عمران ئەل بەدەوی بەڕێوەبەری پڕۆگرامی دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی هیوستن بۆ گوڵان: ترەمپ و ناوەندەكانی پارتی كۆماری دەیانەوێت شەڕێكی نوێ لە ناوچەكەدا هەڵبگیرسێنن بەتایبەتی لە دژی ئێ

عمران ئەل بەدەوی بەڕێوەبەری پڕۆگرامی دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی هیوستن بۆ گوڵان:  ترەمپ و ناوەندەكانی پارتی كۆماری دەیانەوێت شەڕێكی نوێ لە ناوچەكەدا هەڵبگیرسێنن بەتایبەتی لە دژی ئێ
عمران ئەل بەدەوی پڕۆفیسۆر و بەڕێوەبەری پڕۆگرامی دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە زانكۆی هیوستن، وانەبێژی چەند بوارێكی گرنگە، وەك وزەو كۆمەڵگە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەروەها دامەزرێنەری پڕۆگرامی دیراساتی عەرەبییە لە هەمان زانكۆ. بۆ تاوتوێكردنی ئەو دۆخە پڕ لە پشێوی و ئاڵۆزەی كە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە، بەتایبەت لە پەیوەندی بە هەڵوێست و سیاسەتی ئەمریكا لە ئاست ئێراندا لەبەر رۆشنایی ئەو گۆڕانكارییانەی بەم دواییە لە ئیدارەی ئەمریكادا ئەنجامدران. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامدا، ئەویش بەم شێوەیە گوزارشتی لە بۆچوونەكانی كرد.
* چۆن لە بارودۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوانیت، بەتایبەتی لەبەر رۆشنایی ئەو پەرەسەندنانەی بەم دواییە لەم ناوچەیەدا روویاندا؟ ئایا پێتوایە ئایا رەوتی رووداوەكان ئایندەی ئەم ناوچەیە بەرەو كوێ دەبەن؟
- زەحمەتە ئەمە یەكلابكەینەوە. لەلایەك دەتوانین بڵێین دەست بەكاربوونی راستڕەوەكان- هەڵۆكان لە ئیدارەی ئەمریكا- كە پشتیوانییان لە داگیركاری نایاسایی عێراق كرد، وەك جۆن بۆڵتۆن، لێدانی زەنگی مەترسییە. چونكە ئەوە بۆڵتۆن و ئیسرائیل بوون كە هەماهەنگیان دروست كرد بۆ ئەنجامدانی هێرشە ئاسمانییەكانی ئەم دواییەی ئەمریكا و فەڕەنسا و بەریتانیا لە دژی سووریا. لەلایەكی دیكەوە هێشتا ترەمپ دوودڵە لە هەڵگیرساندنی شەڕی نوێ، ئەمە سەرەڕای هەموو لێدوان و گوتارە توندەكانی، دەتوانین بڵێین كە هەردوو هێرشە ئاسمانییەكە (2017-2018) چەند ئاماژەیەكی بچووك بوون، نەك دەستێوەردانی جددی. ترەمپ لە سەرەتای دەست بەكاربوونیدا ستیڤن میللەری هێنایە نێو كۆشكی سپییەوە كە رەنگە رەگەزپەرستی و پشتیوانی ئەم كەسایەتیەش بۆ ئیسرائیل هۆكارێك بووبێت بۆ راگەیاندنی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لەم ساڵدا شەپۆلێكی توندوتیژی دروست بێت لەو خاكانەی كە پێی دەوترێت خاكی پیرۆز، دەرئەنجامەكەش تەنیا ئاڵۆزبوونی زیاتری ناسەقامگیری بوو لە ناوچەكەدا.
* قسەیەك هەیە دەڵێت بەرپەرچدانەوەی ركاربەرەكانت ئاسانترە لە دڵنیاكردنەوەی هاوپەیمانەكانت، پرسیارەكە ئەوەیە تا چ راددەیەك دەستبەكاربوونی ستافی نوێی ئیدارەی ترەمپ- وەزیری دەرەوە و راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی- بووەتە هۆی نیگەرانكردنی ركابەرەكانی ئەمریكا و دڵنیاكردنەوەی هاوپەیمانەكانی؟
- من پێموایە ترەمپ زیاتر كار لەسەر بەرپەرچدانەوەی ركابەرەكان دەكات، نەك دڵنیاكردنەوەی هاوپەیمانەكانی، ئەویش لەبەر هۆكارێكی سەرەكی. من باوەڕم وایە ئەو حەز بە دەستێوەردان ناكات، بەڵام هەوڵ دەدات ئیدارەكەی بەو شێوەیە بخاتەڕوو كە ئیدارەیەكی سەرسەختە و سازش ناكات و دەیەوێت بەم شێوەیە بەرپەرچی دوژمنەكانی بداتەوە لە جیهاندا. هەرچۆنێك بێت، بوونی ئیدارەیەكی لەم چەشنە دەرئەنجامی پێچەوانەی هەبووە، چونكە بووەتە هۆی ئەوەی ترەمپ بە چەندین شێوە دەستێوەردان بكات لە ئیسرائیل و سووریادا، هەروەها بووەتە هۆی ئەوەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەش پێشێل بكات. بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی وترا، ئەوا هەڵوێستی توندی ئیدارەی ترەمپ لە ئاست ئێراندا مایەی دڵنیاییەكی تەواوە بۆ ئیسرائیلی هاوپەیمانی. ئێستا ئەمە بووەتە كار و ئەركی جۆن بۆڵتۆن، كە بریتیيە لە دڵنیاكردنەوەی ئیسرائیل و بەرپەرچدانەوەی دراوسێكانی.
* كەواتە ئێستا دەتوانین بڵێین كە چارەنووسێكی نادیار چاوەڕوانی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە دەكات، ئەویش بە رەچاوكردنی هەڵوێستی توندی مایك پۆمپیۆ و جۆن بۆڵتۆن لە دژی ئێران و دژی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە؟
- ترەمپ جاڕی كۆتاییهێنان بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی دا پێش ئەوەی پاشگەز ببێتەوە لە پابەندبوون بەم رێككەوتنە نێودەوڵەتییە پابەندكارەوە. ئەو دەوڵەتانەی دیكە كە واژۆیان لەسەر رێككەوتنەكە كردووە- (بەریتانیا، رووسیا، فەڕەنسا، چین و ئەڵمانیا)، بەردەوامن لە پابەندبوون بە رێككەوتنەكەوە. كەواتە هێشتا رێككەوتنەكە لەئارادا ماوەتەوە، بەڵام بە راددەیەكی گەورە لاواز كراوە. لەبەر رۆشنایی ئەوەی وترا، ئەوا ئەگەری ئەنجامدانی كردەوەیەكی سەربازی لە دژی ئێران، ئەگەرێكی زۆر راستەقینەیە. بەتایبەتی ئەگەر ئەوە لەبەرچاو بگرین كە جۆن بۆڵتۆن و مایكی پەمپیۆ بەرپرسیارێتیان لە ئیدارەی ئەمریكادا پێ سپێردراوە.
* بەڵام ئەگەر لەبری هەڵوەشاندنەوە فشاری زیاتر كرا بۆ دووبارە گفتوگۆكردنەوە و داڕشتنەوەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە، ئایا ئاكام و دەرهاویشتەی ئەم هەنگاوە چی دەبێت؟
- لە ئێستادا رێككەوتنەكە لە دۆخێكدایە كە هەرلایەك بەشی پەیوەست بە خۆی جێبەجێ دەكات، بە دڵنیاییەوە جگە لە ئەمریكا. بە بۆچونی من كاتێك بۆ دووەم جار ترەمپ ئەوە رەتدەكاتەوە كە واژوو لەسەر ئەوە بكات كە ئێران پابەند بووە بە رێككەوتنەوە و كاتێك سوپای پاسدارانی ئێران بە رێكخراوێكی تیرۆریستی لە قەڵەم دەدات، ئەوا ئەمە خۆی لە خۆیدا پاشگەزبوونەوەیە لە پابەندبوون بە رێككەوتنەكەوە، ئەمەش بە مانای ئەوە دێت كە جارێكی دیكە دەگەڕێینەوە بۆ دۆخی رابردوو، دۆخی سەپاندنی سزا و هەلومەرجی شەڕ. ئەگەر پرسیاری ئەوەش بكەین ئایا تا چ راددەیەك ئێمە لەم دۆخەدا رۆدەچین؟ ئەوا تەنیا كات دەتوانێت وەڵاممان بداتەوە.
* كەواتە دەكرێت پێشبینی ئەوە بكەین كە ئیدارەی ترەمپ هەوڵی گۆڕینی رژێمی ئێرانی دەدات، بەتایبەتی كە دەزانین جۆن بۆڵتۆن بە ئاشكرای پشتیوانی لە سیاسەتێكی لەم چەشنە دەكات؟
- هەموو ئەگەرێك رێی تێدەچێت. هەروەها دەكرێت بڵێین كە ئیدارەی ترەمپ و ناوەندەكانی پارتی كۆماری دەیانەوێت شەڕێكی نوێ لە ناوچەكەدا هەڵبگیرسێنن، بەتایبەتی لە دژی ئێران. بەڵام رای گشتیی ئەمریكا لەگەڵ ئەمەدا نییە لەم ساتەوەختەدا، تەنیا ئەو كاتە نەبێت كە كردەوەیەكی تیرۆریستیی نوێ، یان رووداوێكی گەورە رووبدات كە ببێتەهۆی یەكخستنی وڵاتەكە و رای گشتی ئەمریكا بگۆڕێت. ئەو كاتەش بارودۆخێكی پڕ لە پشێوی و توندوتیژی باڵ بەسەر رەوشەكەدا دەكێشێت.
* پەرەسەندن و پێشهاتێكی دیكە كە لە ناوچەكەدا روودەدات بریتیە لەو گۆڕانكارییانەی كە لە سعودیە روودەدات، پرسیارەكە ئەوەیە تا چ راددەیەك ئەم وڵاتە دەیەوێت یان دەتوانێت سیاسەتێكی توندتر و سەختتر بگرێتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ركابەرە سەرەكییەكەی كە ئێرانە؟
- سعودیە بەردەوامە لە كڕینی چەك و تەقەمەنی و قووڵكردنەوەی پەیوەندییە بازرگانی و سیاسییەكانی لەگەڵ ئەمریكادا. هەروەها سعودیە شەڕكردنی لە دژی ئێران لە هەردوو وڵاتی یەمەن و سوریادا كردۆتە پرسێكی هاوبەش لەگەڵ ئەمریكادا، كە بە بۆچوونی من شەڕی خوێناوی نێو ئەم دوو وڵاتەش رۆڵێكی گرنگی دەبێت لە یەكلاكردنەوەی دەرئەنجامەكە و لەوەی كێ براوە دەبێت، ئایا ئێران دەبێت یان سعودیە. تێڕوانینی من ئەوەیە كە هیچ یەكێك لەم دوو هێزە بە تەواوەتی باڵادەست نابێت، بەڵام سعودیە كۆنتڕۆڵی چارەنووسی یەمەن دەكات، ئەمە لە كاتێكدا ئێران و رووسیا، سووریا دەكەنە ناوچەی دەستڕۆیشتوویی خۆیان. لەگەڵ ئەوەشدا زەحمەتە بتوانین پێشبینی ئایندەی ناوچەكە بكەین، لە كاتێكدا كە تەواوی ناوچەكە لە دەرئەنجامی ئەم ركابەرییە وێرانكارەوە بەرەو ناسەقامگیری و شەڕی زیاتر دادەخزێت.
Top