەی ئەم مەلەفەشی كردووە، بە رابەرایەتیی سەرۆك بارزانی، پێگەی كوردستان ئەوەندە هەڵكشا كە زۆربەی وڵاتان وەكو دەوڵەت مامەڵەیان لەگەڵ كوردستان كردووە. كاتێكیش كوردستان رووبەڕووی پیلانگێڕی بۆوە و هەوڵدرا ئەم هەرێمە گۆشەگیر بكرێت، ئەوا پارتی بوو كە بە سیاسەتی دروستی خۆی توانی ئەم دەرگا داخراوانە بكاتەوە.