سەڵاح دەلۆ بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتیی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك بۆ گوڵان: بایكۆتكردنمان لە كەركووكدا بەرگرییە لەو شارە و نامانەوێت رەوایەتی بە داگیركاری بدەین
May 1, 2018
دیمانەی تایبەت
ئاشكرایە بارودۆخێكی نەخوازراو باڵی بەسەر شاری كەركووكدا كێشاوە، ئەوەتا سەرەڕای ئەوەی دۆخی ئەمنی و ئیداری ئەو شارە ئاڵۆزە، كێشە و رێگریش لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا دروست دەكرێن، بەتایبەتی بۆ ئەو پارتە كوردییانەی بەشداری پرۆسەكە دەكەن، هەر ئەمەش هۆكاری ئەوە بوو كە پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاری بایكۆتكردنی ئەو هەڵبژاردنانەی دا، چونكە نایەوێ شەرعییەت بە هەلومەرجێكی داسەپێندراو بدات. هەموو ئەم پرسانە و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار بوونە تەوەری دیدارێكی گۆڤاری گوڵان لەگەڵ سەڵاح دەلۆ بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتیی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان.داستانەكانی پردێ و سحێلا و مەحموودییە دۆخی شەڕیان گۆڕی بۆ دانوستان
* حكومەتی عێراق و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دوای ئەوەی كەركووكیان بە هاوكاریی گرووپێكی خیانەتكار داگیركرد، ئێستا واقیعێكی عەسكەرتارییان بەسەر شارەكەدا سەپاندووە، وەكو بەرپرسێكی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك، چۆن لەو دۆخە دەڕوانیت؟
- كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر خیانەتێكی گەورە بوو بەرامبەر كەركووكییەكان و هەموو كوردستان، ئەو تاقمەی دەستیان لەم خیانەتە هەبوو، لای كەركووكییەكان ناسراون و مێژوویەكی رەشیان بۆ خۆیان تۆمار كرد، راستە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم، پیلانی داگیركردنی كەركووك و هێرشكردنە سەر كوردستانیان داڕشتبوو، بەڵام ئەگەر هاوكاریی ئەو تاقمە خۆفرۆشە نەبوایە هەرگیز ئەو مەرام و پیلانەیان بۆ جێبەجێ نەدەكرا و بەو ئاسانییە كەركووكیان بۆ داگیر نەدەكرا، ئەوەی لەم خیانەتەدا دەستی هەبوو، دوو تاقم بوون یەكەمیان راستەوخۆ خیانەتەكەیان كردو هێزی چەكداری سوپا و حەشدی شەعبییان بۆ ناو كەركووك هێنا، دووەمیان حەزیان دەكرد كەركووك بكەوێتەوە ژێر دەستی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق و وا چاوەڕوانیان دەكرد، ئەگەر پارتی دیموكراتی كوردستان لەم شارە دەربكەن، راستەوخۆ دەبنە كوێخاو لە دەسەڵاتە ئیداری و ئەمنییەكان و هەراجكردنی نەوتی كەركووكدا سوودمەند دەبن. ئەو تاقمە خیانەتكارەی 16ی ئۆكتۆبەر تەنیا دوژمنایەتیی سەرۆك بارزانی و پارتی ناكەن، بەڵكو دژی هەموو ئەو كەس و لایەنە سیاسییانەشن كە وەكو جەنابی بارزانی و پارتی نیشتمانپەروەرو دڵسۆزی نەتەوەكەیانن، دژایەتیكردنی پارێزگاری كەركووك كە لەحزبەكەی خۆیان بوو، لەگەڵ چەندین بەرپرسی دیكەی وەكو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بەڵگەیەكی حاشاهەڵنەگرە.
* كەواتە ئەوەی لە 16ی ئۆكتۆبەر روویدا، پەیوەندی بە ریفراندۆمەوە نەبوو، ئایا ئەگەر ریفراندۆمیش نەبووایە ئەو خیانەتكاریی و داگیركارییە هەر رووی دەدا؟
- كورد لە مێژووی خۆیدا ئەو هەموو شۆڕش و راپەڕینەی نەكرد، تاوەكو چەند پۆست و دەستكەوتێكی كەمی دەست بكەوێت، هەموو شەهیدو بریندارو قوربانییەكانی كورد هەر لە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان تاكو شەڕی داعش لەپێناو سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستاندا بووە، ریفراندۆمیش پیادەكردنی مافێكی سرووشتی و ئاسایی و دەستووریی هاووڵاتیانە و نابێت بە زەبری هێز و بە كوشتن و تاڵان و برسیكردن وەڵام بدرێتەوە، ئەوەی لە عێراقدا روویدا، بەتایبەتی لە داگیركردنی كوردستان و جووڵاندنی هێزی سەربازی، پێچەوانەی هەموو بەڵگەنامەو بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و مافی مرۆڤە. لەلایەكی ترەوە هەمووان دەبێت بیزانین ریفراندۆم و دەنگدان بۆ سەربەخۆیی باشترین دەستكەوتی كورد بوو لە خەباتی 100 ساڵەی خۆیدا، چونكە كورد بۆ هەموو دنیاو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دۆست و دوژمنانی سەلماندی كە گەلێكی زیندووەو سەربەخۆیی و دەوڵەتی دەوێت، ئەم دەستكەوتە بۆ كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم زۆر گرنگتر بوو، چونكە راپرسییەكیش بوو بۆ كوردستانیبوونی كەركووك و ئەو ناوچانە كە چەندین ساڵە خەڵكەكەی دەربەدەر دەكرێن و ناوچەكەیان تەعریب دەكرێت. واتە ریفراندۆم تاپۆی رەشە و سەنەدێكی نكۆڵی لێنەكراوە بەدەست میللەتی كوردەوە و رۆژێك دێت ئەو دەرئەنجامەی دەبێتە رزگاربوونی گەلی كوردستان و سەربەخۆیی و دەوڵەت رادەگەیەندرێت.
* هۆكاری بایكۆتكردنی هەڵبژاردنەكانی كەركووك لە لایەن پارتی دیموكراتی كوردستان بۆچی دەگەڕێتەوە؟ ئایا نەدەكرا حزبە كوردستانییەكان لەم قۆناغە هەستیارەدا بەیەك لیست بەشداریی هەڵبژاردنەكانی كەركووكیان بكردایە؟
- دەبوایە حزبە كوردستانییەكان بەگشتی بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی كەركووكیان بكردایە، چونكە بەشداریكردن لەم هەڵبژاردنانە واتا شەرعیەتدان بەداگیركردنی كەركووك و ئەو دۆخە نائاسایی و نایاساییەی بە زەبری هێز لەو شارەدا سەپێندراوە، بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی كەركووك واتا ئیعترافكردن بە دووبارە دەست پێ كردنەوەی پرۆسەی تەعریب. لەگەڵ ئەمەشدا ئێمە وەكو پارتی هەوڵێكی زۆرمان دا بە یەك لیست بەشداری لەو هەڵبژاردنە بكەین، بۆ ئەوەی باری كورد لە كەركووك راست بكەینەوە، بەڵام زۆر مەخابن ئەو تاقمەی دەستیان لە خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەر هەبوو، هەموو هەوڵەكانی یەكڕیزی و یەكدەنگیی نێوماڵی كوردیان تێكدا، ئەمەشیان نەكرد، تەنانەت گۆڕان و كۆمەڵ و جەماعەتەكەی بەرهەم ساڵح بە یەك لیست كشانەوە و دواتریش یەكگرتووی ئیسلامی كشایەوە، بەمەش یەك لیستی دروست نەبوو.
* لە بانگەشەی هەڵبژاردنەكان و نەورۆزدا كەسانێك لەو تاقمە خیانەتكارە هەبوون، دەیانگوت ئێمە لە كەركووك ماوینەتەوە و كەركووكییەكانمان جێ نەهێشتووە، پارتی كەركووكی چۆڵ كردووە، چ وڵامێكتان بۆ ئەوە هەیە؟
- كەسێك لە ئەلف و بێی سیاسەت بزانێت، باوەڕ بەم قسانە ناكات، ئەو تاقمە خیانەتكارە دەیانەوێت وانیشانی بدەن بەرگرییان لە كەركووك كردووە، لەكاتێكدا هەرچی داگیركاری و كوشتن و تاڵانكردنی ماڵ و حاڵی كورد هەیە كە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە ئەنجام دراوە، بە هاوكاریی ئەوان بووە، كەركووكییەكان باش دەزانن كێ خیانەتی كردو كەركووكی تەسلیم كرد. ئەوەش دەزانن پارتی چۆن لە پردێ و سحێلا شكۆی نیشتمان و كەركووكییەكانی گەڕاندەوە، ئەوە ئەو تاقمە خۆفرۆشەی 16ی ئۆكتۆبەر بوون پێش حەشدی شەعبی كەوتن و پێشمەرگەی كوردیان شەهید كردو ئاڵای كوردستانیان خستە ژێر پۆستاڵ و هامەرەكانی حەشدەوە، لە كاتێكدا پارتی بەرگری لە كوردستان و بەرگری لە كەركووكیش كرد، تەنانەت بایكۆتەكەشمان بەرگرییە لە كەركووك و كورد لەو شارەدا، چونكە ئەمە واتا ئیعتراف نەكردنە بەو داگیركاری و دۆخەی كەركووك كە هەر دەبێت چارەسەریش بكرێت.
* باسی شەڕی (پردێ و سحێلا)تان كرد، ئایا ئەو نەبەردییەی پێشمەرگەكانی پارتی لەو سنوورو ناوچەیە كردیان، چی لە مەسەلەكە گۆڕی؟
- داستانی پردێ و سحێلا و مەحموودییە نەك تەنیا شەڕێكی نەبەردی پێشمەرگە بوو، بەڵكو سنوورێكی بۆ حەشدی شەعبی و داگیركردنی زیاتری خاكی نیشتمان دانا، بەرگری هێزی پێشمەرگەی پارتی دیموكراتی كوردستان، نەك تەنیا شكۆی بۆ كوردستان گەڕاندەوە، بەڵكو ترسی خستە دڵی دوژمنانیشەوە كە زیاتر ئازاری كەركووكییەكان نەدەن، چونكە دەیانزانی هێزێكی نیشتمانپەروەر هەیە لە دەوری سەرۆك بارزانی كۆبوونەتەوە و رێگە بە سووكایەتیكردن بە كورد نادەن، هەر بۆیە نەبردییەكانی ئەو شەڕانە وایكرد شەڕ راوەستێت و دانوستان و گفتوگۆكان دەست پێبكەن.
* وەكو ئاشكرایە پارتی دیموكراتی كوردستان لە دامەزراندنیەوە زۆر بە گرنگی و پیرۆزییەوە دەڕوانێتە پرسی كەركووك، ئەگەر عێراق بە ئاشتی و لە رێگەی دانوستان و گفتوگۆوە ئامادە نەبێت چارەسەری ئەم پرسە بكات، ئایا وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان چ رێگایەكی دیكە بۆ یەكلاكردنەوە و چارەسەری ئەم كێشەیە دەستنیشان دەكەن؟
- هەڵوێست و هەنگاوەكانی سەركردەی مەزنی كورد بارزانیی نەمر و وێستگەكانی مێژوویی خەباتی مەلا مستەفا بارزانی دەیسەلمێنێت كە كەركووك چەند پیرۆزە، لە هەموو قۆناغەكانی خەبات و رۆژە سەختەكاندا بارزانی ئامادە نەبووە سازش لەسەر كوردستانییەتی كەركووك بكات، لەساڵی 1975 بارزانیی نەمر بۆ سەلماندنی كوردستانییەتی كەركووك دەستی لەهەموو شتێكی خۆی هەڵگرت، خۆ ئەو كاتە تەنیا سازشێكی بچووكی لەسەر كوردستانییەتی كەركووك بكردایە، نسكۆی شۆڕش رووی نەدەدا، ئێستاكەش سەرۆك مسعود بارزانی و پارتی ئامادە نین سازش لەسەر كوردستانییەتی كەركووك بكەن، ئەمەش هەموو بۆ ئەو ئەخلاق و بیروباوەڕە دەگەڕێتەوە كە رابەری كورد بارزانیی نەمر لەناو هەموو تاكێكی كورددا بڵاوی كردۆتەوە، ئەویش بیری نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرییە، وەك ئەو كاتەی كە بارزانیی نەمر فەرمووی: «كەركووك یەك كوردیشی تێدا نەمێنێت، هەر كوردستانییەو مومكین نییە دەستی لێهەڵگرین..»، لەگەڵ ئەمەشدا ئێمە ئومێدمان نییە چارەسەری كێشەكان بەشەڕ بكەین، بەڵكو ئومێدمان وایە بە دانوستان و گفتوگۆ چارەسەری هەموو ئەو كێشانە بكەین و ماددەو بڕگەكانی دەستوور بەتایبەتی ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەیی جێبەجێ بكرێت و كورد لە كەركووك سەری بەرز و بڵند بێت.
* بەڵام رەنگە دەرئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە كورد لە كەركووك دووچاری شكستێكی گەورە بێت و چەند كورسییەك لەدەست بدات؛ ئایا پێشبینیتان بۆ ژمارەی كورسییەكانی كورد لەكەركووك چییە؟
- سەرەڕای هەموو شتێك ئێمە حەزناكەین كورد لە كەركووك تووشی شكست بێت، ناكۆكیی ئێمەش لەگەڵ تاقم و گرووپی خیانەتكار و نیشتمانفرۆش لەسەر ئەم خاڵەیە، ئێمە حەزدەكەین كورد سەركەوتنی گەورە بەدەست بهێنێت و مافە یاسایی و دەستوورییەكانی بەدەست بهێنێتەوە، بگرە لەوە زیاتر بڕوامان وایە كورد رووبارێك خوێن و ئەو هەموو قوربانییەی لە پێناو ئەوە نەداوە كە تاقمێك لە كەركووك بڕە پارەیەك و چەند پۆستێكی سووكی ئەمنییان دەست كەوێت، ئێمە نامانەوێت كەركووكییەكان نەتوانن بە ئازادانە مومارەسەی ژیانی خۆیان بكەن و نەتوانن ئاڵای پیرۆزی كوردستانی خۆیان هەڵبدەن، نامانەوێت كوردانی دووزخورماتوو شوێنەكانی دیكە بە ئاوارەیی بمێننەوەو ماڵ و حاڵیان داگیركرابێت، پارتی نایەوێت كورد لە كەركووك دەربكرێت و عەرەبی هاوردە بهێنرێت و جێگیر بكرێت، ئەوەتا شەو نییە ماڵ تاڵان نەكرێت و ئۆتۆمبێلی كورد نەدزرێت، ئەوەی ئەمڕۆ لە كەركووك دەگوزەرێت، لەهیچ شارێكی عێراق روونادات، ئیتر چۆن كورد دەتوانێت بە ئازادانەو بێ هەڕەشە مومارەسەی پرۆسەی هەڵبژاردن بكات؟ هەربۆیە هەرگیز پێمانوانییە كورد بتوانێت لە كەركووكدا لەم هەڵبژاردنەدا سەركەوتن بەدەست بهێنێت، ئێمە وەكو پارتی حەز دەكەین كورد بەهێز و یەكڕیزو تۆكمەوە بچێتە بەغدا، لە رابردووشدا سەلمێندراوە هەر كاتێك پارتی لە كوردستان بەهێز بووە، كێشە لە كوردستان كەم بووە و لە بەغداش باشتر بەرگری لەماف و ئیمتیازاتەكانی كورد كراوە، چونكە پارتی كۆڵەكەی مەسەلەی كوردە و بەبەردەوامیش پارتی هێزو حزبی ژمارە یەك بووە.
* باسی ئاوارەكانی كەركووك و دووزخورماتوو و ناوچەكانی دیكەتان كرد، ئایا تاكەی ئەو خەڵكە هەروا بە ئاوارەیی و بێ قەرەبووكردنەوە بمێننەوە؟
- وەكو ئاماژەم پێدا خێزانە كوردەكان ماڵ و حاڵیان تاڵان كراو دەربەدەركران، ئاوارەیەكی زۆر لە شارەكانی كوردستانن و تەنانەت كارو پۆست و وەزیفەیان لەدەست داوە، پارتی دیموكراتی كوردستان كە هەڵگری پەیامی پیرۆزی نەتەوەیی و نیشتمانییە بۆ كورد، هەرگیز بەردەوامی ئەم دۆخە قبووڵ ناكات، تاكە چارەسەر دامەزراندنی هێزی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و گەڕانەوەی كوردە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، سەركردایەتیی سیاسیی پارتیش لەم بارەیەوە پێیوایە زوڵم و چەوسانەوە سنووری هەیە و بەردەوام نابێت، بۆیە پێویستە ئەم پرسە نیشتمانییە بەگفتوگۆ و دانوستاندن چارەسەر بكرێت، ئەگەرنا ئەم دۆخە كاتییە و هەر كۆتایی دێت، چۆن دەبێت ماڵ و حاڵی پارتییەكان تەنیا لەبەر ئەوەی داوای گەڕانەوەی كوردستانییەتی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان دەكەن، داگیر بكرێن و تەعریب بكرێن؟