محەمەد كەمال ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بۆ گوڵان: مێژوو سەلماندوویەتی هەر كاتێك پارتی بەهێز بووبێت كورد لە ئامانجە نەتەوەییەكانی نزیك بۆتەوە

محەمەد كەمال ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بۆ گوڵان:  مێژوو سەلماندوویەتی هەر كاتێك پارتی بەهێز بووبێت كورد لە ئامانجە نەتەوەییەكانی نزیك بۆتەوە
ئاشكرایە دۆخێكی سەپێندراو و نەخوازراو باڵی بەسەر كەركووكدا كێشاوە و لە سایەی ئەم هەلومەرجەشدا هەڵبژاردن لەم شارەدا بەڕێوە دەچێت، بۆ قسەكردن لەسەر رەوشی ئێستای ئەم شارە و چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكان و ئایندەی ئەم شارە، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ محمەد كەمال ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك ئەنجامداو ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.
* چۆن لە دۆخی ئێستای كەركووك دەڕوانن؟
- لە راستیدا ئێمە لەسەر ئەو دۆخەی لە كەركووكدا دروست بووە، سكاڵامان لە حكومەتی عێراق كردووە، چونكە ئەگەر گرفتێك هەبێت لە ناوچە كێشەلەسەرەكاندا، ئەوا دەستوور رێگاچارەی بۆ داناوە، واتە ماددەی 140ی دەستوور، چارەسەری نەك تەنیا كێشەی پارێزگای كەركووك، بەڵكو چارەسەری هەر كێشەیەكیش دەكات كە لەو ناوچانەدا رووبدات كە پەیوەستن بەم ماددەیەوە، واتە لە خانەقینەوە تا دەگاتە شنگال. لەبەر ئەوە نەدەبوو ئەم لەشكركێشیە بكرێت. كەواتە ئێمە ئیدانەی ئەو لەشكركێشیەی عەبادی و ئەوانەش دەكەین كە بوونە كەواسووری بەر لەشكر و ئەم دۆخە بە نایاسایی و نائاسایی دەزانین. دواتر من دەڵێم با ئەو كەسانەی هاوكار بوون بۆ ئەم لەشكركێشییە، بوێری ئەوەیان هەبێت كاندیدەكانیان ببەنە رێگای بەغداو گەڕەكەكانی واست و یەكی حوزەیران و عرووبە لۆگۆی هەڵبژاردنەكانیان هەڵبواسن، با بچن وێنەی كاندیدەكانیان بەرز بكەنەوە، بەڵام ناتوانن، واتە ئەوان نەك تەنیا ناتوانن ئاڵای كوردستان بەرز بكەنەوە، بگرە ناتوانن وێنەی خۆشیان هەڵواسن. كەچی ئێستا دێن و موزایەدە دەكەن، بەڵام خەڵكی كەركووك ئەمانەی بەسەردا تێناپەڕێت و بەری رۆژیش بە بێژنگ ناگیرێت. لەبەر ئەوەشە من پێموایە پارتی بڕیارێكی راست و دروستی داوە كە بەشداری هەڵبژاردنەكانی كەركووك نەكات، چونكە بەشداریكردنی بە مانای دانپێدانانە بەو ئەمری واقیعەی بە زۆرەملێ سەپێندراوە.
* باشە لەم دۆخە نەخوازراوەدا كورد چۆن دەتوانێت دەنگ بە كاندیدەكانی بدات لە كەركووكدا؟ ئایا پێتوانییە دەنگەكانی كورد لەم شارەدا كەم دەكات؟
- ئەمە تەوجیهاتی حزبی نییە و تەنیا تێڕوانینی خۆمە، بۆیە وەكو بۆچوونی خۆم پێموایە ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك دەتوانن دەنگ بەو كاندیدە باشانە بدەن كە مۆركی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرییان تێدایە، بۆ نموونە كەسێكی وەكو حەمەی حاجی مەحموود سكرتێری حزبی سۆشیالست كە كوڕێكی لەپێناو پاراستنی كەركووك و بەرگریكردن لە خەڵكی بەشەرەفی شارەكە شەهید بوو، یاخود چەندین كوردی دیكەی نیشتمانپەروەر هەیە كە دەكرێت دەنگیان پێ بدرێت.
* پارتی دیموكراتی كوردستان بەردەوام لەبەر هەڵوێستە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی كەوتۆتە بەر شاڵاوی دوژمنان، بەڵام ئێستاكە لە ناوخۆی كوردستانیش حزب و كەسانێك پەیدابوون بە هەمان قەوانی دوژمنان هێرشی ناڕەوا دەكەنە سەر پارتی، ئایا ئەمە بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟
- لە 70 ساڵی مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستاندا ئەوە سەلمێندراوە؛ هەر كاتێك پارتی بەهێز بووبێت، میللەتی كورد بەهێز بووە و لە ئامانجە نەتەوەییەكانی نزیك بۆتەوە. هەر لەبەر ئەمەشە كە دوژمنە دەرەكییەكان و خیانەتكارە ناوخۆییەكان هەمیشە هەوڵیانداوە لە پێگەی پارتی بدەن، بەو مەبەستەی پارتی لە ئامانجە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی دوور بخەنەوە. لەبەر ئەوە دەتوانم بڵێم ئەوانەی لە ناوخۆدا هێرش دەكەنە سەر پارتی، ئەوا بۆ رازیكردنی كەسان و وڵاتانی دەرەكییە.
* كەواتە پێتوایە ئەمجارەش پارتی بە گوڕ و تینی زیاترەوە دەچێتەوە و بەغدا و داكۆكی لە مافەكانی كورد دەكات؟
- پارتی دیموكراتی كوردستان خاوەنی 70 ساڵ خەباتە و خاوەنی جەنابی كاك مسعود بارزانی-یە كە لەسەر حیسابی ژیان و خوێن و پۆستی خۆی ریفراندۆمی كردو ریفراندۆمەكەش سەركەوتوو بوو، هەربۆیە ئەوان لە پێگەو دەسەڵاتی پارتی دەترسن، چونكە هەر كاتێك پارتی بەهێز بێت، گەلی كورد لە ئامانجە نەتەوەییەكانی زیاتر نزیك دەبێتەوە.
* باشە تا چەند ئەگەری ئەوە هەیە پەرلەمانتارە كوردەكان لە دوای هەڵبژاردنەوە هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك؟
- ئێمە دەبێت ئەو راستییە بزانین كە ژمارەی كورسییەكانی كورد لە پەرلەمانی عێراقدا بگاتە 100 كورسیش – كە لە خولەكانی پێشوودا لە نێوان 55 بۆ 68 كورسی بووە- ناتوانێت بە تەواوەتی هاوكێشەكە بگۆڕێت، چونكە لە كۆی 329 كورسی ناتوانێت كۆبوونەوەكان پەك بخات و كارێك بكات كە نیساب تەواو نەبێت و رێگری لە یاسایەكی دژ بە كوردستان بكات، بەڵام هەرچۆنێك بێت بوونی كورد لە بەغدا باشە و تاوەكو كورسییەكی زیاتریشی هەبێت باشترە.
* كەواتە تا چەند پێویستە كە پارتی ئامادەبوونێكی بەهێزی لە پەرلەمان و لە حكومەتی عێراقدا هەبێت؟
- بوونی پارتی گرنگە، لەبەر ئەوەی پارتی میسداقییەتی هەیە، لەسەر ئاستی ئیقلیمی، هەروەها نێودەوڵەتیش، ئەمەش لەوەوە هاتووە كە پارتی سەركێشی ناكات و تاوەكو شەڕ بەر دەرگاكەی نەگرێت، دەستپێشخەری شەڕ ناكات، دواتر پارتی باوەڕی بە مافەكانی مرۆڤ و بە دادپەروەری كۆمەڵایەتی و بە دیموكراسی هەیە. بەڵام ئێستا كەسانێكی دیكە دێن، كە سەردەمانێك خۆیان بەرپرسیارێتی راستەوخۆی حوكمڕانییان بەدەستەوە بووە حكومەتیان دوچاری قەرزاری كردووە و چەندین پڕۆژەی پڕ لە كەموكوڕییان كردووە، كەچی باس لە دادپەروەری كۆمەڵایەتی دەكەن.
* دوا پەیامت چییە؟
- من داوا لە خەڵكی كەركووك دەكەم كە خۆڕاگر بن و داوای پاراستنی تەبایی و برایەتی و پێكەوەژیان دەكەم، چونكە ئەم بارودۆخە لە دەسەڵاتی هیچ پێكهاتەیەكدا نەبووە، بەڵكو بەسەر هەموواندا سەپێندراوە، خۆ ئەگەر كەسێكی توركمان، یان عەرەب لێدوانێكی شۆڤێنی بدات، ئەوا هیچیان نوێنەرایەتی پێكهاتەی خۆیان ناكەن، بۆیە دووبارە داوای پاراستنی گیانی برایەتییان لێدەكەم، چونكە رۆژێك دێت كەركووك بۆ كەركووكییەكان دەگەڕێتەوە.
Top