مەحما خەلیل قایمقامی شنگال بۆ گوڵان: خەڵكی شنگال ئومێدیان بە ئایندە هەیەو چاوەڕوانی ئاوەدانكردنەوەی شارەكەیانن
April 9, 2018
دیمانەی تایبەت
ئاشكرایە شنگال لەم چەند ساڵەی دواییدا دوچاری كارەسات و نەهامەتیی زۆر و دەربەدەریی بۆتەوە و لە ئێستا پێویستە هەموو هەڵێكی جددی بدرێت بۆ سارێژكردنی برینی ئەو شارە و بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ئارامی و دەستەبەركردنی دڵنیایی و ژیانێكی ئاسایی بۆ خەڵكەكەی. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا لەگەڵ مەحما خەلیل قایمقامی شنگال و ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە سەر رەوشی ئێستای شنگال، چەند پرسێكی تاوتوێ كرد، لێرەدا پوختەكەی بڵاو دەكەینەوە.گەڕانەوەی ئارامی و ئاسایش بۆ شنگال پێویستی بە دروستكردنی هێزی هاوبەش هەیە
* وەك قایمقامی شنگال دەمانەوێت بزانین رەوشی گشتی ئەم شارە چۆنە و ئایا تا ئێستا چ هێزێكی چەكدار لەو شارەدا ماوەتەوە؟
- دوای ئەوەی مەترسی لەسەر شنگال نەما و پەكەكە لەم شارە كشایەوە، ئەوەی پەیوەندی بە حەشدی شەعبییەوە هەبێت، ئەوا هەندێ هێزیان لە شنگال هەیە، كە ئێمە داوا دەكەین ئەوانیش بكشێنەوە و تەنیا سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە بوونیان هەبێت. بەڵام بە شێوەیەكی گشتی خەڵكی شنگال ئومێدی بە ئایندە هەیە و چاوەڕوانە و خوازیاری ئاوەدانكردنەوەی شارەكەیانن و داوای گەڕاندنەوەی ئاوارەكان و قەرەبووكردنەوەیان دەكەن.
* وەك ئاشكرایە سەرۆك كۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی كرد لە شنگال، چۆن لەم مەسەلەیە دەڕوانن؟
- لە راستیدا پەكەكە لە شنگال كشاوەتەوە، بەڵام ئەگەر ئەردۆغان دەیەوێت پشتیوانی بەرەی ئەل نوسرە و توندڕەوەكانی دیكە بكات، ئەوا ئەمە مەسەلەیەكی دیكەیە، وەك دەزانین هەندێ لە داعشەكانی تەلەعفەریش چوونەتە توركیا. دواتر شنگال بەشێكە لە عێراق و عێراقیش سووریا نییە تاوەكو توركیا دەستێوەردانی تێدا بكات، چونكە هاوپەیمانێتیەك لە نێوان ئەمریكا و عێراق هەیە و ئەمریكاش پابەندە بە بەرگریگردن لە عێراق، لە نێویاندا خاكی شنگالیش.
* تا ئێستا رێژەی چەندی ئاوارەكان گەڕاونەتەوە بۆ شنگال؟
- ئاوارەكانی شنگال نەگەڕاونەتەوە، چونكە تا ئێستا رەوشە ئەمنییەكە یارمەتیدەر نییە، هەروەها ئەوان چاوەڕێن كە خزمەتگوزاری باشتر دەستەبەر بكرێت بۆ شارەكەیان و ململانێی سیاسیش باشتر ببێت و پێشمەرگە بگەڕێتەوە و رێگاكانی شنگال ئاوەدان بكرێنەوە و خەڵكەكە قەرەبوو بكرێنەوە، ئەویش بۆ ئەوەی بتوانن دووبارە دەست بە ژیان بكەنەوە، لەبەر ئەوە تاوەكو ئێستا لە سەدا 85ی خەڵكی شنگال نەگەڕاونەتەوە.
* كەواتە پێتوایە تاوەكو پێشمەرگە نەگەڕێتەوە شنگال رەوشی ئەمنیی ئەو شارە ئاسایی نابێتەوە؟
- ئێمە دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت كە ئەوە پێشمەرگە و پێشمەرگەی شنگال بوون كە بە هاوكاریی هێزەكانی ئەمریكا شارەیان رزگار كرد و لەم پێناوەشدا خۆێنیان بەخشی. هەروەها ئێمە داوامان لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا كردووە كە ژووری عەمەلیاتی هاوبەش دروست بكرێت و هێزێكی ئەمنی هاوبەش- لە پێشمەرگە و سوپای عێراقی- ئەو دەڤەرە كۆنتڕۆڵ بكەن، چونكە تاوەكو ئەم هێزە هاوبەش دروست نەبێت، خەڵك ناگەڕێتەوە.
* باس لەوە دەكرێت كە لە بودجەی ساڵی 2018ی عێراقدا بڕە پارەیەك تەرخان كراوە بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانە لە ژێر دەستی داعش رزگار كراون، ئایا لەم رووەوە هیچ بڕە پارەیەكی تایبەت بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال تەرخان كراوە؟
- نەخێر، هیچ بڕە پارەیەك دیاری نەكراوە، لەبەر ئەوە ئێمە داوای ئەوە دەكەین كە بودجەیەكی تایبەت بۆ شنگال تەرخان بكرێت، چونكە ئەم شارە پێویستی بە ئاوەدانكردنەوە و خزمەتگوزاری و بنیادنانەوەی ژێرخان هەیە.
* هەروەك دەزانین دوای ئەوەی شنگال تووشی كارەسات بوو، خەڵكەكەی ئاوارە بوون، هەرێمی كوردستان و پارێزگای دهۆك هاوكارییەكی زۆری ئەو خەڵكەیان كرد، ئایا ئێستا ئاستی ئەو هاوكارییە چۆنە؟
- من دەتوانم بڵێم كە رێزگرتن و هاوكاریی خەڵكی كوردستان بۆ شنگال كارەساتی ئەو شارەی لەبیر بردینەوە، بۆیە ئێمە هەتا هەتایە سوپاسگوزاریانین، هەروەها تا ئێستاش ئەم هاوكارییەی خەڵكی كوردستان، بەتایبەتی پارێزگای دهۆك، بەردەوامە. واتە نە خەڵكی كوردستان و نە حكومەتی كوردستان كەمتەرخەمییان نەكردووە لە پشتیوانیكردن و هاوكاریكردنمان، چونكە لە سەروەختی ئاوارەبوونی خەڵكی شنگال، خەڵكی كوردستان نانی ماڵی خۆیان لەگەڵدا بەش كردن، لە سەروەختی بەرخۆدان و رزگاركردنی شنگالیشدا، ئەوان خوێنیان بەخشی و فیداكارییان كرد.
* ئاشكرایە كە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق نزیك بۆتەوە، پرسیارەكە ئەوەیە كە خەڵكێكی زۆری شنگال لە ئاوارەییدان و هێشتا رەوشی ئەمنی و خزمەتگوزاری نێو شارەكە وەك پێویست نییە، ئایا چۆن ئەم هەڵبژاردنانە لو دۆخەدا ئەنجام دەدرێت؟
- خۆی لە خۆیدا دەنگدان مافێكی یاسایی و دەستووری هەر كەسێكە و دەشكرێت هەر كەسێك لە ناو شنگال بێت، یان لە دەرەوەی ئەم شارەدا بێت، دەنگی خۆی بدات، بەڵام كێشەكە ئەوەیە كە خەڵكی شنگال نیگەرانی ئەوەن كە كاندیدەكان بە دڵی ئەوان نین.
* ئێستا بەرەوپێشچوون لە گفتوگۆكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لەئارادایە، ئایا پێتوانییە پێویستە ئەو گفتوگۆیانە بەرفراوانتر بكرێن بۆ ئەوەی بە پێی دەستووری كێشەی ئەو ناوچانەش چارەسەر بكرێن كە ماددەی 140 دەیانگرێتەوە؟
- لە راستیدا پێویستە ماددەی 140 جێبەجی بكرێت، ئەمە ماددەیەكی دەستوورییە، بەڵام ئەوەی جێی داخە ئەوەیە كە حكومەتی عێراق بە گوێرەی بەرژەوەندییەكانی خۆی تەفسیری دەكات. بەڵام ئاشكرایە كە تاوەكو مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەستەبەر نەكرێن و تاوەكو ماددەی 140 جێبەجێ نەكرێت، ئەوا عێراق سەقامگیر نابێت و رەوشە ئەمنییەكە ئاسایی نابێتەوە لەو ناوچانەی ئەم ماددەیە دەیانگرێتەوە، ئەوەتا ئێمە بینیمان كە پێشتر بەعسییەكان و دواتر ئەل قاعیدە و ئینجا داعش دروست بوون بە هۆی چارەسەرنەكردنی كێشەكانی ئەو ناوچانەوە.