ئەحمەد مەجیدیار شارەزای كاروباری نێودەوڵەتیی بۆ گوڵان: سووریا لە گۆڕەپانی شەڕی داعشەوە گۆڕاوە بۆ مەیدانی ململانێی هێزی نێوان كاراكتەرە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان
May 1, 2018
دیمانەی تایبەت
پڕۆفیسۆر ئەحمەد مەجیدیار بەڕێوەبەری پڕۆژەی چاودێریكردنی ئێرانە لە ئاموژگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بڕوانامەی ماستەری لە رۆژنامەگەری لە زانكۆی وێستمینستەر بەدەست هێناوە، هەروەها بڕوانامەی دیپلۆمی لە بواری كاروباری نێودەوڵەتیدا هەیە، شارەزای چەند بوارێكی گرنگە، وەك تیرۆریزم و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، تایفەگەری نێوان شیعە و سوننە، سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا. هەروەها شارەزای كاروباری وڵاتانی ئێران و ئەفغانستان و پاكستانە. بۆ قسەكردن لەسەر دوایین پەرەسەندن و پێشهاتەكانی ناوچەكە لە ئەگەرەكانی هەڵكشانی بارگرژییەكان و قووڵبونەوەی ناكۆكییەكان و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامدا، ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.* چۆن لە دوایین پەرەسەندنەكانی ئەم ناوچەیە دەڕوانیت، بەتایبەتی لە دوای هێرشە مووشەكی و ئاسمانییەكانی ئەمریكا و فەڕەنسا و بەریتانیا بۆ سەر سووریا؟ ئایا ئەم پێشهاتانە چیمان پێدەڵێن و چ پەیامێكیان هەڵگرتبوو؟
- لە راستیدا دوایین پەرەسەندنەكان ئەو واقیعەیان خستەڕوو كە بارگرژییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران و هاوپەیمانەكانی لە سووریا لە هەڵكشاندان، چونكە ئیدارەی ترەمپ بە هاوكاری هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا هەوڵی گرتنەبەری رێوشوێنەكانی بەرەنگاربوونەوەی دەستڕۆیشتوویی ئێران دەدات لە سووریا و ناوچەكەدا. هەروەها دەبێت ئاماژە بەوە بكەین كە تا ئێستا هەموو لایەك دوژمنێكی هاوبەشیان هەبوو كە داعش بوو لە سووریا و عێراقدا و ئێستا ئەو دوژمنە هاوبەشە تێكشكێندراوە. ئەمەش دۆخێكی خوڵقاندووە كە لە ئێستادا رووبەڕووبوونەوەی زیاتر، نەك هاوكاری لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا بەدی دەكرێت لە سووریا و عێراق و تەواوی ناوچەكەدا. هەروەها ئەوەی پەیوەست بێت بە سووریاوە، ئەوا ئێستا رووبەڕووبوونەوەی ناڕاستەوخۆی سەربازی هەیە لە نێوان ئیسرائیل و هێزە پشتیوانیكراوەكان لەلایەن ئێرانەوە و بەم دواییە بە ئاستێكی بەرچاو زیادیان كردووە، چونكە ئێران نەك تەنیا میلیشیای هەیە لە نێو سووریادا، بەڵكو سەرقاڵی گرتنەبەری رێوشوێنەكانی جێگیركردنی بوونێكی سەربازیی درێژخایەنە لە سووریادا، ئیسرائیلیش ئەمە بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی خۆی لێكدەداتەوە، كەواتە ئەگەرچی ئەو وڵاتانە خوازیاری شەڕێكی گەورەی ئیقلیمی نین، بەڵام بۆی هەیە ئەم بارگرژییانە هەڵكشێن و دۆخێكی مەترسیداریان لێبكەوێتەوە.
* كەواتە لە ئاسۆی ئەم ناوچەیەدا ناسەقامگیری و نادڵنیایی زیاتر بەدی دەكرێت؟
- بە دڵنیاییەوە، چونكە ئەوەتا هێشتا شەڕی ناوخۆیی سووریا كۆتایی نەهاتووە، هێشتا ئەسەد بەشێكی زۆری دانیشتووانی وڵاتەكەی كۆنتڕۆڵ كردووە و لایەنەكانی موعارەزە و بەشێك لە گرووپە تیرۆریستییەكانیش دەستیان بەسەر بەشێكی خاكی وڵاتەكەدا گرتووە، هەروەها ئەگەرچی داعش خەلافەتەكەی لەدەست داوە، بەڵام هێشتا وەك هێزێكی بەتوانا ماوەتەوە. لەلایەكی دیكەوە بارگرژی و ركابەریی ئیقلمیش لەسەر خاكی سووریا لەهەڵكشاندایە. كەواتە دۆخەكە بەرەو باشتر ناچێت، بەڵكو زیاتر ئاڵۆز دەبێت. ئێستا لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش، سووریا لە گۆڕەپانی شەڕی داعشەوە گۆڕاوە بۆ مەیدانی ململانێی هێزی نێوان كاراكتەرە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان.
* كەواتە دەتوانین بڵێین یەكێك لە ئامانج و پەیامە سەرەكییەكانی هێرشەكانی ئەم دواییەی سەر سووریا، رووسیا بووە، بەو پێیەی ئێستا باس لە دووبارە هاتنەئارای شەڕی سارد دەكرێت لە نێوان ئەمریكا و رووسیادا؟
- نكۆڵی لەوە ناكرێت كە رووسیا و ئەمریكا چەندین بەرژەوەندیی جیاوازیان هەیە لە ئەوروپای رۆژهەڵات و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و ئاشكرایە سەرۆك پوتین هەوڵی چەسپاندنی هێز و دەستڕۆیشتوویی رووسیا دەدات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لەم رووەوە ئێران بە هاوپەیمانێكی گرنگ دەزانێت بۆ هێنانەدی تێڕوانینە ستراتیژییەكەی لە ئاست ئەم ناوچەیەدا. هەروەها رووسیا هەوڵی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی دەدات لەگەڵ توركیادا- ئەمە سەرەڕای جیاوازییەكانی نێوانیان-، هەموو ئەمانە لە كاتێكدایە كە پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ ئەمریكاو ئەوروپادا لە رەوشێكی باشدا نییە. ئەگەرچی ئەمە بە مانای ئەوە نییە كە دۆخی سووریا بە چەشنێك هەڵدەكشێت كە سەردەكێشێت بۆ هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان رووسیا و ئەمریكادا. چونكە هێشتا میكانیزمی هاوكاریكردن لە نێوانیاندا هەیە بۆ ئەوەی هیچ رووداوێكی نەخوازراو روونەدات كە ببێتەهۆی ئەوەی شەڕێكی گەورە لە نێوانیاندا دروست بێت. ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە رەنگە لە ئایندەدا هێرشی دیكە رووبدات و رەوشەكە ئاڵۆز بێت.
* هەر لە پەیوەندی بە ناكۆكیی نێوان ئێران و ئەمریكاوە، ئایا پێشبینی ئەوە دەكەیت كە ئەمریكا تاكلایەنە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە بكشێتەوە؟
- لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و سەرۆكی فەڕەنسا ماكرۆندا، دۆناڵد ترەمپ بە ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بە ئەگەری هێشتنەوەی رێككەوتنەكە- نەك هەڵوەشاندنەوەی- كرد، ئەویش دوای ئەوەی لەگەڵ وڵاتە ئەوروپییەكاندا كاردەكرێت بۆ باشتر داڕشتنەوەی هەندێ لە بڕگەكانی رێككەوتنەكە، بە چەشنێك كە رێككەوتنەكە پرسی پەیوەست بە توانا مووشەكییەكانی ئێران لەخۆ بگرێت، هەروەها ئایندەی پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێرانیش چارەسەر بكات، چونكە هەندێ لە بڕگەكانی رێككەوتنە دوای چەند ساڵێكی دیكە كۆتایی پێدێت، لە هەمان كاتدا رۆڵی ئێرانیش لە ناوچەكەدا یەكلابكرێتەوە. كەواتە لە ئێستادا ئەوروپییەكان سەرقاڵی گەڵاڵەكردنی پاكێجێكن بۆ ئەوەی پێشكەشی ترەمپ بكرێت، تاوەكو پارێزگاری لە رێككەوتنەكە بكات. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو نادڵنیاییەی لەبەرامبەر رێككەوتنەكە هەیە، ناڕەوێتەوە، چونكە هێشتا كۆدەنگییەك لە نێوان ئەوروپییەكاندا نییە لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم پرسەدا. كەواتە ئەوەی زیاتر ئەگەری روودانی دەكرێت، ئەوە نییە كە ترەمپ لە رێككەوتنەكە بكشێتەوە، بەڵكو كاركردنی زیاتری ئەمریكایە لەگەڵ وڵاتە ئەوروپییەكاندا بۆ دروستكردنی فشاری زیاتر لەسەر ئێران.
* با بێینە سەر هەڵبژاردنەكانی عێراق، هەروەك دەزانن ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنانە نزیك بۆتەوە، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا دەرئەنجامەكانی ئەم هەڵبژاردنە بە چەشنێك دەبن كە ببێتەهۆی چەسپاندنی زیاتری دەستڕۆیشتوویی ئێران لەم وڵاتەدا؟
- بە دڵنیاییەوە هاوپەیمانەكانی ئێران، ئیدی لە نێو گرووپەكانی حەشدی شەعبیدا بن، یان لە نێو ئەو پارتە سیاسییانەی كە نزیكن لە تارانەوە، بەشدارییەكی چالاكی هەڵبژاردنەكان دەكەن و هاوپەیمانێتیان پێكهێناوە. بەڵام ئاشكرایە گفتوگۆكان و رێككەوتنەكانی دابەشكردنی دەسەڵات لە دوای هەڵبژاردنەكانەوە روودەدەن، نەك پێش هەڵبژاردنەكان، بەڵام دەتوانین بڵێین ئەو گرووپ و لایەنانەی لە تارانەوە نزیكن، هێز و دەستڕۆیشتوویی زۆریان لە نێو حكومەت و پەرلەمانی داهاتووی عێراقدا دەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر هەموو لایەنەكان دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانیان قبووڵ كرد و عێراق هەنگاوی بەرەو سەقامگیری هەڵگرت، ئەوا دەتوانرێت وردە وردە كاریگەریی ئێران كەم بكرێتەوە، نەك زیاد بكرێت، چونكە ئێران زیاتر لەو شوێنانەدا پەرە بە دەستڕۆیشتوویی خۆی دەدات كە پشێوی باڵی بەسەردا كێشاوە. كەواتە تاوەكو عێراق سەقامگیر بێت، ئەوا دەستڕۆیشتوویی ئێران لە مەودای دووردا كەم دەبێتەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە مەودای كورتدا لایەنە نزیكەكان لە تارانەوە دەسەڵات و دەستڕۆیشتوویی زیاتریان دەبێت لە حكومەتی داهاتووی عێراقدا.
* دواپرسیارمان لەبارەی رۆڵی سعودیەیە لە ناوچەكەدا، بەتایبەتی لە سایەی دەسەڵاتی شازادەی جێنشین، محەمەد بن سەلمان، چ خوێندنەوەیەكتان بۆ ئەوە هەیە؟
- من هەوڵەكانی محەمەد بن سەلمان دەبینم بۆ نزیكبوونەوە لە عێراق و تەنانەت سەركردە شیعەكانی عێراقیش- سەركردەی سیاسی و ئایینی-، چونكە هەر كاتێك سعودیە بە تەواوەتی خۆی دوورەپەرێز بگرێت لە عێراق، یان پەیوەندییەكانی بپچڕێنێت لەگەڵیدا، ئەوا ئەمە خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی سعودیە نەكردووە. كەواتە ئێستا كە عێراق پێویستی بە هاوكارییە بۆ ئاوەدانكردنەوەی وڵاتەكە و بە سەرخستنی پرۆسەی ئاشتەوایی لە نێوان شیعە و سوننەدا، ئەوا سعودیە دەتوانێت رۆڵێكی ئیجابی ببینێت. كەواتە پێویستە نزیكبوونەوەی سعودیە لە شیعەی عێراق بە ئاماژەیەكی ئیجابی دابنرێت، بە مەرجێك ئەمە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران نەبێت، بەڵكو لە پێناو سەقامگیری عێراقدا بێت. كەواتە ئەگەر ئەمە بەرەوپێش بچێت، ئەوا ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە و سەقامگیركردنی دۆخی عێراق، ئەو كاتەش هاوسەنگییەك لە نێوان دەستڕۆیشتوویی هێزە ئیقلیمییەكان لە ناو عێراقدا دروست دەبێت، واتە بە تەنیا ئێران زۆرترین كاریگەری و دەستڕۆیشتوویی لەو وڵاتەدا نابێت.