د. محەمەد خورشید بەرپرسی لقی 3ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان: پارتی كەركووك بە شارێكی داگیركراو دەزانێت، بۆیە بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی لەو شارە كردووە
April 23, 2018
دیمانەی تایبەت
ئاشكرایە پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاری بایكۆتكردنی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراقی لە شاری كەركووك داوە، لەبەر ئەوەی ئەم شارە بە داگیركراو دەزانێت، ئێستاش تەنانەت رێگە بە پارتە كوردییەكانیش نادرێت كە لە میانەی بانگەشەكانی هەڵبژاردندا ئاڵای كوردستان لەو شارەدا هەڵبكەن، ئەمەش بۆچوون و تێڕوانینەكەی پارتی پشتڕاست دەكاتەوە. بۆ تیشكخستنەسەر دۆخی ئێستای كەركووك بەتایبەتی لە پەیوەندی بە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان لەو شارەدا، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ د.محەمەد خورشید بەرپرسی لقی 3ی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامدا، لێرەدا پوختەكەی بڵاو دەكەینەوە.پارتی داواكار و داكۆكیكار بوو لە دروستبوونی یەكڕیزی لە كەركووك و ئەگەر دروست بووایە ئەوا بەشدار و پاڵپشتی دەبوو
* لەگەڵ دەستپێكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان چەند لایەنێكی سیاسی و حزبی كوردستانی شەرمنانە بانگەشەكەیان لە شاری كەركووك دەستپێكردووە، ئایا لەسایەی ئەم عەسكەرتارییەتەدا دەنگەكانی كورد لەم شارەدا چی بەسەر دێت، بەتایبەتی دەنگەكانی ئەندامان و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان؟
- لای هەمووان ئاشكرایە دوای خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەر شاری كەركووك بە زەبری هێزی داگیر كرا، هەر كەسێكیش نكۆڵی لەوە دەكات، كە كەركووك داگیركراوە، ئەوا دەتوانێت لە بارەگەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بڕوانێت كە كراونەتە سەربازگە، مەبەستم بارەگای ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك و بارەگای لقی سێ و بارەگانی ناوچەكانمان لە قەزا و ناحییەكانە، كە ئەمانە نموونەی زەق و بەرچاوی داگیركردنی ئەم شارەن. ئەوەی پەیوەست بێت بە هەڵبژاردن و دەنگدانیشەوە، ئەوا ئاشكرایە كە پارتی نەیویست شەرعییەت و رەوایەتی بدات بەو كردەوە ناشەرعییەی لە كەركووكدا ئەنجام درا، چونكە شاری كەركووك لەژێر دەستی داعشدا نەبوو، تا ئەوان هێزی سەربازی رەوانەی ئەم شارە بكەن، تەنانەت ئەگەر مەبەستیشیان –هەروەك خۆیان بانگەشەی بۆ دەكەن- سەپاندنی یاسا بووایە، ئەوا دەكرا بە چەشنی شوێنەكانی دیكە دەست بە گفتوگۆ بكرایە. دواتر پارتی دیموكراتی كوردستان داوای لە هەموو لایەنە سیاسییەكان كرد كە ئەگەر بە یەك لیست و بە یەكڕیز بەشداری لەم پرۆسەی هەڵبژاردنە دەكەن، ئەوا پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەیە بە هەموو شێوەیەك پشتیوانی و پاڵپشتی لەو یەكڕیزییە بكات، بەڵام هەروەك دەزانین كە ئەو لیستەی كە پێكهاتووە لە كۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانێتییەكەی بەرهەم ساڵح لە یەكڕیزییەكە جیابوونەوە و دواتر یەكگرتووی ئیسلامییش رایگەیاند كە جیابووە، تەنانەت یەكێتیش نەچووە ژێر باری ئەوەی كە جارێكی دیكە لەناو یەكڕیزییەكەدا بێت، كۆبوونەوەكەی بارەگای حزبی زەحمەتكێشان لە هەولێر باشترین بەڵگەیە بۆ قسەكانم كە ئەو دەم، وا بڕیار بوو جارێكی دیكە ئەو یەكڕیزییە بچەسپێت، كەچی لە كۆبوونەوەی دووەمدا تەنانەت نوێنەرەكەی یەكێتیش ئامادە نەبوو. لەبەر ئەوە دەتوانین بڵێین كە پارتی بەرپرس نییە لە دروست نەبوون، یان لە تێكچوونی یەكڕیزییەكە لە كەركووك، بە پێچەوانەوە پارتی داواكار و داكۆكیكار بوو لە دروستبوونی ئەو یەكڕیزییە و خۆی ئەگەر دروست بووایە، ئەوا بەشدار و پاڵپشتی دەبوو.
* بەڵام گلەیی ئەوە لە پارتی دیموكراتی كوردستان دەكرێت كە ئەم بڕیاری بەشدارینەكردن و بایكۆتكردنە دەبێتەهۆی ئەوەی بەشێكی دەنگەكانی كورد لەو شارەدا بەفیڕۆ بچێت، ئێوە چۆن بەرپەرچی ئەمە دەدەنەوە؟
- ئێمە دەمانەوێت ئەوە لای هەمووان ئاشكرا بێت، كە ئێمە وەكو پارتی هەوڵ دەدەین دەنگی كورد لەو شارەدا بەفیڕۆ نەچێت و بێدەنگیمان و بایكۆتیشمان نیشانەی قبووڵنەكردن و رەتكردنەوەی ئەو داگیركارییەیە كە كراوە.
* دەمانەوێت ئەمەمان زیاتر بۆ روون بكەیتەوە، ئایا چۆن كار دەكەن بۆ ئەوەی ئەو دەنگانەی ئەندامان و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەفیڕۆ نەچێت؟
- من دەمەوێت ئەوە بڵێم كە پارتییەكان لە كەركووك هیچ كەس و لایەنێك لە پارتی بە شایستەتر نازانن دەنگی پێبدەن، لەبەر ئەوە دەنگی پارتییەكان بۆ پارتییە.
* ئاڵای كوردستان یەكێكە لە رەمزە پیرۆزەكانی كوردو كوردستانییەكان و لەژێر ئەو ئاڵایەدا كورد رووبارێك خوێنی بەخشیوەتە كوردستان، هەربۆیە دوژمنانی كورد زۆر بە رق و قینەوە دەڕواننە پرسی ئاڵای كوردستان لەشاری كەركووك، پرسیار ئەوەیە ئایا قەدەغەكردنی هەڵگرتنی ئاڵای كوردستان هۆكارێك بوو بۆ ئەوەی پارتی بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی كەركووك نەكات؟
- لە راستیدا دۆخەكە ئێستا بە چەشنێكە كە ئاڵای كوردستان بۆتە رەمزی پارتی دیموكراتی كوردستان. ئەوەتا لایەنەكانی دیكە ناتوانن ئاڵا هەڵكەن لە كەركووكدا، واتە خاڵێكی دیكە و هۆكارێكی دیكەی بەشدارینەكردنی پارتی لە هەڵبژاردنەكانی كەركووكدا ئەوەیە كە نە ئازادی بانگەشەی هەڵبژاردن و نە ئازای هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەو شارەدا هەیە، هەموو ئەمانەش وامان لێدەكەن كە دروست بیر لەم پرسە بكەینەوە.
* واتە چاوەڕوانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لەشاری كەركووك ناكرێت؟
- لە راستیدا ناتوانین بڵێین هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لە كەركووكدا ئەنجام دەدرێت، چونكە دەسەڵاتێكی عەسكەرتاری هەیە لەو شارەدا و بەربەست و ئاستەنگێكی زۆر دروست كراوە لە بەردەم بانگەشەی هەڵبژاردن و رێگری لە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان كراوە، هەموو ئەم كۆسپ و تەگەرانەش دەبنە هۆی ئەوەی هەڵبژاردنێكی دروست ئەنجام نەدرێت. بۆ نموونە لەم شەوانەدا سووكایەتی بە كاندیدێكی پارتی سۆشیالیستی دیموكراتی كوردستان كراوە لە كەركووك و هەڕەشەی لێكراوە، واتە لە ئێستاوە روونە كە هەڵبژاردنەكان لەو شارەدا پاك و بێگەرد نابن.
* واتە هێشتا هەوڵی تەنگ پێ هەڵچنین و ئازاردانی كوردانی كەركووك بەردەوامە؟
- بەڵێ، هێشتا هەوڵی دەركردن و سووكایەتی پێ كردنی كوردستانییەكانی كەركووك بەردەوامە، بەتایبەتی لە فەرمانگە حكوومییەكاندا.